په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٣\٢٠١٢

کۆنگرەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی و ملیارێک و دوو سەد و پەنجا ملیۆن دۆلار؟!


ستار محەمەد قادر   


پار ساڵ لە گەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی هەموو وڵاتە عەرەبێکان تاو لەرز گرتیانی، پار هەموو دەسەڵاتە پاوانخوازەکان بۆ لەیلاکەی خۆیان دەگریان، هەر یەکەیان لە هەوڵی رزگارکردنی رۆحی خۆیدا بوو بۆ ئەوەی باهۆزی راپەڕین پەرێزیان نەگرێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەو بەهارە لە دەرگای زۆریانی نەدا، لە وڵاتی سوریا تووشی لەنگەر گرتن بوویەوە، ئەم لەنگەر گرتنەش بووە بە هۆکاری ئەوەی بەستنی کۆنگرەی لووتکەی عەرەبی لەمساڵدا بکەن بە رۆژەڤ، هەر چەندە بەستن یان نە بەستنی ئەو کۆنگرەیە هیچ لە واقیعی حاڵ ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەی لێرەدا جێی نیگەرانیە، ئەویش ئەوەیە: پوولێکی زۆری عێراق بە هەدەر دراوە لەو پێناوەدا، لە کاتێکدا ژێرخانی ئەم وڵاتە وێرانەو زۆرێک لە خێزانە عێراقیەکان بەدەستی برسێتی و بێ کاریەوە دەناڵێنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی باری ئەمنی و ئابووری عێراق نا سەقامگیرەو رۆژانە کۆمەڵانی خەڵکی دەبن و دەکرێن بە قووربانی کردەوە تیرۆریستیەکان، حکومەتی عێراق لە شوێن ئەوەی هەموو هەوڵە ماددی و مەعنەویەکانی بۆ ئاشتی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەرج بکردایەو هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بدایە کە بەهۆی ملهوڕی سیاسەتی مالکیەوە بوونە بە قەیران و بە بنبەست گەیشتوون، کەچی دەبینین بە پێچەوانەوە وەکو پیشەی هەموو سەرۆکە فاشیلەکان تەنها لە هەوڵی ئەوەدایە مەوقیع و مەکانەتی خۆی قایم و رووتووش بکاو سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە دەکات بە قووربانی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکەی، ئەوەی ئێستا دەیبینین راست ئەو پەندەمان وەبیر دێنێتەوە کە دەڵێ: " ماڵ لە خۆی نەبوو، کەچی میوانیش رووی تێکرد " !


ئەوەی ئەمڕۆ لە سیاسەتی مالیکی دەیبینین، نابێت تووشی شۆکمان بکات، چونکە دەبێت ئەوەمان لە بەرچاو بێت، هیچ وڵاتێک بە درووشم نابێت بە دیمۆکراتی، مالیکیش زادەی واقیعی ئەم کۆمەڵگەو وڵاتەیە، ئەویش وەکو ئەوانەی پێش خۆی تەنها لە هەوڵی ئەوەدایە مێژوو بۆ خۆی تۆمار بکات، ئاخر ئەمانە ئەوەندە تامەزرۆن ناویان بچێتە مێژووەوە، بۆیە وا دەزانن مێژوو ئەو کەسانە تۆماری دەکەن وا پشت لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەیان دەکەن و روو لە بێگانە دەکەن، ئەوان هەمیشە پەلاماری بەردێک دەدەن کە نەک ناتوانن بەرزی بکەنەوە، بەڵکو پێیانیش ناجووڵێت، ئاخر ئەگەر بمانەوێت لە گۆشەی لۆژیکەوە لە دەرەنجامی ئەم لووتکەیە بنواڕین، دەبێت مەنتیق لە کوێی ئەم لووتکەیەدا بێت، لە کاتێکدا کام وڵات لە وڵاتە عەرەبیەکان بە نموونە وەربگرین، سیخناخن لە کێشەو نغرۆن لە قەیران، بیست و دوو وڵاتی عەرەبی تا ئێستا نەیانتوانیوە گرێ کوێرەیەک بکەنەوە، ئاخر دەبێت لووتکەیان بۆچی بێت؟!


لێرەدا پێم باشە ئەوە وەبیر سەرکردایەتی سیاسی کوردستان بهێنمەوە، ئەگەر کورد خۆی بە شەریک لەم وڵاتە دەزانێت، دەبێت تەحەفوزی هەبێت لە بەستنی ئەم کۆنگرەیە، هەمووان باش ئەو راستیە دەزانن عێراق پارەیەکی زۆر قەرزارەو ئەگەر ملیارێک و دوو سەدو پەنجا ملیۆن دۆلاریش بۆ بەستنی ئەم کۆنگرەیە لە بەدجەی ئەم دوو ساڵە خەرج کرابێت، ئەمە وەکو ئەوەی لێدێت، مالیکی لەشوێن ئەوەی ئابووری ئەم وڵاتە ببووژێنێتەوە ریسوای دەکات، چونکە بەستنی کۆنگرەکە لە هەر شوێنێک بێت هیچ لە بڕیارەکانی ناگۆڕێت، ئەگەر شوێن ئەو رۆڵەی هەبێت، وا باشترە دەسبەرداری دەرەنجامەکەی ببن!


حکومەتی دەوڵەتی قانوون، نۆ ساڵە گەمەی کات لە گەڵ کورددا دەکات و پارەی ماددەی سەدو چل بە مینحە وەکو ئەوەی سواڵی لێبکرێت لە بودجەی ساڵانە بۆی تەرخاندە کات، بەڵام بۆ بەستنی لووتکەیەک چونکە پەیوەندی بە شەئنی خۆیانەوە هەیە، ئامادەن پارەیەکی وا زەبەلاح لە کون فە یەکونێکدا دابین بکات، ئەمە ئەو عێراقەیە وا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان داوای ئەوەی لێدەکات بە دەستوورو ماددە دەستووریەکانەوە پا بەند بێت، ئەمە ئەو حکومەتەیە وا کورد رۆڵی هەبووە لە درووستکردنیدا؟! ئەوەی لێرەدا بە پێویستی دەزانم تیشکی بخەمە سەر، ئەویش ئەوەیە، لە ماوەی ئەم نۆ ساڵەدا عێراق کۆنگرەی عەرەبی لێنەبەستراوە دانمان لێ جیڕ دەکەنەوە، جا وەرە کۆبوونەوەی لووتکەی وڵاتانی عەرەبی لێببەسترێت، دەبێت چۆن فش ببنەوەو بە چی شێوەیەک وەڵاممان بدەنەوە؟!


بەراستی ئەگەر هەندێک پێیان وایە بە بەستنی ئەو کۆنگرەیە عێراق رووی گەش دەبێت، ئەوانە زۆر سەهوون، چونکە هەرچی وڵات هەیە بە باش و خەراب پشکدارن لە داڕشتنی سیاسەتی ناوخۆی عێراق، ئەگەر هەندێکیانیش بەشداری یان پاڵپشتی تووندوو تیژیان نەکردبێت، ئەوا هەر دەعمی لایەکیان کردووە، ئەوان لە ئێمە باشتر واقیعی عێراق دەزانن، ئیتر دەبێت حکومەتی عێراق چی پێویستیەکی بە نمایشکردنی هێزی ماسوولکە هەبێت، ئەگەر کۆنگرەیەک بەلای هاوڵاتیانەوە هیچ ئەرزشێکی نەبێت، ئەگەر حکومەتێک لە ئێش و ئازاری گەلەکەی نەگات، هەر ئەمەی لێ شین دەبێت، وەکو ئەو پەندە عەرەبیەی کە دەڵێت: " الاناءُ تنضح بما فیها "؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک