١١\١٠\٢٠١٥
کۆمەڵگا و تاکەکەس.

تاڤگە سابیر
هەموومان پرسیاری ئەوە دەکەین، گوایە چ جۆرە
پیوەندیێك لە نیوان کۆمەڵگا و تاکە کەسداهەیە؟ سەرچاوەی ئەو دەسەڵاتە
تەقلیدییەی ، کە کۆمەڵگا بەسەر ئەندامانی دا دەسەپێنێت لەکوێوەیە؟
پاڵپشتی ئەم دەسەڵاتە یابنچینە یاساییەکەی لەچییەوە سەرهەڵدەدات؟
لەبەرئەوەی مرۆڤ لەنێو کۆمەڵێك و کۆمەڵگایەکدا لە دایك دەبێت و دێیتە
بوون بۆیە ناچارە پەیوەستی ئەو ئەرکانە بێت ، کە کۆمەڵگا دەیخاتە
سەرشانی و لەئاست ئەو ئەرکانەدا بەرپرسیارە لە نێو کۆمەڵگادا یان
بەشێوەیەکی سیاسییانە دەڵێین مرۆڤ لەنێو سنوورو خاکی دەوڵەتێك دێتە
بوون، ئەم سنوورەو ئەم خاکەی دەوڵەت دووچاری هەندێك ئیلتیزامی دەکات و
ناچاریشە بۆ ئەوەی وەکو مرۆڤێکی ئاسایی گوزەران بکات پەیوەستی ئەو
ئیلتیزامانە بێت و جێبەجێیان بکات و ڕەچاویان بکات جائەو ئەرك و
ئیلتیزامانە لە خزمەت کۆمەڵگادا بێت وەکو ئەندامەکان و دانیشتوانی یان
لە خزمەتی خودی دەوڵەت دابێت ئەوە باجی گوزەران کردن و ژیانە لە نێو
سنووری جوگرافیای هەموو دەوڵەتێکدا، بەڵام دەشێ پرسیار بکەین ، دەوڵەت
مانای چییە ؟ کێ ئەم دەسەڵاتەی بە دەوڵەت داوە تاوەکو ببێتە مافێکی
ئەو؟لەلایەنی یاساییەوە بنچینەی دەسەڵاتی دەوڵەت لە کوێوە سەرچاوە
دەگرێت؟
جان جاك ڕۆسۆ دەڵێت( مرۆڤ کاتێك ئافرێدەکراوە ئازاد بووە ، بەڵام لە
هەموو شوێنێك بەکۆت و پێوەند بەستراوەتەوە چی ڕێگای ئەوەی داوە) ؟ ئەم
پرسیارە ئەگەر ئاوا تێی بڕوانین زۆر سادەو ساکار دێتە بەرچاو، بەڵام
ئەم خاڵەیە کە هەموو تیۆرە سیاسییەکان لەکۆنەوە تاوەکو ئەمڕۆ بەدەوریدا
خوول دەخونەوە، بەڵام مەبەست لێرەدا چ جۆرە ئازادییەکە؟ یاخودی ئازادی
چ جەمك و مانایەك دەبەخشێت؟ ئازادی واتا نەبوونی هیچ کۆت و پێوەندێك
لەسەر ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتییانەی کەلەنێو دەوڵەتدا پێویستن بۆ
دابینکردنی توانای دەستنیشانکردن و هەڵبژاردنی ژیانی تایبەتی مرۆڤ بەبێ
ئەوەی هیچ جۆرە تابۆیەکی بخرێتە سەر لەلایەن هیچ دەزگایێکی نێو کۆمەڵ
یان دەوڵەت ڕۆسۆ دەڵێت ( ناکرێت جەڵك ناچار بکەین ئازادی پێڕەو بکەن)
کەواتە ئازادی ویست و ئارەزووە هیگڵ یش دەڵێت( مرۆڤ ئازادی لەملکەچ
بوون بۆ یاسا بەدی ناکەن).
کەواتە یاساکان بۆ ئەوە داڕێژراون تاوەکو لەسنوورو ڕاددەی ئازادی مرۆڤ
وەکو تاکە کەس کەم بکەنەوەو زیاتر بیخەنە ژێر چاودێری و کۆنترۆڵی خۆیان،
لێرەدا مەبەست لە یاسا سەرجەم ئەوکۆت و پێوەندانەیە کەلایەن کۆمەڵگا
یان دەسەڵات بەسەر تاکە کەسدا دەسەپێندرێت لەسەردەمی کۆندا ئازادی
بریتی بوو لە پاراستنی کۆمەڵگا لە دەست دەسەڵاتی فەرمانڕەوادا، لەبەر
ئەوەی مێژوو فێری ئەوەمان دەکات دەسەڵات گەورەترین و سەختترین دوژمنی
ئازاسییە، بەڵام ئێستا مەسەلەکە جیاوازە ئێمە دان بەوە دادەنێین ، کە
ئازادی ڕەها بوونی نییە تەنانەت ئەو کۆمەڵگایەی بانگەشەی بۆ دەکات
ناتوانێت دابینی بکات بۆیە ئازادی مەسەلەیەکی ڕێژەییە ، لە نێو هەندێك
کۆمەڵگادا بەرزەو لە نێو هەندێکیشیاندا نزمە یالەنێو یەك کۆمەڵگادا
بۆهەندێك کەس هەیە و بۆ هەندێکی تریش نییە.
سارتەر دەڵێت( ئازادی شتێك نییە ئێمە بتوانین قبوڵی بکەین یاڕەتی
بکەینەوە، بەڵکو ئازادی شتێکە لەسەرمان نووسراوەو ئەو کارەی نەتوانین
وەکو کردار ئەنجامی بدەین ئەوا دەتوانین لەخەیاڵدا ئەنجامی بدەین)
سارتەر بڕوای بە ئازادی ڕەها هەیەو پێی وایە لەسایەی ئەو ئازادیە
ڕەهایەدا مرۆڤ دەتوانێت بەپێی ویستی خۆی ماهییەتی خۆی دروست بکات و ئەو
ئازادیە ڕەهایەش بەبنچینەی لیپرسراوێتی مرۆڤایەتی دادەنێت بەمانایەکی
تر دەبێتە بنچینەی ڕەوشت ، لێرەدا دارتەر بۆ ئەوەی ئازادی خۆی بەدەست
بێنێت و کەسێتی خۆی وەکو تاك لەنێو کۆمەڵگادا بدۆزێتەوە ، پەنا دەباتە
بەر ڕەتکردنەوەی ئەوەی بەرانبەر، لێرەدا جیابوونەوە لەبەرانبەر ، خاڵی
بنچینەیی بەدەستهێنانی ئازادییە ، لەبەرئەوەی (من) لەسایەی بوونی
ئەوانیترەوە ئازاد نابم، بەڵکو زیاتر پەیوەستی ئەوان و کۆمەڵگا دەبم ،
بەڵام کاتێك (من) ئەوان ڕەتدەکاتەوە ئەوە هەوڵی دامەزرندنی خود دەدات ،
لێرەدا ئەگەر جیهانی بابەتی دەستنیشانکراوو ناعەقڵانی بێت ئەوەدیارە
بەپێچەوانەی ئاکاری مرۆڤە ، کە ئازادەو پشت بەیاسا بەبەتییەکان
نابەستێت ئەم چەمکەی سارتەر بۆ ئازادی لەسەر بنەمای ئەوە دارێژراوە ،
کە مرۆڤ ئەوەیە کە خۆی دروستی دەکات.
واتا ئازادی ڕەها ، بەڵام ئێمە گوتمان ئازادی ڕەها بوونی نییە
ئەوەلەلەیەك . لەلایەکی تریشەوە (من) ناتوانێت ئەوانیتر بەلاوە بنێت ،
چونکە هەموو شتێکی نێو کۆمەڵگا( من) لەگەڵ ئەوانیتردا بەیەکەوە
دەبەستێتەوە ڕەها بوون ئەوکاتە دەبێت ، کە هەموو شتێکت پەیوەست بێت
بەخود خۆت و کارت بەکەسی ترەوە نەبێت ئەوەش لە نێو کۆمەڵگای ئەمرۆدا
نایەتەدی کەواتە ئەگەر مرۆڤ وەکو تاکەکەس نەتوانێت ئازادی ڕەها بۆخۆی
براکیس بکات، ئەوە دیارە لەتواناشی دا نییە ئازادی ڕەهای کەسانی تر
قبوڵ بکات ، بەتەیبەتیش ئەوکاتەی ئازادی ئەوان تێکەڵاوو ئاوێتەی ئازادی
ئەو دەبێت لەبەرئەوەی ژیانی بەکۆمەڵ بەردەوام ئەرك و مافی بەکۆمەڵ
بەرهەم دێنێت بویە مرۆڤ ناچار لەسنووری ئەو کۆمەڵەی تێیدا گوزەران
دەکات چەند پرنسیب و بنەمایەك لەشێوەی یاسا دابڕێژێت ، تاوەکو
دەستنیشانی ئەرك و مافی یەکە بەیەکەی تاکەکان بکات و سنووری ئازادی
ڕەفتارو هەڵسوکەوتی تاکە کەس دیاری بکات ، بەڵام براکسیسی کردنی ئازادی
پێویستی بەجۆرە ڕۆشنبیرییەك و جۆرە ڕاهێنانێک هەیە تاوەکو تاکە کەس
بتوانێت ئازادی خۆی براکسیس بکات ، ئەو ڕاهێنانە مرۆڤ فێری دان بەخۆدا
گرتن دەکات، چونکە مرۆڤ چۆن براکسیسی ئازادی خۆی دەکات ، ئاواش دەبێت
لەبەردەم هەندێك یاسا دان بەخۆیدا لای ئەنترۆپۆلۆژستەکان ئازادی واتا
ملکەچکردن بۆ هەندێك یاساو بەلاوەنانی هەندێکی تر، چونکە زۆر یاسای کۆن
هەبوون لە ڕێگەی بەلاوەنانەوە لەناو چوون و نەماون، مێژووی ململانێی
نێوان کۆمەڵگاو تاکەکەس مێژووێکی دوورو درێژە، لایەنگرانی کۆمەڵگا
دەیانەوێت تاکە کەس لەنێو کۆمەڵگادا بتوێننەوە، ئەوەش بەناوەی
بەرژەوەندە گشتی.
کەچی تاکە کەس دەویەوێت لەنێو کۆمەڵگادا بچێتە دەرو براکسیسی ئازادی
سروشتی خۆی بکاتەوە ئەو ئازادیەی شار لێی سەندەوە ، دیارە هەردوو
بۆچوون و تێز خاڵی بەهێز یابێ هێزیان تێدایە، بەڵام لێرەدا ئێمە دەبێت
هەوڵ بدەین هەردوو تێز بەیەکەوە گرێبدەین و ئاوێتەی یەکترییان بکەین و
خاڵی هاوبەشی نێوانیان دەستنیشان بکەن، کەواتە بنچینە یاسایی و
شەعییەتەکەی دەوڵەت یان دەسەڵات یان کۆمەڵگا بەسەر تاکە کەسەوە، لەوەوە
سەرهەڵدەدات ، کە تاکە کەس لە سایەی پەیمانێکەوە پەیوەستە بە دەسەڵات،
دەسەڵات ناچارە چەندەها پێداویستی بۆ دابین بکات ، وەکو ئاسایش ،خۆراك،
خانوو، خزمەتگوزارییەکان لەبەرانبەر ئەوەشدا تاکە کەس ملکەچی یاساکانی
دەوڵەت دەبێت ، ئەوە پەیمانێکە ئەمڕۆ نییە مۆرکراوە ، چەندین سەدەیە
هەر ئەوەش بنچینەی یاسایی دەسەڵاتەو دەوڵەتیش تەنیا لەپێناو ئەو
دامەزراوە.
جۆن ستیوارت میل کاتێك دەوێت بەینی دەسەڵات و تاك رێکبخات پێی وایە
دەسەڵا ئەو کاتە بۆی هەیە دەست بخاتە نێو ئازادی تاك کاتێك ئەو تاکە
دەیەوێت سنووری ئازادی کەسێکی تر بشکێنێت ، لێرەدا دەسەڵات ئەو کاتە
مافی ئەوەی هەیە دەست لائازادی تاکەکەس وەربدات بەبێ ویستی ئەو کەسە
کاتێك ئازادی خەڵکانیتر دەدات کەواتە تاکە پاساو بۆ دەسەڵات
قەدەغەکردنی ئازاردانی خەڵکانی ترە لەلایەن تاکەوە تەنیا ئەوکاتە
دەکرێت سنوورەی ئازادی تاك ببەزێندرێت ئەگینا هەر مەسەلەیەك تایبەت
بەخودی تاك بێت دەسەڵات بۆی نییە خۆی تێوەربدات.
ماڵپەڕی تاڤگە سابیر
|