١٣\١٠\٢٠١٠
کۆنفرانسی کوشتنی
ئازادی رۆژنامەنووسان لە خانەقین.

سەلام
عەبدوڵا
چاوەڕوانی رۆژنامەنووسانی
خانەقین:
زۆر دەمێکە رۆژنامەنووسانی خانەقین چاوەڕوانی ئەم رۆژە دەکەن، واتە
دامەزراندنی نووسینگەکەیان. ئیمرۆ بە ئامادەبوونی نەقیب، سکرتێرو
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای رۆژنامەنووسان و رۆژنامەنووسە حیزبییەکان، لە
هۆڵی کلتوری خانەقین کۆنفرانسەکەیان دەستپێکرد.
کۆنفرانسی رۆژنامەنووسان یان کۆبوونەوەی
پێنج حیزب؟!
پاش وتەکەی نەقیبی رۆژنامەنووسان، ناوی پێنج کەس بانگکراو پرسیاریان لە
ئامادەبووان کرد: کەس هەیە دژی ئەم کاندیدانە بێت؟
پاشان بوو بە دەنگدان و دەنگی(یەڵڵا دەست هەڵبگرن...یەڵڵا دەستهەڵبگرن)
بەرزبووەوە!
لەم بارەیەوە رۆژنامەنووس ئەمەل باجەڵان، وتی: بە باشی نازانم کاروباری
رۆژنامەنووسان بەم شێوە بەرێوەبچێت. دەبوو کەمێ پشتیوانی ژنانیش بکەن.
کوشتنی ئازادی رۆژنامەنووسان!
کۆنفرانسی دامەزراندنی نووسینگە بۆ رۆژنامەنووسان دەبێ بە نووسراوو
بینراو و بیستراو بانگەواز بۆ هەموو رۆژنامەنووسان بڵاوبکرێتەوەو تێدا
کات و شوێنەکەی دیاری بکرێت، بەڵام ئەمەی لە خانەقین ئەنجامدرا،
گاڵتەجاڕی کۆبوونەوەیەکی حیزبی لەپڕ بوو و هیچی تر: حیزبەکان کەسەکانی
خۆیان دیاریکردبوو و داوایانلێکردن دەنگیان پێبدەن!
هەموو کۆنفرانسەکە کاتژمێرێکی تێنەپەڕاند.
رۆژنامەنووسان چی دەڵێن:
زەینەب ئەرکەوازی: چەندە حەقمان لەناو پەرلەمان و وەزارەتەکان هەیە،
ئەوەندەش لێرە. یەک ژن هەڵنەبژێردران! ئەمە مانای چییە؟!
حەسەن هەیاس: شتێکی کوتوپڕ بوو و ئەنجامەکەشی حەپەساندمی!
نیهاد حوسێن: کۆنفرانسێکی کوتوپڕ بوو و کاندیدەکان بەشێوەی حیزبی
دانران.
دوکان جاف: هیچ تامی کۆنفرانسی نەدا. رۆژنامەنووسانی درووستکراو
رێکیانخستووەو ئێمەش هەرچی بڵێین هیچ ناگۆڕین!
وەلی شەریف: بەبۆچوونی من ئەوە کارێکی حیزبی بوو، بۆیە کارێکی
نەخوازراوە.
ئەحمەد مەشەی: زۆر سەرکەوتوو بوو، بەڵام ژنانی رۆژنامەنووسی تێدا نەبوو.
نەبیل محەمەد: دەبوو بە تەوافقی بوایە.
بەیدا حەمزە: وامانزانی بە تەوافقی(دوو بە
دوو)ە!
زەینەب ئەرکەوازی: رازی نیم نووسینگەی رۆژنامەنووسان بەم شێوەیە لە
خانەقین بکرێتەوە، چونکە بەشێوەی حیزبی رێکخراوە. هەروا دەبوو لەپاڵ
پیاوەکانیش، ژنانیشیان لەناو بوایە. کەس دەنگی ژن نابیستێ!
ئیمڕۆ بە چاوی خۆم بینینم چۆن بەناوی ئازادی رۆژنامەنووسییەوە،
سووکایەتی و گاڵتەجاڕی بە پیشە و کەسایەتی رۆژنامەنووس دەکرێت...
ماڵپهڕی سهلام عهبدوڵا
|