٥\٤\٢٠١٩
کۆنسێرتی گەورەی
مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە بۆکان بەڕێوەدەچێ.
مەنسوور جیھانی
کۆنسێرتی
گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە لایەن ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک" و
ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" لە شەوانی ٣ و ٤ی نیسانی ٢٠١٩ لە
شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.
کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی لە لایەن ئاکادیمیای مۆسیقای
"زیرەک" و ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" لە پێناو پاراستنی
مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواریی و بە ئامانجی پەرەپێدان و ناساندنی مۆسیقای
دەوڵەمەندی کوردیی و ھەروەھا زیندووڕاگرتنی ئەم جۆرە مۆسیقایە کە
بەداخەوە لە مەترسی لەبیرچوونەوە و لەناوچووندایە و بە مەبەستی
دامەزراندنی بنەماکانی ھونەریی و کەلتووریی و بەرزڕاگرتنی دوایین جیل
لە مامۆستایانی بلیمەتی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی کاتژمێر ٩ی شەوانی ٣ و
٤ی نیسانی ٢٠١٩ لە ھۆڵی فەرھەنگسەرای سیمورغ لە شاری بۆکان بەڕێوەدەچێت.
لەم کۆنسێرتەدا، کۆمەڵێک بەرھەمی ھەرمانی مۆسیقای شادی کوردیی بە دەنگی
گۆرانیبێژانی کورد "جەعفەر بوغدەداغی"، "عومەر فەرەجی" و "کەریم خاکی"
بە ھاوڕێیەتی مۆسیقای فۆلکلۆریی ناوچەی موکریان، لە لایەن مامۆستا "عوسمان
محەمەدی" ناسراو بە "عوسمانە سوور" ژەنیاریی بەتوانا و بەرجەستەی
ئامێری نەرمەنای، "ئیسماعیل کۆچەری" ژەنیاریی بەتوانا و ناوداریی زەربی
کوردیی و "ئەیووب تازە کار" ژەنیاریی داھاتووڕوونی ئامێری دیوان پێشکەش
دەکرێت.
پارچە مۆسیقا فۆلکلۆریی، گۆرانی و مەقامە ڕەسنەکانی کۆنسێرتی گەورەی
مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی بۆکان لە دەزگای شوور، مەقامی بەیاتی تورک،
گۆشەی شەھناز، دەزگای سێ گاە و مەقامەکانی مۆسیقای ناوچەی موکریان کە
بە شێوەی پێکەوەژەنین، ژەنینی بوداھەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی، گۆرانی
کوتنی تاکەکەسی و "گەڕە لاوژە" یا گۆرانی کوتن بە شێوەی گرووپی مەقامە
تایبەتەکانی ناوچەی موکریان پێشکەش دەکرێت.
ناوی پارچە موزیک و گۆرانییەکانی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: ئێران، شەوبۆ،
تۆم دەوێی، وەرە لام، ڕیحانە، گریان، بەھاران، بریندارم، شیرین بەھارە،
جەلسە، دڵسۆزان، لێوە ئاڵەکەی و چەپکە گوڵ.
زۆربەی ئەم گۆرانی و پارچە موزیکانە لە ساڵانی ڕابردوودا لە لایەن
ھونەرمەندانی مۆسیقای بلیمەت و ڕەسەنی کوردەواریی لەوانە: مامۆستا "حەسەن
زیرەک" ئەفسانەی بێوێنەی مۆسیقای کوردی و گۆرانیبێژانی ناوداری مۆسیقای
کوردستان لەوانە: مامۆستایان "عەلی فەیزی" ناسراو بە "عەلی خەندان"، "عەبدوڵڵا
ھووشمەند" ناسراو "بە عەبە دەڕژێ"، "ئیبڕاھیم فەتاحی" و سەید "عەلی
ڕەحیم پوور" ناسراو بە سەید "عەلی سەردەشتی" پێشکەش کراون.
کۆنسێرتی گەورەی مۆسیقای فۆلکلۆری کوردیی بە بەرپرسیاریی و
بەرھەمھێنەریی "محەمەد مەعڕووفی" بەڕێوەبەریی گشتیی ئاکادیمیای مۆسیقای
"زیرەک"، ئەنجوومەنی کۆمەڵایەتی "ئاوای زیرەک" بە بەرپرسیاریی دکتۆر "ئیبڕاھیم
عوسمانی" و بە ھاوکاریی دایرەی فەرھەنگ و رۆشنبیری شارستانی بۆکان،
ناوەندی ھونەریی "نوور و سەدا" بە بەرپرسیاریی "ئەسعەد ئاسیابان" و
پشتیوانی میدیایی کەناڵی ھەواڵنێریی "بۆکان ئانلاینی موکریان"، کاتژمێر
٩ی شەوانی ٣ و ٤ی نیسانی ٢٠١٩ لە ھۆڵی فەرھەنگسەرای سیمورغ لە شاری
بۆکان بەڕێوەدەچێت.
ناوەندەکانی فرۆشی بلیتی ئەم کۆنسێڕتە بریتین لە: لە نووسینگەی
ئاکادیمیای مۆسیقای "زیرەک"، کیووسکی ڕۆژنامە فرۆشی "بەھمەن"، کیووسکی
چاپەمەنی "کاریگەر" و فەرھەنگسەرای سیمورغی بۆکان.
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|