په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\١٠\٢٠١٣، ٣\١١\٢٠١٣

کۆمەڵێک بابەت سەبارەت بە تیرۆرکردنی ''ئازاد ئەحمەد''.

 

 

 

 

ئازاد ئەحمەد:

- بەرپرسی سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵان - عێراق

- ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان

- ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراق.

 

 

 

* هەموومان پێویستمان بە ئازاد ئەحمەدە، ئەو جێی هێشتین.

 

 

 

عەبدوڵا مەحمود

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

* هاوڕێی ئازیزم، هاوڕێی کۆمۆنیستم!


بەهار مونزیر


یەکەم ساتی بڵاوبوونەوەی هەواڵی ونبوونی تۆ.. پشدەر و بتوێنەکەت شڵەژاند و شەقامیان گرت، بە هەواڵی دڵتەزێنی مەرگی تۆ.. کێوەڕەش پر بە باڵای خۆی هاواری دەکرد و هەموو تاشەبەردەکانی کردە سەهۆڵ‌ و تنۆک تنۆک بوونە فرمێسک بۆ کۆچی تۆ.


لەو دەڤەرە لافاوی فرمێسک هەستا و نەفرەتیان کرد لە مەرگدۆستان، ژنانی ئەو دەڤەرە بە حەسرەتەوە دەیانگوت بۆ ئازادەکەی ئیمە؟ بۆ؟


(ساکار) قیژاندی‌ و هاواری کرد نا خۆشەویستەکەم هیشتا زووە! جێم مەهێڵە و تەنهام مەکە! ئەی مەگەر تۆ نەتگوت: ''پێکەوە گۆرانی بۆ خۆشەویستیی لە ناو گەڵاڕێزانی ئەم پایزە دەڵێنەوە''...


(ژیلا) گوتی: ''بابە مەڕۆ خۆت گوتت وانەی ژیاندۆستیی زۆری ماوە تەواوی بکەین پێکەوە''...


هاوڕێی ئازیزمان، هاوڕێی و هاوخەباتمان..


ئێمەش کۆمۆنیستەکانی هاوڕێت، هەموو بە یەک دەنگ سروودی ئازادیی ‌و یەکسانییت بۆ دەڵێینەوە، سروودێک کە ساڵانێکە پێکەوە دەمانگوتەوە... هەموو دەڵێین نەبوونی تۆ لە ناو ئێمەدا کەلێنیکە زۆر ئەستەمە پڕبێتە.


منیش دەڵێم خەندە جوانە مرۆییەکەی تۆ باوڕەی من‌ و هاوڕێیانم توندوتۆلتر دەکا.


هەموومان دەلێین تۆ بووی بە وانە، تۆ نموونەی جوانیی و مرۆپەرەوەریی بۆ هەموومان، نموونەی دڵسۆزیی و ژیاندۆستیی...


تۆ نەمری ئازاد ئەحمەدی ئازیزم!

٢\١١\٢٠١٣

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------


 

* ئازادی هەمیشە لێو بەخەندە.

 

ئاسۆ کەمال


ئازادی هەمیشە لێو بەخەندە ئەم وتەیەی چارلی چاپلنی لەسەر فەیسبووکەکەی خۆی دانابوو ''ژیانم کێشەی زۆری تێدایە بەڵام لێوەکانم پێی نازانن.. هەمیشە بەخەندەن''. ئەمە کەسایەتی ئازاد ئەحمەد بوو، کەسایەتیەکی لێوانلێو لە شادیی ژیان و دڵسۆز و ماندوونەناس بۆ مرۆڤایەتیی و باوەڕێکی پتەو بە یەکسانیی و کۆمۆنیزم، ئازا و نەبرد لە گۆڕەپانی ناڕەزایەتی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادییخوازی رانیەدا.


لەگەڵ کەوتنی ئازاددا ئەستێرەیەکی گەش کە ئومێدی ژیانێکی باشترمان پێدەبەخشێ لە ئاسمانی رۆحماندا دەکوژێتەوە. گوڵێکی سەرشار لە خۆشەویستیی مرۆڤ لە باخی ژیانماندا هەڵدەوەرێ. هاوڕێیەکی هەمیشە فیداکارت کە وزەی خەباتی لێوەردەگری لە سەنگەردا شوێنەکەی خاڵی دەبێ.


ئەمانە هەستی هەر هاوڕێیەکی ئازادە کە لەم بیست ساڵەدا ئەوی ناسیبێ. قورسایی ئەم مەرگەی ئازاد مەگەر زیندوویەتی رۆحی مرۆڤدۆستیی و کۆمۆنیستیی ئەو سەبووریی بە ئێمە بدات. ئای کە خەمێکی گەورە و زیانێکی گەورەیە مرۆڤی گەورە و خۆشەویستی وەک ئازاد لە ژیاندا نەبینین. ئەمڕۆ هەموو بەشداریی ئەم خەمە گەورەی (ساکار گیان و ''ژیلاو ئارین'')ی ئازادین و لەگەڵ دایک و خوشک و براکانی ئازاد یەک خانەوادەی گەورەی خەمین کە خەندەکانی ئازادمان هەر لەسەر لێوە هەرچەند دڵمان پڕ ئازار بێ، ئەمە پەیامی ئەمەکدارییمانە بە ژیانێک کە ئازاد چرایەکی ئومێد و نیشانەیەکی باوەڕبوون بە باشترکردنی بوو.

 

 

١\١١\٢٠١٣

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

* هاوڕێ و هاوخەباتم ئازاد ئەحمەد بەرپرسی سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵان - عێراق، تیرۆر کرا!

 

شێرزاد فاتح


لەم ساتە وەختەدا و لە کاتی بیستنی ئەم هەواڵە جەرگبڕەدا، زمانم لاڵە و هەستەکانم سڕن ولە گۆ چوون، گەروم پڕە لە گریان و فرمێسکەکانم بەری بیناییان گرتووم ولێواولێوم لە خەم و پەژارەی لەدەستدانی هاوڕێیەک و ئازیزێکی نزیک بە دوو دەهە لە هاوخەباتی و کارکردن بەیەکەوە بۆ خزمەتی منداڵانی کوردستان و عێراق و بەرگری کردن لە مافەکانیان، بەڕاستی هەرچی بنووسم و بڵێم ناگاتە بارتەقای گەورەیی و میهرەبانیت ئازاد گیان.


هاوڕێ ئازاد ئەحمەد سەرباری ئەوەی کە بەرپرسی سەنتەری بەرگریی لە مافەکانی منداڵان - عێراق بوو بۆ ماوەی چەندین ساڵ سەرپەرشتی چەندین کاروپرۆژەی سەنتەری دەکرد بە تایبەتیش لە بەغدا و کەرکوک، لە هەمان کاتدا کادرێکی دڵسۆز و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی عێراقیش بوو.


کارو خەباتی چەندین ساڵەی ئازاد ئەحمەد، بێسنور میهرەبانی و دڵسۆزی و مرۆڤدۆستی، بێکۆتایین ولە نووسین و باسکردن نایەن. بە ئەندازەی گەورەیی و میهرەبانی ئازاد نەفرەت لەو ‌‌هێزانە دەکەم کە جگە تیرۆرو ڕق وناشرینی بەرامبەر مرۆڤ و جوانییەکانی ژیان ‌هیچی تریان پێ نیە. هاوڕێ ئازاد ئەحمەد دوێنێ ٣٠ ئکتۆبەری ٢٠١٣ لە ڕووداوێکی پڕ تەمومژاویدا تیرۆر کرا، ئەو بۆ کارێکی خۆی دەچێتە کەرکوک و پاش کاتژمێر 6ی ئێوارە هەموو پەیوەندییەکی لەگەڵدا دەپچڕێت و دیارنامێنێت، دواتر لە ئۆتۆمۆبێلەکەی خۆیدا لە سەر ڕێی بەغداد بە کوژراوی دەدۆزرێتەوە.


ئێمە لەسەنتەری بەرگری لە مافەکانی منداڵان دەسەڵادارانی کەرکوک کە بەرپرسیارن لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان، بەبەرپرس دەزانین لە دۆزینەوەو بەسزا گەیاندنی ئەو دەستە ڕەشەی ئازاد ئەحمەدی تیرۆرکرد.


بە لەدەستدانی هاوڕێ ئازاد ئەحمەد منداڵانی کوردستان و عێراق، ڕابەرێکی لێهاتوو دۆستێکی دڵسۆزیان لەدەستدا. هاوڕێ ساکاری ئازیزهاوسەری ئازاد، دایک و خوشک و براو کەسەکانی ئازاد، هاوڕێیان و دۆستانی ئازاد، بە ئەندازەی ئێوە دڵم پڕ لە غەموپەژارەیە، دڵتەنگ و بێتاقەتی گیان لەدەستدانی ئازادم، ئەوەی ماوە بیڵێم ئەوەیە کە هاوڕێ ئازاد لە بیر نەکەین و درێژەپێدەری ڕێبازەکەی بین و کارەکانی تەواو بکەین بەسەرئەنجامی بگەیەنین.


یادی ئازاد ئەحمەد هەمیشە زیندوو بەرز و بەڕێزە.
نەفرەت لە تیرۆرو تیرۆتیستان.

 

١\١١\٢٠١٣

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

* کۆمۆنیزمی کرێکاریی رابەریکی ئازیزی دیکەی تیرۆر کرا.

 

رۆژ عەزیز


سەرلەئێوارەی ٣٠-١٠-٢٠١٣ سەعات ٦.٣٠دەقیقە لەسەر رێگای کەرکوک سلێمانی ئازاد ئەحمد ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەرفێندرێت ودوایش لەنێو سەیارەکەی خۆیدا بەسەیارەکەوە دەیسوتێنن گیان لە دەستدانی ئازادی ئازیزو خۆشەویستمان زەبەیەکی گەورە لە کۆمۆنیزمی کرێکاری بەرەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی درا .تیرۆر کردنی ئازاد ئەحمەد هەموو هاورێ وئازایزان و کەسوکاری سەرسام کرد ئەوەی رۆژێک ئازادی ناسیبێت محاڵە بە بینینی وینەکانی لە سایت ورۆژنامەو تۆرەکانی کۆمەلاتی فەیسبووک خۆی رابگرێت وچاوەکانی فرمێسکیان پێدا نەیەتە خوار ،ئازاد ئەحمەد مرۆڤێکی خۆشەویستی نێو خەڵک بوو وا بزانم خەڵکی رانیە هەموو ئەم راستیە دەزانن کە ئەم مرۆڤە چەندە گەورەو عەزیم بوو کە هەرگیز بیر ناکرێت جێگەی هەمیشە خاڵیە جێگەی ئازاد ئەحمەد هیچ کات پر ناکرێتەوە پێم وایە ئازادی خۆشەویست کەم وێنە بوو کەسانێک بتوانن وەک ئەو مرۆیی و خۆشەویست بن ،هاورێ ئازاد هێندە ماندو بوو لە نێو بزوتنەوەی کۆمۆنیستیدا رۆژێک پێیەکی لە بەغداد بوو رۆژێک لە هەولێر رۆژێک لە سلیمانی رۆژێک لە رانیە رابەرێکی مەیدانی بوو لەنێو کۆرو کۆبونەوە جەماوەریەکاندا هەمیشە پێشرەو بوو لە ١٧ی شوباتدا دەوری کاریگەری بینی لە رانیەو دەوروبەری، دیفاعکارێکی سەرسەختی کرێکاران وزەحمەتکێشان و ژنانی ستەمدیدە بوو ئەو هەمیشە خۆی بە خەمخۆری خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش دەزانی بۆیە بەتیرۆری ئازاد ئەحمەد بزوتنەوەی کرێکاری وکۆمۆنیستی زەربەیەکی گەورەی خوارد.

 

ئەم مرۆڤە ئازیزە هیندە رۆح سوک بوو بووە مایەی ئەوەی کەسێک بێت هەمیشە خەڵک خۆشیان بوێت بەڵام هەزار داخ دوژمنانی ئازادی ودوژمنانی مرۆڤ ئەم ئازیزەیان لێ سەندین ئازارێکی گەورەیان پێ داین ،هاورێ ئازاد بووە قوربانی کێشمەکێشی هێزە میلیشیاکان و قەومپەرستان و مەزهەبەکان و بووە قوربانی نا ئارامی و وەزعی نالەباری کوردستان وعێراق کەچەندین ساڵە نا ئارامی لەسایەی هێزی ئیسلامی و قەومپەرستیدا باڵی بەسەر ئەم کۆمەڵگایەدا سەپاندوە .کە دەسەڵاتداران خەریکی مشەخۆری و دزی وراوروتین لەو لاشەوە بۆ چەند هەزار دینارێک مرۆڤەکان خەڵکی دەکوژن سەریان دەبڕن بەدرندانەترین شێوە کەوتونەتە گیانی خەڵک .نائارامیەک لەم ووڵاتە رویداوە هیچ کەس لە ژیانی خۆی ئاسودە نیە هەمیشە ترسی هەیە کە داخۆ دەبێت کەی مەرگ یەخەی پێ بگرێت رۆژ نیە لەم کۆمەڵگایە ئینسن نەبێتە قوربانی ئازاد ئەحمەدیش لەم مەرگەساتەوە تێوەگلاو بەداخەوە بۆ هەتا هەتایە بەجێی هێشتین لەنێوماندا نەما .من وئازاد ئەحمەد هەمیشە دوو هاورێ بووین کە یەکترمان دەبینی ئەو بە قسە خۆشەکانی خەندەی دەخستە سەر لێوم شۆخی لەگەڵ دەکردم ، بیرمە رۆژێک لەجێگەیەک لە مناسەبەتیکدا وەستا منیش لەوێ بووم لەگەڵ ساکاری هاورێی بانگیان کردم ئازاد بە منی ووت وەرە شێخ ووتی تۆ شێخیت دەستی کرد بەسوعبەت کردن لەگەڵم باوەشی پێدا کردم ماچی کردم بەساکاری ووت ئەمەش شێخە دیار بوو دەیزانی لە بنەماڵەک بوون بەشێخ ناسراوبووم ،ئازاد بەس تەنها لەگەڵ من عەزی بە سوعبەت نەدەکرد بەڵکو لەگەڵ تەواوی ئازیزان و هاورێکانیدا هەر وا بوو زۆر دڵخۆش بووم هەمیشە ئەم مرۆڤە ئازیزە لەگەڵ ساکار ومناڵەکانیدا دەم بەخەندە بوو ساکاری هاوسەری وەک هاورێ وابوون.

 

بەڵام هەزار داخ خەمێکی گەورەی بۆ بەجێ هێشتین ئازارێک گەورە کەوتە بەرۆکی ساکاری هاوسەری گرت و دوو مناڵە چاو گەشەکەیەوە کە مرۆڤکوژەکان کە وینەی مناڵەکانی ببینن رەنگە رووی رەشی خۆیان ببینن کە چ کارەساتێکیان خوڵقاندوە بۆ هاوسەرەکەی ودوو مناڵە جوانەکەی و وە بۆ خانەوادەکەی و هاورێ وئازیزەکانی .دەزانم داخۆ ئیستا لەنێو مناڵ و هاوسەری و بنەمالەکەی وخۆشەویستەکان دەبێت چ بگوزەرێت دەبێت چ زامێکی سەخت بچێژن دەبێت چ ئازارێکان تووش بوبێت کە هەرگیز بیر ناکرێت. دەزانم ئێستا بەگیان لەدەستدانی ئازادی خۆشەویستیان چ مەرگەساتێک ببینن ،ئازاد گیان تۆ رۆیشتی لەنێوماندا نەمایت ئەی کێ بێت وەک تۆ دەم بەخەندەو هەمیشە قسەی خۆشمان بۆ بکات ئازاد گیان تۆ هەمیشە لە ناخۆشی وخۆشیدا لەگەڵمان بوویت لەپێشی پێشەوە بوویت تۆ هەمیشە لەیادی شاپورو قابیل وسەردەشت و هاورێیانی گیانبەختکردوی ١٤ی تەموزی٢٠٠٠ تۆ چەپکە گوڵت دەبرد بۆ سەرگۆرەکەیان کەچی ئێستا هاورێ و کەسەکانت چەپکە گوڵ دەبەن بۆ سەر گۆرەکەت .ئازاد گیان دەزانیت تۆ هەمیشە باوەشت دەکردبە کەسوکاری سەردەشت و شاپورو قابیل و هاورێیانی گیان بەختکردوانی ١٤ی تەموزی ٢٠٠٠دا دڵ نەوایت دەدانەوە کەچی ئێستا ئەوان دین لەسەر گۆرەکەت چەپکە گوڵ دادەنێنن و باوەش دەکەن ساکار و هەردوو منداکەت،،، دارین،،، و،،، ژیلا،،،دا ئێستا ئەوانەی دونێ تۆ دڵخۆشیت دەدانەوە ئەمرۆ دڵخۆشی خوشک و برا و ئازیزەکانت دەدەنەوە باوەشیان پێدا دەکەن ودڵنەوایان دەدەنەوە ئەی کە زامیکی گەورەیە کەسێک هەمیشە لەگەڵ ئازاری هاورێ وکەسەکاندا بوایە دڵنەوای ئەوانی بدایەوە کەچی ئێستا لەسەر گۆرەکەت لە ماڵەکەت ئازیزەکانت وکەسوکارەکەت دڵنەوای ئێوە بدەنەوە .تازە تۆ رۆیشتین بۆ هەتا هەتایە چاوت لێکنا بەڵام خەمیکی گەورەت بەجێ هێشت .من لەو پەری نارەحەتی ودڵگرانیمەوە ئەم چەند دێرەم نوسیوە بەڵام ئێجگار نارەحەتم پەنجەکانم نانوسێت چاوەکانم پڕ فرمێسکن هەمیشە کە وینەکانت دەبینم قوڵپەی گریانم دێت کە سەیری ساکار وژیلاو دارین دەکەم چاوەکانم دادەخەم ناتوانم سەیری وینەکان بکەم . کە رۆیشتنی ئەو ئازیزە بۆ من چەندە مایەی نیگەرانیمە ، من لەخای دڵمەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی ساکاری هاوسەری ومناڵەکان دەکەم هاوبەشی خمی خۆم بۆ تەواوی براو خوشک وئازیزەکانی رادەگەیەنم هاوبەشی خۆم بۆ ئەم کۆسپە گەورەیە بۆ هاورێکانی رادەگەیەنم و بۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق و بۆ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان رادەگەیەنم .لەگەڵ ئازاری یەک بەیەکتانم لەگەڵ ناخۆشی یەک بەیەکتانم خۆم بە هاوبەشی خەمی قوڵتان دەزانم.


هەمیشەیادی ئەم ئازیزە بەرز بێت هەمیشە لە دڵماندا زیندوە یادی بەخێر.
سەرشۆری و شەرمەزاری بۆ تیرۆریستان و مرۆڤ کوژەکان.
 

١\١١\٢٠١٣

 

 

------------------------------------------------------------------------------------------------------------

 

 

* ماڵئاوا ''ئازاد''ی ئەزیز.

 

لاوژە ماهیە - جەلیل رەزایی


ئەمڕۆ ھەواڵی تیرۆرکردنی ئازاد ئەحمەد، رابەری خۆشەویست و کۆمۆنیست دڵی ئەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە کە بە دوور و نزیک لە دەوری ئازاد بوو، ھەژاند.


ئازاد مرۆڤێکی دەم بەپێکەنین و خۆشەویست و روح سووک بوو، مرۆڤێکی دڵسۆز و دڵ ئاوەڵە کە ھەموو ژیانی لێبراوانە تەرخان کردبوو بۆ خەبات و ھاوکاریی لە پێناو بەدیھێنانی بەختەوەریی گشتیی و ژیانی ئاسوودە بۆ ھەمووان، ئازاد گەشبین بوو بە سەرهەڵدانی بەھارێک کە تیایدا ئاسەوارێک نەبێت لە ھەڵاواردنی چینایەتیی، رەگەزیی، دینیی و نەتەوەیی... ھتد. ئازاد مرۆڤێکی کۆمەڵایەتی و کراوە بوو، ئەھلی وتووێژ و دیبات بوو و مەڵبەندی ھۆشیاریی و رۆشەنبیریی بوو.

ئازاد ئەحمەد لە رانیە بە ئازادە سوور و لە ناو ھاوڕێکانی لە سەرتاسەری عیراق بە ئازادی رانیە ناسرابوو، ئازاد مرۆڤێکی دەم بەپێکەنین و خۆشەویست بوو، ھەر کەسێک یەکەم جار دەیدیت نەیدەتوانی خۆشی نەوێت.


ئازاد سەرسەختانە کاری دەکرد بۆ نەھێشتنی توندوتیژیی لەسەر منداڵان و ژنان. ئازاد یەکێک بوو لە رانیە، قەڵادزێ و حاجیاوە و شار و شارۆچکەکانی تردا پاڵپشت و ئاسۆی روزگاری ئەو ژنانە بوو کە بەڤجۆرێک لە جۆرەکان ژیانی لە مەترسیدا بوو، ھەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانیانی دەداڤو رووبەڕووی خێڵەکان دەبووەوە، ئەگەر پێی چارەسەر نەکرابا ئەوە بە پەلە ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان و سەنتەری پارێزگاری ژنانی ئاگادار دەکردەوە و زۆر چاونەترسانە لەگەڵیان دەچووە شوێنی رووداوەکان زۆر جار ناو دڵی خێڵەکان.


ئازاد یەکێک لەو ھاوڕێ کەمانە بوو کە بەدوای کارەساتی ١٤ی ٧ی ٢٠٠٠ لە کوردستان مایەوەو بەردەوام بوو لەسەر کارەکانی وەک و مرۆڤێکی کۆمۆنیست و ئازادییخواز. بەدوای لەسەر کار لابردنی ڕژێمی بەعس و داگیرکردنی عیراق لەلایەن ئەمریکا و ھاوپەیمانانی ئازاد زۆر بوێرانە ڕوو ناوەڕاست و خوارەوەی عیراق کاری دەکرد و زۆر بێباکانە و چاونەترسانە شەڕی بەرامبەر کۆنەپەرستان دەکردوو خەباتی بۆ بەدیھێنانی مافە سەرەتایەکانی خەڵکی عیراق دەکرد.


ڕۆژی چوارشەمە ڕێکەوتی ٣٠/١٠ کاتژمێر ٦،٣٠ ئێوارە ھاوڕێ ئازادی خۆشەویست دەرفێندرێت و بە تیرۆرکراوی و سوتاوی لەناو سەیارەکەی دەدۆزرێتەوە.


بە دوای ڕاپەڕینی بەھاری ساڵی ١٩٩١ەوە کوردستان چەندین ئازادییخواز و یەکسانییخواز لەم وڵاتە تیرۆرکران و ژیانیان لێسەندرایەوە. بە دوای پرۆسەی بە ناو ئازادیی عیراق ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی دیارییان بۆ خەڵکی ئەم وڵاتە نائارامیی و بەڕێخستنی کۆمپانیای بەرھەمھێنانی تیرۆریست، ھەژاریی و برسیەتیی و کوشتن و بڕین، پۆلاریزە و تێکدانی کەش و ھەوای ژیانی ھاوبەش لە سەر بنەمای ھاوڵاتیبوون و ڕێکخستنی چەندبەرەکایەتی و ئاژاوە، لە سایەسەری ئازادیی و دیموکراتیان عێراق بوو بە گۆڕستانێک و ھەزاران مرۆڤ بوونە قوربانی ترس و دڵەڕاوکێ کوشتن و تیرۆر، بوونی ئەم وڵاتە بۆ مەڵبەندی باندەکانی مافیا و بازرگانیکردن بە مرۆڤەکان، راپێچدانی ژنان و منداڵانی ئەم وڵاتە بۆ بازاڕی لەشفرۆشیی، پەرەدان بە شەڕی مەزھەبی و تائیفی مەیدانی بۆ بەرەی ئازادییخوازیی و یەکسانییخوازی تەسک کردۆتەوە. ئێمە رۆژانە شاھیدی تەقینەوە و کوشتنی ھاوڵاتیانین لەم وڵاتە، نەبوونی ئاسایشی گشتیی و پەرەسەندنی کۆنەپەرستیی، زەمینەی تیرۆرکردنی ئازادییخوازان و مرۆڤدۆستانی وەک ئازادی فەراھەم کردووە.


ئازاد و ئازادەکان ترس و ھەڕشەیەکی گەورەن لەسەر ھێزە میلیشیا و کۆنەپەرستەکان ھەر بۆیە تیرۆر دەکرێن و دەیانەوێت لەناویان ببەن.


ئازادی ئەزیز تۆ ھەمیشە لە دڵی ئێمە زیندووی و بە زیندوویی دەمێنیەوە، ھەرچەندە لەدەستدانی تۆ زیانێکی گەورە بوو بۆ خێزانەکەت و ھاوڕیانت و لەگەڵ ئەوەشدا کەلێنێکی لە ریزی خەباتمان بۆ ئازادیی و یەکسانیی دروست کرد، بەڵام دوژمنان دڵنیا دەکەین ئەو ڕێبازەی کە گیانی خۆتت لە پێناوی بەخت کرد بەردەوامە تا بەدیھێنانی ئازادیی و یەکسانیی و دنیایەکی باشتر بۆ مرۆڤەکان.


بەرز و بەڕێز بێت یادی ھاوڕێ ئازاد و ھەموو گیانبەختکردوانی رێگای بەدیھێنانی ئازادیی و یەکسانیی.
رووڕەشی بۆ تیرۆریستان و دوژمنانی ئازادیی.

 

٣١\١٠\٢٠١٣

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک