١٥\٧\٢٠١٢
کۆمەڵگە و زەلکاو؟!

ستار محەمەد قادر
مرۆڤ کاتێک لە کۆمەڵگەی کوردی رادەمێنێت، هەست بەوە دەکات هیچ
بیرۆکەیەکی زانستی رەچاو نەکراوە بۆ ئەوەی لە سایەیدا درێژە بە ژیان
بدات، ئەوەی زۆر باوەو کراوە بە نۆرم، شێوازێکی زۆر کلاسیکە، دیدێکی
زۆر سەرەتاییە بۆ چەمکی مرۆڤ و ژیان و خێزان. مرۆڤ لە لای ئێمە هیچ نیە
جگە لە بوونەوەرێک کە خودا دەیداو هەر ئەویش دەیباتەوە، یان دەی مادام
خودا سەری داوە رزقیش دەدات، کەس لە برسان نامرێت، ئەمە بنەماو
تێفکرینی چەمکی بوونە لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا، ئیتر ئەو مرۆڤە ژیانی
سیخناخ دەبێت لە بێدەرەتانی و کولە مەرگی، تا زەردەخەنەیەک دەکەوێتە
سەر لێوەکانیەوە، هەزاران جار نەفرەت لە بوونی خۆی دەکات، تا بۆ جارێک
هەست دەکات وەکو مرۆڤ لێی دەنواڕدرێ و دەژێت، دەیەها جار خۆی لە شێوەی
حەشەرات دەبینێتەوە، ئەم دیدە شکۆمەندی مرۆڤی فەرامۆشکردووە، ئاخر
پیرۆزی مرۆڤ لە کوێی ئەوەدایە ئەگەر بە سکێک تێرو بە دە برسی بێت،
پیرۆزی مرۆڤ لە چ شوێنێکی ئەو بیرۆکە سەرەتانیەدایە کە کۆمەڵگەی ئێمە
پێی دەنواڕێت بۆ ژیانی مرۆڤ؟!
زۆر راستە مرۆڤەکان هەر هەموویان باشن و بە باشی دێنە دونیاوە، بەڵام
پێویستیان بە ژینگەیەکی باش هەیە بۆ ئەوەی وەکو مرۆڤ ببینرێن و
بمێننەوە، ئەوەی لەنێو ئەم کۆمەڵگەیەدا حیسابی بۆ نەکراوە، ئەوەی دەبێت
بە هۆکاری بێ ئەرزشکردنی مرۆڤ و بێ بەهای دەکات، ئەوەیە کەس لە ئێمە
خاوەنی هیچ بەرنامەیەکی زانستی یان ئەقڵانی نیە بۆ نەوەکانمان، ئێمە بۆ
تێرکردنی غەریزەی خۆمان بڕیاری درووستکردنی ساوا دەدەین، ئەوەندەی بیر
لە چەندایەتی دەکەینەوە، چلۆنایەتی پەراوێز دەکەین!
کۆمەڵگەی کوردی هەر لە سەرەتاوە منداڵ تەسلیمی دەستی قەدەر دەکات،
قەدەری گەڕەک، خوێندگا، کۆمەڵگە، ئەمانە حوکمی خۆیان دەدەن بەسەر
ساواکاندا، نەک بەرنامەو پلان!
کۆمەڵگەی ئێمە بە دەردی زاری قومارچی لە منداڵ دەنواڕێت، چۆن هات و چۆن
دەرچوو ئەوە پەیوەندی بە نێو چەوانی منداڵەکەوە هەیە، ئیتر کەس خۆی لە
بەرانبەر ئەو پاشا گەردانیەی کە لێرە لە نێو ئەم حەشاماتەی ئێمەدا
بەسەر مرۆڤدا دێت خۆی بە بەرپرسیار نازانێت، کەس بیر لەوە ناکاتەوە
بۆچی کۆمەڵگەی ئێمە ناتوانێت بچووکترین گۆڕانکاری لە فۆڕمی خێزاندا
ئەنجام بدات، بۆ بەردەوام بە زەلکاوێک دەکات لەبەر راوەستانی بۆگەنی
کردبێت، هۆکاری چیە کاری کۆپیکردنی مرۆڤەکان لێرەدا کۆتایی نایات؟!
ئایا مرۆڤ یان منداڵ لە نێو ئێمەدا بە چاوی رێزەوە لێی دەنواڕدرێت، یان
بە پێچەوانەوە؟! ئەگەر ئێمە رێزو بەها بۆ مرۆڤ دادەنێین، ئەی چۆن بێ
بەرنامەو بێ بوونی ئەتمۆسفیڕێکی گونجاو بڕیاری ئەوە دەدەین چەند
منداڵێکمان هەبێت؟! یان چۆن شتی رێزدار مامەڵەی نا ئەقڵانی قبووڵ دەکات؟!
راستە لە رووی غەریزەوە هیچ کێشەیەکمان لە گەڵ پێکهاتەی خێزان و
کۆمەڵگەدا نیە، بەڵام خێزان ئەوەندەی پێویستی بە لایەنی سۆزداری هەیە،
دە ئەوەندە پێویستی بە پلان و بەرنامە رێژی ئەقڵانی و زانستی هەیە،
ساوا چۆن دەتوانێت ببێت بە خۆی ئەگەر پەروەردەیەکی باشی نەبێت، یان چۆن
دەتوانێت لە ژێر سێبەرو پەرچەمی دایک و باوکێکی نەخوێندەوارو نە شارەزا
لە زانستی پەروەردەی خێزان ببێت بە خاوەنی کەسایەتیەک تونای ئەوەی تێدا
بێت باوەڕی بە خۆی هەبێ و بەوانی دیکە نەکات؟! یان زۆر شتی دیکە کە بە
حەقیقەت نامۆن بە مرۆڤ و بە ژیان؟!
بە داخێکی زۆرەوە یەکێک لەو خەسڵەتە ئەنتی مرۆییەی کە کۆمەڵگەی ئێمە
دەیدات بە مرۆڤ، ئەویش ئەوەیە مرۆڤ لە نێو کۆمەڵگەی ئێمەدا خاوەنی دوو
جۆر کەسایەتی و کاراکتەرە، ناخێکی شاردراوەو روویەکی درۆزن، موجامیل،
قسەکەری بێ فیعل، زمان درێژی بێ کردەوەو کۆمەڵێک کردەوەو بیرۆکەی
شەیتانی کە کۆی ئەوانە بوونە بە هۆکاری ئەوەی ئەم ژین و ژیانەمان
لێبکات بە دۆزەخ و سەرگەردان و بێ خەیاڵ و بێ ئاسۆ تێیدا سەر بنێینەوە،
چونکە هەوڵەکانمان بێ ئامانجن، ئەوەی هەر یەکێک لە ئێمە بە قسە دەیڵێین،
بە کردەوە پێچەوانەکەی دەکەین، کۆمەڵگەی ئێمە بە هەموو پێکهاتەکەیەوە
لەو پەڕی راستەوە بۆ ئەو پەڕی چەپ، هەر هەموویان بەبێ ئیستیسنا ئەربابی
درۆن و ئەوەندەی ئاشنایەتیان لە گەڵ درۆدا هەیە، راستی فەرامۆش دەکەن،
هێندەی بە درۆ کردن مورتاحن، لە راستی قەڵس دەبن، ئەم کۆمەڵگەیە بێ
بیرکردنەوە درێژە بە هەڵەکانی دەداو بەردەوام وا خۆی نمایش دەکات بێ
هەڵەیەو لە هەموو روویەکەوە موتەکامیلە، ئەمە یەکێکە لەو هۆکارنەی کە
یارمەتی مانەوەی دەدات لەو دۆخەداو ناهێڵێت گۆڕانکاری ئەرێنی لە واقیعی
حاڵیدا بەرجەستە بێت، کۆمەڵگەی ئێمە تا حاڵی حازر بە نێرینی تاکتیک لە
مرۆڤ بە گشتی و لە ژیان بە تایبەتی دەنواڕێت، نەک ستراتێژ، ئەمەش بووە
بە هۆکاری ئەوەی بە ئاوێک دەکەین لە شوێنی خۆیدا راوەستابێت، دەرەنجامی
راوەستانیش لە شێوەی زەلکاو جگە لە بۆنێکی نەخوازراو ناکرێت چاوەنواڕی
هیچی دیکەی لێ بکرێت؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|