٥\٦\٢٠١٢
کۆنفرانسی ''نەتەوەیی
ژنان'' و ھەشت دەستکەوتی پیاوانە!

ھۆزان مەحمود
دووەم کۆنفرانسی نەتەوەیی ژنی کورد رۆژی (٢٢ -٢٥ی مانگی مەی ٢٠١٢) بە
بەشداریی (١٨٦) ژنی ھەر چوار پارچەی کوردستان لە ھۆڵی کۆنگرەی سەعد
عەبدوڵڵا لە ھەولێر بەسترا. ئەم کۆنفرانسە لە بەردەوامی کۆنفراسی ئامەد
بوو کە لە ساڵی ٢٠١٠ دا بەسترابوو.
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە لە لای من زۆر گرنگە ژنی کورد کۆنفرانس،
سیمینار، خۆپێشاندان، کۆڕ، کۆبوونەوە، نووسین، لێکۆڵینەوە و
دەنگھەڵبرین و دەیان شێوازی خەباتکردن بگرنەبەر بۆ کارکردن لەسەر پرسی
ژن. و کارکردنی ھاوبەش و راگۆڕینەوە و ھاوپشتیی ژنانە و تێگەیشتن لە
یەک زۆر گرنگە. چونکە تا ئەم ساتەش زۆربەی ژنانی کورد لە چاوی پیاوی
حیزبەکانەوە سەیری پرسی ژن دەکەن. ساڵانێکی زۆر ژنانی باشوور کاری
ھاوبەشیان نەدەکرد بە ھۆی ئەوەی حیزبەکانیان لە شەڕدا بوون لەگەڵ یەک..
دیارە تا ئەم ساتەش کولتووری ( پەنجا بە پەنجا و تەوافوق و کۆتا) زاڵە
بەسەر زۆر کار و چالاکیدا ھەروەک لەم کۆنفرانسەشدا بینیمان. ھەڵبەت
ئێستا کە سیستمی حوکمڕانی بۆتە "پلورالیزم" و فرەحیزبیی، یەکێتی و
پارتی و ئیسلامی و گۆڕان و شیوعی و ئەوانی تر کە لەیەک سیستمی سیاسیدا
کۆبونەتەوە ھەر بەو ھۆیەش ژنە حیزبییەکان مۆڵەتیان پێ دراوە تێکەڵ بن و
کاری ھاوبەش بکەن.
ھەرچەند من نەمدەویست لەسەر ئەم کۆنفرانسە بنووسم بەڵام کەسانێکی زۆر
پرسیاریان خستە سەر ئەم کۆنفرانسە و ئامادەکارانی کە بۆ) من بانگھێشت
نەکرام(؟. دیارە من دژی ئەوە نیم کە ژنانی حیزبەکان، رێکخراوی ژنان و
کەسایەتییەکان کۆڕ و کۆنفرانس ساز بکەن بۆ ھەر مەبەستێک بێ و ھەر
کەسێکیان پێ خۆش بێ بانگھێشتی بکەن یان نەیکەن بە بڕوای من ئازادن
لەوەدا. بەڵام مەسەلەکە ئەوەیە کە من بە راستیی ھەست بە مەترسییەک
دەکەم کە کۆمەڵێک ژنی حیزبی دەیانەوێ جارێکیتر پرسی ئازادیی ژن بکەنە
قوربانی پرسی نەتەوەیی . ھەر بۆیەش بە باشی دەزانم ھەڵوێستی خۆم دەربڕم
و ئەم بەشەم بۆ گرنگترە لەوەی کە بۆ من بانگھێشت نەکراوم.
جیاواز لەو کێشانەی کە ئەم کۆنفرانسە ھەیبوو ھەر لەسەرەتاوە تا کۆتایی
لە بیانووگرتن بۆ زیادکردن و کەمکردنی ژمارەی نوێنەر و مەرجدانان بۆ
بەشداریکردنی یەکتر و پرسیار دروستکردن لەسەر شەرعیەتی نوێنەرایەتی
یەکتر بەشێکی کێشەکان بوون. رێکخراوگەلێک بایکۆتیان کرد و ھەندێکیتر
گلەییان ھەبوو کە حیزب ویستویەتی ھەژموونی سیاسیی ھەبێ بەسەر
کۆنفرانسدا ئەمە لە کاتێکدا زۆربەی ژنەکان خۆیان حیزبیی بوون!.
ھەندێکیتر ھۆڵی کۆنگرەیان بەجێھێشت و بارودۆخێکی گرژ و ناتەبا زاڵ بوو
بەسەر ئەم کۆنفرانسەدا، ئەمە بە پێی ئەو ھەواڵ و چاوپێکەوتنانەی کە
لەگەڵ چەند کەسێکی کۆمیتەی ئامادەکاریی کراون.
بەڵام ھەرچۆنێک بوو دوای سێ ڕۆژ بە بەیاننامەیەکی ھەشت خاڵییەوە
کۆتاییان پێ ھێنا. ھەشت خاڵی زۆر گشتیی و کرچوکاڵ کە زۆرتر پێمان نیشان
دەدا ئەم ژنە حیزبییانە ئەرکێکی حیزبییان بە جێ ھێناوە و رەزامەندیی
ئەو لایەن و رێکخراوانەی سێبەری دەسەڵات یان کە مەبەستی خۆیان بوون
بەدەست ھێناوە.
دیارە یەکێک لە "داھێنانەکانی" ئەم کۆنفرانسە ئەوەیە کە لە سەدا ٤٠ ی
لیژنەی ئامادەکاریی کۆنگرەیی نەتەوەیی ژن بێ. من نازانم ئەگەر لە سەدا
٥٠ یش بێ، ژنی کورد چی دەست دەکەوێ؟ جەختکردن لەسەر مەسەلەی کۆتا و بە
"ژنانە"کردنی حیزبەکان و کۆمەڵێک کڵێشەی لیبرالی وەکو زیادکردنی ژنان
لە نێوەندی بڕیاردەکردن ھیچ دەردێک دەوا ناکا و لە کوشتار و سوتاندنی
ژنان کەم ناکاتەوە. بەڵکو ئەمە رێگە خۆشکردنە بۆ ئیلیتێک لە ژنان لە
نموونەی زۆرێک لەوانەی لەم کۆنفرانسەدا بوون کە خۆیان و ھاوڕاکانیان
دەستیان بە ھەندێک پێگە و پۆستی باڵاتر بگا. ئەمە جیاواز لەوەی کە خودی
ئەم کۆنفرانسە لاوازییەکی ھزریی و تیۆری زۆری پێوە دیارە، بۆ نموونە
لەوە ناچێت ھیچ دیبەیتێکی ھزریی لەسەر پرسی ژنان لە پڕۆژەی
ناسیۆنالیزمی کوردیدا کرابێ لە روانگەی جیاواز و ڕەخنەگرانەوە، یان
ھەندێک لێکۆڵینەوە لەسەر نموونەی وڵاتانی نزیک بە کەیسی کوردستان لەسەر
پرسی ژن خرابیتە بەر باس بۆ سوودوەرگرتن لێی و دیبەتکردنی. نەبوون یان
کارنەکردن بۆ دروستکردنی گوتارێکی ژنانە لە کوردستانی باشوور کە
پشتبەستوو بێ بە ھزر و تیۆری دوور لە مێنتاڵیتی پیاوانەی سێکسیت و
ناسیۆنالیست. گوتارێک کە ژنان ھانبدا بۆ پرسیار خستنە سەر ھەر ھێز و
لایەنێک بە حیزبیی و دینیی و کولتووریی و دابونەریت و کۆنەپارێزییەوە
کە ژنانی کردۆتە کۆیلە. لەو باوەڕەدام کە بێ مافیی و توندوتیژیی لە دژی
ژنان تیشکی نەخراوەتە سەر و ھۆکارەکانی شرۆڤە نەکراون و میکانیزمی
کارکردن بۆ بنەبڕکردنی نەخراوەتە دەستووری کاریانەوە. پرسی ژنانی
دەربازبووی ئەنفال کە دەبووایە تەوەرێکی گرنگ و سەرەکیی بێ و خۆیان
لەوی بن، دڵنیام "فەرامۆش"کراون. نەخوێندەواریی و ھەژاریی و بێکاریی و
دەیان گرفتی کۆمەڵایەتی کە ژنی کورد پێوەی دەناڵێنێ جێگەی سەرنجی ئەم
خانمە سیاسەتمەدارانە نەبوون، چونکە ئەم باسانە "ئابڕووی" کوردی پێ
دەچێ و کەمتر باسکردنی لە "بەرژەوەندیی" گشتییە!
دیارە لەوانەیە من ھەڵەبم ئەم چاوەڕوانییانەم لە ژنانی حیزبی کوردی
ھەیە. لە کاتێکدا ئەم ژنانە زۆربەیان بە درێژایی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە
ھاوبەش بوون لە گەندەڵیی، چەوسانەوە، پێشێلکاریی مافی مرۆڤ، لە
دەرکردنی یاسای دژە ژن، و لە راگرتنی سیستمی پیاوسالاریی حیزبیی لە
حکومەت و پەرلەمان دا. چونکە ئەم ژنانە بەشێکن لەم حیزبانە کە کارنامەی
زۆربەیان پڕیەتی لە بێ کەرامەتییکردن بە ژن و بە تاکی کورد بە گشتیی.
بەڵام وەکو کەسێک کە ھە ست بە بەرپرسیارێتی دەکەم گرنگە ئەمانە بڵێم،
بەو ھیوایەی سەرنجی ھەندێک لە ژنانی کوردی بەشداربوو لەوێدا راکێشم بۆ
کەموکوڕییەکان و بەلاڕێدابردنی پرسی ژنان. چونکە ئەو ژنانەی لەوێدا
بەشداربوون ھۆشیارانە یان ناھۆشیارانە لە کۆنفرانسێکدا بوون کە بە
ئاشکرا بە ژنی کوردیان راگەیاند کە ئەوانەی دەتوانن بڕیاردەر و "نوێنەری"
پرسی ژنان بن ژنە حیزبییەکانن و ئەوانن کە بە ناوی رێکخراوی ژنانیشەوە
قسە دەکەن. و پرسی ژن دەکەنە قوربانی پرسی نەتەوە و ھەموو ماف و
ئازادییەکی ژنان دەکەنە قوربانی چەند کورسییەکی سیستمی کۆتا.
ئەم ژنانە لە کاتێکدا بە جلی کوردی گران بەھا و دەیان مسقاڵ ئاڵتون و
زیوەوە لە ھۆڵێ کۆنگرە لەسەر "پرسی نەتەوە" قسەیان دەکرد. لە
کۆڵانەکانی شار و شارۆچکە و شارەدێیەکان چەندین ژن سوتێنران و چەندینی
تریش کرانە قوربانی چەند فیشەکێک بۆ پاراستنی ئابڕووی پیاوانی کورد ئەو
پیاوانەی کە زۆربەیان داڵدە دەدرێن لە لایەن حیزبەکانی ئەو ژنانەوە کە
لەو کۆنفرانسەدا ئامادەبوون. خۆ لەوانەیە چەند ژنی تریش کرابێتنە
قوربانی (سوڵحی عەشایەری) و یان لەسەر بێشکە مارە بڕابێتن و خەتەنە
کرابن و چەند کچێکی گەنجی ١٥ و ١٤ ساڵە بە زۆر درابێتن بە پیاوی ٤٠ و
٥٠ ساڵە.. ئاخۆ چەند ژنی تر لە ھەمان کات و رۆژدا کەوتبێتنە بەر شەقی
مێرد و برا و باوکەکانیان. تۆ بڵێی چەندی تر لە بەر نەبوونی دەرامەت
دەستیان دابێتە لەشفرۆشیی؟ یان چەند ژنی تر دەستدرێژیی سێکسیی کرابێتە
سەریان لە شوێنی کار و لە ناو ماڵ؟. ئەمە ئەو بارودۆخەیە کە ژن و کچی
کوردی تێدا دەژی، ئەمە لیستێکی زۆر کەمی ئەو نەھامەتییانەیە کە رۆژانە
ژنی کورد پێیەوە دەناڵێنێ. ئایا چەند لەم گرفتانە تەوەری ئەم کۆنفرانسە
بوون؟ ئەمە لە کاتێکدا کە ئەم زوڵم و ستەمەی سەر ژنان لە ھەر چوار
پارچەکەی کوردستان بەدی دەکرێ.
بۆ ژنێک کە لە ژێر شەق و ئازار و چەوسانەوەی پیاودایە بوونی چل لە سەدی
کورسی بۆ ژن چ واتایەکی ھەیە؟ ؟ بۆ ھەزاران و سەدان کچ و ژنی کورد کە
کوژراون یان بە جەستە زیندوون و لە ترس و دڵەڕاوکێی کوشتن و سوتان دان
ئەم ھەشت خاڵەی کۆنفرانس چی بۆ ئەوان دەگۆڕێ؟ بۆ ژنە رەشپۆشەکانی
دەربازبووی ئەنفال ئەم کۆنفرانسە و ھەشت خاڵەکەی چ گرنگییەکی ھەیە لە
کاتێکدا سەرۆک جاش و بکوژانی خۆشەویستەکانیان لە لایەن حیزبی ئەم
ژنانەوە داڵدە دراون و پلە و پایەیان لەوەی پێشتر بەرزترە؟؟ ئاخر
دەتانەوێ کێ بخەڵەتێنن ژنانی حیزب؟ ئەمانە و دەیان پرسیاری تر پێویستە
بخرێتە بەردەم ژنانی حیزبی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن کە ھاوبەشن لەم جۆرە
کار و چالاکییانەدا کە چیتر خۆڵ نەکەنە چاوی ژنان و کۆمەڵگا بەوەی کە
کۆنفرانسیان گرتوە بۆ پرسی نەتەوەیی. پرۆژەی سەربەخۆیی کوردستان و پرسی
نەتەوە مەسەلەی ھەموو کۆمەڵگای کوردستانە نەک کۆمەڵێک حیزبی بازرگانی
سیاسیی کورد و چەند ژنێکی حیزبیی.
دیارە ئەمەی سەرەوە ھەم وەکو وەڵامێک و سوپاسێک بۆ ھاوڕێیان کە
نیگەرانی بانگھێشتنەکردنی من بوون، بەڵام من پێتان دەڵێم کە دەزانم کە
ئەم کۆنفرانسانە و دەیانی پێشتر و دواتریش جێگای کەسی وەکو من و
ژنانێکی چالاک و ڕەخنەگر لە دەسەڵات نییە. چونکە من بە ھیچ شێوەیەک
سازش لەسەر پرسی سەرەکی ئازادیی، یەکسانیی و مافە فەردیی و
مەدەنییەکانی ژنان ناکەم و ھەموو کاتیش دەسەڵاتی کوردیم بە بەرپرسیاری
یەکەم زانیوە لە ئاست ئەو دۆخەی ئێستای کوردستانی تێدایە ھەر لە بورای
سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتییەوە تا نەبوونی ئازادیی و یەکسانیی
کۆمەڵایەتی و بە تایبەت لە سەر نەبوونی ماف و ئازادیی ژنان. ئەم
کۆنفرانسە و دەستەکەوتەکانی تا بڵێی پیاوانەیە و ھیچ خزمەتێک بە پرسی
ژن ناکا، بەڵکو جارێکیتر گرێدانی ئازادیی و سەربەخۆیی ژنانە بە پرسی
نەتەوەییەوە کە ئەمە خۆی ئەجێندای ئەم حیزبە کوردییە پیاوسالاریی و
خێڵەکییانەیە. و ئەم ژنە بەڕێزانە بە پلەی یەکەم و لای خۆیان بۆ
حیزبەکانیان نیشان دایەوە بەوەی کە لەو ئەجێندا پیاوانەیەی ئەوان زیاتر
شتێکیتر لە ئارادا نییە بۆ پرسی ژن.
٣\٦\٢٠١٢
ماڵپهڕی هۆزان
مهحمود
|