په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

کۆنگرەى چوارەمی پارتی چارەسەری
پەیامێکە بۆ ئەو پارتانەى کە کۆنگرە نابەستن.


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی


(پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان) یەکێکە لەپارتە شۆڕشگێڕەکانی سەر گۆڕەپانی باشووری کوردستان و ماوەیەکى زۆریش نییە خەباتی خۆی بەڕێوە دەبات. سەرەڕای ئەو کۆسپ و ئاستەنگیانەى کە دەیهێننە رێی کادیر و ئەندامانى ئەو پارتە تێکۆشەرە، بەڵام بەهۆی رۆحى ئیسراربوون لەسەر کار و خەبات ئەو خاڵە زیاتر کادیرو ئەندامانى ئەو پارتە وا لێدەکات کە لەتێکۆشاندا بەردەوام بن، سەرەڕای هەموو لەمپەڕەکان. لەبەر ئەوەى هەڵگری بیرێکى نوێیە و دەیەوێت بیرۆکەى خۆی بڵاوبکاتەوە و هەڵگری باشترین ئایدیۆلۆژی و فەلسەفەى سەردەمن کە سەرچاوەى خۆی لەبیری رێبەر ئاپۆدا دەبیننەوە، لەو روانگەیەوە تێدەکوشن بۆ چارەسەری کێشەى رەوای گەلەکەمان و هەروەها ئەو کێشانەى کە رۆژانە رووبەڕووى گەلەکەمان دەبێتەوە، هاوکات لەگەڵ کێشە کۆمەڵایەتییەکان.


پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان یەکێکە لەو پارتانەى کە پابەندە بە پەیڕەو و پرۆگرامی خۆیەوە، بەشێوەیەکى سیستەماتیک لەو کاتانەى کە بۆ کۆنگرە دانراون لەکاتی ئاسایی سەرجەم کۆنگرەکانى خۆی بەستووە، لە یەکی ئایاری ئەم مانگە چوارەمین کۆنگرەى ئاسایی خۆی بەست، ئەمە لەکاتێکدا پارتی هەیە تەمەنێکى دوور و درێژی هەیە ناتوانن کۆنگرە ببەستن، بێگومان ئەوەش لەبەر بەرژەوەندی تەسکى حزبایەتى دەگەڕێتەوە، بەڵام پارتیەکى تێکۆشەر کە تەمەنێکى کورتى هەیە و دەتوانێت دوو ساڵ جارێک کۆنگرەى خۆی ببەستێت ئەمە بۆخۆی گرنگە و پەیامێکە بۆ پارتەکانی تر.


لە چوارەمین کۆنگرەى پارتی چارەسەری دیموکراتی کوردستان کە ماوەى سێ رۆژ بەردەوام بوو گۆڕانکاری جددی هاتە کایەوە، یەکێک لە گۆڕانکارییە بنچینەییەکان ئەوەیە کە پارتی چارەسەری دەرکى پێکرد و توانی خۆی لێی رزگار بکات مەسەلەى مەکتەبی سیاسی ئەو پارتەیە بەدەرک کردن بەوەى لە مەکتەبی سیاسیدا ناوەندگەرایی هەیە، بۆیە ئەم کۆنگرە بڕیاردرا کە ئیدى مەکتەبی سیاسی نەمێنێت و لەجیاتی ئەوە دەستەى کارگێری دانرا کە ژمارەیان لەمەکتەبی سیاسی پێشووتریش جیاواز دەبێت و ئەو سەڵاحیەتیانیشی نییە کە وەکو ناوەندگەرابێت. ئەمە لەلایەکەوەن لەلایەکى ترەوە یەکێک لەو خاڵانەى کە پارتی چارەسەری بڕواى پێیەتى مەسەلەى دەستاودەستکردنى پۆستەکانە، لەم کۆنگرەیەدا پارتی چارەسەری سەرۆکێکى نوێی هەڵبژارد، چونکە لەپەیڕەو و پرۆگرامیشدا هاتووە هەر سەرۆکێک بۆ دوو خوول دەتوانێ سەرۆکایەتى بکات، گەر بۆ سێیەمین جار ویستى ئەوا دەبێت پڕۆژەى هەبێت، بەڵام لەمیانەى باوەڕبوون بەپرەنسیپەکانى دیموکراتى بەڕێز د. فایەق گوڵپی پرۆژەى پێشکەشی کۆنگرە نەکرد و لەجێگەى خۆی بەڕێز (دیار غەریب)ی کاندید کرد، بەڕێز (دیار غەریب)یش لە هەڵبژاردنێکدا زۆرینەى دەنگەکانی بەدەستهێنا و بوو بە سەرۆکى (پ چ د ک) ئەمەش پەیامێکی ترە بۆ سەرۆکى حزبەکانى تر کە تا مردن هەر خۆیان لەسەرۆکایەتى دەمێننەوە. دەبێت ئیدى لەسەرۆکى ئەحزابەکانى تر بەرۆحێکى بەم شێوەیەوە جڵەوی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی ئەو حزبانە بەردەن و بۆ کەسانی تر جێبهێڵن.


خاڵێکى تری گرنگ پارتی چارەسەری بایەخێکی یەکجار زۆر بە مەسەلەى ژینگە و ژن و لاوان داوە، بەدەرککردن بەوەى کە ژنان و لاوان دەتوانن پێشەنگایەتى کۆمەڵگا بکەن، هەربۆیەش لەو روانگەیەوە ئەو خاڵانەی پێشخست و دەبێت دەرفەت بەلاوان و ژنان بدرێت بۆ ئەوەى لەو قەیرانەى کە تێداین رزگارمان بکەن، چونکە ئەو دوو بەشەى کۆمەڵگا ئەوان دەتوانن کێشە کۆمەڵایەتى و سیاسی و ...هتد چارەسەر بکەن، هاوکات لەگەڵ (پ چ د ک) بایەخێکی زۆر بەمەسەلەى ژینگە دەدات بەدەرککردن بەوەى کە ژینگە رووبەڕووى مەترسی دەبێتەوە، ئەگەری ئەوە هەیە کە لەداهاتوودا ژیانی کۆمەڵگای مررۆڤایەتى بەرەو هەڵدێر ببات، بۆیە یەکێک لەپارێزوانانى ژینگە (پ چ د ک)یە.


خاڵێکى دیکە گرنگە ئاماژەى پێبدەم ئەویش ئەوەیە (پ چ د ک) لەناو سیستەمى کۆنفیدراڵی دیموکراتی دایە و لەو چوارچێوەیەدا خۆی رێکدەخات. سەرەتا (پ چ د ک) ئەو سیستەمە لەخۆیدا پێک دەهێنێ و دواتر دەبێت کۆمەڵانى خەڵکیش بێنێتە ناو ئەو سیستەمەى کە بۆی تێدەکۆشێت کە لەدەرەوەى سیستەمى دەوڵەتە. بەدەرککردن بەوەى کە دەوڵەت نابێتە چارەسەری بۆ کێشەکانمان، بگرە کێشەکان قووڵتر دەکاتەوە، بەڵام لە کۆنفیدرالیزمى دیموکراتیدا باوەڕى تەواوى هەیە بە کۆمەڵگاى سروشتى، بەپشت بەستن بەو سەردەمەوە و لەگەڵ گۆڕانکارییەکانى ئەمڕۆ دەتوانرێ پێشبخرێ و لەباشووری کوردستانیشدا تێکۆشانى بۆ بکرێت دەتوانرێ ئەو سیستەمە بکرێت بەژیان. (پ چ د ک) لەباشووردا سەرکێشی ئەو سیستەمە دەکات. بۆیە دەبێت ئیدی لەم کۆنگرە بەدواوە دەستی پێبکرێت و پراکتیزە بکرێت.


بۆیە لەکۆتاییدا ئەوە دەڵێم کە چوارەمین کۆنگرەى پارتی چارەسەری ئەو گۆڕانکارییە جددیانەى کە لەم کۆنگرەدا ئەنجامیدا زۆر گرنگ بوو، لەهەمان کاتدا بەستنی کۆنگرە لەکاتی خۆیدا و مەسەلەى گۆڕینی سەرۆکى پارتى و مەسەلەى نەمانى مەکتەبی سیاسی و گۆڕانکارییە بنچینەکانی دیکە، ئەمانە پەیامێکن بۆ پارتەکانى دیکە، گەر باوەڕیان بەبنەماکانى دیموکراتی هەبێت دەبێت خۆیان بەو شێوازى رێک بخەن.
 


germiki@gmail.com