٣\٧\٢٠١٣
کۆمەڵگا بۆ
راناچڵەکێ؟!

بەشدار عوسمان
ئەم رۆژانە جارێکیتر هەولێر بۆنی کروزی جەستەی گەنجێکی خێرلەخۆ نەدیوی
بردە کەشکەڵانی فەلەک،سەدان و هەزاران ویژدان زیندوو سەریان کرد
بەپرسەی گەنجێکی بێ ئومێدی شارەکەیان و سەرەخۆشیان لەدایک و باوکێکی
تری جەرگ سوتاو کرد،نمونەیەکیتری زیندویی نیشانی هەمو دنیادا کە نەک
خەڵکانێکی زۆر لەکوردستان بەرەو مەرگی شێنەیی هەنگاو دەنێن و بەربڵاوی
نەخۆشیە کوشندەکان و نەبونی پێداویستییەکانی تەندورستی لەچاوەڕوانی
مەرگ رایاندەگرێت و سەدان خیزان لە نان و ژیانی بەیانی دڵنیا نیە !
بەڵکو کەسانێک هەن خراپی وەزعیەت و گوزەرانیانی گەیاندۆتە ئاستێک
ئامادەن بەشێوەیەکی تراژیدی کۆتایی بەژیان و هەناسەدانی خۆیان بهێنن.
کوژاندنەوەی ژیانی بەهاری گەنجێک لەهەولێر و کۆتاییهێنان بە هەمو هیواو
ئاواتەکانی کە ٢٣ ساڵە ئاخی بۆ هەڵدەکێشێت،لەبەر نەبونی پێداویستیەکانی
ژیان و دەستنەکەوتنی کار،ئەم رۆژانە هاواری توڕەیی و نارەزایەتی خەڵکی
بەرامبەر ناعەدالەتی و نایەکسانی و نەبونی و برسیەتی بەرزتر کردەوە ،
سەروەت و سامانی بەرپرسان و کۆشک و ڤێلا و قەسر و قەمەرە و پرۆژە
بازرگانیەکانیان و شێوەی ژیانی مناڵەکانیان، بوە باس و خواسی دانیشتن و
میواندارییەکانی شار،هەموان بە ڕقەوە نمونەکانی ژیانی نەهامەتی دەیان و
سەدان خێزان لە گەڕەک و بندیوارەکان باسدەکەن،بەڵام پرسیاری جدی لێرەدا
ئەوەیە، کۆمەڵگای کوردستان بۆ ڕاناچلەکێ و شەقامەکان ناکەن بە شوێنی
نارەزایەتی لە وەزعیەتێک جگە لەمەرگ و نەخۆشی و نائومێدی و بەگۆڕ
سپاردنی خۆزگە و خولیاکانی گەنجانی وڵات ناتوانێت شتێکیترمان نیشان
بدات ؟! دەبێت شاهێدی بینینی جەستەی خۆڵەمێشی چەند سەنگەر و بەنازیتر
بین،تا بتوانین شەقامەکان بەدەستەوە بگرین و پێیان بڵێن ئیتر بەسە و
بوەستن،ئەو هەمو قوربانیەمان نەدا تا ئێوە شاهانە بژین و گەنجەکانیشمان
لەبەر نەبونی تیکەیەک نان ببن بە خۆڵەمێش؟!
دەبێ چەند نەوەیتر و چەند خولیتر لە
چاوەڕوانی دەنگە نارازی و ئۆپۆزسیۆنەکان بین چەند سەنگەر و بەنازیتر
جەستەی ناسکیان وشک ببێتەوە، خۆ ئەوان گێژیان کردین بە عەدالەتی
کۆمەڵایەتی و دەرهێنانی سامان لە دەستی کەمینەیەکی کەم؟!
گیان و هەناسەدانی ئینسانەکان لەکوردستان بۆ هێندە بێ نرخ کراوە ؟! چی
لەوە گەورەترە ئاگری جەستەی گەنجێک،لەپایتەختی یەکێک لە
لەدەوڵەمەندترین خاکی دنیادا بەبەرچاوی هەمومان بڵێسە بسەنێت ؟! ئەی بۆ
کۆمەڵگای کوردستان لەبەرامبەر ئەو کارەساتانە راناچلەکێ ،بەشی هەرە
زۆری خەڵک بەموچەیەکی کەم و ژیانی مەمرەو مەژی دەیگوزەرێنن و داهاتی
بێشوماریش دەرژێتە گیرفانی تەنها چەند کەس و بنەماڵەیەک ؟! بەرپرسانی
شار چۆن شەرمەزار نابن و روویان هەیە بچنەوە دەوام و ناو خەڵک ؟! چۆن
دەتوانن لە رۆیاڵ پاڵاس و شیراتۆنەکان مەلە و وەرزش بکەن و مناڵەکانیان
بنێرنەوە شویفات و خوێندنگا تایبەتیەکانی ئەمەریکی و سویدی و بەریتانی
؟! دوای ئەو هەمو کارەساتە تراژیدیایانە جارێکیتر چۆن روویان هەیە باسی
سەرەوەری و شانازییەکانمان بۆ بکەن لە کاتێکدا لە باسی ئازادییدا
کەوتینە دوایی ئەفغانسان و کفنی سەردەشت هێشتا هەر سپییە و وێنەکانی
هێشتا لەنێو چاو و دڵ و دەرونی خەڵک دێت و دەچێت،لەناعەدالەتی و
برسیەتی کەوتینە بەرامبەر ێۆماڵ ئاگری جەستەی سەنگەر و خۆڵەمێشی بۆنی
بەناز هێستا لەنێو لوت و کاسەی سەرمان گێژی کردوین،کە برسیەتی و بێزاری
کار دەستنەکەوتن هێندە تینی بۆ هێناو بوون ئامادە بوون خۆشترین و
ناسکترین ساتەکانی تەمەنیان بەدەستی خۆیان کورت بکەنەوە.
دەبێ ئەوانەی تەمەنی گەنجیان بۆ ئازادی ئەو مەملەکەتە بەخشی،ئێستا بێنە
مەیدان و بەدەسەڵاتدارانی شار بڵێن، ئێمە قوربانیمان بە شیرینترین
ساتەکانی ژیانمان کە گەنجییە نەدا، تا وڵات ببێتە جەهەنەم و بۆ
نەوەکانمان و بەهەر قیمەتێک بێت تەنانەت خۆکوژیش گەنجان و لاوانمان
هەوڵی راکردن و خۆدەربازکردن بدەن . دەبێت پێیان بڵێن ئێمە ماڵ و مناڵ
و خێزانەکانمان سەرگەردان نەکرد تا ئێستا مناڵەکانی ئێوە وەک مناڵی
فیرعەونەکان بژین و رابوێرن، بەشی هەرە زۆری مناڵی خەڵکیش چارەنوسیان
لە سەنگەر و بەناز و سەردەشت، باشتر نەبێ.
ژیان و گیانی مرۆڤەکان هێڵی سورە و بێ نرخکردنی لەلایەن
دەسەڵاتدارانەوە باجی گەورەی بەدواوەیە،هەموان مافی ژیان و خۆشی و
رەفاهیەتمان هەیە،ئەگەر سامانێک هەیە دەبێت بۆ هەموان بێت چونکە هەموان
خاوەنی ئەو وڵاتەن،دەبێت هەموان لەمافە مەدەنی و ئازادییەکان بەهرەمەند
بن چونکە هەموان قوربانیاندا لەپێناوی،کە ئەمانەش سەرەتاترین و
ساکارترین مافی خەڵکە ،ئەوانەی پێچەوانەی ئەمە مامەڵەیان کرد خەڵکی
برسی و تینوی ئازادی ولاتەکەیان لەنێو زێراب و کونەکان بەردبارانیان
کردن .رۆژ لەدوایی رۆژ نارەزایەتی و توڕەیی خەڵک دژی ئەو ناعەدالەتی و
بێ مافییە شێوە و شیوازی جیاواز بەخۆیەوە دەبینێت، بەداخەوە کە قوربانی
بە گیان و ژیانی خودی مرۆڤەکان بۆتە شێوازێک کە هەرگیز ئەمە رێگاچارە
نییە بۆ دەرچون لەو وەزعیەتە و گەیشتن بە ماف و ئازادییەکان.
ماڵپهڕی بهشدار
عوسمان
|