په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١١\٦\٢٠١٧

کۆربین فێرمان دەکات بێ رەوشتیی شۆڕشگێڕانە، بزووتنەوەی عەدالەتخوازانە نابێ.

عەلی مەحمود محەمەد

 

دەستەواژەکەی لینین بێ تێۆری شۆڕشگێڕانە بزوتنەوەی شۆڕگێڕانە بوونی نییە, مانفێستی کاری مارکسیستەکان بوو بە ئێستاشەوە, ھەرچەندە لە سایەی تیۆری شۆڕشگێڕانەدا,بەشێکی باشی سەرکردەی ئەم بزوتنەوەیە بوون بە سەرمایەدارو لەھەموو ئەو بەھایانە دابڕان کە لە پێناویدا کاریان دەکرد و ھاوڕێکانیان گیانیان بەختکرد, لە دوای روخانی دیواری بەرلینەوە بینیمان زۆر جڕو جانەوەر لە ریزی ئەم بزوتنەوە عەدالەتخوازەدا بوون ئاشکرا بوون, کە زۆرێکیان بونە ناقۆڵاترین سیاسییەکانی دواتر و بەرامبەر بە مارکسیزم دەڕشانەوە و ھەشیان بوو لەوان خراپتر ھاشای لە مارکسی بوونی خۆی دەکرد, ئۆباڵی ھەموو ئەم ناشرینیانەش لە ئەستۆی دەستەواژە شۆڕشگێرییەکەی لینین نییە, ھەمیشە تیۆری شۆڕشگێڕانە بنچینەی بزوتنەوە شۆرشگێڕەکانن, بێ ھەیمەنەی فکرێکی سیاسی لە کۆمەڵگادا, گۆڕانکاری ریشەیی ناکرێت, لێ ئەمە کۆتا نییە بۆ قۆناغی پاککردنەوە و ھەستانەوە, پێویستە پراتیک و ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە, ئاوێنەی بەڵێنە سیاسییەکان بن لە کرداری ھەڵگرانی رەنگ بداتەوە, بە تایبەتیش ئەوانەی نوێنەرایەتی ئەو بیروباوەڕە دەکەن و لە جێگا جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگادان, خۆ لینینیش ھەر وای کرد, لە دوای خۆی لەو وڵاتە پان و بەرینە, کە شەش یەکی دانیشتوانی گۆی زەمین بوو, مەترە زەوییەکی بەناوی خۆیەوە نەکرد, لە خواردنی لەشکری سور زیاتری نەخوارد.


لەمرۆدا دابڕان لە ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە, بێ متمانەیەکی لای ھەژاران دروست کردووە بەرامبەر بە چەپەکانی کوردستان وا دەکات بە ترسەوە باسی سیاسەت بکەن و دەست بۆ شۆڕش نەبەنەوە, ئومێدێک بە تیۆری شۆڕشگێرانە بۆ یەکسانی کز بووە لە کۆمەڵگادا, لە چلو پەنجاکاندا کاتێک لەو قۆناغەی کۆمۆنیستە مناڵەکان رابەری شەقام بوون بۆ یەکسانی, بە ھەژاری ھوشیاری سیاسی و گیرفانی بەتاڵەوە, بوونە قارەمانی شەقام و گۆڕانکارییەکان.


ئێستا با بە دوای دەستەواژەیەکی دیکەوە بین بۆ گەڕانەوەی متمانە لای ھەژاران کە ٩٩,٩٩٪ی کۆمەڵگا پێک دەھێنن بە سیاسەت و خەبات لە پێناو رزگاری خۆیان, ئەویش بێ ئەخلاقی شۆڕشگێڕانە, بزووتنەوەی عەدالەتخوازانە بوونی نابێت, ئەمەش لە واقعی ئێستا لە ژیانی جیمی کۆربین سەرۆکی چەپگەرای پارتی کرێکارانی بەریتانیاو سەرکردەی ھەژاران مۆخیکا(سەرۆکی پێشوی ئیکوادۆر) و سەدان نمونەی وا لە مێژوودا ھەڵێنجین, ئاخر لە کارو ھەنگاوێکدا لە خۆەوە دەست پێنەکەیت, ناتوانیت داوا لە کۆمەڵ بکەیت متمانە بە کارەکانت بکات و بانگەوازیان بکەیت بۆ خەبات لە پێناو دادپەروەری و یەکسانی, مرۆڤەکان سەیری کردارو رەفتارت دەکەن, دواتر گوێبیستی قسەکانت دەبن.


کەم نین ئەوانەی تا ئێستا خۆیان بە چەپ دەزانن لەم وڵاتە, لە نازو نیعمەتدا دەژێن, بۆ سەر ئێشەیەک لە نەخۆشخانەی تایبەتین و مناڵەکانیان لە قوتابخانە ئەھلییەکان یاخود زانکۆ ھەرە بەناو بانگەکانی جیھان دەخوێنن, یاخود لە ماڵەوە کارەکەر کاریان بۆ دەکات..... , نموونە زۆرە, کە ئەمانەیان لێ دەبینم لە چ کەناڵێک دەرکەون یەکسەر لایدەدەم, چونکە ئەم کردارانە رەنگدانەوەی پەیامی یەکسانی نییە.


جیمی کۆربین کاتێک کلاودا برچێتەی ھاوسەری بە رەچەڵەک شیلی داوای لێدەکات مناڵەکەی بنێرێتە قوتابخانەیەکی باشتر لە دەرەوەی بازنەی ھەڵبژاردنەکەی, رێگا نادات, تا دەگاتە ئەو ئاستەی ١٢ ساڵەی ھاوسەرگیریان لە ساڵی ١٩٩٩ کۆتایی پێ دێت لە کاتێکدا ٣ مناڵی ھاوبەشیان دەبێت, کۆربین ژیانێکی ھەژارانە و سروشتی وەک ھاووڵاتیانی بازنەی ھەڵبژاردنەکەی ژیا, ئەوێکی پەرلەمانتار دەیتوانی قسە بکاو بکا و کرداری نەبێت , درۆ درۆ بکات , وەلێ نەیکرد, وایکرد ببێتە نموونە بۆ لێوە فێربوون.


کۆربین (کۆربینستا) نەک نەخشەی سیاسی و گفتوگۆ سیاسیەکان و پارسەنگی ھێزەکانی لە بەریتانیا گۆڕی, بگرە ئەخلاقیشی گەڕاندەوە بۆ سیاسەتکردن, لە کاتێکدا بۆرژوازییە رەنگاو رەنگەکان چاوەڕوانی ئەوە بوون وەک مایکل فوتی ھاوڕێی کە زۆر ھاوبەشی لە نێوانیان ھەیە لە بیرکردنەوەدا توشی تێکشکانی گەورە ببێت لە ھەڵبژاردنەکەی ٨ی یۆنیدا, چاوەڕوان بوون بەرنامە چەپگەرایەکەی بۆ ھەڵبژاردن ببێتە درێژترین عەریزەی ئینتحاری سیاسی, چاوەڕوان بوون کارەساتەکەی ٩ی یۆنی ١٩٨٣ مایکل فوت دوبارە بێتەوە, کە ٦٥ ساڵ بوو پارتی کرێکاران شکستی وای بەخۆوە نەبینی بوو, مای وەک تاتشەر سەرکەوتوانە بۆی دەرچێت لە ھەڵبژاردنەکان و بەرنامە نەگریسە ئابوریەکەی وەک تاتچەر جێبەجێ بکات, وەلێ کۆربین کە ببوە ئومێدی دادپەروەری بۆ کرێکاران و یەکسانیخوازان و لاوان و پیران و ھەژاران و پەنابەران و ئاشتیخوازان, بە ئەخلاقە شۆڕشگێڕییەکانی خەونەکەی پوچەڵ کردەوەو سەرکەوتنی تۆمار کردو ئەخلاقی بۆ سیاسەتکردن لە وڵاتدا گەڕاندەوە, لە بری ئەوەی ٩,٨٪ دەنگی پارتەکەی دابەزێت وەکو ھەمان رۆژی ٣٤ ساڵ لەمەوپێش, کەچی ٩,٩٪ دەنگی پارتەکەی بەرز کردەوە و روحی خستەوە بەر سیاسەتکردن و عەدالەتخوازی لە بەریتانیای نا عەدالەتدا, دەڵێیت مێژوو لێرەدا پێچەوانە بۆتەوە.


ئێمە لەم سەردەمە پێویستمان بە فێربوون لە ژیانی سادەیی کۆربینەکان و مۆخاکانە(سەرۆکی پێشوی ئیکوادۆر), راستە پێویستمان بە تیۆری شۆڕِگێڕانەی مارکسە, وەلێ ھەڵسوکەوتی رۆژانەی کۆربینەکان و مۆخیکاکان زیاتر خەڵک لە دەوری نوسین و رێبازو بەرنامەکەی مارکس کۆدەکەنەوە, تەنانەت نەک شێوازی ژیانی مارکس, ئاخر خۆ ئەو پەیامنێری یەکسانییە نەک پەیامنێری ئاینی.


ھەموو شتمان ئامادەیە بۆ بونەوە بە رابەری شەقام و سیاسەت لەم وڵاتەدا, ئەزمونی خەباتکارانەی ٥ دەیەی شەقام, بەرنامەی سۆسیالستی بۆ بەڕێوەبەرایەتیەکی ئابوری دادپەرەرانە, رسوا بوونی بۆرژوازی کوردستان و نەمانی متمانە پێیان, ...... تەنھا کارێزمایەکی چەپگەرای کوردی وەک بیرنی ساندەرزێک, کۆربینێک, میلنشۆنێک, سیریزاو پۆدیمۆس و لۆلا و مۆخیکایەک ماوە لە دەوری کۆبینەوەو بڵێت ئەمە گوڵ لێرە سەما بکەن, خۆ لە رابردوودا نموونەی کوردی وامان زۆر بەرھەم ھێناوە.

 

 

alimahmud2001@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک