په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\١٠\٢٠١٩

کۆنفرانسی حیزبی لەیبەری بەریتانی و

سەرکەوتنی باڵی چەپ و شکستی پەیڕەوانی بلێر لە ساڵی ٢٠١٩.


سالار حه‌مه‌سه‌عید   


کۆنفراسی ساڵانەی حیزبی کرێکارانی بەریتانی (لەیبەر) ٥ ڕۆژی خایاند لە ٢١ تا ٢٥ی سپتمبەر ٢٠١٩ لە شاری برایتن لە باشووری ئینگلتەرا ئەنجامدرا بەئامادەبوونی ١٣٠٠٠ ئەندامی ئەو حیزبە بەڕێوەچوو. ئەم کۆنفرانسە هەر بەوتەی میدیاکانی بۆرژوازی بە گاڵتەجاڕی دەستی پێکرد، بەڵام سەرکەوتوانە هاتەدەرێ. بەپێچەوانەی تەواوی چاوەڕوانیەکانی حیزبی لیبراڵ دیمۆکرات و کۆنسێرڤەتیڤ کێشەی برێگزت حیزبی لەیبەری بەلاڕێدا نەبرد و نەیکردە کێشەی سەرەکی کۆنفرانسەکە. لەکاتێکدا ئەو حیزبانە ئومێدی ئەوەیان بوو کە لەیبەر کێشەی برێگزت بیخنکێنێ و نەتوانێ خەریکی باسەگرنگەکانی تری کۆمەڵگە بێت و ئەو کێشەیە ببێتە کێشەی سەرەکی کۆنفرانسەکە، بەڵام ئەوەی ڕوویدا پێچەوانەکەی بوو.


ئەم کۆنفرانسە لە بار و ڕەوشێکدا بەرپاکرا کە ناسەقامگیری و نادیاری و ناڕۆشنی و دڵەڕاوکێ زاڵە بەسەر کۆمەڵگەدا بەهۆی کێشەی درێژخاەنی برێگزتەوە ''چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکیەتی ئەوروپا''. سەرەڕای هەموو ئەم بارو رەوشە نائارام و فەوزا سیاسی و ئابووریە، ئومێد و خۆشبینی لەنێو ئەندامان ولایەنگرانی حیزبی لەیبەر دا روون و ئاشکرابوو بەبزووتنەوەکە. لەم کۆنفرانسەدا لەکاتێکدا حکومەت لە قەیراندایە، بەڵام بلێریستەکان لە پاشەکشەدابوون وە کۆمەڵێک سیاسەتی رادیکال خرایەڕوو و ئەندامانی حیزب دووبارە شەڕەکە دەبەنەوە بۆ لای حیزبی کۆنسیرڤەتیڤ و بۆریس جۆنسن. پەیامێک کە زۆر روون بوو بریتی بوو لە ئامادەیی ئەندامان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو.


لەسەرەتای کۆنفرانسەکەدا واتە تەنانەت پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە دەنگۆی ئەوەبوو کە جیابوونەوە و پلانگێڕی لەئارادایە ئەویش بەهۆی ئەو ناکۆکیانەی هەبوو لەنێوان جێگری سەرۆکی حیزب " تۆم واتسن و جۆن لانسمەن" کە لانسمەن لەهەوڵی ئەوەدابوو ئەو پۆستە لە حیزبی لەیبەر دانەهێڵێ. ئەم کێشەیە زۆر گەورە کرا لە رۆژنامە و میدیاکان دا بەتایبەتی حیزبی کۆنسێرڤەتیڤ ئەم کێشەیەی نێوان ئەم دوانەی بە ''شەڕی ناوخۆ'' ناوزەدکرد. ڕووداوەکان بەردەوام لەگۆڕاندان، نەک هەفتانە و ڕۆژانە، بەڵکو تەنانەت سەعات بەسەعات گۆڕانکاری ڕوودەدات.


لایەنگرانی بلێر (بلێریستەکان) وهاوڕێکانیان لە رۆژنامە ومیدیاکاندا هەر لە هەوڵی ئەوەدابوون کە سەرنجی خەڵکی بە دوور لە واقعیەتی کۆنفرانسەکەدا بەرن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون بەهۆی زوڵالی دەنگی بەرزی ناو هۆڵەکانی مەڵبەندی کۆنفرانسەکە لە برایتن. لایەنگرانی باڵی ڕاستی لەیبەر (بلێریستەکان) وایاندەزانی کە لەیبەر لەسەر کێشەی برێگزت تووشی ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە لەناو کۆنفرانسەکەدا وناتوانن لێی بێنە دەرێ، بەڵام ئەوەی ڕوویدا کۆنفرانس زیاتر سەرقاڵی کێشە ئەسڵیەکانی کۆمەڵگە وخەڵک بوو، مافەکانی کرێکاران و کێشەی نیشتەجێکردن وخانووبەرە و زیادکردنی ماڵیات و زەریبە بۆسەر سەرمایەدارەکان. کاتێ زانیان کە کۆنفرانس بەم کێشانەوە خەریکە تا کێشەی برێگزت هەستیان بەشکستی خۆیان کرد.


سەبارەت بەهەلومەرجی میلیتانتی حیزبی لەیبەر دەتوانرێ بوترێ کە لەم کۆنفرانسەدا گفتوگۆ و دیبەیتی زۆرکرا دەربارەی گێڕانەوەی بڕگەی ٤ ی بەرنامەی حیزب کە بەپێی ئەو بڕگەیە حیزبی لەیبەر حیزبێکی سۆسیالیستی یە. لەم کۆنفرانسەدا ئەم بڕگەیە خرایە دەنگدانەوە و بە ڕێژەی لەسەدا ٦٢ پشتیوانی لێکرا بە دووبارەهێنانەوەی ئەم بڕگەیە بۆ ناو بەرنامەی حیزب پاش ئەوەی حیزبی لەیبەر بە ڕابەرایەتی تۆنی بلێر لەساڵی ١٩٩٥ لەبەرنامە لای بردبوو. دووبارە ناسنامەی سۆسیالیستی حیزبی بەپێی ئەو بڕگەیە درایەوە بەحیزب. ئەم کارە خوێنێکی تازەی بەخشی بە بەدەنەی حیزب و مۆڕاڵێکی میلیتانتی دا بە ئەندامان و نوێنەرانی ئامادە لە کۆنفرانسەکە و ئەو مۆڕاڵە بەردەوام بوو تا کۆتایی کۆنفرانس بەهۆی ئەو کارەوە. سیاسەتی ڕادیکال، مۆراڵی ڕادیکاڵی لەناو ئەنداماندا پێکدەهێنا.


کەشێکی میلیتانتی زاڵ بوو بەسەر کەش و هەوا و ئەتمۆسفیری کۆنفرانسەکە بە تێپەڕاندنی کۆمەڵێک سیاسەتی ڕادیکاڵ و سۆسیالیستی. ئەمە تەنانەت پێش باسکردن و تێپەڕاندنی سیاسەت و دروشمەکانی باڵی چەپی حیزب. لەوانەش : هێنانی ٣٢ سەعات کار لەهەفتە، هەڵوەشاندنەوەی قوتابخانە پرایڤێتەکان (تایبەتەکان)، دامەزراندنی خزمەتگوزاری و چاودێری سەراسەری (نیشتمانی)، جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی سەوزی نوێ، بە خاوەندارێتی گشتی کردنی کۆمەڵێک دامودەزگای جۆراوجۆر، گەیاندنی رێژەی کاربۆن لە دەرهاویشتەکاندا بە سفر تا سالی ٢٠٣٠.


یەکێک لە ڕابەرانی رادیکاڵ و خاوەن دەنگی بەهێزی حیزبی لەیبەر، جۆن ماکدۆنێڵ بوو کە سەبارەت بە بەرنامەی ئابووری حیزب دوا و باسی لە ژمارەیەک ریفۆرمی گرنگ کرد هەروەها باسی لە هەندێ بەڵێن کرد کە حکومەتی لەیبەر هەڵدەستێ بە ئەنجامدانی لەکاتی حوکمرانیەکەیدا لەوانەش دابینکردنی ''خزمەتگوزاری سەرەتایی هەمەلایەنە'' بەرینکردنەوەی خاوەنداریەتی گشتی.


گەلێک وتە ئاگرینییەکان پەنجەیان ڕادەکێشا بەشێوەیەکی راستەوخۆ بۆ سەرمایەداری و ڕووی ڕەخنەکانیان دەکردە سیستەمی سەرمایەداری وە ئەوەی داوایان دەکرد وەک ڕێگەچارە لەبەرامبەر سەرمایەداری و نەهامەتیەکانی داوای میللی کردن یا خۆماڵیکردن بوو هەروەها پیادەکردنی هەندێ سیاسەتی سۆسیالیستی بۆ نموونە سکرتێری گشتی یەکیەتی کرێکارانی ئاگرکوژێنەوە (ئێف بی یو) ''مات ورا'' کە هاتە سەر باسی ''ڕێکەوتنی سەوزی نوێ'' وتی: ''سەرمایەداری وا ئەم سەرزەمین و گەردوونە دەکوژێ و لەناودەبا'' ''ئێمە دەبێ خاوەندارێتی گشتی بخەینە نێو جەرگەی ئەم کێشەیەوە''. هەروەها ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەو ئەندامانە لەناو کۆنفرانسەکە دەنگیان دەهێنا و هەڵدەبژێردران کە لایەنگری ڕاشکاوانەی پەنابەران بوون.


ئەو زمانەی کە بەکارهات لەم کۆنفرانسە لەلایەن ژمارەیەک لە نوێنەرانی ئامادەبوو زمانێک و خیتابێکی تایبەتی چینایەتی بوو کە جێگەی سەرنج بوو. زۆر بە ڕوون و ئاشکرا باس لە هەڵخراندن و ئامادەبەکارکردنی کرێکاران کرا و کەمپین کردن لەدەوری مەسەلە سۆسیالیستیەکان و تێکۆشان و خەبات بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی سۆسیالیستی لەیبەر (حیزبی کرێکاران). ئەمە یەکێک لەو نموونەی بۆچوونی میلیتانتی یە بوو کە لەکۆنفرانسەکەدا هەبوو.


ئەندامانی حیزب کە ڕەگ وڕیشەی کرێکاریان هەبوو لە دەوری جێرمی کۆربن کۆبوونەوە و چوونە پشتیەوە. بەپێچەوانەشەوە بلێریستیەکان (پەیڕەوانی بلێر) هێزێکی نەبینراوبوون لەم کۆنفرانسەدا. لە کۆتایی هەفتە پاش گەیشتن بە کۆتایی کۆنفرانسەکە لە هیچ کوێیەکەوە دیارنەمان و نەبینران. بەتایبەت تۆم واتسن وازی لە وتەو باسەکانی هێنا پاش ئەوەی وتەو قسەکانی بیسەر و بینەری نەبوون و چۆڵیانکرد و ئەویش ئەوێی بەجێێ هێشت و زوو بەرەو لەندەن گەڕایەوە. برێلیستەکان تووشی شەرمەزاری بوون لەم کۆنفرانسەدا و ناچار برایتن یان بەجێهێشت. پاش ئەوەی هەوڵێکی زۆریان دا کە حیزبی لەیبەر دووچاری لێکترازان و جیابوونەوە بکەن بەتایبەتی لەسەر کێشەی برێگزت. لایەنگرانی ''مانەوە'' لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا بەلێشاو چوونە سەر شەقام لە دەرەوەی شوێن و مەڵبەندی کۆنفرانسەکە بەئاڵای شینی یەکیەتی ئەوروپاوە بەدەنگی بەرز و دەنگە دەنگی زۆرەوە ناڕەزایەتی بەرزکرایەوەو وترا ''دەنگدانی خەڵک'' ئەمە بۆ ئەوە بوو کە فشار و پاڵەپەستۆکە کەڵەکەببێ و زۆربێت. قسەکەرانی سەرەکی وەک ''ئێمێلی ثۆرنبێری'' و ''کیر ستارمێر'' بە دەرفەتیان زانی کە بانگەواز بکەن و داوابکەن لە حیزب کە هەڵویستی ''مانەوە'' بگرێتە بەر. بەڵام تەواوی ئەم هەوڵانە بێ ئاکام مانەوە، بەڵام لەبری ئەمە کۆنفرانس بەتوندی تەئکیدی کردەوە لەسەر مانەوەی لە پشت ''کۆربن''ەوە. لەکۆتاییدا هەڵوێستی تەبەقاتی و چینایەتی رۆشنی کۆربن بوو کە تەواوی ڕۆژەکەی سەبارەت بە برێگزت و تەیکیدی لەسەر ئەوەی کە حیزب نابێ حیزبی لەسەدا ٤٨ یا ٥٢ بێت، بەڵکو دەبێ لەیبەر حیزبی لەسەدا ٩٩ بێت. دیار و رۆشنە کە لەیبەر بەرەو هەڵبژاردنی گشتی دەچێت لەگەڵ هەوڵ و تێکۆشانەکانی لەسەر کێشە چینایەتیەکان. کۆربن تەئکیدی کردەوە لەسەر ئەوەی کە حکومەتی لەیبەر مامەڵە دەکات لەگەڵ ئەوانەی کە وڵات بەڕێوەدەبەن لە دەلالەکانی کاروباری دارایی و ساختەکارانی زەریبە و ماڵیات وە ئەوانەی پۆخڵەواتکاری گەورەن. هەروەها کۆربن دەڵێت کە لە حکومەتی لەیبەر دا ئێمە بەڵێن دەدەین کە دامەزراوەیەک دابمەزرێنین کە دامەزراوەیەکی دەرمانی گشتی و دەوڵەتی بێت کە دەرمان بە نرخێکی هەرزان و گونجاو بێت کە هەموو کەسێک بتوانێ لێی سوودمەند بێت کە ئەگەر دابمەزرێ ئەوا هەم ژیانی مرۆڤەکان دەپارێزێ هەم بە پارەیەکی کەم بۆ خزمەتکردنی نەخۆشەکانی خزمەتگوزاری تەندروستی سەراسەری (ئێن ئێچ ئێس) کە پشت بەستوو نەبێت بە کۆمپانیا مۆنۆپۆڵیەکانی دەرمان. کۆربن وتی: خوڵقێنەرانی راستەقینەی سەروەت و سامان واتە خەڵکی ئەم وڵاتە دەتوانن کار و خزمەتگوزاری و داهاتوویەکیان هەبێت کە شایستەین''.


کۆربن توانی لەم کۆنفرانسەدا کەلە وتەکانیدا دیار و رۆشن بوو کە ئەوەی کرد کە دەبوا بکرێ ئەویش هەڵخراندنی لایەنگران و ئەندامانی ئەم بزوتنەوە کرێکاریەی لەیبەرە لەدەوری سیاسەتی چینایەتی کرێکاران.


پاش ئەوەی بیسترا کە دادگای باڵا بڕیاری داوە لەسەر هەڵپەساردنەکەی پەرلەمان و بۆریس جۆنسن بە نایاسایی پەرلەمانی پەکخست، کۆربن مۆراڵی ئامادەبووانی بەرزکردەوە و ڕایگەیاند کە چیدی جۆنسن شیاو گونجاو نییە کە سەرۆک وەزیران بێت.


کۆربن لەناو ئامادەبووانی پڕ لە حەماس و شۆڕو شەوقی ناو کۆنفرانسەکەدا وتی: ''ئەم قەیرانە تەنها بە هەڵبژاردنی گشتی حەل و فەسل دەکرێ". وتەکانی کۆربن ڕووبەڕووی حەماسێکی زۆری ئامادەبوان بوەوە بەتایبەتی بە ڕازیبوون بە داوا رادیکالەکانی کۆنفراسەکە تەنانەت هێندە ورووژابوون کە تامەزرۆبوون چالاکوانانیان بچنە سەر شەقامەکان و کەمپینی سەرکەوتنی لەیبەر بکەن.


کۆنفرانسی لەیبەری ئەمساڵ ئەو کۆنفرانسەبوو کە پێویست بوو بکرێ هەروەک خۆیان دەڵێن. هەناسەیەکی قووڵ بوو بەرامبەر هەموو ئەو شتانەی کە تێپەڕین لە چەند مانگی ڕابردوودا. چالاکوانانی لەیبەر دەڵێن ئەم کۆنفرانسە هەوایەکی تازەبوو لە بەرامبەر هەموو ئەو تەنگەژەی کە حیزب پیاتێپەڕی هەروەها وەبیرهێنەرەوەی هێزی ئەم بزوتنەوەیەیە کەلەکوێ دایە و حەماسی چاوەروانکراوی ئەوەشە کە بەڕێوەیە ڕووبدات. لەراستیدا ئەم کۆنفرانسە کۆبوونەوەیەکی بەرینی پێش هەڵبژاردن بوو وە وەک ئەندامانی ئەو حیزبە دەڵێن دەرفەتێک بوو بۆ نەرمکردنی ماسوولکەکانمان بۆ شەڕێک کە بەڕێوەیە. لەیبەر دەڵێ: باشەڕەکەمان دەست پێ بکات.


ئەیلوولی ٢٠١٩
ماڵپەڕی سالار حەمەسەعید

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک