٢٠\٢\٢٠١٣
کۆمەڵگەی کوردی و
میدیا؟!

ستار محەمەد قادر
بەو پێیەی کاریگەری شۆڕشی تەکنۆلۆژیا لەسەر میللەتانی دوا کەوتوو دەبێت
بە هۆکاری ئەوەی ناوەڕۆک لە هەموو بەهاو جوانیەک خامۆش بکەن و گرینگی
تەنها بە چوار چێوە بدەن، بەو پێیەی زۆرێک لەو شتانەی کە پێدراوی
جیهانگیرین و بێ ئەوەی ئێمە پشکمان هەبێت لە درووستکردنیان و بوونە بە
بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی رۆژانەمانداو بەکاریان دەهێنین، بە حوکمی
ئەوەی ئێمە میللەتێکی دوا کەوتووی کاروانی پێشکەوتن و گەشەکردنی
کۆمەڵایەتین، بە کۆمەڵێک پێوەری دیکە دەکرێت لێرەوە بێین قسە لەسەر دوو
شت بکەین، ئەویش یەکێکیان مرۆڤە لە کۆمەڵگەی ئێمەداو ئەوی تریش میدیایە،
لێرەدا پێویستە ئاماژە بە گرنگی و رۆڵی میدیا بکەین لە گۆڕینی
ئاراستەکاندا لە جیهانی ئەمڕۆماندا، لێ کام میدیا دەتوانێت ئەو رۆڵە
ببینێ و لە نێو کام کۆمەڵگە؟!
گرنگە لێرەدا لە خۆمان بپرسین؛ ئایا میدیا لە نێو فەزای ئێمەدا بووە بە
بەشێکی دانەبڕاو لێمان؟ یان کاری بۆ ئەوە کردووە ببێت بە موڵکی
کۆمەلاَِنی خەڵک و خۆیان لە نێویدا بدۆزنەوە؟! یان توانیویەتی رۆ بچێتە
نێو ناخی تاکەکان و لە ئێش و ئازارەکانیان بگات؟! بەراستی گەلی کورد
قەرزاری زومی کامێراو میدیایە، بۆیە ئەگەر بۆ هەر گەلێک ئەوە بەرەوا
بزانرێت لە رۆڵ و بەهای میدیا کەم بکاتەوە، بۆ کورد دەچێتە خانەی شتە
حەرامەکانەوە، لە کۆڕەودا ئەگەر زومی کامێرا نەبوایە، ئەو پشتگیریە نێو
دەوڵەتیەیش نەدەبوو کە دەتوانین بە گەورەترین دەسکەوتی مێژوویی هەژماری
بکەین، بەڵێ ئەوە زومی کامێراو رۆڵی میدیا کار بوو وێنەی میللەتێکی
ستەملێکراوی دەستی مێژووی گواستەوە بۆ هەموو جیهان و دوور لە سیاسەت و
کەناڵی دبلۆماسی و بازاڕی سەرمایەداری ویژدانی میللەتانی هەژاندوو بوو
بە هۆکاری ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە دیرۆکماندا لە رێی پشتێنەیەکی
ئەمنیەوە بپارێزرێین!
بێ گومان کاتێک دێین باس لە میدیا دەکەین، دەبێت باس لە ئازادی و
سەربەخۆیی میدیاش بکەین، کێ لە ئێمە هەیە نکوڵی لەو ئازادیە بکات وا لە
هەرێمی کوردستاندا بەرقەرارە، کێیش دەتوانێت خۆی لە ئاست ئەوەدا گێل
بکات کە ئازادیەکان سنووردارن، هەر چەندە ئازادی رەها لە هیچ شوێنێکی
ئەم دونیایەدا بوونی نیە، کورد دەڵێ دەستێ بشکێت بە ملی خاوەنیەوە
هەڵدەواسرێت، هەر وەکو لۆژیکیش ئەوەمان پێدەڵێت، ئەگەر نەخۆشێک بۆ
ماوەیەکی دوورو درێژ لەنێو جێدا بکەوێت، هەر کەسە بە میزاجی خۆی
چارەسەرێکی پێدەڵێت، یەکێ بۆ لای شێخ دەفعی دەکاو، یەکێکی تر بۆ لای
مەرقەدێک، یان بۆ لای مزەمیدێک دەینێرن، ئەوجار نازانین چارەسەری ئەو
دەردە گوماناویەی ئێمە لای کام لەوانەی سەرەوەیە؟!
ئەگەر بمانەوێت باس لە واقیعی کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆمان بکەین، دەبینین
لە رووی کۆمەڵایەتیەوە کێشەی جۆءارو جۆرمان هەیە، لە رووی سیاسیەوە
نەخۆشین و جنۆکەی گەندەڵی خەریکە جەستەمان هەپروون هەپروون دەکات، بێ
گومان لە دۆخێکی وەهادا بەهۆی نا لەباری رەوشەکەوە، میدیایش دەکەوێتە
ژێر کاریگەری تاکی نەخۆش و سیاسی نەخۆشەوە، هەر چەندە من بە هیچ
شێوەیەک نامەوێت بەرگری لەو کەسانە بکەم وا جنێو و تەشهیر کردن بووە بە
بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانیان و لە رێی سووکایەتیکردنەوە دیدو بۆ
چوونەکانیان دەردەبڕن، بەڵام گرنگە بەدوادا چوون بۆ ئەوە بکەین، هۆکاری
چیە جنێو بووە بە حاڵەت لە نێو فەزای سیاسی و کۆمەڵایەتیماندا؟ بۆچی
خەڵکانێک کاتێک جنێو دەدەن وا دەزانن کارێکی باشیان ئەنجام داوە؟!
ئەم گیانی تۆڵە کردنەوەو رەشکردنەوەو ناشیرینکردنە لە کوێ و لە چیەوە
سەرچاوە دەگرێت؟! ئایا جنێو نەبووە بە بەشێک لە کلتوورمان و نەهاتۆتە
نێو فەرهەنگمانەوە؟ یان هەر یەکێک لە ئێمە بگریت کاتێک تووڕەو قەڵس
دەبێت بە چی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە؟! ئەی ئەگەر کۆمەڵگەی ئێمە سیخناخ نیە
لە تووندو تیژی چۆن رۆژانە تراژیدیای کووشتنی ژن لێرەو لەوێ دەبیستین؟!
کۆمەڵگەو تاکی کوردو میدیای کوردی، بەرماوەی شەڕو ململانێیەکی نا
تەندرووستی حزبایەتیە، دەسەڵات کەناڵی جۆراو جۆری هەیە بۆ ئەوەی بەرگری
لە خۆی بکات، ئیمکانیاتی ماددی بی شومار لەبەردەستیانەو بە شێوەیەک
وێنای هەرێمی کوردستان دەکەن، وەکو ئەوەی هیچ کێشەیەک لە ئارادا نەبێت،
میدیای ئۆپۆزسیۆن و بەنێو سەربەخۆو ئازادیش بە شێوەیەک وێنای کوردستان
دەکەن، هیچ شتێکی باش بۆ بەرژەوەندی خەڵک نەکراوەو ناشکرێت، هێندێک
دوور لە تەشهیر لە دەرەوەی میدیاش رەخنەی مەوزوعی دەگرن و سەرنج و
تێبینی خۆیان هەیە، خەڵکانێکیش هەن لە نێو ئۆرگانە حزبیەکاندا بە جنێو
و تەشهیرکردن مامەڵە لە گەڵ هەموو شتێکدا دەکەن، ئەمە واقیعی سیاسی و
کۆمەڵایەتی ئێمەیە، بە دڵنیاییەوە پەرێزی میدیاش لەم حاڵەتە پاک
دەرناچێت، ئەو جنێو فرۆشتنەیش بە ئاشکرا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووکدا
دەبینین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|