په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٢\٢٠٢٠

کۆڕبەند دافوس: چەوسێنەرانی جیھان یەکگرن. 


عەلی مەحمود محەمەد  


لە کاتێک رۆژ لە دوای رۆژ ھێزی کڕینی دۆلار لە دابەزینە، کەچی ھێشتا پێوەری ١،٩ دۆر بۆ رۆژێک بۆ دەرچوون لە ھەژاری نەگۆڕاوە، کە تا ھەنووکە ٧،٧%ی دانیشتوانی جیھان بە کەمتر لە ٧٠٠ دۆلار لە ساڵێک دەژێن، ئەم رێژەیەش خۆشبەختی و دەستکەوتە بۆ پیاوانی دافۆس، ئەفریقییەکان ١٧%ی دانیشتوانی جیھانن، کەچی ٣%ی بەرھەمی نەتەوەیی جیھان دابین دەکەن، نزیک ١%ی سامانی جیھانیشیان بەردەکەوێت، ئەوان دەڵێن ئاوی خواردنەوە بۆ ١،٦ ملیار کەس دابینکراوە، کەچی یەختەکەی بیل گیتس لەناو ئۆقیانووسە ئاو شوێرەکان ئاوی شیرین بۆ مەلەی ئەو دابین دەکات کە تێچوی ٧٠٠ ملیۆن دۆلارە، ئاوی سامانی جیھان کە بەرز بۆتەوە، ھەموو لە گەڵیدا ھەڵساون، ھەژاران بە سەنتیمەتر و ئەوانیش بە کیلۆمەتر، بۆیە رێژەی برسییەکان بە پێوەری رابردووی ئەوان دابەزیووە.

تا ئێستا ٨٠٠ ملیۆن کەس لە جیھاندا کارەبای نییە، ٢ ملیار مرۆڤیش چێشتخانەی تەندروستیان لە ماڵەوە نییە، بە سەدان ملیۆنیش لە بونی دەبلیو سی بێبەرین، ٤٧٠ ملیۆن کەسیش کاری شایستەیان نییە.

تا ئێستا کرێکارانی جلوبەرگی بەنگەلادیشی کاتژمێرێک بە ٣٩ سەنت کاردەکەن، سەعاتی زێدەکار کە دەبێت وەک ئەرک بیکەن، ھەژمار ناکرێت بۆیان کە رۆژانە نزیک ٣ بۆ ٥ کاژێڕە.

تا ئێستا ٢٦٠ ملیۆن منداڵ قوتابخانە نابینن، ئەوانەشی دەچنە بەر خوێندن ٥١%ی خوێندن تەواو ناکەن.

ھەر لە دایک دەبین، ٣٢٥٠٠ دۆلار قەرزارین ، ھەر یەکەشمان ٧٠٨٠٠ دۆلارمان بەردەکەوێت، کەچی زۆرینە لە ژیانین ئەو سامانە بە خەویش نابینن، وەلێ قەرزەکە دەبێت ببینە شەریک لێی،پێشبینی دەکرێت لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢٠ قەرزی جیھانی بۆ ٣٥٧ ترلیۆن دۆلار بەرز بێتەوە. لە ئێستادا ٣٥٣ ترلیۆن دۆلارە، کە دەکاتە ٣٢٢%ی بەرھەمی نەتەوەیی جیھانی ئەمەش گەورەترین کارەساتە بۆ مرۆڤایەتی.

پیاوانی دافوس ساڵ لە دوای ساڵ بەھۆی زیادبوونی سەرمایەکانیانەوە دڵخۆشتر دەبن، ئەم کۆبونەوەیە بۆ رێکەوتن و سەفقاتی ئابووری سیاسی بەکار دەھێنن، سەیر بکەن لە ١١ ساڵی رابردوو کە بە ساڵەکانی قەیرانی دورو درێژی سەرمایەداری دەناسرێت، ئەمان مێش مێوانیان نەبووە، ژمارەکان وا دەڵێن نەک دروشمەکان، ھەمیشە ژمارەو سەرمایەکەیان زیادی کردووە، لە ساڵی ٢٠٠٩ ژمارەی ملیاردێرەکان ٧٩٣ کەس بووە، کە خاوەندی ٣،٦ ترلیۆن دۆلار بوونە، لە ساڵی ٢٠١٨ بوونە بە ٢١٥٣ ملیاردێرو خاوەند ٨،٧ترلیۆن دۆلار، ژمارەیان ٢٧١،٨% و سەرمایەکەشیان ٢٤١% زیادیان کردووە.

ساڵی ٢٠٠٠ژمارەی ملیاردێرەکانی جیھان تەنھا ٤٧٠ کەس و سەرمایەکەشیان ٨٩٨ ملیار دۆلار بووە، لەوساوە سستەمی سەرمایەداری جیھانی چەندین قەیرانی درێژخایەنی توندی بڕیوە، وەلێ ئەمان لە روی ژمارەو سەرمایەوە ھەر زۆربوون و دەوڵەمەندتر بوون، لە کاتێکدا جان بۆل غیتی بەریتانی لەپەنجاکانی سەدەی رابردوو بووە یەکەم ملیاردێر لە جیھاند، ئێستا ژمارەی ملیاردێرەکانی جیھان بەرەو ٢٥٠٠ دەڕوات و سیانیان سەرمایەکەیان لە سەروی سەت ملیارەوەیە "جیف بیزۆس ١١٥، بیل گیتس ١١٥، بێرنارت ئەرنۆڵد ١٠١ "و، ئەمە وێڕای ھەزارانی تریش ناویان لە لیستەکەدا ھەر نییە، وەک ملیاردێرەکانی کوردستان،ئەم سێ کەسە لە دەیەی رابردوو ٢٣١ ملیار دۆلاریان کۆکردۆتەوە ،سامانی ٢٠ ملیاردێری یەکەمی جیھان لە ٨ ساڵی رابردوو لە ٦٧٢ ملیار دۆلارەوە گەیشتۆتە ١٣٩٧ ملیار دۆلار، واتا بەڕێژەی ٢٠٧% زیادی کردووە.لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ ەدا سامانی ٥٠٠ ھەر دەوڵەمەندەکانی جیھان ٢٥% زیادی کردووە گەیشتە ٥،٩ ترلیۆن دۆلار،لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩ ەدا ١،٢ ترلیۆن دۆلار زیادی کردووە، ھاوکات بازاڕی پشکی جیھانی ساڵی ٢٠١٩ ساڵی گەشەو بەختەوەری بوو بۆی ، لەو ساڵەدا بە رێژەی ٢٤% زیادی کرد، دەجاری گەشەی ئابووری جیھان و ٢٤ جاری گەشەی بازرگانی جیھانی، ھاوکات نرخی بازاڕی دراوی جیھانی ساڵی ٢٠١٩ ، ١٧ ترلیۆن دۆلار چووە سەر، گەیشتە ٧٠ ترلیۆن دۆلار.

ئەپڵ پار ساڵ نرخی ٦٢٢ ملیار دۆلار چووە سەر، گەیشتە ١،٣٨ ترلیۆن، مایکرۆسۆفت ٤٧٨ ملیار گەیشتە ١،٢٦ ترلیۆن، گوگڵ ٢١٤ ملیار گەیشتە ٩٣٤ ملیار ، فەیسبوک ٢١٣ ملیار گەیشتە ٥٨٧ ملیار ، ئەمازۆن ١٩٣ ملیار گەیشتە ٨٨٧ ملیار دۆلار.

بە پێی راپۆرتی ساڵی ٢٠١٨ی رێکخراوی ئۆکسفام ٨٢%ی زێدەی سەروەت و سامانی بەرھەم ھاتوو لە ساڵی ٢٠١٧ بۆ ١%ی کۆمەڵگا بووە، ٩٩%ەکەی تریش بە ھەر ھەمویانەوە ١٨%یان بەرکەوتووە،لە ھیندستان ١% تەنھا ٧٣%ی بەرکەوتووە، لەوەش زۆر وڵات دەست بەتاڵ دەرچوونەو لە زێدەی سەروەت و سامان ھیچیان لە نیعمەتی گەشەی ئابووری و سەروەت و سامانی جیھان بەر نەکەوتووە، لە ساڵی ٢٠١٠ ەوە کرێکاران کرێکانیان تەنھا ٢% زیادی کردوە، کەچی ملیاردێرەکان داھاتیان ١٣% چۆتە سەر، لە نێوان ١٩٨٠ بۆ ٢٠١٦ ، ٥٠%ی ھەرە ھەژارە دانیشتوانی جیھان ١٢ سەنتیان لە ھەر دۆلارێکی داھاتی جیھان بەدەست ھێناوە، کەچی ١%ی ھاووڵاتیانی دەوڵەمەندی جیھان ٢٧ سەنتیان بەدەست ھێناوە.

ئەمەش ھۆکاری ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ قڵشتی جیاوازی چینایەتی لە جیھاندا دەچێتە سەر، بە پێی راپۆرتی جیاوازی داھاتی ساڵی ٢٠١٨، ١%ی دەوڵەمەندە ئەمەریکیەکان داھاتیان لە ١١% ەوە لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ٢٠% لە ساڵی ٢٠١٤ بەرز بۆتەوە، لە روسیا لە ٤% لە ساڵی ١٩٨٠ بەرز بۆتەوە بۆ ٢٠% لە ساڵی ٢٠١٥، لە چین ٦% لە ١٩٧٨ بۆ ١٤% لە ٢٠١٥، ئەمەش پێچەوانەی ئاستی ژیری قەڵەم بەدەستانی بۆرژوازی کوردە کە وا دەزانن دیاردەی ھەژاربوون تەنھا کوردستانیە، نەک لەو رۆژەوەی دوای کۆمۆنەی سەرەتایی کەسێک شتێکی جیاکردەوە وتی بۆ خۆم، جیاوازی چینایەتی دەستی پێکردووە لە گەڵ پەیدابوونی موڵکداری تایبەتی، جیاوازی چینایەتی بەرھەمی موڵکداری تایبەتە، بە پێی ئاماری ناوەندی جیھانی نایەکسانی بۆ ساڵی ٢٠١٨، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست ١٠% دەوڵەمەندەکان خاوەند ٦١% سامانن ئەمەش بەرزترین رێژەی نایەکسانییە لە ئاستی جیھاند، کە ھەرێمەکەی خۆمان بەشێکە لێی، لە ھیندو بەرازیل و ئەفریقا٥٥ - ٥٤%و باکوری ئەمەریکا ٤٧% و یەکێتی ئەوروپا٣٧%،لە ئاستی جیھانیش١%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان خاوەند ٢٧%ی سەروەت و سامانی جیھانن، لە ساڵی ١٩٨٠ تەنھا خاوەندی ١٦%ی بوون،ھاوکات لە بەرامبەردا ٥٠%ی ھەرە ھەژارەکانی جیھان تەنھا خاوەند ٩%ی سەروەت و سامانی جیھانن.

لە ساڵی ٢٠١٩ سامانی جیھانی ٢،٦% گەشەی کرد، بە پێی ئاماری کریدی سویس، نرخی کۆی سەروەت و سامانی جیھانی گەیشتە ٣٦٠ ترلیۆن دۆلار، ھەر تاکێک ٧٠٨٥٠ دۆلاری لەسەروەت و سامانی جیھانی بەردەکەوێت، ئەمەریکای باکور خاوەنی ١٥٨،٣ ترلیۆن دۆلارە کە دەکاتە ٤٤%ی سەروەت و سامانی جیھان، ژمارەی ملیۆنێرانیش بۆ ٤٦،٧٩ ملیۆن زیادی کرد، بە زێدەی ١،١٥ ملیۆن لە ساڵی پێشوو، کە ٦٧٥٠٠٠ بەر ئەمەریکا کەوت ژمارەکەیان گەیشتە ١٨،٦ ملیۆن ملیۆنێر، ژاپۆن ١٨٧٠٠٠ ملیۆنێری زیادی کرد ژمارەیان بووە ٣،٠٢ ملیۆن کەس و چینیش ١٥٨٠٠٠ زیادی کرد بووە ٤،٤٥ ملیۆن کەس، ھەندێک وڵاتیش ژمارەی ملیۆنێرەکانی کەمبوەوە لەوانە وەک ئوسترالیا ١٢٤٠٠٠، بەریتانیا٢٧٠٠٠ و تورکیا ٢٤٠٠٠، ھاوکات ھەنووکە ٥٥٩٢٠ کەس لە جیھاندا خاوەند سەرمایەی زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلارن ، وە ٤٨٣٠ کەسیش خاوەند زیاتر لە ٥٠٠ ملیۆن دۆلارن، ئەمە جگە لەوانەی پارەکانیان رەشەو نەناسراون .

ساڵی پار سەروەت و سامانی خێزانەکانی وڵاتانی ئەمەریکای باکور ٣،٧% چووە سەر واتا ٤،٠٦ ترلیۆن دۆلار زیادیکرد، سامانیان گەیشتە ١١٤،٦١ ترلیۆن دۆلار، چین ٣،١% سەرکەوت بە بڕی ١،٨٨٩ ترلیۆن دۆلار بوە ٦٣،٨٣ ترلیۆن دۆلار تا ناوەڕاستی ٢٠١٩ ، ئەوروپا گەیشتە ٩٠،٧٥ ترلیۆن بە گەشەی ١،٢% و ھەموو ئەفریقا ٤،١ ترلیۆن و ئەمەریکای لاتین ٩،٩١ ترلیۆن دۆلار، کەچی سەروەت و سامانی خێزانەکان لە ئوسترالیا ٤٤٣ ملیار دۆلار و تورکیا ٢٥٧ ملیار دۆلار و پاکستان ١٤١ ملیار دۆلار لە سەروەت و سامانیان کەمی کردووە لە ساڵی ٢٠١٩.

لە ساڵی ٢٠١٩ دا بە پێی ئامارێکی تایبەت و وردبینییەک ئەنجامم داوە، لە کۆی ٢١٥٣ ملیاردێری دیار لە جیھاند، تەنھا ٥١ یان زیانیان کردووە، زۆرترینی ژمارە بەر رۆبەرت ماردۆخ ئیمپراتۆری راگەیانن کەوتووە، کە دەوڵەمەندی ژمارە ٢٢٢ ی لیستەکەیە ھەنووکە، کۆی گشتی ١٠،٢ ملیار دۆلار زیانی کردووە، تەنھا ٧،٧٩ ملیار دۆلار لە سەرمایەکەی ماوە، ئەوانی دی زۆرینەیان زیانەکانیان کەمتر بووە لە ملیارێک دۆلار، لەوانە ١٧٢ ملیاردێری ئەمەریکی سامانیان ٥٠٠ ملیار دۆلار چووە سەر، بەشی ٠،١%ی ئەمەریکییە ھەرە دەوڵەمەندەکان لە سامانی وڵات لە ھەموو کت لە دوای ١٩٢٩ ەوە زیاترە.

ساڵی ١٩٤٧ خێزانێکی ئەمەریکی ٢٨٤٩١ دۆلار لە ساڵدا داھاتی بووە، لە ١٩٧٣ گەیشتە ٥٨٥٣٩ دۆلار، لە ساڵی ٢٠١٦ بەرز بوەوە بۆ ٦٥٠٦٣ دۆلار، بە چواردەیە ٢٠% داھاتیان چووە سەر، بەڵام ١%ی ھەرە دەوڵەمەندەکان نیوەی گەشەی داھاتیان بۆ چووە لەو ماوەیەد، ئێستا زیاترە، نیوەکەی دیش بۆ ھەموو ٩٩%ی کۆمەڵگ، کرێکاران لەو ٥٠%ەش کەمترینیان بۆ چووە، چونکە لەخوارەوەی کۆمەڵگا جێگایان گرتووە، ئیتر رەش پێستەکان و ئەمەریکییە لاتینییەکان لە خواری خوارەوەن .

١% دەوڵەمەندەکانی ھیندستان ئێستا خاوەند ٤٥% ی سامانی وڵاتن، لە ساڵی ٢٠٠٠ ئەو رێژەیە تەنھا ٣٨% بوو، ژاپۆن ١٨% و ئیتاڵیا ٢٢% و فەرەنسا ٢٢% و بەریتانیا ٢٩% و چین ٣٠% و ئەڵمانیا ٣٠% و ئەمەریکا ٣٥% .

لە فەرەنسا حەوت ملیاردێری یەکەمی وڵات سامانەکەیان زیاترە لە سامانی ٣٠% ھەژارانی ھەموو وڵات، ١٠% دەوڵەمەندەکانی فەرەنسا خاوەندی نیوەی سەروەت و سامانی وڵاتن.

لە کاتێکدا داھاتی تاک لە روسیا دابەزیووە، لە ساڵی ٢٠١٩ ملیاردێرەکانی روسیا ٥٠ ملیار دۆلار قازانجیان کردووە.

دیاردەی جیف بیزۆس.

دوای ٧ دەیە لە دایک بوونی یەکەم ملیاردێر لە مێژووی جیھاند، ساڵی ٢٠١٨ یەکەم خاوەند سەت ملیار دۆلار لە دایک بوو،ئەویش جیف بیزۆس " ١٢-١-١٩٦٤ "ی ئەمەریکی خاوەنی کۆمپانیای ئەمازۆنە" ٥-٧-١٩٩٤ دامەزراوە، نرخەکەی ئەمساڵ ترلیۆنێکی دوای ئەپڵ تێپەڕاند کە دواتر دابەزییەوە، داھاتی ساڵانەی ١٧٧،٩ ملیار دۆلارە، بیزۆس خاوەند١٦%ی پشکەکانی کۆمپانیاکەیە، ٥٥٠٠٠٠ ژمارەی ھێزی کارێتی،لە ئەمەریکا ١٢ دۆلار کرێی سەعات کاری کرێکارانێتی ، بڕیاری داوە پەیوەست بێت بە کەمپەینی ١٥ دۆلار بۆ سەعاتێکی کار کە سۆسیالستەکان و بیرنەر ساندەرز کاندیدی پێشووی سەرۆک کۆماری پشتیوانی لێدەکەن وەک یەکەم سەرمایەداری ئەمەریکا ، لە ھیندستان کرێکاران مانگانە ٢٣٣ دۆلار وەردە گرن، واتا کرێکارێک ١٥٥ ھەزار ساڵ کاربکات ناتوانێت سەرمایەی بیزۆس وەربگرێت نەک کۆبکاتەوە، ھەر خولەکێک بە ئەندازەی ١٢ ساڵی ئەوانی دەست دە کەوێت " لە ١٥ دەقەدا ١٣،٢ ملیار دۆلار قازانجی کرد بەھۆی بەرز بونەوەی نرخی پشکی کۆمپانیای ئەمازۆن بە رێژەی ١٢% لە کۆتایی مانگی یەکی ئەمساڵ " لە ساڵی ٢٠١٦ ەوە ھاتە ریزی ١٠ دەوڵەمەندەکەی جیھان و پلەی پێنجەمی بەدەست ھێن،لە ساڵی ٢٠٠٢ لە ریزی ٢٩٣ ەمین و لە ٢٠٠٦ لە ریزی ١٤٧ەمینی ملیاردێرەکانی لیستی فۆربیسدا بووە، ئێستا ناوبراو خاوەند ١٣٢ ملیار دۆلارە و دەوڵەمەندترین کەسە لە مێژوی مرۆڤایەتی، بە سەرمایەەیەکەی دەتوانێت چارەسەری نەخوێندەواری وبەشێک لە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وڵاتانی ھەژار و ژینگەی جیھان بکات.

ساڵی ٢٠١٩ لە ھاوسەرەکەی ماکینزی بیزۆس کە جیا بوەوە ، ٣٧،١ ملیار دۆلاری لێ وەرگرت، ئێستا ١١%ی پشکی ئەمازۆنی ھەیە، پێشتر ١٦%،٥%ی بۆ ھاوسەرەکەی چوو، وا نەبوایە ئێستا سەرمایەکەی لە ٢٠٠ ملیار دۆلار نزیک دەبوەوە.

سەرمایەی ئێستای بیزۆس ھاوتایە بە داھاتی ساڵانەی ٢٠٨٧١٧٥ ئەمەریکی، وە نرخی ٧،٦٥%ی سەرجەم خانووەکانی ئەمەریکا.

ملیاردێرەکانی کوردستان.

ئۆغستینۆس ئێژێت لە وڵاتێک دادپەروەری نەبێت دەبێتە وڵاتی دزان، کوردستانیش وای لێھاتووە دزە گەورەکان لە ھەمووان رێزدارترو شەریفترن،وڵات وڵاتی خۆیانە، بندیواری فەقیر پێی دەڵێن گەندەڵ، سەرمایەداری گەورە کە دز یان شەریکە دزی گەورەیە پێی دەڵێن وەبەرھێن، ھەردوکیشیان یەک پرۆسەیان ئەنجامداوە، یەکیان بە خەفیفی ئەوی تریان بە خەستی، وەک سەردەمی شاخ خەفیفە زۆرجار سزاکەی قورستر بوو لە مەفرەزە خاسەی سەقیلە، چونکە پشت و پەنای نەبوو، ناکریایە رێکخستنی ناوخۆیی.

دیموکراتیەتی دو بنەماڵە، دووی بچوکیش لەدایک بوندایە، ئەوانیش وەک ئەمیبا زیاد دەکەن بۆ بنەماڵۆکەی بچوکتر لە ئایندە ، وەک دیموکراتیەتی رۆمانی وایە، تەنھا بۆ خۆیانە ، ھەموو شتێکیان بۆ خۆیان و کۆیلەکانیان کۆنترۆڵکردووە.

ئێمە لە کوردستان خاوەند زیاتر لە ٣٠ ملیاردێری ئاشکراو ھەندێکی سیاسی شاراوەین، کەچی ناوی ئاشکراو شاراوەیان لە لیستەکانی فۆربیس و بلۆمبێر و ..... نین، کۆمپانیاکانیشیان لە لیستی کۆمپانیا یۆنیکۆرن نییە، حالەتێک نەبێت بەشداری کۆڕبەند و کۆنفرانسە ئابوورییەکان ناکەن، ناوی ئەوان تەنھا لە لیستی خەڵکی کوردستانە، ١٠ لەوانە کە سەرمایەکانیان ئاشکرایە بریتین لە "ئەحمەد ئیسماعیل خاوەندی کۆمپانیای ماس ، خاوەند زیاتر لە ٦ ملیار دۆلارە، شێخ باز بارزانی خاوەندی گروپی کۆمپانیاکانی کار و سەرمایەکەی زیاتر لە ٤ ملیارد دۆلارە، شێخ فاخیر و براکانی خاوەندی کۆمپانیاکانی قەیوان سەرمایەکەی نزیک ٤ ملیار دۆلارە، فاروق مەلا مستەفا خاوەنی گروپی کۆمپانیاکانی فاروقە و خاوەند نزیک ٤ ملیار دۆلارە، سیروان بارزانی ٨٠% کۆڕەک سەرمایەکەی نزیک ٣ ملیار دۆلارە، ھادی نەزیرو براکانی یۆبی ھۆڵدین زیاتر ل ٣ ملیار دۆلار، ئاسۆ یامۆڵکی گروپی کۆمپانیاکانی ھەڵەبجە سەرمایە نزیک ٣ ملیار دۆلارە ، ئازاد حاجی یەحیا و براکانی گروپی کۆمپانیاکانی جیھان ٢،٥ ملیار دۆلار، پێشڕەو ئاغا دزەیی گروپی کۆمپانیاکانی فالکۆن ٢ ملیار دۆلار، سەعد فایەق کۆڵەک کۆمپانیاکانی کۆڵەک زیاتر لە ١ ملیار دۆلار - ١٥ ملیاردێرو ٥ ھەزار ملیۆنێر ھەیە دیپلۆماتیک مەگەزین "، کۆی گشتی ئەم ١٠ ملیاردێرە کە ناوی ھیچیان لە لیستە جیھانیەکان نییە، خاوەند ٣٠،٥٠٠ ملیار دۆلارن، خاوەند ٥ ساڵ بودجەی موچەی سەرجەم ھاووڵاتیانی کوردستانن.

لە کۆتادا دەڵێم لە سایەی دافۆسچییەکانەوە ، ٦٠% خەڵکی جیھان چاوەڕوانن ھەلێکیان بۆ رێکەوێت کۆچ بکەن، کەواتە جەھەنەمەکەی کوردستان تەنھا نییە، ئەگەر پرۆلیتاریای رۆمانی لەسەر کۆیلەکان دەژیان وەک مارکس وتەنی، ئەوا ئەمرۆ دافۆسچییەکان لەسەر پرۆلیتاریای جیھانی دەوڵەمەندتر دەبن، کەواتا تەنیا نیین ١٠٠٠ ھێندەی ئێمە خەڵک لە نیشتمانی خۆیان بێزارن، بۆیە دەڵێن پرۆلیتاریای پەنابەر، رۆڵی سەرکردایەتی شۆڕشی داھاتووی جیھان دەبینێت.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک