٢٢\٧\٢٠٢٣
راگەیاندنی
دووەمین کۆنفرانسی رێکخراوی ''ئازادیی دەربڕین''.

ئاگاداری سەرجەم هاوڵاتیانی کوردستان بە
تایبەتییش ئەو کەسانە دەکەینەوە کە ''چەمکی ئازادیی'' و تیکۆشان لە
پێناو بەرجەستەکردنی ''ئازادییەکانی دەربڕین''یان بۆ گرنگە..
رێکخراوەکەمان لە رێکەوتی ١٥\٧\٢٠٢٣
دووەمین کۆنفرانسی بە بەشداریی زۆربەی زۆری هاوڕێیانی خۆی و بە
شێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجامدا. پێشینەی خەمڵین و رسکانی رێکخراوی
''ئازادیی دەربڕین'' دەگەڕێتەوە بۆ چەند ساڵێک لەمەوبەر کە لە سەرەتا
بە کۆمەڵێک کاری چالاکوانیی سەبارەت بە ئازادیی رۆژنامەگەریی و
ئازادییەکانی دەربڕین دەستیپێکرد، پاشان بە تێپەڕینی کات وردە وردە بە
کارکردن لەسەر ''چەمکی ئازادیی'' تایبەتمەندیی خۆی وەرگرت، سەرئەنجام
ساڵێک بەر لە ئێستا لە کۆنفرانسی یەکەمینیدا کە کۆنفرانسی دامەزراندن
بوو بە هەموارکردنی کارنامە و پەیڕەوەکەی کە رەنگدانەوەی هزر و
ئامانجەکانی بوو ئەو تایبەتمەندییە بە شێوازێکی پتەو چەسپێندرا و لە
رووی رێکخرابوونیشە وەک رێکخراوێکی ئاسۆیی کە تێکڕای کار و
چالاکییەکانی بە شێوەی هەرەوەزیی و کاری بەکۆمەڵ بەڕێوەدەچن بە تەواویی
جێی خۆی گرت.
لەو کۆنفرانسەی ئێستاماندا کۆمەڵێک بابەتی گرنگ و هەمەجۆر کە
رەنگدانەوە و ئەنجامی کار و خەباتی یەک ساڵی رابردوومان بوون خرانەڕوو
و بە پێی پێویست و بە گەرموگوڕییەکی زۆرەوە گفتوگۆیان لەسەر کرا..
لێرەدا تەنیا بە کورتیی ئاماژەیان پێبدەین:
لە سەرەتادا راپۆرتی گشتیی بە ناونیشانی ''ئـێمە جیاوازین بۆیە دەبێ
کۆنفرانسیشمان جیاواز بێ'' پێشکەش کرا کە تێدا جەخت لەسەر شێوە
رێکخراوبوونی ئاسۆیی رێکخراوەکەمان و خستنەڕووی جیاوازییەکانمان لەگەڵ
رێکخراوە قووچەکییەکانی کوردستان کە بە پێی فەرهەنگی میللییگەرایی
حیزبایەتی و تەسکبینیی رامیاریی بەڕێوەدەچن و سەرئەنجام ئاوەکەیان لە
ئاشی کەسانێک یان لایەنێکی ئەو سیستەمە سەرمایەدارییە ملهوڕە دەکەنەوە
کە مرۆڤەکان بە دەستیەوە داماون! لەوێشەوە رۆشنایی خرایەسەر جیاوازیی
کۆنفرانسەکانی ئێمە و ئەوان وەک پرسێکی گرنگی رێکخراوەیی. هەر لەو
بەشەشدا زۆر بە کورتیی مێژووچەیەکی رێکخراوەکەمان وەک وەبیرهێناوە
خرایەڕوو.
لە بەشی دووەمدا لە کەشێکی زۆر ئازاددا دەرفەت بە سەرجەم هاوڕێیان درا
تا پێداچوونەوەیەکی گشتگیر بە ''کارنامە و پەیڕەو''ی رێکخراو بکەن و
هەر خاڵ و بڕگەیەک ئەگەر پێویست بکا هەموار بکرێ، بێجگە لە گۆڕانکاریی
لە دوو خاڵ سەرجەمی کارنامە و پەیڕەوەکە وەک خۆی پەسندکرایەوە، ئەو دوو
خاڵانەش بریتییبوون لە: ١- کەمترین بڕی ئابوونەی
ساڵانە لە (١٠ دۆلار)ەوە کرایە (٢٠
دۆلار). ٢- ناوی لێژنەی سەرپەرشتیی گۆڕدرا بۆ
''لێژنەی بەڕێوەبردن''. هەر لەو بەشەشدا پێشنارکرا ''لێژنەی
راوێژکاریی'' لە نێو ''پێکهاتەی رێکخراوەیی'' بچەسپێندرێ، بەڵام
لەبەرئەوەی خودی لێژنەکە لەوەتەی دامەزراوە زۆر ناچالاک بووە و هیچ
جوولەیەکی ئەوتوی لە خۆی پێشان نەداوە - نەک ئەوەی رێکخراوەکەمان
لێژنەکەی پێویست نییە - بە زۆرینەی زۆری دەنگی ئامادەبووان
هەڵوەشێندرایەوە.
پاش ئەوەی راپۆرتی دارایی لە بەشی سێیەمدا خوێندرایەوە.. بە مەبەستی
بەهێزکردنی باری ئابووریی رێکخراوەکەمان گفتوگۆیەکی چڕوپڕ کراو و
چەندین بۆچوون و پێشنیار خرانەڕوو، بێجگە لەوەی جەخت لەسەر ئەوە
کرایەوە کە پێویستە بە شێوەیەکی راشکاوانەتر کار لەسەر ئەو نەخشەیە
بکرێ کە لە بەشی دارایی لە کارنامە و پەیڕەوەکە جێگیر کراون.. بڕیاردرا
''سندووقی کۆمەک'' کە پێشتر جێگیر کرابوو بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە،
سەبارەت بە گەنجینەی رێکخراویش بە هۆی ساغبوونەوە لەسەر ئەوەی کە
سیستەمی بانکیی کوردستان زۆر خراپ و پڕ لە کێشە و گەندەڵکارییە بڕیاری
دەرکردنی هەژمارێکی دیکەی بانکیی هەڵوەشێندرایەوە.
لە بەشی چوارەمدا بەرنامەیەکی کراوە پێشکەش کرا.. لەو بەرنامەیەدا کات
کراوە بوو بۆ هەر هاوڕێیەک تا بتوانێ هەر سەرنج و پرسیار و پێشنیار و
رەخنە و بەدواداچوونێکی هەبێ بیخاتەڕوو، ئەوە بوو کۆمەڵێک هاوڕێ بە
خستنەڕووی کۆمەڵێک بابەت بەشدارییان کرد و بە پێی پێوست بابەتەکان
گفتوگۆیان لەسەر کرا، هەر لەو بەشەشدا سەبارەت بە مۆڵەتی رێکخراوەکەمان
بڕیاردرا بۆ ماوەیەکی کاتیی داواکاریی بۆ دەرکردنی مۆڵەت لە فەرمانگەی
رێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستان رابگرین.. ئەوەش لەبەرئەوەی
ئەو فەرمانگەیە لە ژێر هەژموونی دوو پارتیە دەسەڵاتدارەکەی کوردستانە و
بۆ دەرکردنی مۆڵەت دەبێ نامەی پشتگیریی لە یەکێک لەو دوو پارتییە
وەربگیردرێ!
لە بەشی کۆتاییدا هەموو ئەندامانی لێژنەی بەڕێوەبردن - کە لێژنەیەک بۆ
بەڕێوەبردنی ئەنجامدانی کار و چالاکییەکان نەک لێژنەی بەڕێوەبردنی
رێکخراو - بە کۆی دەنگ متمانەیان پێدرایەوە و هاوڕێیەکی دیکەش وەک
ئەندامێکی نوێ بۆ لێژنەکە هەڵبژێردرا.
ئیدی هاوڕێی پێشکەشکار لە پاش ئەوەی گوتی هیوادرین ساڵی داهاتوو بە
گوڕوتینێکی نوێوە وەڕێبکەین و رێکخراوەکەمان بگەیەنینە ئاستێکی گەشتر و
بەرزتر.. هەموو هاوڕێیان بەوپەڕی شادمانییەوە ماڵئاواییان لە یەک کرد و
کۆتایی بە کۆنفراسەکە هات.
رێکخراوی ئازادیی دەربڕین
٢٢\٧\٢٠٢٣
|