په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٧\٢\٢٠١٨

کۆنفیدراڵیزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک و رۆژاوای کوردستان.


زاھیر باھیر      

 
زۆرێک لە دینەکان و ئایدۆلۆجییەکان لە چەپەوە بۆ ڕاستیان لە بەرانبەر گرفت و کێشەکانی کۆمەڵ-دا وەستاونەتەوە ، بەڵام ھیچ کامێان نەک ھەر نەیانتوانیوە ئەو کێشانە لە بەین بەرن، بەڵکو بارودۆخەکەشیان خراپتر کردوە.


لە کاتیێکدا کە کێشەکان بەردەوامن و وەکو خۆیان ماونەتەوە ، ھەر لەو کاتەوە گروپەکان، پارتە سیاسییەکان و تاکەکانیش بە ئایدیا و بیردۆزی جیا جیاوە ھاتونەتە پێشەوە . کۆنفیدراڵیزم، یاخود کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ،یەکێکە لە ئایدیای چارەسەرەکان.


ئایدیای فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن دەگەڕیتەوە بۆ چەند چەرخێک لەمەوبەر. یەکێک لەوانەی کە زۆری لە سەر فیدراسوێن و کۆنفیدراسوێن نوسیوە جۆزیف پرۆدۆن، (١٨٠٩-١٨٦٥) بووە ، بەتایبەت سەبارەت بە کەنەدا و سویسرا و ئەوروپا. . تێگەیشتنی ئەو بۆ ئەو دوو چەمکە و شیکردنەوەکانی بۆیان ، تەواو جیاواز بووە لەوەی کە ئەو سەردەمە قسەی لەسەر دەکرا. کاتێک کە ئەو چاودێریی و گوێڕایەڵی لێدوانەکانی سەبارەت بە ئەوروپا دەکرد، تێبینی ئەوەی دەکرد کە زۆر جیاوازن لە ئایدیا و تێگەیشتنەکانی ئەو بۆ ئەو دوو تێزە. پرۆدۆن سەبارەت بە لێداون و بۆچونە باوەکانی ئەو سەردەمە، کۆمێنتی خۆی ھەبووە" ئەمەی کە ئەوان دەیڵێن وادەردەکەوێت کە ئەوان ھیچ تێناگەن جگە لە ھاوپەیمانێتی ھەموو دەوڵەتەکانی کە لە ئێستادا لە ئەوروپادا ھەنبە سەرۆکایەتی کۆنگریسێکی دائیم ، ئیتر دەوڵەتەکان گەوەرە بن یا بچوک لای ئەوان گرنگ نییە. ئەوانیش بەو مەبەستە قسەی لەسەردەکەن کە ھەر دەوڵەتێک فۆرمێک لە حکومەت کە پێی بکەوێت و بۆی باشبێت دەگرێت بە خۆیەوە . ئێستاش کە ھەر دەوڵەتێک بە گوێرەی بڕی دانیشتوانەکەی و قەبارەی گەورە و بچوکی دەڤەرەکەی دەنگی لە کۆنگریس ھەیە و دەنگدەدەن، دەوڵەتە بچوکەکان لێرەدا ھەر بە زوویی دەخزێنە ناو دەوڵەتە گەورەکانەوە کە پێی دەوترێت کۆنفیدراسوێن ..."١تێبینی و پەیامەکەی ئەو کاتەی پرۆدۆن بۆ کاتی خۆشی و ئێستاش ھەر ڕاستە . لە ڕاستیدا یەکێتی ئەوروپای کۆنفیدراسوێن دەزگەیەکی بیرۆکراتیانەیە و یەکگرنتی دەوڵەتەکانە و زۆریش کۆنفیدراسوێننیکی نادیمۆکراتیانەیە ، "مافی یەکگرتن و یەکێتی، ھاوکاتیش مافی ئازادبوون لەبڕیاردانی جیابونەوە و کشانەوە لەو یەکێتییە لە پێش ھەموو شتێکەوەیە بە ھەموو مافە سییاسسییەکانیەوە ، بە بێ ئەم مافانە کۆنفیدراسوێن ھیچ نییە جگە لە ناوەندگەراییەکی مکیاجکراو نەبێت"١


باکۆنین و کرۆپتیکین و خەڵکانی دیکەش سەبارەت بەو تێزەی سەرەوە نوسیویانە بەڵام کەسیان ئەوەندەی مورەی بوکچین-یان( ١٩٢١-٢٠٠٦) لەو بارەوە نەنوسیوە و ئەوەندەی ئەو لەم پرسەدا قوڵنەبونەتەوە. بوکچین ھەر بە نوسین لەم تێزە نەدوواوە ، لە ڕاستییدا پرسی کۆنفیدراڵیزمی بە پرسی سۆشیال ئیکۆلۆجی، ناناوەندگەراییەوە بەستۆتەوە وبڕوای وابووە کە بنیاتنانی شارەوانی ئازاد و ئازادیخوازانە بناغەکەیەتی . بوکچین ھەر بە تەنھا تئیورزان نەبووە ، ئەو لەپێناوی چەمکەکەیی و باوەڕیی-دا زۆر بە پەرۆش و چالاک و ماندوونەناس بووە.ئەو کاتانەی کە لە ژیاندا بووە ، بەتایبەت لە ساڵانی ١٩٨٠ کانا لە ھەوڵی ئەوەدا بووە کە تیئورەکەی بخاتە کارەوە/ پراکتیزەوە. بوکچین زۆر چالاک بووە لە بواری ئەوەی کە خۆی باوەڕی پێی ھەبووە ، ڕێکخەر و بزوێنەری ئایدیاکە بووە و خۆییبۆ تەرخان کردووە ، لەم بارەوە ئاوا لەسەر چالاکیەکانی ئەو نوسراوە "بوکچین لە شارەکانی Vermont وەکو Burlington لە ھەوڵی ئەوەدا بوو کە ئایدیاکانی، پڕۆژەی [ شارەوانی ئازادیخواز] بخاتە کار ەوە ، ئەویش بە کار و چالاکیکردن و ھاوکاریی لەتەک کۆمەڵێ لە پارتی سەوز لە باکوری ڤێرمۆنت لەگەڵ ھەندێک لە پارتی سەوزی بێرلنگتن لە شارەوانی ئەوێ بۆ سەپاندنی دیمۆکراسی. بوکچین لەم چالاکیەدا بەردەوام بووە تاکو ساڵی ١٩٩٠ کە لە سیاسەت خۆی خانەنشین کردوە . ئایدیاکانیئەو لە کتێبی بیناکردنەوەی کۆمەڵدا کە لە ساڵی ١٩٨٩ دا و لە کتێبی The Murray Bookchin Reader ١٩٩٧ بە کورتی چڕکراوەتەوە"٢


لای بوکچین بنیاتنانی شارەوانی ئازاد بناخەی بنیاتنانی کۆنفیدرالێزمە، ئەڵتارنەتیڤێکە/جێگرەوەیەکە بۆ دەوڵەت-نەتەوە . ئەو وای ھەست دەکرد شارەوانی ئازاد بۆ گەیشتن بە کۆمەڵی ناچینایەتی و کۆمەڵێکی ئازاد، زەروورییە . کاتێک کە بوکچین ویستی پڕۆگرمەکەی شارەوانی ئازاد یاخود شارەوانی ئازادیخواز بخاتە چوارچێوەی چالاکیی ئەنارکیستەکانەوە ، ئەمە بووە ھۆی ناکۆکی لەتەک ئەنارکیستەکانا، کە لای ئەو بێزارییەکی دروستکرد "بوکچین لە کۆتایی نەوەدەکانی چەرخی ڕابوردوودا لە ئەنارکیزم دابڕا و لە دوا وتاری ، The Communalist Project (٢٠٠٣), بەدیاریکراوی باسی شارەوانی ئازادیخوازانی کرد کەپێکھاتەیەکییسەرەکییە لە کۆمۆنەڵیزم، Communalism *. بوکچین بڕوای وابوو کە کۆمۆنیڵیستەکان وا بڕوایانە کە شارەوانی ئازادیخوازان دوو پەیام دەگەیەنێت ھەم بۆ بەدەستھێنانی کۆمەڵێکی لۆژک/ژییر ھەروەھا بناخەیەکیشە بۆ دامەزرانی ئەو کۆمەڵە "٢


جانێت بێڵ-ی برادەری دێرینی بوکچین، کە نزیکەی ٨ ساڵێک پێکەوە ژیاون، لە کتێبی Ecology or Catastrophe سەبارەت بە گرنگی و بایاخی شارەوانییەکان و کۆنفیدراڵیزم بۆ بوکچین، دەڵێت " لە دیدی بوکچین - ەوە شارەوانییەکان کە دیمۆکراتیزە کراون ھەروەھا کۆنفیدراسوێنی شارەوانییەکان وەک جێگرەوەیەکی دەوڵەت-نەتەوەن و کۆتایی و قەڵایەکن بۆ سۆشیالیزم. بوکچین ئایدکان و ئەرگومێنتەکانی کە بە شارەوانی ئازادیخوازان، ناودەبرد، ھەمووی بە کامیلی لە فۆرمی یاخود کتێبی The Rise of Urbanisation and the Decline of Citizenship [ ھەڵکشانی شارنشینێتی و داشکانی ھاووڵاتییبوون] کە لە ساڵی ١٩٨٦ دا بڵاوی کردۆتەوە، خستۆتە ڕوو"٣


لەم بەشەی ئەم وتارەدا ھەوڵدەدەم پێناسەی چەمکی کۆنفیدراڵیزم لە دیدی بوکچین و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ، کە تێزەکەی عەبدوڵا ئۆجەلانە، بکەم و ئاوڕێکی خێراش لەوەی کە لە ڕۆژاوادا بەدەستھێنراوە بدەمەوە.


گەرچی بوکچین ئایدیا و پلانی بۆ جێبەجێکردنی تئیورەکەی لە واقیعدا ھەبووە، ھاوکاتیش ئەوەی زۆر باش دەزانی کە مەحاڵ و خەون دەبێت لە بیناکردنی شارەوانی ئازادیخواز و کۆنفیدراڵیزم لە شارە زەبەلاحەکانی کە ھەن لەسەر بناغەی مێنەتەڵێتی و پەرەوەردە و ڕۆشنبیری باو و ئەو کوڵتورەی کە ئێستا لەناو خەڵکدا ھەیە و ھەروەھا بە ھۆی سروشتی ناوەندگەرایی کۆمەڵی -شەوە . بوکچین دەرکی بەوە کردبوو کە دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز داخوازی جۆرێکی جیاواز لە پەروەردە و خۆپێگەیاندن و ڕێکخستن، دەکات و ئەوەشی دەزانی کە ناوەندگەرایی یەکێکە لە ڕێگرە سەرەکییکەکان . بیرکردنەوەی ئەو سەبارەت بە شارەوانی ئازایخواز ئاوا نمایشکراوە " بوکچینھەر لە ساڵی ١٩٥٠ کانەوە لایەنگر و پێداگربووە لەسەر دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ یاخود ئەنجوومەنی دیمۆکراتی . ئەو سروشی لە نوسینەکانیی H.D. Kitto ھەرەوەھا Alfred Eckhard Zimmern وەرگرتووە. سەبارەت بە چەمکی کۆنفیدراسوێنیش، بوکچین لەژێر ھەژموونی بیردۆزان و بیرکەرەوانی ئەنارکیستەکانی چەرخی نۆزدەدا بووە. ئەو شارەوانی ئازادیخوازانی بە دیدی یۆتۆبییانەوە لەبارەی ناناوەندگەرایی [ ئۆتۆنۆمی] بە گچکەکردنەوەی شارەکان، ھەروەھا بە قەبارەی مرۆڤەکانەوە لەشانی کۆمۆنێتییە ئیکۆلۆجییەکانەوە و دیسانەوەبە تێزی شۆڕشی شارنشینیەوە، گرێداوە "٢


جانێت بێڵ لەگەڵ ئەوەی سەرەوەدا نایەتەوە. لە نامەیەکیدا کە ٠٩/١٢/٢٠١٧ بۆی ناردوم ، ئەو ھۆکارەکان کە ھەژموونی خۆیان لەسەر بوکچین داناوە ، بەم جۆرە بۆمنی نوسیوە " ئەوەی کە سروشی بیرکردنەوەی بوکچینی بۆ کۆنفیدراسیوێن ، ھێناوە جۆزیڤ پرۆدۆن و باکۆنین و ئەوانی دیکە نەبوون ، بەڵکو چیرۆک و چالاکیی نقابەی CNT ئیسپانی ( Confederation Nacional del Trabajo ) لە ئیسپانیا بوو . کتێبەکەی The Spanish Anarchists تەرکیز لەسەر ھەیکەلی سی ئێن تی وەکو کۆنفیدراسوێنێک، دەکات. ئەو لەو کتێبەیدا لە ھەوڵی خستنەڕوی ئەوەدایە کە پێچەوانەی تۆمەتەکانی کە مارکسییەکان داوێناتە پاڵ ئەنارکیستەکان بیسەلمێنێت ، کە لە ڕاستیدائەنارکیستەکان دەتوانن خۆیان ڕێکبخەن، ئەوان بنیاتنانی کۆنفیدراسوێن و دامەزراندنی قەوارەی [ ھەیکەلی] لە خوارەوە بۆ سەرەوە ھەڵدەبژێرن".


وێڕای ئەوەی کە بوکچین باوەڕی بە ناناوەندگەرایی و کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجی ھەبووە ، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕی وا نەبووە کە ئەوەی سەرەوە بتوانرێت بەبێ کۆنفیدراڵیزم بەدەستبھێنرێت ، کە تۆڕێکە لە ڕێگایەوە شارەانییەکان دەتوانن یەکبگرن و ھاریکاریی یەکدی بکەن بە ھاوبەشکردنی دەرامەت و داھاتیان لە نێوانی خۆیاندا لەسەر بناخەی بەگوێرەی پێویستییەکانی تاک و خودی کۆمۆنێێتیەکان. لەگەڵ ئەوەشدا ھاوکات ئەو باوەڕی وابووە کە ھەر یەکە لە شارەوانییەکانی ناو تۆڕەکە لە کێشانی سیاسەت و کاروباری نێوخۆیانا، پێویستە ئازاد بن و ئۆتۆنۆمی خۆیان ھەبێت. پێناسەی بوکچین بۆ کۆنفیدراڵیزم " کۆنفیدراڵیزم لەسەرو ھەموویەوە تۆڕێکە بۆ ڕێکخستنی کاروباری ئیداریی شارەوانییەکان کە ئەندامەکانیان یاخود نێرراوەکانیان [ وەفد] لە ڕیگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە لە نێو ئەنجوومەنە دیمۆکراتییەکانا لە شار و شارۆچکە و گوندە جیاجیاکانا و گەرڕەکەکانی شارە گەورەکانا،ھەڵدەبژێرن . ئەندامانی ئەم لیژانەی کۆنفیدراسوێنەکە لە شێوەیەکی زۆر توند و بێ لادان لە داخوازییەکان، دەستڕۆیشتنیان [ ێەلاحییەت ] پێدەدرێت، لە نزیکەوە چاودێرییان دەکرێت. کەی پێویست بوو بانگدەکرێنەوە، بەرپرسیار دەبن لە بەرانبەر ئەنجوومەنەکانا کە دەستنیشانییان کردون یا ھەڵیانبژارادوون بۆ ئامانجی ھاوکاریی یەککەوتن و ئیدارەدانی سیاسەتەکان و کاروبارەکان کە لە لایەن خودی ئەنجوومەنەکانەوە فۆرمیلە کراون"٤


ڕووبەڕووبوونەوەی دروستکردنی کۆنفیدرالیزم داخوازی دروستکردنی شارەوانی ئازادیخواز دەکات کە کار لەسەر پایە سەرەتاییەکانی وەکو ناناوەندگەرایی، ئیکۆلۆجی کۆمەڵایەتی [ سۆشیال ئیکۆلۆجی]،پەیوەستبوونەوە و فێمەنیزم کە ئەرکگەلێکی زۆر گرنگن . ھەر یەک لەم پایانە بەستراون بە یەکدییەوە کە ھیچ کامیان بێ ئەوی دیکەیان ناکرێت و کارا نابن. بوکچین ئەمەی زۆر بە باشی ڕونکردۆتەوە کە دەڵێت " قسەکردن لەسەر دروستکردنەوەی کۆمەڵ و پەیوەدندیمان لەتەک دونیای سروشتیانەدا ، گوایە تەنھا دەتوانرێت لە ڕێگەی ناناوەندگەراییەوە یاخود لۆکاڵیزمەوە یاخود خودی خۆڕاگریی خودئیکتیفاییەوە، ھەرلە فەزای ناتەواوی چارەسەرەکانا دەمانھێڵێتەوە"٤وێرای ئەمەش بوکچین پێداگرییلەسەر ئەوە دکات کە ناناوەندگەرایی و خودئیکتیفایی بە تەنھامانای ئەوە ناگەیەنێت کە کارێکی دیمۆکراتیانە بێت و لە توانای چارەسەرکردنی گرفتەکانی کۆمەڵ-دا سەرکەوتوو بێت لە ئامانجەکەیدا ، ھەر بەم ھۆکارەش بەردەوام دەبێت و دەڵێت " ڕاستییەکی گرفتاوییە کە دەرک بەوە نەکەین ، کە ناناوەندگەرایی، خودئیکتیفایی بە تەنھا خۆیان و لە خودی خۆیانا بە زەروورە بە پرۆسەیەکی دیمۆکراتی بناسین . شارە نموونەییەکەی Plato [قوتابییەکەی سوقرات و مامۆستاکەی ئەرستۆل] لە کۆمارەکەیدا لە ڕاسستیدا وا کڵێشە کێشرابوو کە خودئیکتیفا بێت، بەڵامخودئیکتیفابوونەکەی تەنھا بۆ پاراستن و بەردەوامبوونی جەنگاوەرەکانی و ھەروەھا نوخبە فەلسەفییەکەی، بوو. بەڕاستیش ئیمکانێتی پاراستنی خودئیکتیفابوون پابەندە بە تواناوە، ھەر وەکو لە بەرگرییکردنی شاری Sparta [شارێکی گەورەی یۆنانییە کۆنەکان] لە بەرانبەر ھەژموونی " گەندەڵیدا" لە دەرەوەی کولتورەکان، دەیبینین ( کە کاراکتەرێکە و دەتوانم بڵێم ھێشتا لە زۆر کۆمەڵی داخراوی ڕۆژھەڵاتا دەردەکەوێت).ھەر بە ھەمان پێوەر ناناوەندگەرایی لە خودیی خۆیدا زەمانەتی ئەوە ناکات کە کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیمان دەداتە دەست. کۆمەڵێکی ناناوەندگەرایی زۆر بە ئاسانی لە شانی ھیراشیەتێکی ئەوپەڕی ڕەق و تەقدا. دەکرێتھەبێت. بەرچاوترین نموونە ئەوروپا و فیوداڵیزمی ڕۆژھەلاتە. ڕیزبەندی ھیراشیانەی کۆەمەڵایەتی کە تیایدا ئەمیرەکان و دوقەکان و بارۆنییەکان لە پلە و پێگەی باڵادا نیشتوون و دانیشتوانی کۆمۆنێتییە ناناوەندگەرییەکان [ ئۆتۆنۆمییەکان] بەڕیوەدەبەن . لەگەڵ ھەموو ڕێزێکمدا بۆ fritz Schumacher ، بچوک مەرج نییە کە جوان بێت......ئەگەر ئێمە ستایشی ئەم کۆمۆنێتییانە بکەین ھەر لەبەر ئەوەی کە ناناوەندگەریین ، یا خودئیکتیفایین یاخود بچوکن یا " تەکنەلۆجیایەکی ماقوڵ و بەجێ " بەکاردەھێنن ئەو کاتە ئێمە ناچاردەبین کە فەرامۆشی ئەو ھۆکارەش بکەین کە لە ڕوی کوڵتورەوە وەستاو و مەنگن ، ئەمە جگە لەوەی ھەر بە ئاسانیش لە لایەن دەستەبژێرە دەرەکییەکانەوە پاوان بکرێن "٤


بوکچین کە باسی لە کۆنفیدراڵیزم کردووە لە ڕووی سیاسییەوە وەکو جێگرەوەیەک بۆ دەوڵەت-نەتەوە دایناوە. ئەو دەیزانی کە لە کاتێکدا کە دەوڵەت دەزگاو سیاسەتی خۆی ھەیە ، ھاوکاتیش ئابوریی سەرمایەداریی لە ڕێگای دەزگەکانییەوە وەکو ھێزی سەربازیی و پۆلیسیی و سیخوڕیی و دەزگای دیکەی وەکو : کەنیسە و مزگەوت و بانق و دەزگە دراوییەکانی دیکە و میدیا و دادگا، ئابورییەکەی لەو ڕێگایانەوە دەسەپێنێت و کۆمەڵ کۆنترۆڵ و ھەیمەنە دەکات . بوکچین باوەڕی وابوو کە کۆنفیدراڵیزم لە رێگای شارەوانییە ئازادیخوازەکانەوە دەبێت دەزگەکانی خۆی بخولقێنێ ، کڵێشەی سیاسەتەکانی خۆی بکێشێ، ڕۆشنبیریی و پەروەردەی خۆی بەکاربێنێ، ئابووریی خۆی دروست بکات ، تاکەکانی کۆمەڵ یاخود ھاووڵاتیانی توانادار بکات . ئابەم شێوەیە بوکچین جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە و وتویەتی " کاتێک کۆنفیدراڵیزم وەکو مەبادیئەکانی یاخود بنەماکانی ڕێێکخستنی کۆمەڵ دەگاتە ئەو پەڕی پێشکەوتنی ئەو کاتەی کە خودی ئابووری کۆنفیدرەڵایز کرا [ واتە کە ئابوریی ئازاد کرا لە لایەن کۆنفیدراسوێنەکەوە و خاوەندارێتی لێکرا- زاھیر] ئەویش کێڵگەکانی ناوچەکە ، کارگەو کارخانەکان ھەروەھا ئەو پرۆژانەی کە پێویستن بۆ کۆمەڵ، بخرێنە ژێردەستی شارەوانییە لۆکاڵەکانەوە ، ئیدی ئەمە تەواوی کارەکەیە . کاتێک کە کۆمۆنێتیەکە بچوک یا گەورە لە تۆڕێکی گرێدراو و یەکگرتوودا لەتەک کۆمۆنێتییەکانی دیکە، دەستدەکەن بە بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئابوورییەکانی خۆیان، ئەوە ئەنجامدانی کارەکەیە"٤


جانێت بێڵلە کتێبەکەیدا: The Politics of Social Economy, Libertarian Municipalism لە بەندی ١١ دا بە زمانێکی ئاسانتر و پاراوتر ھەوڵیداوە کە باشتر ئایدیاکانی بوکچین سەبارەت بەو کۆپلەیەی سەرەوەی ئەو، ڕونبکاتەوە و شرۆڤەیان بکات. ئەو دەڵێت "کۆنفیدراسیوێن تۆڕێکە کە تیایدا چەند لایەنێکی سیاسیانە بۆ دروستکردنی دامەزراوەیەکی گەورەتر لە ھەموویان، یەکدەگرن . وێڕای ئەوەی کە لایەنێکی گەوەرەتر لە پرۆسەی ھاوپەیمانێتییانا دروستدەبێت ، بەڵام لایەنە بچووکەکان لەناو ئەو ھاوپەیمانێتییەدا خۆیان ھەڵناوەشێننەوە و گۆڕیان گومنابێت ، بەڵکو لەبری ئەوە، ئازادیی و شوناسنامە و سەروەرێتی خۆیان، گەرچی لەو ھاوپەیمانێتییەشدان، ھەر دەپارێزن."٥


شتێکی ئاشکرایە و خاڵێکی سەرەکییە گەر خەڵکی لە ڕووی ئابورییەوە بە گوێرەی پێویستییەکانیان یەکسان نەبن، ئەوەلە ڕوانگەی سیاسسیشەوە جیاوازی گەورە لە نێوانیانا دەردەکەوێت و ئەو کاتەش بەیاکادان و شەڕوشۆڕ لە نێوانیانا سەر ھەڵدەدا. ھاوکاتیش ئاشکرایە کە یەکسانی ئابووریی ڕوونادات ئەگەر خودی خەڵکی خۆیان کۆنترۆڵی ئابوورییان نەکەن. ئەمەش مانای ئەوەیە کە ئابووریی بەھیچ شێوەیەک نابێت لە دەستی خاوەندارێتی تایبەتییدا بێت، یاخود لە دەستی دەوڵەتا کە ناوی خاوەندارێتی خەڵکی/ کەرتی گشتی لێنراوە ، یا بەھاوبەشی لە دەستی خاوەندارێتی دەوڵەت و خاوەندارێتی تایبەتدا ، ببێت، بە واتایەکی دیکە ئابوری تێکەڵە لە کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتی . جانێت بێڵ لە ھەمان کتێبداLibertarian Municipalism لە بەندی ١٢ دا ، لە بەشی بە شارەوانیکردنی ئابووریی [Municipalaised Economy ] کە تەرخانی کردووە بۆ ئەو جۆرە ئابوورییەی کە کۆمۆنێتییەکە پێویستێتی جیاوازی ئەو جۆرە ئابوورییە دەکات لە جۆرەکانی دیکەی ئابووریی، کە لە کۆمەڵانێکدان کە لە سەر بناغەی کۆمەڵی چینایەتی خۆیانیان گرتووە. ئەودەڵێت:


" شارەوانی ئازادیخوازان گەشە بە فۆرمێک لە خاوەندارێتی گشتی دەدات ، کە لە ڕاستیدا گشتییە. سیاسەتی ئابوریانەی شارەوانی ئازادیخوازان، پێشنیاری جۆرێک لە ئابوریی دەکات کە نە خاوەندارێتی تایبەتی لێدەکرێت ، نە پارچە پارچەش دەکرێت بۆ ھەرەوەزییە گچکەکان و نە خۆماڵیکردنیش دەبێت، بەڵکو ئابورییەکە، کە شارەوانیانە [ واتە ئازادکراوە - زاھیر] کراوە و خراوەتە ژێر دەسەڵاتی کۆمێنێتییەکەوە "خاوەندارێتی گشتی" و ھەر لە لایەن ئەویشەوە کۆنترۆڵدەکرێت.".

 
" ئەم بەشارەوانیکردنەی ئابوریی [ئازادکردنی ئابوریی - زاھیر] یانی " خاوەندارێتی" و بەڕێوەبردنی ئابوریییەکە لە لایەن ھاووڵاتیانی کۆمۆنێتییەکەوە، موڵکەکان بە ھەردک جۆرییەوە: زەوی و کارگەکانەوە، چی دی موڵکی تایبەتیی نابن و خاوەندارێتی تایبەتییان لێ ناکرێت بەڵکو دەخرێنە ژێر دەسەڵاتی تەواوی ھاووڵاتییان لە ئەنجوومەنەکانیانا. لەم بارەدا ھاووڵاتیان بە کۆمەڵ ، ھەموان، " خاوەندارن" بە سەرچاوەکانی سامانی ئابوریی کۆمۆنێتییەکانیان و خۆیان فۆرمیلەیان دەکەنەوە و ڕەزامەندی لەسەر سیاسەتی ئابوریی بۆ کۆمۆنێتییەکە، دەدرێت. ئەوە ئەوانن نەک بیرۆکراتەکان و سەرمایەدارەکان، کە سەبارەت بە ژیانی ئابوریی ، بڕیارەکان دەدەن.........لە کۆمەڵێکی ماقوڵی/ ژیریی ئەنارکیستیدا نایەکسانی ئابوریانە لە ڕێگای گێڕانەوەی سامان ، موڵکییەتی تایبەتی و ھەروەھا ئامرازەکانی بەرھەمھێنان بۆ شارەوانی، لەناودەچێت، بەھۆی بە شارەوانیکردنی ئابورییەوە، [ ئازادکردنی ئابوورییەوە زاھیر] سەرچاوەکانی سامانی چینی خاوەندار لە لایەن خەڵکانی ئاساییەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت و دەخرێتە ژێر چنگی کۆمۆنێتیەکەوە تاکو بۆ بەرژەوندی ھەموان بەکاربھێنرێت. "٥


چەمکی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک:


عەبدوڵا ئۆجەلان سەرکردەی پارتی کرێکارانی کوردستان ، پەکەکە، پێش سەردەمی بەندکرنی و لەسەردەمی بەندیی-دا بیری لە بزوتنەوەی پەکەکە و لێکدانەوەی بۆ کردووە ، ھەروەھا شیکردنەوەی بۆ ھەرەسھێنانی شورەویی ئەو کاتەو بلۆکی وڵاتانی کۆمۆنیستی لە ڕۆژھەڵاتا، کردووە. ھاوکاتیش ئەزموون و ئایدۆلۆجی ھەر ھەموو پارتە کۆمۆنیستەکانی لە جیھاندا لە گەڵ یەکدیدا بەتایبەت ئەوانەی خۆرھەڵاتی ناوین بەیەکەوە گرێدەداتەوەو شاھیدی دەستکەوتەکانیان بوو، کە لە زەمینەی واقیعدا ، ھەموو شتێک بوو جگە لەوەی کە ئەوان بانگەشەیان بۆ دەکرد. لەگەڵ ھەموو ئەمانەدا خاڵی وەرچەرخان و گۆڕانی ئۆجەلان لەبەندیخانەداخۆئاشناکردنی بوو بە ئایدیاکانی مورەی بوکچین . ئۆجەلان لە ڕێگای پارێزەرەکەیەوە چەند جارێک نامەی بۆ بوکچین ناردوە تاکو لە ئایدیاکانی ئەو باشتر تێبگات بۆ ئەوەی لەگەڵ چەمکەکانی پەکەکەدا بیانگرێتە بەرچاو، بەڵام بوکچین لە کۆتایی ژیانی و لەسەر پێخەفی مردن، بووە، ھەر لەبەر ئەوەش نەیتانیوە بچێتە گفتوگۆیەکی زۆر جددیەوە نە بە پەیام و نە بە نوسین.


لەسەرەتای ئەم چەرخەدا ئۆجەلان بە تەواویی تێگەیشت کە پرۆژەکەی بوکچین سەبارەت بەئەنجومەنەکانی ھاووڵاتییان و پرسی کۆنفیدراڵیزم، دروستترین چارەسەرن بۆ ھەموو نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەییەکان کە لە وڵاتانی ناوچەکەدا دەژین. دوای ئەم تێگەیشتنە ، ئۆجەلان ئایدیای دەوڵەت-نەتەوەی ڕەتکردەوە. لە ڕاستیدا ئەو ئێستا باوەڕی وایە دەوڵەت-نەەتەوە ڕەگوڕیشەی گرفتەکانە زیاتر لەوەیکە چارەسەربێت ، ئەو وای دەبینێت کە ئەوە دەوڵەت-نەتەوەیە کە تا ئێستاش کارەسات بۆ خەڵک دەھێنێت. دەنوسێت "ئەگەر دەوڵەت-نەتەوە بڕبڕەپشتی سەرمایەداریی مۆدێرن بێت ، بە دڵنیاییەوە قەفەسێکە بۆ کۆمەڵە سروشتییەکە.........دەوڵەت-نەتەوە لەژێر ناوی کاپیتاڵیزم-دا کەویکرنی/ ماڵیکردنی کۆمەڵ دەکات و کۆمۆنێتییەکە لە سروشتە بناغەییەکانی نەیار/ غەریب دەکات"٦


ئۆجەلان باوەڕی وایە نەک ھەر نەتەوەکان ئایندەیان لەژێر سایەی دەوڵەت-نەتەوەدا نییە ، بەڵکو تاکەکانیش – ھاووڵاتیان- ئایندەیان نیییە مەگەر خۆیان لەتەک جۆرێک لە مۆدێرێنیتی کۆمەڵ-دا بگونجێنن " ھاووڵاتیبوون لەسایەیدا [ سایەی دەوڵەت-نەتەوە -زاھیر] ھیچ پێناسەیەکی نییە بەڵکو ڕوودانی گۆڕانکارییەکە لە خاوەندارێتی تاییبەتی کۆیلایەتییەوە بۆ کۆیلایەتی دەوڵەت"٦


ئۆجەلان دەیزانی کە ڕیشەی گرفتەکان لە گەلێک کۆمەڵدا ، وەکو کۆمەڵی کوردیی، بەتایبەتی لەو ناوچەیەی کە لێوەی ھاتووە، کامانەن. لای ئۆجەلان تەنھا ئەوە بەس نەبوو کە بە تەنھا دەوڵەت-نەتەوە ڕەتبکاتەوە ، ئەو باوەڕی وایە لەتەک ئەوەشدا خەڵکی دەبێت تەرکیز بکاتە سەر گرفتێکی سەرەکی دیکە کە لە کۆمەڵدا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژە ھەیە، کە پرسی ژنانە. ئۆجەلان زۆری لەسەر کۆمەڵی کۆن [قەدیم] خوێندۆتەوە ، ھەر لەکاتی یەکەم مەدەنییەتەوە پێش ١٠ ھەزار ساڵ ھەروەھا ڕۆڵی ژنان لەو کۆمەڵانەدا ھەر لەو سەردەمانەوە . بەو خوێندنەوە قوڵە، ئەو دەرکی بەوە کرد کە کەھەموو پرسەکان، کێشەکان ھەر لە دەوڵەت-نەتەوەوە لە ڕێگای چەوساندنەوە و بەکارھێنانو کۆیلەکردنەوە تا دەگاتە کێشەی ژنان و یەکسانی جێندەیی زۆر بە توندی بە یەکدییەوە گرێدراونەتەوە ھەر لەبەر ئەوەش ناتوانرێن بەجیا چارەسەربکرێن. لە ڕاستیدا ئۆجەلان وابیردەکاتەوە کە چەوساندنەوە و بەکارھێنان لە کۆیلەکردن و سەرکوتکردنی ژنانەوە دەستپێدەکات " بەبێ کۆیلەکردنی ژنان ھیچ کام لە جۆرەکانی دیکەی کۆیلایەتی نەیدەتوانی بوونی ھەبێت ، ئیتر لە بەردەوامبوون و گەشەکردنی خودی کۆیلایەتی بگەڕێ.....بەبێ سەرکوتکردنی ژنان سەرکوتکردنی سەرجەمی کۆمەڵەکە مەحاڵ بوو یاخود پێشبینی نەدەکرا"٦


ئۆجەلان زۆر بە جددی کێشەی ژنانی وەرگرتووە تا ئەو ڕادەیەی وای بیردەکردەوە کە ژنان نەتەوەیەکی کۆڵۆنایزکراون. چەمکەکانی ئەو سەبارەت بە ژنان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ئەو چەند پەرۆشی پرسی ژنانە، جەختکردنەوەی لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە یەکەم تێگەیشتن و ھەنگاونانی خەباتکردنا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانیان و ھەروەھا سەراپای گرفتەکانی کۆمەڵیش، بناغەیین. ئۆجەلان بە کەتواریی کاری لەسەر ئەمە کردوە کاتێک کە لە شاخ بووە توانیوێتی زۆرێک لە ژنان تێکەڵاوی بزوتنەوەی پەکەکە بکات، نەک ھەر لە کورد ، تەنانەت لە غەیرە کوردیش . بە تێپەڕبوونی زەمەن ئۆجەلان زیاتر لە ڕۆڵی ژنان ئاگابووەوە ، نەک ھەر بە تەنھا لەجەنگینیانا بە چەک دژی دەوڵەت ، بەڵکو جەنگینیان دژ بە دەوڵەت لە ڕێگای جیاوازەوە بۆ دروستکردنی کۆمەڵێکی نوێ لەسەر بناغەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک " کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک بۆ کوردستان دەوڵەت-نەتەوە نییە ،.......بەڵکو سیستەمێکی دیمۆکراتیانەی خەڵکییە بە بێ دەوڵەت"٦

بۆچی ئۆجەلان ئەوەندە پێداگریی لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک کردووە؟ پێناسەی ئۆجەلان بۆ ئەو چەمکە چییە؟


ئۆجەلان لە شوێنێکدا پێناسەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکی لە چەند وشەیەکدا کورتکردۆتەوە" دیمۆکراسیی ، ئیکۆلۆجیی ، کۆمەڵی ئازادیی جێندەیی..... یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەولەت" ٧


ئەو باوەڕی وایە سەرمایەداریی لە سەر ٣ پایە دروستبووە و خۆی گرتووە: سەرمایەداریی مۆدیرین، دەوڵەت-نەتەوە، پیشەسازییبوون [ پیشەسازیکردنی وڵات - زاھیر]. ئەو باوەڕی وایە کە خەڵکی خۆیان دەتوانن ئەمانە واتە ئەو ٣ پایەیە بە " دیمۆکراسی مۆدیرانانە، نەتەوەی دیمۆکراسی، ئابووریی کۆمونانە [ بە ھاوبەشیکردنی ئابوریی - زاھیر] لەتەک پیشەسازی ئیکۆلۆجیانە [ وڵات ئیکۆلۆجیانە پیشەسازی بکرێت - زاھیر]" ٧ جێگابگرنەوە.


ئایدیای کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک لای ئۆجەلان خۆڕێکخستنی خودی خەڵکی خۆیەتی بۆ بەڕێوەبردنی خۆی. ئەو ئەم پلانە بە کاری خەڵکە ڕەشووڕووتەکەی خوارەوە دەبینێ کە لە ڕێگای دەستەجەمعییەوە، بڕیارەکان سەبارەت بە کاروبارەکانیان لە لایەن خۆیانەوە دەدرێت ، نەک لە دەرەوەی خۆیان، ئەویش لە ڕێگای دیمۆکراتی ڕاستەوخۆوە کە لەوێدا کۆنترۆڵکردنی دەوڵەت یاخود ھەر ئیدارەیەکی دیکەی پاوانخواز ڕەتدەکاتەوە. ئەو نوسیوێتی " کۆنفیدرالیزمی دیمۆکراتیک نموونەیەکی واقیعیانەیە بۆ خەڵکانی سەرکوتکراو. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک مۆدێلێکی کۆمەڵایەتی دەوڵەت-نەتەوە نییە. لە لایەن دەوڵەتەوە کۆنترۆڵ ناکرێت. ھاوکاتیش کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک بە کوڵتورکردنی ڕێکخستنی پێشنیارکراوی نەتەوەی دیمۆکراسییە. کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک لەسەر بناغەی بەشداریکردنی جەماوەرە ، پرۆسەی بڕیادانەکانە کە کۆ کۆمۆنێتیەکان دەیدەن"٦ ئۆجەلان بەردەوام دەبێت لەسەر قسەکانی و دەڵێت " [ کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ] .. دەتوانێترێت بە ئیدارەیەکی سیاسی نادەوڵەت یاخود دیمۆکراسی بە بێ دەوڵەت ناوزەد بکرێت. پرۆسەی بڕیاردانی دیمۆکراسییانە نابێت چەواشەیی دروستبکات لەتەک ئەو پرۆسانەی کە ناسراون بە دیمۆکراسی لەلایەن ئیدارە کۆمەڵایەتییەکانەوە. ئیدارەی دەوڵەتەکان تەنھا ئیدارەی دەوڵەتین بەڵام دیممۆکراسییەت، فرمانڕەوایی دەکات. دەوڵەتەکان لەسەر بناخەی دەسەڵات/ ھێز دامەزراون ، بەلام دیمۆکراسی لەسەر بناغەی بڕیاری ھەرەوەزی / بەکۆمەڵی کە ھەموویان لەسەری ڕێککەوتون و ڕیکن، بنیاتنراوە"٦


تائێستا پێناسە و دیدی کۆنفیدراڵیزم لە لایەن بوکچینەوە و ھەروەھا پێناسەو ڕوانگەی ئۆجەلان-یشم سەبارەت بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک، باس کردووە. ئێستاش با بزانیین چ وێکچونێک و جیاوازییەک لە نێوانی ئەم دوو چەمکەداو ھەروەھا لە دیدی ئەم دوو کەسەدا ھەیە؟. بەڕای من ھەردوو تێزەکەو دیدو ڕوانگەی بوکچین و ئۆجەلان زۆر نزیکی و وێکجوون، ھاوبەش دەکەن. ڕەنگە ئەوان ھەردوکیان دوو چەمکی جیاوازیان بۆ تێزەکانیان ھەڵبژاردبێت ، بەڵام مانا و ئامانج لای ھەردووکیان یەکە.


چەند جیاوازییەکی لاوەکی لە نێوانیئانا ھەیە وەکو ئەوەی ئۆجەلان کۆنفیدراڵیزم-ی کردووە بە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک. ھەروەھا لە بری بەکارھێنانی شارەوانییە ئازادیخوازەکان ئۆجەلان ناوی جیا جیای بۆ ئەو ئیدارانە ھەڵبژاردووە وەکو ئەوانەی کە لە ڕۆژاوادا پیادەکراون. ئەوەندەی من ئۆجەلانم خوێندبێتەوە ئەوە تێگەیشتوم تیئورەکەی – کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک- وەکو چارەسەرێک بۆ بەیەکادانەکان و گرفتەکانی نێوان نەتەوەکان و کەمایەتییە نەتەوەکانەتایبەتنبەو ناوچەیەی کە ئەو سەری لێوەدەرھێناوە . بەڵام بوکچین زیاتر لە ئۆجەلان ڕۆیشتووە و باوەڕی وایە کە کۆنفیدراڵیزم چارەسەرە بۆ سەرجەمی مرۆڤایەتی و ڕێگایە بۆ کۆتاییھێنان بە پاوانخوازیی سەرمایەداریی لە ھەموو لایەکەوە. لەبەر ئەمەش کۆنفیدراڵیزم لای بوکچین چارەسەرە بۆ گرفت و کێشەکانی خەڵکی کە لە جیھاندا ڕووبەڕووی دەبنەوە نەک ھەر بە تەنھا لە ناوچەیەکدا یاخود لە چەند وڵاتێکدا.


جیاوازییەکی دیکەش ھەیە . ئۆجەلان لە شیکردنەوە و توێژینەوەکەی بۆ مێژوی مەدەنیانەی مرۆڤ، چەوساندنەوە و کۆیلایەتی، ئەو باوەڕی وایە کە کۆیلایەتی لە کۆیلەکردنی ژنانەوە دەستی پێکردووە و ھیراشییەتیش لە پاوانخوازیی پیاوانەوە بۆ ژنان دستی پێکردووە ، گەر چی لە شوێنێکی دیکەدا لەگەڵ بوکچین-دا دێتەوە کە دەڵێت " من بە بەردەوامی ئەوەم خستۆتە ڕوو کە کۆمەڵی باوکسالاریی لە " شامان" [ شامان پیاوانی ریشچەرم و دەمڕاستی خاوەن کەسایەتی بوون - زاھیر ] شێخە بەتەمەنە خاوەن ئەزمونەکان ، سەرکردە سەربازییەکان، بووە. ڕەنگە کارێکی ژیرانە بێت ئاوڕێک لە بنەما نموونەییەکان بۆ کۆمەڵێکی نوێ لەناو ئەم جۆرە گەشەکردنەدابدەینەوە لەشانی " کۆمەڵێکی نوێ"وە کە مەبەستمانە تاکو بزانین کە بارودۆخێک ھەبووە بۆ سەرھەڵدانی سیستەمی ھیراشی/قوچکەیی لەناو خێڵەکانا. بەم شێوەیە دابەشبوونە زەروورییەکە گەیشتە دواکڵێشەی، ئەمەش لە کاتێکداکە سیستەمی ھیراشی تەشەنەی بە فۆرمیلەکردنی / پێکھێنانی چینێکی سابیت و ھەروەھا ڕێکخراوی شێوە دەوڵەتی ، کرد"٨


پرسی سیستەمی ھیراشیی/ قوچکەیی ڕۆحی تئیورەکەی ئۆجەلانە وەکو شارەوەانی ئازادیخوازان بۆ بوکچین، گەرچی ھەردووکییان ھیراشییەت بە بە بناغەی کۆمەڵی چینایەتی دەزانن . ئاشکرایە کە بوکچین زۆر قوڵتر لە ئۆجەلان لە کێشەی ھیراشی و کۆمەڵی ھیراشیانە ڕۆچووە، زیاتر و قوڵتر لە ئۆجەلان سەبارەت بەوەی کە چۆن پاوانخوازیی لە نێو سەرانی خێڵەکان و ، سەرانی خێزان و بەتەمەنەکان و ھەروەھا لە پاوانکردنی ژنان لە لایەن پیاوانەوە ، پێش کۆمەڵی چیانیەتی، بوونی ھەبووە. " بە گوێرەی کارل مارکس " یەکاسانییەکانی نێو کۆمەڵە سەرەتاییەکان " بە گەشەکردنی چینە کۆمەڵایەتییەکانەوە ھەرەسی ھێنا، کە لەوێدا ئەوانەی کە خاوەنی سامان و موڵک بوون ھێزی کاری ئەوانەیان بەکارھێناوە کە ھیچیان نەبووە. بەڵام بە تێڕوانینی مێژوی ھاوچەرخ ، بوکچین ئەوە تێگەیشت کە شیکرردنەوەی چین بە تەنھا لە خۆیدا شرۆڤەی تەواوی چەوساندنەوەی کۆمەڵایەتی ناکات. کۆتاییھێنان بە کۆمەڵی چینایەتی پەیوەندی نێوانی باڵادەستان و ژێردەستان چارەسەرناکات ...... بوکچین پێداگریی لەسەر زەروورەی نەھێڵانی نەک بە تەنھا چینەکانی نێو کۆمەڵ بەڵکو ھیراشییەتی نێو کۆمەڵیش ، کردووە..... ھیراشیەت و پاوانخوازیی[ھەیمەنە] لە دیدی بوکچینەوە لە ڕوی مێژوییەوە پایەی داپڵۆسین و سەرکوتکردن بووە و ھەر لەوێوە پەیوەدنییەکانی چینایەتی بناغەیان گرتووە"٩


لەگەڵ ئەو شرۆڤەیەی کە لە وێکچوون و جیاوازیەکانی نێوان بوکچین و ئۆجەلان کردومە، جانێت بێڵ باوەڕی وایە کە تئیورەکەی ئۆجەلان زۆر یان کەم ھەمان ئەوەی بوکچینە و ئۆجەلان تئیورەکەی بوکچینی خستۆتە کارەوە . لەیەکێک لە بۆنەکانا ئەو دەڵێت " من وا بیردەکەمەوە کەبوکچین ساوایەکی بووە و ئۆجەلانیش کردویەتی بە منداڵێک"١٠ ئەو لەسەر قسەکانی بەردەوامدەبێت و دەڵێت " ئۆجەلان ھەندێک لە مۆدێلە ئۆریجانەڵەکەی[ ئەسڵی] بوکچینی گۆڕیوە. بوکچین ئەنارکست بووە بەو شێوەیە ئەو دژی ھەموو جۆرەکانی ھیراشی بووە ھەر لە : ھیراشی نەژادیی، جێندەیی، سێکسی پاوانخوازیی لە لایەن دەوڵەتەوە تا دەگاتە پەیوەندییە شەخسییەکان. مستەر ئۆجەلان جەخت لەسەر ھیراشی جیندەیی و گرنگیی ئازادی ژنان دەکات. ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانی تئیوریی کە من بزانم "١٠


سەرەڕای ئەم لێکچوون و جیاوازیانە ، بەڕای من جیاوازییەکی دیکەی گەورە لە نێوانی دیدی بوکچین و ئۆجەلاندا ھەیە . بوکچین باوەڕی وایە دروستکردنی شارەوانییە ئازادیخوازەکان بناغەی بنیاتنانی کۆنفیدراڵیزمە. دروستکردنی کۆنفیداراڵیزمیش بە تەواوی بەندە و متمانە دەکاتە سەر پەروەردە و پێگەیاندن ، ڕێکخستن و بەشداریکردنی خەڵکی. ئۆجەلانیش باوەڕی وایە ئەو بەشداریکردنە کاری خودیی خەڵکی خۆیەتی و دەبێت لە ڕێگای کۆبونەوەی جەماوەریی/ئەنجوومەنەکانەوە بێت بۆ لێدوان و گفتوگۆکردنی پرسە ھەنووکەییەکان و ئەوانەشی کە پەیوەندییان بە بارودۆخەکەوە ھەیە ، بڕیارەکانیش دەبێت بە کۆمەڵ/ھەرەوەزیانە بدرێن. بۆ بەڕیکردنی ئەمەش ئەو پێشنیاری ئامرازی دیمۆکراسی ڕاستەوخۆ و چالاکی ڕاستەوخۆ دەکات.


گەرچی لای ئۆجەلان ئامانج ھەر ھەمان ئامانجی بوکچینە وەکو پێشتر خستمە پێشچاو، بەڵام ڕێگای گەیشتن بە قۆناغەکە لە لایەنێکەوە یاخود لانی کەم ئەوەی کە لە ڕۆژاوا و لە باکور دەتوانین بیبینین ، جیاوازە. تاکو ئەم چرکەیە ئۆجەلان سەرۆک و ڕابەری پەکەکەیە و سەرۆک و ڕابەری ڕۆحیی کوردانی باکور وڕۆژاوایە و ھەروەھا زۆرێک لە کوردانی باشور و ڕۆژھەڵاتیش . ئەوە ڕاستیە کە ئۆجەلان پەیوەندی بە حیزبەکەی و خەڵکەکەیەوە کردووە کاتێ کە لە بەندیخانەوە دەیتوانی بیکا . ئەو ھەوڵی زۆریدا بۆ ڕازیکردنیان بۆ گۆڕانی پەکەکە بۆ بززوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی. بەرەنجامی ئەوەش لێدوان و گفتوگۆیەکی زۆری لە ساڵی ٢٠١٢ وە خستەوە، دوای ئەوەش سەبارەت بە ئایدیای ڕەتکردنەوەی دەوڵەت-نەتەوە ، پابەندبوون بە ئاگربەستییەوە ، ھەروەھا گفتوگۆکردن دەربارەی ئەنارکیزم . لەگەڵ ئەوەشدا پەکەکە نەگۆڕا بەوەی کە ئێمە و ڕەنگە ئۆجەلانیش، دەیویست.


کاتێک کە پەیوەندی نێوانی ئۆجەلان و دەرەوەی لە مانگی نیسانی ٢٠١٥ دا بڕا و بارودۆخێکی نوێ لە باکوردا بە ھۆی ھێڕشی ناڕەواو فاشیانەی دەوڵەتی تورکیاوە نەک ھەر بۆ سەر پەکەکە بەڵکو ھەموو کورد لەوێ، پەکەکە زیاتر میلیتەرایز / عەسکەرتاریی بوو ، لەبەر ئەمەش بۆ پەکەکە گرنگتر بوو بایاخ بەبەرپەرچدانەوەی دەوڵەت بدات تاکو بەردەوامبوون لەسەر پرۆژەکەی پێشتری. لە ڕۆژاواش زۆر یا کەم ھەمان شت ڕویدا، بەڵام لەوێ لەبری شەڕ دژ بە سوپای ئەسەد ناچارکرا بەوەی کە بەرگریی لە کۆبانی و شوێنەکانی دیکە بکات لە بەرانبەر داعش دا** جێگای گومان نییە کە لەسەردەمی شەڕ لە ھەر وڵاتێکدا، بزوتنەوەی کۆمەڵایەتی/جەماوەریی لاواز دەبێت و بزوتنەوەی سەربازیی بەھێزتر . ھەر بەو شێوەیەش لە باکور و ڕۆژاواشدا پەکەکە و پەیەدە لەسەر حسابی بزوتنەوە جەماووەرییەکە زیاتر بەھێز بوون.


ئالیرەوە من دەرنجامی ئەوە دەکەم کە لە باکور وڕۆژاوادا جوتێک حیزبی ھیراشی بە زەبتوڕەبت لە پشتەوەی دروستکردنی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکن لە ھەردوو کوردستانا . ھەر بەو ھۆیانەی سەرەوە ئەمانە ئەو پارتیانەن کە بڕیارە گرنگ و گەوەرەکان دەدەن ، پلان دەکەن، کڵێشەی سیاسەت دەکێشن و گفتوگۆ و سازش لەگەڵ دوژمنانیان و دەوڵەتەکانا دەکەن ، ھەر ئەمانن کە بڕیاری شەڕ و ئاشتی دەدن. بە دڵنیاییەوە ئەمانەش کێشە و پرسی زۆر گەورەن کە داھاتوی کۆمەڵی ڕۆژاوا و باکوریی پێوە بەندە. بەداخەوە و بۆ بەدبەختیی، پارتە سیاسییەکانن کە ئەم بڕیارانە دەدەن لەبری خودی خەڵکەکە لە کۆبونەوە و ئەنجوومەنەکانی خۆیانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە.


لای بوکچین ھۆکار و ئەرکی دروستکردنی شارەوانییە ئازادایخوازەکان و کۆنفیدراڵیزم کاری خەڵکەکەیە یاخود "ھاووڵاتیانە" وەکو ئەو ناوی خەڵکی بە ھاووڵاتیان دەبات، بەلام لای ئۆجەلان و پەکەکە لانی کەم لە حاڵی حازردا، ئەرک و ئامانجی پارتە سیاسییەکانە.


لە بەشی کۆتایی ئەم وتارەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە. ئایا ئەوەی کە لە ڕۆژاوادا ھەیە لە ئێستادا کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکە؟


وەڵامی ئەم پرسیارە یەکجار قورسە بۆ من چونکە من لە وەرگرتنی زانیارییەکانما تەنھا متمانەم کردۆتە سەر ئەوەی کە لەسەر ڕۆژاوا دەستم دەکەوێت، ئەویش دووکەوتنی دەنگوباس و ھەواڵە لە ڕادوێ و تیڤی ، ماڵپەرەکان ، سۆشیاڵ میدیا بەتایبەتی فەیسبوک و چوونە کۆبونەوەکانە.بۆ وەلامدانەوەی ئەم پرسیارە و تێگەیشتن لە ھەموو لایەنەکانی کە پەیوەندی بە ئایندەی رۆژاواوەیە پێویستم بە کردنی چەند توێژینەوەیەکی بنەڕەتی ھەیە . ئەم کارەش چونە شار و شارۆچکە و گوندەکانی ڕۆژاوایە ، قسەکردنە و دیمانەکردنی خەڵکێکی زۆرە لە زۆربەی مەیدانەکان و لە پلە و پایە جیاوازەکانی ھەموو کەرتێکی کۆمەڵی ڕۆژاوادا. بینینی کۆمونەکانە و بەشداریکردنی کۆبونەوەکانیانە و دووکەوتنی بریارەکانیانە . بینینی ھەرەوەزییەکان و شیکردنەوەی ھاوسەنگی ھێزو دەسەڵاتەکانە لە نێوانی بزوتنەوەی تێڤدەم و پەیەدە و ھەروەھا لە نێوانی ئەوانو ئیدارەی خۆبەڕیوەبەریی، خۆسەرییەکەیە لەگەڵ کردنیزۆر کاری تر.


ھەموومان تێبینی ئەوەەمان کردووە کە زۆرێک نوسراو لەسەر کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک لە ڕۆژاوادا ، ھەیە. زۆربەی زۆری ئەم نوسینانە پۆزەتیڤانە و ھاوپشتیانەیە بۆ ڕۆژاوا، ھەموویان یەکدەگرنەوە کە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک لەوێ دروست بووە یاخود لە دروستبووندایە.


بە بروای من گرفتی سەرەکی زۆربەی ئەو نوسینانە پەراوێزخستنی شتە سەرەکییەکانیانە ، ڕووداوەکانە لە بەرانبەر ڕۆڵ و ھەژموونی پەیەدەدا کە تا ڕادەیەک لەیاد کراون. ‌ھاوڕێیانێک کە ئەم نوسینانەیان نوسیوە یاخود لەبیریان کردووە یا نەیان ویستووە ئەوە بڵێن کە دروستکردنی کۆنفیدراڵیزم و کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ئەرکی ئەنارکیستەکانە. ئەنارکیستەکانن نەک پارتە سیساسییەکان کە دەبێت بەشداری بکەن و لە ڕێگای بزوتنەوە جەماوەرییەکەوە لە پرۆسەی دروستکردنی کۆنفیداراڵزم، کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیکەوە بگلێن چونکە ھەندێک کێشەو پرس دێنە پێشەوە کە دەببێت لە ڕێگای شارەوانی ئازادیخوازەوە کە بناغەی کۆمەڵی ئازادە، لابەلابکرێتەوە. بوکچین دەنوسێت " پێش سەردەمی کۆمەڵی چینایەتی " گەرچی ناکرێت ئیمە کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ( یاخود کۆمۆنیلیزم ) ببینین کە پەیوەست بە ئەنارکیزمەوە نەبێت چونکە ئەوان [ئەنارکیستەکان - زاھیر] زۆر بە دووی ترادیسۆنی ئەنارکیزمی کلاسیکییەوەن "٤.


لە پرسی ڕۆژاوادا زۆر پرسیار ھەیە کە بکرێت زۆرێکیش لە کێشە یەکلایینەکراوەکان ھەن، کە دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت. وەکو : ئایا ھەموو کەسێک ئازادە لە بەشداریکردن لە سیاسەتا و بەشداریکردن لە کۆبونەوەکانا کە بڕیارەکانی تیادا دەدرێت ؟ ئایا ئەو کێشانە کە لە سەرەوە دەستنیشانم کردن و ئەو بڕیارانەی کە دەدرێن ئایا بە دەستەجەمعی لە کۆبونەوە جەماوەرییەکانا لە ڕێگای چالاکی ڕاستەوخۆوە دەدرێن؟ ئایا ھەرەوەزەییەکانی ھەنوکە بەڕاستی لە لایەن کۆمیۆنەکانەوە خاوەنداری لێدەکرێت یاخود ئیدارە خۆسەرییەکە یان جۆرێک لە تێکەڵەیە لە خاوەندارێتی تایبەتی و گشتی ، ھەروەھا ئایا ھەموو کەس دەتوانێت کە ببێتە ئەندام لەم ھەرەوەزەزییانەدا بە پشتگوێخستنی ئەوەی کە ئەوانە کێن و جیاوازییان چییە ، ھەروەھا چۆن بەرھەمی ئەم ھەرەوەزیانە دابەشدەکرێت؟ ئایا کۆمونەکان و 'ماڵەکانی گەل' لە ڕاسیتیدا گروپ یا ڕێکخراوێکی ھیراشی نین؟ بۆچی سەرۆک و ھاوسەرۆکیی لە پلەکانی خۆیانا بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ دەمێننەوە؟ ئایا سەرۆکی ئیدارە خۆسەرییەکە و ئەوانەی کە لە پلەیەکی بەرزی تێڤدەم و کۆمونەکاندان لە ڕێگای دیمۆکراسی ڕاستەوخۆوە ھەڵدەبژێرێن یاخود ھەر دادەنرێن؟ چەندێک بە جددی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک کار بەرەو بەدیھێنانی کۆمەڵێکی ئیکۆلۆجیانە دەکات و تا ئێستا چی لەو بارەوە بە دەستھێنراوە؟ لە ڕاستیدا پرسیارگەلێکی زۆری تر سەبارەت بە لایەنەکانی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک ھەیە و دەبێت قسەیان لەسەر بکرێت و وەڵامەکانیان تاووتوێی بکرێن.


بە بۆچونی من ئەوانەمان کە تا ئیستا دەربارەی کۆنفیدراڵیزمی دیمۆکراتیک نوسیومانە وەڵامی زۆرێک لە پرسیارکانمان نەداوەتەوە یاخود کاری تەواومان لەسەر ئەم پرۆژەیە نەکردووە. من ھەندێک لەو ھاوڕێیانە دەناسم کە لە سەر ئەم پرسە وتاریان نوسیوە زۆر لە ڕۆژاوا نەماونەتەوە تاکو سەبارەت بە ھەموو لایەنەکانی کۆمەڵەکەی بزانن و توێژینەوەی تەواو لەسەر ئەم پرسە بکەن. ئەو کەسانەشی کە بۆ ماوەیەی زۆر لە ڕۆژاوا ماونەتەوە ئەو ھاوڕێیانە بوون کە پەیوەندییان بە یەپەگە و یەپەژەوە کردووە.


لەگەڵ ھەموو ئەوانەی سەرەوەشدا ، ئەبێت لەسەر ئەوە پێکبێین کاتێک کە دەنوسین و توێژینەوەی ڕۆژاوا دەکەین نابێت ڕۆژاوا پەراوێز بخەین لەو بارودۆخەی کە دەورەی داوە . دەبێت بە باشی دوژمنەکانی ڕۆژاوا لە ناوەوەی سوریا و دەرەوەی ببینین، ھەروەھا بەردەوامبوونی لە شەڕییدا دژ بە داعش و بە ڕژێمی ئەسەد ، تورکیا و ئەگەری شەڕی داھاتوش کە ڕەنگە عێراق و ئێران و تورکیا یەکبگرن دژ بە پەکەکە ، نەدەینە لاوە.


سەرەڕای ھەموو ئەوەی کە باسمکردن دەبێت دان بەو ڕاستییەشدا بنێین کۆمەک و ھاوپشتیی نێونەتەوەیی کارا و بەھێز لە لایەن چەپ و کۆمۆنیست و سوشیالیست و نقابی و ئەنارکیستەکانەوە نەبوو ھەروەھا ھەمان یاخود لەو چەشنە بزوتنەوەیە لە ھێج وڵاتێکی دراوسێ یا لە ناوچەکەدا ڕووی نەدا . ئەگەر بارودۆخی ڕۆژاوە جیاواز بوایە لەوەی کە ھەر لە ٢٠١٥ وە پێیدا دەڕوات و ئەو ھەلو مەرجانەی کە باسم کردن بھاتنایەتە کایە ، ڕەنگبوایە ڕۆژاوا وەڵامی ھەموو پرسیارەکانی منی بە بارێکی پۆزەتیڤانە بدایەتەوە و نموونەیەکی باشتری بدایەتە دەستمان.
_______________________________________________
* Communalism ئەم چەمکە ھی بوکچینە، وەکو چەمکێکی سیاسی فەلسەفی بەکاری ھێناوەو گەشەی پێکردووە و وەکو خۆبەڕیوەبەرییەک یاخود سیستەمێکی خۆبەڕێوەبەریی کە کۆمونەکان بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆیانەوە لە فیدراسوێنێکدا یەکبگرنەوە پەیڕەوی مەبادیئەکانی خاوەندارێتیی بکەن و بیخەنە پراکتیکەوە.
** ئەم وتارە پێش ھێڕشی دەوڵەتی فاشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ، ڕەشنوسەکەی نوسراوە.

سەرچاوەکان:
1- Anarchist and Radical Texts/The Anarchist Sociology of Federalism  
2-
Libertarian municipalism – Wikipedia https://en.wikipedia.org/wiki/Libertarian_municipalism
3- Biehl J. Ecology or Catastrophe, The life of Murray Bookchin, Oxford University Press 2015, P 227
4-
The Meaning of Confederalism | The Anarchist Library https://theanarchistlibrary.org/library/murray-bookchin-the-meaning-of-confederalism.pdf
5- The politics of Social Economy, Libertarian Municipalism. Biehl, J. P 110 and 118
https://drive.google.com/file/d/0B6YOyGNakE86b3RLY2RZN0dySUE/view?usp=sharing
6-
http://www.freeocalan.org/wp-content/uploads/2012/09/Ocalan--Confederalism.pdf
7- Democratic Confederalism - ROAR Magazine
8-Abdullah Ocalan, Capitalism and unmasked gods and naked kings: Manifesto for a Democratic Civilization, Volume ll (page 110). Published New Compass Press, Porsgrun, Norway and International Initiatives edition, Cologne, Germany 2017
9- The Murray Bookchin Reader. Edited by Janet Biehl (page 75)
https://archive.org/details/themurraybookchinreader
10- Golphy O. Rojava's democratic confederalism: the experiment of an American theory. 2016.
https://www.reddit.com/r/syriancivilwar/comments/4fxpd5/rojavas_democratic_confederalism_the_experiment

 

ماڵپەڕی زاهیر باهیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک