په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٣\٢٠١٦

کۆمەَلگای نەریتیی، سیستەمی خێڵ و خێزان و پێویستیبوون بە شۆڕشێکی نوێ.

- ھەرێمی کوردستان بە نموونە -

د. سالار باسیرە    

خەسڵەتی کۆمەلگا و دەسەلاتی نەریتیی.


خەسڵەتی کۆمەلگای نەریتیی (کۆمەلگای عەشیرەت و خێل و بنەماَلە) ، کۆمەلگای کۆنەپاریز ، کە کۆمەلگای کشتوکاَلی و دەرەبەگیش دەگرێتەوە ، کوردستانیش سەرەڕای ھەندێک گۆڕانکاری کۆمەلایەتی بەلام بێبەش نیە لەم پێناسەیە. ئەم جۆرە کۆمەلگایە وەک پێکھاتەیەکی دواکەوتوو بریتیە لە کردەوە نەریتییە کۆمەلایەتیەکان. ئەو کردەوانەی کە لەسەر بنەمای ئەقل و مەنتق دانەمەزراوە، بەلکو لەسەر بنەمای ئەو کردەوانەی کە سەردەمانێک کاری پێکراوەو جێگیربوەو بە میرات ماوەتەوە وەک شتێکی نەریتیی. یەکێک لە خەسلەتەکانی کۆمەلگای نەریتیی بریتیە لە پێکھاتەیەکی داخراوی کۆمەلایەتی کە بەزەحمەت خۆی دەداتە دەست گۆڕانکاری. جگە لەوە زۆربەی ئەندامانی ئەم کۆمەلگایانە سەربەخۆییان نیەو بەستراونەتەوە بە نەریتی گشتی کۆمەلگاکە. لێرەدا ھوشیاریی ئاینی زالە بەسەر بوارەکانی ژیانی کۆمەلگاکە. دەسەلاتی سیاسیش خەسلەتێکی حوکمی فەردیە تێیدا. ئەم جۆرە کۆمەلگایە ھەروەک ئاماژەم پێدا بەپێی سروشتی خۆی، خۆی کەمتر دەداتە دەست بە مۆدێرن کردن. زیاتر لە شوێنی خۆی دەچەقێ و گۆڕانیشی کاتی درێژی دەوێ کە ئەمیش بەندە بە کۆمەلێک فاکتەرەوە. لەم سیستەمە نەریتییەدا، بە دەسەلاتە سیاسیەکەیەوە ئابوری خزمایەتی و بارودۆخی پابەندبوون و پەیوەندی کەسیی دروست دەبێت و ڕۆل دەبینێت. بەم شێوەیە گەشەکردنی ئابوری گێڕ دەبێت ، تەنانەت کەپیتالیزمی مۆدێرن لەم شێوە دەسەلات و سیستەمەدا ناتوانێت گەشە بکات. بە پێچەوانەی دەسەلاتی یاسایی کە کارمەندان بە پیشە کارەکانیان دەبەن بەرێگاوە، لەوەی دەسەلاتی نەریتییدا دارودەستە (دەست و پێوەند) بەم ئەرکە ھەڵدەستن. بەم پێیە دەبێت بەڕێوەبەرایەتی نەریتیی بەم شێوە نەریتییە بەڕێوە بچێت گەرنا دەسەلاتی دەسەلاتدارە نەریتییەکە دەکەوێتە بەر مەترسی. ھەربۆیەش لێرەدا یاسا نەریتییەکان حوکم دەکەن.

لەم جۆرە کۆمەلگایانەدا ھوشیاری کۆمەل وەک پێویست لە ئارادا نیەو دەسەلاتدار سوود لەم دیاردەیە وەردەگرێ و دەشیەوێ کەش و ھەوا کۆمەلایەتیە دواکەوتوەکە ھەر بەم شێوە کۆنە دواکەوتوە بمێنێتەوە لە شێوەی داب و نەریتە نەریتییەکان. ھەموو پێشکەوتن و ھوشیاریەکی کۆمەلایەتی دەبێتە لاوازکردن و گۆڕینی ئەو بارودۆخە دواکەوتوەو نەریتییەی کە دواتر دەبێتە ڕێگر لەبەردەم دەسەلاتی دەسەلاتدار و سیستەمە سیاسیە نەریتییەکەدا. ھەربۆیە بەگشت شێوەیەک ئەم جۆرە دەسەلاتە ھەوڵی لەناوچوونی پێشکەوتن ئەدات و دەیەوێ کۆمەلگا کۆنەکە کۆمەلگایەکی داخراو بێت و بەھۆی ناھوشیاری کۆمەلەوە بۆی بچێتە سەرو دەسەلاتدار جێگای یاساش بگرێتەوەو دەیەوێ لەم زیاتر ، لە سەرۆکێکی کاریزمای نەگەتیف زیاتر ، کۆمەل ھیچی تر نەبینێت و بەم شێوەیە بێبەشی دەکات لە دونیای پێشکەوتن و کرانەوە. کاریزما بەو واتایەی کە گروپێک بڕوایان وایە کەسێک ھەیە کە خاوەنی چەند خەسلەتێکی نائاسایی و لەڕادەبەدەر و ڕزگاریی کۆمەلگایە. کاریزما نەگەتیفەکان بۆ لەدەست نەدانی کاریزما دروستکراوەکەی دەبێت کاری پالەوانانە نیشان بدەن ، بۆنمونە بارزانی باس لە دروستبوونی دەولەتی کوردی دەکات و بیکاتە دەستکەوتێکی پالاوانانە بۆخۆی.

کۆمەلگای دواکەوتو دیکتاتۆر بەرھەم دێنێت.


لەو کۆمەلگایانەی کە ھوشیاری سیاسی و کۆمەلایەتی ھاولاتیان کزو لاوازەو ھەروەھا ڕەوشی ئابوری و کۆمەلایەتی تیایاندا لاوازە ، ئەوا سیستەمی سیاسی پەیڕەوکراو لە ولاتدا سیستەمێک دەبێت کە لەسەر زەبروزەنگ و خۆسەپاندن و دیکتاتۆریەت بونیاد دەنرێت. لێرەدا پێشێلکردنی مافی تاکەکانی کۆمەل و سەربەستیەکانیان و بوارنەدان بە گروپی سیاسی و کۆمەلایەتی سەربەخۆی جۆراوجۆر لە دەولەتدا دیاردەیەَکی ئاسایی دەبێت. واتا لە دەولەتدا سیستەمی دیکتاتۆری پەیڕەو دەکرێت، جا ئەو سیستەمە دیکتاتۆریە سیستەمی دیکتاتۆری تاکە کەسی بێت، یان خێزان و خێل و گرووپ بێت... بەلام پەیڕەوکردنی ھەر شێوەیەک لە سیستەمی دەسەلات لە ولاتدا شتێک نیە ھەتا سەر بەزۆر بسەپێندرێ، ھەتا سەر بڕبکات و نەگۆڕ نەبێت.


ھەروەھا سیستەمی سیاسی دەولەتێک کۆپی ناکرێت بۆ دەولەت و کۆمەلگایەکی تر ، بەلکو سیستەمی پەیڕەوکڕاو لە ولاتدا دەبێت نزیک بێت لە داب و نەریت و کەلتور و باری کۆمەلایەتی و ڕادەی ھوشیاری خەلکی ئەو ولات و دەولەتە. بەلام ئەگەر دەسەلاتە ، سیستەمە سیاسیە پەیڕەوکراوەکە لەگەل باری سایکۆلۆجی و فکریی و کۆمەلایەتی و کەلتوری و داخوازیی چین و توێژەکانی خەلکی ولاتدا گونجاو نەبوو بۆ نان و ئازادیش وە نادادپەروەر بوو، ئەوا ئەو سیستەمە سیاسیە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زەمەنییش پەیڕەو بکرێت بەلام وەکو ئەنجام ھەر ھەرەس دێنێت و ئامانجی رێکخستنی دەولەت ناپێکێ کە لە ڕاستیدا پێویستە بۆ خۆش گوزەرانی و سەقامگیرکردنی ڕەوشی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئابوری ھاتبێتە کایەوە ، وەک ئەوەی ھەنووکە لە ھەرێمی کوردستان بەدی دەکرێت. کۆمەلگاو دەسەلاتی نەریتیی و کلاسیک ھەر ھێشتا بەربلاوترین شێوەکانی کۆمەلگاو دەسەلات و سیستەمە سیاسیەکانە چونکە دەسەلاتی دەولەتی یاسایی و ئەقلانی و سێکولار لە گەشە مێژوییەکەیدا درەنگ ھاتۆتە دروستبوون.

ئەم دەسەلاتی خێڵ و خێزان و پێکھاتە عەشایەریە نەریتییە ئەوەندەی پەیوەندی خوێن و داب و نەریتە کۆنەکە بە یەکتریانەوە دەبەستێتەوە ئەوەندە ھەستی نەتەوەیی تێیاندا نیە یان زۆر کزو لاوازە. ئەگەر ببنە دەولەتیش ، ئەوا دەولەتێکی سوڵتانیی و فاشیل دەبێت و لە خزمەتی تاقمێکی بچووکدا دەبێت ، وەک ئەوەی خێزانی ال سعود لە سعودیە...

کاریگەریی کەلتوری سیاسی لەسەر حیزب و سیستەمی سیاسی.


یەکێک لە گرفتەکانی سیاسەت و کۆمەل بریتیە لە دواکەوتویی کەلتوری سیاسی بۆ بەھا دیموکراتیەکان. تەنانەت لە ھەموو ناوچەکانی ڕۆژھەلاتی ناوەڕاستدا دیموکراسیەت تەنیا ڕوکەش بووە. ئەم دەسەلاتدارە کۆنە پارێزە نەریتییانە ھەرگیز ئامادە نین دەستبەرداری دەسەلات بن. لەبەر ڕۆشنایی دواکەوتویی کۆمەڵ بەگشتی و کەلتورە سیاسیەکە ھەربۆیە ئۆپۆزیسیۆنەکان لای خۆشمان وەک پێویست ئۆپۆزیسیۆنێکی ھاوچەرخ نین و ھەموو بە دەسەلاتیشەوە بەرھەمی واقعی کۆمەلگاکەی خۆیانن ، ھەربۆیە پەڕینەوە بۆ کۆمەلگایەکی مۆدێرنتر شتێکی ھەروا ئاسان نیەو پڕۆسەیەکی ئالۆزو درێژخایەنە، بەلام ھیچ کۆمەلگاو سیستەمێکیش نەگۆڕ نیە.

شێوازی دەسەلاتە سیاسیەکەی ھەرێمی کوردستان.


ئەم شێوازی دەسەلاتە سیاسیەی ھەرێمی کوردستان کە خاوەنی ئیدارەو دەزگای سەربازی (میلیشیا) و دارایی و ھەوالگریی و ئامرازی فەرمانڕەوایی خۆیەتی و لەژێَر دەسەلاتی تاک و خێزاندایە، پیادەی بە مەرکەزیەت کردنی دەسەلات دەکات، مەرکەزیەتیش لەگەل دیموکراسیەتدا یەکناگرێتەوە. ھیچ کام لەوانە شەرعیەتی دەسەلاتیان لە دیموکراسیەتەوە وەرنەگرتوە. ھەڵبژاردنیش تەنیا یەکێکە لە پرەنسیپەکانی دیموکراسی بەلام ئەوەش لە ھەرێمی کوردستاندا بەردەوام بە پڕۆسەی ساختەکاریدا ڕۆیشتوە.


ئەم جیھازی دەسەلاتە بە شێوەیەکی سەرەکی لە کەسانی پابەندو دارودەستە بە وەلاو وەفا بۆ سەرۆک دروستبووە. بایەخ بە دروستکردنی کاریزما ئەدرێت کە بریتیە لە سەرۆکی خێزان و بنەماَلە خۆی. سیاسەتێک کە نیشانەی سروشتی سیستەمێکی نەریتییەو سروشتی دەسەلاتەکەش دیکتاتۆریەتە. دادوەری و مافە سیاسیەکانی تر لەلایەن دەسەلاتدارەوە وەک شتێکی ، مولکێکی شەخسی مامەلەی لەگەلدا دەکرێ و توانای بەسەر ئامرازەکانی دەسەلاتدا ھەیە ھەروەک بەسەر شمەکێکی خۆیدا ھەبێت. بەم شێوەیە دەکرێ بکڕدرێ و موزایەدەی پێوە بکرێ ، لە وەرەسەدا بەش بکرێ (خێزانی بارزانی و تالەبانی نمونەیەکی بەرچاوی باسەکەیە). لەم بارودۆخەدا ئیرادەی سیاسی لە کۆمەلگا سەندراوەتەوەو دوور خراوەتەوە لە ھوشیاری سیاسیش. گەل بێ مافە و وەک خزمەتکار ، وەک ئۆبجەکتی ڕوتاندنەوە سەیر دەکرێ نەک وەک ھاولاتی لە ڕوانگەی کۆمەلگای مەدەنیەوە. لێرەدا کەسایەتی تاکەکانی کۆمەل تێکدەشکێندرێت. جوداکردنەوە لە نێوان شتە شەخسیەکان و گشتیەکاندا نیە. سەرجەم پەیوەندیەکانی دەسەلات پەیوەندی کەسییە نەک موئەسەساتی. جوداکردنەوەی دەزگاکان لانی کەم بە ڕوکەش ددان پێدا نراوە ، ھەربۆیە دەکرێ لە ڕای گشتیدا ئاماژەی پێبدرێ، بەلام لە پراکتیکدا بوارە شەخسیەکان و گشتیەکان لەیەکتر جودا ناکرێنەوە. داگیرکردنی مولکی گشتی و بە ھەدەردانی سامانی نەتەوە بە شێوازی جۆراوجۆر و بە ڕێگای دەسەلاتداری کەسەوە ڕەفتاری پێوە دەکرێ ھەروەک ئەم ولاتە ھەمیشە موڵکی خێزان و بنەمالە (خێزانەکان ، بنەمالەکان ، بچووک و گەورەکان) بوبێت. بارودۆخێک خولقێندراوە کە تەنیا بە رێگای حیزب و وەلاو وەفا بۆ سەرۆک دەگەیت بە بەرژەوەندیەکانی خۆت. دیاردەیەک دەبێتە ھۆی سەقەت کردنی کۆمەلگا. حیزبیش لێرەدا حیزبی قائیدە، حیزب لێرەدا بۆتە ئامانج نەک ئامراز. ئەم سیستەمە سیاسیە کۆنەپارێز و خێل و خێزان و بنەماَلەییانە لە ھاوکێشەی کۆتایدا بەھۆی بلۆک کردنی خۆیەوە رێگریش دەبێت لە گەشەکردن بە ئاڕاستەی ھەرێمێکی، دەولەت و کۆمەلگایەکی مۆدێرن. پشت بەدارودەستەکانی ، بە ئیدارە بیرۆکراسیەکانی سەر بە کەسی دەسەلات و بە ھێزی چەکدار و ئاسایش و میلیشیا و پارەی ناشەرعی و دەزگا ھەوالگریەکانی دەبەستێت ، بەلام گەل بۆ ئەم دەسەلاتە تەنیا ئامراز و ئۆبجەکتە ، بێ ماف کراوەو کەچی دەسەلات دەشیەوێ جەماوەر دەنگی پێبدات و بە ناوی گەلیشەوە بدوێ. لێرەدا جگە لە خوێندنەوەمان بۆ دەسەلاتی سیاسی و حیزبی سیاسی و ... پێویستە لە ڕووی کۆمەلناسی سیاسیشەوە لە پێکھاتەو بارودۆخ و دیاردەکانی ناو کۆمەلگاش بکۆلینەوە.

دەسەلات خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە.


دەسەلات لە ھەرێمی کوردستان خواستی لە بوونی پلورالیزمی سیاسی نیە ، بەلکو لە پەڕلەمانێکی ڕوکەشی بێ ئۆپۆزیسیۆن ھەیە ، یان ئۆپۆزیسیۆنێکی بێکاریگەر. حیزبی زۆری دەستکردووی سێبەر ، ھەندێکی تری بەشدارپێکراو لە دەسەلاتدا بەلام بێکاریگەر، "ڕۆشنبیر و ئەکادیمی" کڕدراو ، میدیای زۆری سێبەر ، ...تاد. ھیچی گوزارشت لە کۆمەلگایەکی سیاسی پلورالیستی (فرەیی سیاسی) ناکات. ھەرەمی دەسەلات بێبوونی داروستەو کاسەلێسەکانی بە تەنھا ئەو ھەموو گەندەلیانەی پێناکرێت ، ھەربۆیە دارودەستەکانیش لەسەر ئاستە جیاوازەکان بە ھەمان شێوەی دەسەلاتەکە خۆی بەرپرس و تاوانبارن لەو بارودۆخە خراپە. ھەموو ئەم باسە ئاماژە پێکراوە گوزارشت لە واقعی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان دەکات. ئاسایی دەبێت گەل سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت. گەل خزمەتی حکومەت ناکات ، بەلکو حکومەت خزمەتی گەل دەکات. حکومەت تەنھا ئەو دەسەلاتەی ھەیە کە گەل پێی بەخشیوە.


سیستەمی خێڵ و خێزان سیستەمە دەوڵەتیەکە کرمێ دەکات.


لێرەدا ، لەم شێوە دەسەلاتە نەریتییانەدا ، ئەوە بۆ ھەرێمی کوردستانیشە، دوو سیستەم ھەیە، (سیستەمی بنەمالەو خێل و خیزان، ھەروەھا سیستەمە دەوڵەتیەکە)، بەلام دەسەلاتدارە نەریتییە ئۆتۆکراسیەکەو دەزگا بیرۆکراسیەکانی لە ڕاستیدا لە تەنیشت یەکترەوە نین ، بەلکو دەسەلاتە نەریتییە خێل و خێزان و بنەمالەییەکە خۆی خزاندۆتە ناو سیستەمە شەرعیەکەو فۆرمی دەگۆڕێت و بێکاریگەریی دەکات. بارودۆخی (٣) دەسەلاتەکە ( پەڕلەمان و حکومەت و دادوەریی) و تەواوی دامودەزگاکانی ولات لە ھەرێمی کوردستان بەلگەی ئەم بۆچوونەیە. لە ڕووی زانستی سیاسیەوە ئەم شێوە سیستەمە وەک بەشێکی دیاری ئەوانەی تری ولاتانی "جیھانی سێ" لە ڕاستیدا (لە ھەندێکیاندا) بریتیە لە گرێدانێکی نەریتیی و ئەلەمەنتی مۆدێرن. ھەربۆیە بۆ پڕۆسەی بەمۆدێرن کردن ئەوە دەرکەوتەیەکی قۆناغی گواستنەوەیە (الانتقالیە) ، بەلام سروشتی ئەم "سیستەمە"ی ئێستەی ھەرێمی کوردستان بە تەواوی حیزبەکانی ناو دەسەلات و ھاوشێوەکانی لە دەرەوەی دەسەلاتیش توانای گواستنەوەی ئەم قۆناغەی نیە. ھەربۆیە ئەم ڕژێمە و ھاوشێوەکانی دەبێت جۆرێکی تر شەرعیەت بدەن بەخۆیان و تەواو لێرەدایە یەکێک لە گرفتە سەرەکیەکانی. بەلام ئەم سیستەمی دەسەلاتە سەقامگیریەکەی بەتەنیا لە پیادەکردنی ھێز ، لە میکانیزمی کۆنترۆل و چاودێری و تۆقاندن و کڕینی ئەم و ئەو سەرچاوە ناگرێت بەلکو پەنا بۆ میتۆدی تری جۆراوجۆر دەبات. پێکھاتە بیرۆکراسیەکان مۆنۆپۆلی سەرجەم پەیوەندیەکانی نێوان ئەلیتەی سیاسی و کۆمەڵ دەکەن.


دەرئەنجامی ئەم شێوە دەسەلاتە.


شارەزایانی زانستی سیاسی دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە دەرئەنجامی ئەم شێوە دەسەلاتە لە کۆتایدا دەبێتە ھۆی وێرانکردنی پێکھاتەکەی خۆی کە کار بۆ چڕکردنەوەی دەسەلات لە دەستی تاقمێکی بچوکدا دەکات کە لە ھەولی ئەوەشدایە رێگربێت لە دروستبوونی رێکخراوی سەربەخۆی سیاسی و کۆمەلایەتی و ئۆپۆزیسیۆنی ڕاستەقینە. کار بۆ کۆنتڕۆل کردنی سەرجەم بزوتنەوەو چالاکیە کۆمەلایەتی و مەدەنیەکان دەکات و بەردەوام میتۆد و ستراتیجی نوێ گەشە پێئەدات بۆ بەرتەسک کردنەوەو ژێردەست کردنی داواکاریە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان و درۆ کردنیش دەبێتە بەشێک لە ستراتیجی دەسەلات. جگە لەوە دەسەلاتەکە لەلایەن ئەلیتەیەکی سیاسی و بیرۆکراتی سەر بە دەسەلات دەورە دراوە. ھەرچەندە مەبدەئیەن بەناوی سەرجەم موئەسەساتەکانی ولاتەوە دەدوێ بەلام لە ڕاستیدا تەنیا لە ھەوڵی ئەوەدایە دەسەلات و کاریگەریی خۆی گەورەو سەلامەت بکات ئیتر بەھەر میتۆدێکی ناشەرعیش بێت. بەلام ھەموو دەسەلاتێکی دیکتاتۆر ئەگەر بیەوێ دەسەلاتەکەی سەلامەت بێت ئەوا ھەمیشە پێویستی بە پشتگیری و ڕەزامەندی بەشێکی کۆمەلگاکەی ھەیە. لە ژێرەوە شەڕی کێبڕکێی ئەلیتەکان ھەیە کە تەنانەت لەلایەن دەسەلات خۆیەوە دروست دەکرێ و جێگۆڕکێ بە پۆستەکانیشەوە دەکات لە ترسی تەکەتولات دروستکردن و سوود وەرگرتن لەم میتۆدە بۆ ئەوەی خزمەتی سەقامگیری سیستەم و دەسەلاتەکەی پێ بکات. کار بۆ لەیەکتر ترازاندن و دابەش کردنی ئۆپۆزیسیۆن (نەیارەکانی) دەکات. بەم میتۆدە دەسەلاتدار کار بۆ سەقامگیر کردنی دەسەلاتەکەی دەکات و تەنانەت ڕۆلی حەکەمی سیاسیش دەبینێت.


"ھەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەلێم..".


بەرێوەبەرانی ئیداری لەم شێوە دەسەلاتەدا بەتەنیا لەلایەن سەرۆکەوە ھەڵدەبژێردرێن. ھەروەھا سەرجەم نمونە نەریتییەکان لە ڕاستیدا بەو شێوەیە چارە دەکرێن کە دەَلێت: "ھەرچەندە نوسراوە، بەلام من پێتان دەَلێم...". سەرۆکی ئەم دەسەلاتە نەریتییە خێڵ و خێزانە کار بۆ دروستکردنی کاریزما دەکات بەلام ئەم شێوازی کاریزمایە ڕەوتێکی نائەقلانیەو کاریزمایەکی نەگەتیفە ، کە دەیەوێ بەرگی حیزب و ئایدیۆلۆژیاش بکرێتە بەری ئەم و کۆمەڵ تەنیا ئەم ببیننَت و دەیەوێ تەواوی دەسەلاتەکان لە دەستی خۆیدا کۆبێتەوە. لەناو دەزگا دەولەتیەکەدا دەسەلات لە شەخسی سەرکردە سیاسەکەدا چردەبێتەوە. لێرەدا کاریزمای پۆزەتیڤیش ھەیە لە مێژودا وەک گاندی و ئێرنست ماندێلا ، کەواتە ئەم کەسە دەکرێت چاکەخواز بێت ، یان وێرانکەر بێت.


ھەر فەرمانێک لەلایەن ئەو سەرۆکەوە دەربچێ بە یاسایەک دادەنێ و دەبێت کۆمەل جێبەجێی بکات و لەو فەرمان و یاسایانە لانەدەن. خاڵی جەوھەریی لەم بەرپرسیارێتیە ئەوەیە کە ھەر بەرپرسێک نەک ھەر لەلایەن سەرۆکەوە دەستنیشان دەکرێ بەڵکو ئەوەندەش لە پۆستەکەیدا بێت دەبێت لە بەرگی سەرۆکدا ڕۆل و کاریگەریی و چالاکی ببینێت. ھەموو ئەمانە لانی کەم لە ھەردوو خێزانی بارزانی و تالەبانی و کەس و بنەمالە بچوکە دەسترۆیشتوەکانیشدا لە ھەرێمی کوردستان بە ڕوونی بەدی دەکرێت.


دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ.


لە کۆمەلگای مەدەنی و دیموکراسیدا دەسەلات لەلایەن گەلەوە ئەدرێ ، بەو دەنگانەی گەل ئەیدات بە حیزب و نوێنەرەکانی لە پەرلەمان، دواتر بۆ پێکھێنانی حکومەت ، ئەو حیزبانەش کە ناگەنە دەسەلات دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و نوێنەرایەتی بەشەکەی تری جەماوەر دەکەن ، بەواتا جەماوەرەکەی خۆیان ئیتر لە ناو پەرلەماندا بێت یان لە دەرەوەی بێت. بەواتا گەل سەرچاوەی دەسەلاتە. کەس لەسەرو یاساوە نیەو ھەموو تاکێکیش دەبێت دەستی بگات بە دەسەلات. دەسەلاتدارانی حکومەت بەیاسا سزا ئەدرێن و حکومەت خۆیشی دەکەوێتە ژێر دەسەلاتی یاساوەو دەسەلاتەکان بەپێی یاساو دەستور دەستنیشان و سنوردار دەکرێ و دەبێت یاسای ئەحزابیش ھەبێت. ھەربۆیە یاساو پڕۆسەکانی دارشتنی یاسا دەبێت ڕوون بن و کاریشی پێ بکرێت. گەل ئاسایی دەبێت سەرچاوەی ڕەوایەتی سیاسی بێت. گەل خزمەتی حکومەت ناکات، بەڵکو حکومەت خزمەتی گەل دەکات. حکومەت تەنھا ئەو دەسەلاتەی ھەیە کە گەل پێی بەخشیوە بۆنمونە لە رێگای ھەڵبژاردنەوە.


(حیزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی).


حیزب ئۆرگانێکی گرنگە بۆ بەمۆدێرن کردن یان پاش خستنی سیستەمی سیاسی. لەبەر ئەوەی سیستەمی سیاسی تاڕادەیەک بریتیە لە سیستەمی کۆمەلایەتی ھەربۆیە ھەر جۆرە ناسەرکەوتنێک لە سیستەمی سیاسیدا دەبێتە ھۆی دواکەوتنی سیستەمی کۆمەلایەتیش ( لە ھەرێمی کوردستان نە شتێک ھەیە ناوی سیستەمی کۆمەلایەتی بێت وە نە سیستەمێکی سیاسی تەندروستیش بوونی ھەیە). پێش بە مۆدێرن کردنی سیستەمی سیاسی پێویستە حیزب بە مۆدێرن بکرێت ، ھەربۆیە لەم بوارەدا گرنگی بە ڕۆلی حیزب و رێکخراوی سیاسی پێویستە، بەتایبەت گرنگیدان بە ئایدیۆلۆژیای حیزب. ئەگەر حیزب وەک پێویست گۆڕانکاری لە فکر و بەرنامەکانیدا ئەنجام نەدات و لەگەلڕ گۆڕانکاریە سیاسی و ئابوری و ڕۆشنبیری و کۆمەڵایەتیەکاندا نەگونجێت و ڕێفۆرم لە خۆیدا نەکات ، ئەوا ئەو حیزبە سیاسیە لەگەل زەمەندا دەپوکێتەوەو لەگەل گەشەکردنی مێژوودا لاواز دەبێت و بگرە بەرەو تیاچوون دەڕوات و متمانەو باوەڕی کۆمەلانی خەَلک لەدەست دەدات. ھەموو بارودۆخێکی نوێ پێویستی بە پێناسەی نوێ ھەیە. حیزب ھێزێکی بەتوانایەو دەکرێ ڕۆلی گرنگ ببینێت لە پڕۆسەی بە مۆدێرن کردندا. بە مۆدێرن کردن پێویستی بە ھوشیاری کۆمەلایەتی ھەیە کە یارمەتی کۆمەل ئەدات بۆ بەدەستھێنانی ئامانجەکانی بەمۆدێرن کردن. ھەر بەم شێوازە ڕێگا بۆ ھاوولاتیان خۆش دەکرێت لەزۆر لاوە چاودێری ژیان بکەن لە بواری کۆمەلایەتی، سیاسی ، ئابوری و کەسایەتی...تاد. بە مۆدێرن کردن بریتیە لە گواستنەوەی کۆمەلگا لە قۆناغی نەریتییەوە بۆ قۆناغێکی مۆدێرن وەک ئەوەی لە ئەوروپای سەدەی حەڤدەھەم و ھەژدەھەم ڕوویدا لە بوارەکانی ئابوری و کۆمەلایەتی و سیاسی و فکری کە تەنیا لەژێر کاریگەرێتی سێکۆلاریزم (عەلمانیەت) گەشە دەکات و کۆمەلگا پێویستی بە سەربەخۆیی خۆی ھەیە. مەبەست لە کۆمەَلگای ھاوچەرخی دیموکراتیە و پڕەنسیپی تاکگەرایی (ئیندیڤیدوالیزم) تێیدا پارێزراو بێت وەک یەکێک لە پرەنسیپەکانی کۆمەلگای مەدەنی.

ئەم دەسەلاتە توانای رێفۆرم کردنی نیە.


بە پێی ئەزمونە سیاسی و مێژوییەکان ، سروشتی ئەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە سیاسیە نەریتییە توانای ڕیفۆرم کردنی ڕاستەقینەی نیە چونکە خۆی لەسەر تەواوی گەندەڵیی دروستبووە. ھیچ رێفۆرمێکی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی ڕاستەقینە چاوەڕوان ناکرێت لێی چونکە سروشتی سیستەمەکە سیمای رێفۆرم کردنی پێوە نیەو ھەر ریفۆرمێکی ڕاستەقینەی تەندروست دەبێتە ھۆی لەناو بردنی خودی دەسەلاتەکە خۆی. داوای رێفۆرم (چاکسازی) کردن بۆنمونە لە یەکێتی و پارتی و لایەنە ئیسلامیەکان و ھاوشێوەکانیان ھیچیتر نیە جگە لە خەونێکی بەتاڵ نەبێت. ئەوە ھەر گەندەڵیە، وەک یەکێک لە فاکتەرە سەرەکیەکان لە ھاوکێشەی کۆتایدا سەری سیستەمەکە خۆی دەخوات.

کە ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون و شۆڕش دەبێتە ئەرک.


شۆڕشی زۆرێک لە گەلان دژ بە دەسەلات و سیستەمە سیاسیە زۆردارو ڕوتێنەرەکان نمونەی بەرچاون لە مێژوودا. ھەندێک لەو شۆڕشە سیاسی و کۆمەلایەتیانە لەناو کۆمەلگا دواکەوتوو ، یان نیمچە دواکەوتوەکانیش بە سەرکەوتویی ئەنجامدراوون چونکە خاوەنی نوخبەی ڕۆشنبیرو سەرکردەی شۆڕشگێڕ و سیاسی لێھاتوو بوون کە توانیویانە سەرکردایەتی گەلە ستەملێکراوەکانیان بکەن و بەرەو سەرکەوتنیان بەرن، بۆنمونە شۆڕشەکانی کوبا و نیکاراگوا ، ڕۆژئاوای کوردستان و ھەمان شتیش بۆ باکوری کوردستان چاوەڕوان کراوە ، ھەرچەندە ئەو ولاتانەش خاوەن ولات و کۆمەلگای نەریتیین ، ئیتر کەمتر یان زۆرتر. مێژووی سیاسی و شۆڕشەکانی جیھان دەبێت جێگای بایەخ و لێکۆلینەوە بێت.

نیکاراگوا ولاتێکی کشتوکالیەو خاوەن کۆمەلگایەکی نەریتییە. بنەمالەی سۆمۆزا دەستی گرتبوو بەسەر سەروەت و سامانی ولاتداو گەلەکەیشی دوچاری چەوساندنەوەو ڕوتاندنەوە کردبوو. بارودۆخەکە وەرچەرخانێکی گرنگی بە خۆیەوە بینی و شۆڕشی ساندینیستی لێکەوتەوە. شۆڕشەکە خوێناوی بوو بەلام سەرکەوتو بوو ھەرچەندە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا تا دوا ھەناسە پشتگیریی بنەماڵەو ڕژێمی ڕوتێنەری سۆمۆزای کرد. یەکێک لە کارە گرنگەکانی دوای شۆڕشی ساندینیستی بریتی بوو لە رێفۆرمی کشتوکاڵی و لاواز کردنی ھێزی دەرەبەگ و بایەخدان بە بەرھەمی خۆماڵی و ھەروەھا کەمکردنەوەی نەخوێندەواری لە شارو لادێکاندا چونکە نەخوێندەواری دەردێکی کوژەری کۆمەلگایە.

تەنیا رێگایەک بۆ ڕزگار بوون لەم جۆرە دەسەلات و سیستەمە سەرکوتکەر و ڕوتێنەر و خێڵ و خێزانە نەریتییە کۆنەپارێزانە بریتیە لە شۆڕشێکی سیاسی و کۆمەلایەتی / دیموکراتی و عەلمانی. ھەرێمی (باشوری) کوردستانیش بەدەر نیە لەم بۆچونەو پێویستی بە شۆڕشێکی لەم جۆرەیە. شۆڕشێک گونجاو لەگەل واقعی کۆمەلایەتی و کەلتوری و سایکۆلۆژی. ئەوە کارێکی ئاسان نیە بۆ کۆمەلگایەکی سەقەت کراو بەلام مەحالیش نیە سەرەڕای دەورەدانیشمان بە دوژمنی ئیقلیمی کە دەکرێ وەک گەمەکەرێکی ئیقلیمی بێنە ناو ھاوکێشەکەوە. کەرەستەکان بۆ شۆڕش و ڕاپەرینێکی نوێ لە ھەرێمی کوردستان لە بارن و ھیچ سیستەم و دەسەلاتێکیش نەگۆڕ نیە بەوەی ھەرێمی کوردستانیشەوە.

شۆڕش بە واتا گشتیەکەی بۆ خەڵکیی ولات بریتیە لە نان و ئازادی ، مووچە و خزمەتگوزاری ، قوتابخانەو خەستەخانەو بیمەی بێکاری و تەندروستی، ئاو و کارەبا...تاد. ھەرچەندە ئەمانەش بەشێکی گرنگن لە شۆڕشی گەلان بۆ مافەکانیان ، بەلام بە تێگەیشتنی زانستی سیاسی شۆڕش لێرەدا بە واتای گۆڕینی ئەو سیستەمە یان بارودۆخە سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتیە کۆنە دێت بە سیستەمێکی تری نوێ لەسەر بنەمای کۆمەلگای مەدەنی، یەکسانی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی و ئابوری و ئازادیە سیاسی و کۆمەلایەتیەکان بونیات نرابێت و ھەروەھا سەقامگیری و کەسایەتی و کەرامەت بۆ تاکەکانی کۆمەلگا دابین بکات. ھەر شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ئەم بنەماو داواکاریانەی نەکردە ئامانجی خۆی ئەوا نەکرێت باشترە. تاک و کۆمەلگا ئاسایشی دەوێت ، مرۆڤ نان و ئازادی و دادپەروەری دەوێت ، یەکێکیان بێ ئەویتر نابێت. ئەو لایەنەی (ئیتر ھەر ناوێکی لێ بنرێ) بتوانێت ئەو پێویستیانە دابین بکات بۆ کۆمەلگاکەی ، ئەوا سیستەمێکی دادپەروەر و تەندروستە کە لەسەر بنەمای فەلسەفی و زانستی و ئەقل و مەنتق بونیاد نراوە.

ھیچ مرۆڤێک ، ئیتر سەر بە ھەر چین و توێژێکی کۆمەلایەتی بێت ھەتا سەر ، کۆت و زنجیری کۆیلایەتی و چەوساندنەوە قبوڵ ناکات ، زوو یان درەنگ لە دژی ڕادەپەڕێت. ئەوە یاسای سروشتە.

ئەلبێرت کامۆ لە کتَیبی مرۆڤی یاخیدا دەنوسێت "یاخیبوون کاتێک ڕوو دەدات ، کە مرۆڤی یاخی ھەست بکات لە شوێنێک ، بە جۆرێک لە جۆرەکان لەسەر ھەقە ... و ئەو کاتەش ناعەدالەتی دەبێتە یاسا ، یاخیبوون دەبێتە ئەرک... ئەو کۆیلەیەی کە بە درێژایی ھەموو ژیانی فەرمانی جێبەجێ کردووە کتوپڕ کە فەرمانی تازەی پێ ئەدرێ بریار دەدات جێبەجێی نەکات. یاخیبوون بە گژداچوونەوەی پووچی ژیان و نائومیدی و ناعەدالەتیە. ئەو چەندە باوەڕی بە ئازادی خۆی ھەیە ، ئەوەندەش باوەڕی بە ئازادی ئەوانی دیکە ھەیە. کەواتە یاخیبوون لە پێناو پێشێلکردنی ئازادی ھیچ کەسێکی دیکەدا نیە بەلکو ھەولێکە بۆ فراوانکردنی ڕوبەرەکانی ئازادی و شکاندنی سنورەکانی کۆیلەکردن و لە قالبدانی ئەقلی مرۆڤ. کوێرانە ھیچ ڕەتناکاتەوە ، بەلکو ڕەتکردنەوەی ھەر شتێک یان ھەموو نەخێر گوتنێک لە ھوشیاریەوە سەرچاوە دەگرێت. تاک بە ھوشیاریەوە ھەردوو وشەی (نەخێر و بەلێ) بەکار دەھێنێت نەک مورید ئاسا تەنھا سەری بەڵێ ڕاوەشێنێت".


مرۆڤ کە لەسەر حیسابی خۆی برسی کراو ئازادی لێ زەوتکرا ئەوا دوو بژاردەی بۆ دەمێنێتەوە: ئەگەر ڕابەرایەتیەکی شۆڕشگێری ھەبێت ئەوا دەبێتە شۆڕشگێر ، یان ئەوەیە دەبێتە کۆیلە. لە مێژووی مرۆڤایەتیدا ملیۆنان مرۆڤ دراوە بە کوشت لە پێناوی چاوچنۆکی و ڕوتاندنەوەو داگیرکردندا ، بەلام بە ملیۆنان مرۆڤیش گیانی خۆیان بەختکردوە لە پێناوی نان و ئازادی و خاک و کەرامەتدا.

لێرەدا شۆڕش دەبێت بریتی بێت لە وەرچەرخانێکی بنەڕەتیی کۆمەلایەتی و سیاسی ، بەلام مەرج نیە شۆڕش ھەمیشە بە ڕێگای توندوتیژیەوە ئەنجام بدرێت ، بەلام زۆرجار باردۆخەکە بڕیار لەسەر ئەو ئاڕاستەیە ئەدات. شۆڕش یان لە لایەن ئەلیتە (نوخبە) و کۆمەلێکی رێکخراوەوە ئەنجام دەدرێت کە پشتگیریی بەشێکی بەرفراوانی گەلی ھەیە یان ھەر لە سەرەتاوە خۆی بزوتنەوەیەکی جەماوەرییە. ئەوە بە شۆڕش ناوزەند ناکرێت ئەگەر کۆمەلێک بێ بوونی بنچینەیەکی جەماوەریی یان تەنیا بەشێکی زۆر کەمی گەلی لەگەَلدا بێت و بە رێگای کودەتاوە بگاتە دەسەلات.

ھەندێکجار ھاوکاری و پێکەوە کارکردنی گروپ و چین و توێژە جیاوازە کۆمەلایەتیەکان کە دافع و ئایدیۆلۆژیای جیاوازیان ھەیە بەلام لە بارودۆخەکە ناڕازین ، بۆ ھەرەس پێھێنانی پێکھاتە کۆنەکە بۆ زەمەنێکی وەختیی یەکدەگرن چونکە بەرژەوەندی ھاوبەش کۆیان دەکاتەوە ، بۆنمونە نەبوونی مووچەو خزمەتگوزاری سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەلگای گرتۆتەوە لە ھەرێمی کوردستان. ژنانی دەولەمەند و ھەژاریش چەندین خاڵی ھاوبەش پێکیانەوە دەبەستێت لە خەباتیاندا بۆ چەندین لە مافە ھاوبەشەکانیان. ھەربۆیە بە تەنیا یەک گروپ ، یان توێژێکی کۆمەلایەتی یەکلایەنە ناتوانێت شۆڕشێکی سەرانسەریی بھێنێتە کایەوە ، بە تایبەت لە بارودۆخێکی وەک ئەوەی کوردستان بەلام دواتر دەکرێ ململانێکان بە شێوازی تری جیاواز یەکلابنەوە.


ھێزو لایەنەکانی دژ بە شۆڕش و ڕاپەرینی جەماوەریی خاوەن رێکخستنەو دیسپلین و ھێزی ھەیە ، ھەربۆیە ئەگەر شۆِرشگێڕان بە ھەمان ھێزو دیسپلین و ئیرادەوە ڕوبەڕووی نەیارەکانی نەبێتەوە ئەوا ڕوبەڕووی لێدان و دارمان دەبێتەوە. ئەو کاتەی مرۆڤ ڕێگای شۆڕش و ڕاپەڕین دەگرێتە بەر بەواتا بە بریارێکی پۆلاینەوە دەبێت ڕێگای ھێرش کردن بگرێتە بەر. بەرگری کردن بێ ھێرش کردن کوشتنی ھەموو ڕاپەرینێکە بە ھی چەکداریشەوە ، ئەگەر ناچاری بەرگری کردنیش کرایت ئەوا سەنگەر لێبدەو جەنگی شەقامی لەگەل بکە بۆ ئەوەی مەعنەویاتی جەماوەر نەڕوخێت. ڕوبەرووی دژەکەت بەرەوە ، ئەوەندەی ھێزەکانی پەرش و بلاوەو متمانەی خەڵکیی کەم بۆتەوە پێی و ڕۆژانە ڕوبەڕووی شتی نوێی بکەرەوە ئەگەر سەرکەوتنەکانیش کەم بن.. دوژمنەکەت ناچاری کشانەوە بکە ، پێش ئەوەی ھێزەکانی خۆی لە دژت رێکبخاتەوە و ئازایەتی بنوێنە.


شۆڕش دەبێت پشت بە ھێزی گەل ببەستێت. بە تایبەت بەوانەی کە پێشەنگی شۆڕشن و لە پێشەوەی گەل زۆرترینن. درز بخەرە نێوان ھێزەکانی دژ ، بە تایبەت ئەوانەی لە ناو ھێزەکانی دوژمندا ، ھی دەسەلاتدا دوو دڵییان ھەیە بەرامبەر کارەکەیان و بێھێزن.


ڕوو ئەدات کە شۆڕشی گەلانێک سەرکەوتوو بووە بەلام دواتر نوخبەو سەرکردەکانی بوونەتە گەندەل و گەلەکەی خۆیان ڕوتاندۆتەوەو جیاوازییان نەبووە لەگەل دوژمنە ڕوخاوەکەیاندا. ھەندێک جاریش شۆڕش و ڕاپەرینێک بەلارێدا دەبرێت وەک ئەوەی لە ئێرانی سەردەمی شا ڕوویدا. یەکێتی و پارتی وتیان "شۆڕش" دەکەین دژ بە رژێَمی بەعس ، کەچی ئێستە شۆڕش مندالەکانی خۆی دەخوات.

لەم ھەلومەرجەی ئەمڕۆشدا پێدەچێت پڕۆسەی گۆڕینی سیاسی بە شۆڕشی ناوخۆ ، کودەتای سەربازیی ، یان بەکارھێنانی ڕوخسارەکانی تری زەبروزەنگ بۆ بەزۆر دەست لە دەسەلات پێھەَلگرتن بێت. ھەندێک جاریش بەدەستێوەردانی دەرەکی. بەلام کودەتا لەھەر بەرگێکدا بێت بریتی نیە لە شۆڕش.

بیرۆکەی شۆڕش و ڕاپەرینێکی جەماوەریی ڕێکخراو لە ھەرێمی کوردستان.


توڕەیی خەَلکیی ھەرێمی کوردستان لەو دەسەلاتە سیاسیە گەیشتۆتە لوتکەو متمانەی بەو دەسەلاتە نەماوەو ئامادەی کاردانەوەشە ، بەلام پێویستی بە ھێزێکە رێنیشاندەری بێت و جێگای متمانەی بێت و لە نیوە رێگادا بە تەنیا جێی نەھێلێت ، بەلارێدا نەبرێت و موزایەدە بە خەباتەکەیەوە نەکات ، ھەربۆیە گەل ئامادە نیە بۆ ھەموو کەس و حیزبێک بێتە سەر شەقام..


ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوەکانی کۆمەلگای مەدەنی و گروپەکانی فشار ھەن کە رێکخراوی سێبەر نین و خاوەن ھەلوێستی تەندروستن ، خاوەنی کەسانی ڕۆشنبیر و ئەکادیمیست ، نوسەر ، ڕۆژنامەنوس و مامۆستایان و کەسایەتی بە ھەلوێست و ئازاین ، خاوەنی چەندین رێکخراوی گەنجان و ژنان و خوێندکارانی ڕەخنەگری دەسەلاتین ، لەوانەیە ژمارەیەکی ھێشتا کەم لە حیزبی سیاسی ڕەسەنی بچوکی دەرەوەی دەسەلات مابێت و ھەر لایەنێک لەوانە ، کەم یان زۆر خاوەنی جەماوەرێکی خۆیەتی .. ئەگەر ھەموو ئەمانە بە ڕاکیشانە ناوی کاسبکاران و فەرمانبەران بتوانن بە ڕۆح و ھەلوێستێکی شۆڕشگێڕانەوە لەسەر (بەرنامەیەکی ھاوبەش) بۆ ئەم قۆناغە رێک بکەوون و لە ژێر چەترێکدا کۆبنەوەو ببنە مەرجەعێک ، بۆ سەرکردایەتی کردنی ڕاپەڕین و بزوتنەوەیەکی جەماوەریی رێکخراو بە پلان و بەرنامەوە ئەوا دەکرێت راپەرینێکی جماوەریی تۆکمەی لێ بکەێتەوە . مەترسی ئەوەم لاھەیە لە ئەنجامی ئەو توڕەییەی جەماوەر بەرامبەر پێشیلکردنی مافەکانی لە لایەن ئەو دەسەلاتەوە ، ڕاپەرینێکی جەماوەریی عەفەوی بێ سەر و سەرکردە ڕووبدات و دواتر دامرکێتەوەو کورت خایەن بێت .. ھیچ بە دوریشی نازانم ڕەفتاری دەسەلات بگاتە ڕادەی ئەوەی ڕۆژگارێک پێویست بوون بە خەباتی ژێرزەمینی و شۆڕشی چەکدارییش بکات ، ھەرچەندە من بێسنوور دژی ھەموو خوێن ڕشتن و توندوتیژیەکم . بەڵێ مێژوو دەکرێ خۆی دوبارە بکاتەوە. ئەو مرۆڤەی بڕوای وابێت سروشتی ئەو دەسەلاتە ، دەسەلاتی خێڵ و خێزان و سیستەم و دەسەلاتی نەریتیی ھی چاکسازی و دەستاودەست کردنی دەسەلات و خۆگۆڕین و گوێگرتن بێت لە داواکاریەکانی گەل و پەیڕەویی پرەنسیپە دیموکراتیەکان و رێفۆرم کردن بکات ، ئەوا لە بازنەیەکی داخراوی بۆش و خەیالاویدا دەخولێتەوە. بۆچوونی من لەسەر سەرکردایەتی حیزبە ئیسلامیەکان ئاشکرایەو بۆ حیزبی گۆڕانیش تەنیا دوو ئەلتەرنەتیڤ ھەیە یان ئەوەیە ئەگەر بە ڕاستی مەبەستیەتی بیگۆرێت ئەوا دەبێت واز لەم سیاسەتەی ھەتا ئێستەی پیادەی کردوە بھێنیت و رێگای خەباتێکی شۆڕشگێرانەی ڕاستەقینە بگرێتە بەر و ئەو جەماوەرەشی ماویەتی لە دەستی نەدات و نەگەرێتەوە ناو دەسەلات کە بووە ھۆکاری سەقەت کردنی گۆڕان خۆی، یان ئەوەیە مالئاوایی لە سیاسەت بکات و بڕۆنەوە مالەوە ، ھەلوێستی حیزبی گۆڕانمان لە ١٧ی شوبات بینی. چیتر خەلکیی خۆی سەرقال نەکات بە کۆبوونەوە بێکۆتایی و بێسودەکانی نێوان حیزبەکان کە تەنیا لە خەمی خۆیاندان و کاتی خۆی بۆ بیرۆکەی بە نرختر بۆ ئایندەو چارەنوسی خۆی تەرخان بکات.

لە کۆتایدا دەنوسم : ئەمڕۆکە لە سەر گۆی زەوی ھیچ سیستەمێکی سیاسی نیە بێگەرد و خەیالی بێت وەک ئەوەی لە ڕووی تیۆریەوە باس دەکرێت ، ھەربۆیە من بۆ ئەم قۆناغە مێژوییەی ئەمڕۆ واقیعبینانە ڕەزامەندم لە ھەرێمێکی (باشوری) کوردستاندا، لە عێراقێکدا بژیم لە ٢٥% گەندەڵی تێدا بێت وەک لە ٩٠% بێت چونکە ڕەھاو حەقیقەتی ڕەھا نییە بەڵکو ھەموو شتەکان لەسەر ڕیتمێکی ڕێژەیی دەڕۆن.
__________________________________
تێبینی: بڕوانە لینکی کتێبێکی بەندە بە ناونیشانی (گەشتەکەم بۆ ئەمریکای لاتین ، نیکاراگوا وەک نمونە)، تێیدا باسم لە شۆڕشی نیکاراگواو سەرکەوتنی دژ بە خێزانی سۆمۆزا کردو: www.emrro.com/pdf/geshtekbe.pdf
 

 

Dr.salarbasira@hotmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک