په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\٢\٢٠٢١

کۆڕۆنای سیاسی و گەمژاندنی میللەت.

شوانە حەسەن ئەبوبەکر 


لە کۆتا کۆبونەوەی لوتکەی نێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان زۆر بە راشکاویی جەخت لەسەر ناردنی شاندێکی دانوستانکاری هەرێمی خاوەن بڕیار و خاوەن واژۆ بۆ بەغدا کرایەوە، بێگومان ئەم جەختکردنەوەیەش بۆ ناکارایی شاندەکەی هەرێم ڕاستەوخۆ ئاماژەیە بۆ نیگەرانی هاوسەرۆکانی یەکێتی لە سەرۆکایەتی کردنی شاندی هەرێم لە لایەن بەڕێز قوباد تاڵەبانی، چونکە لە دیدگای خەڵکەوە ئەم پۆستە تەشریفاتیە و تەنیا کاری بریتیەلە ڕۆڵ بینینی کۆترێکی نامەبەر لەڕێگەی گواستنەوەی داواکاری و ڕاسپاردەکانی نێوان هەردوو حکومەتی ناوەند و هەرێم بۆ یەکتری، لەبنەڕەتدا ئەم ڕۆڵە پۆستەچییەش پترکردنی خاڵێکی ڕەشی تر بۆ مێژوی یەکێتی نەبێت هیچی تری لێ سەوز نەبۆتەوە.

ڕێک لەدوای ئەم کۆبونەوە لوتکەیە و لە کاتی دووبارە گەڕانەوەی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا بەڕێز قوباد تاڵەبانی وەک سەرۆکی شاندەکە لە پڕێکدا رایگەیاند تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و خۆی کەرەنتینە کرد، بێ گومان ئەم هەنگاوەی مامی بچوک جۆرێک لە ڕاوێژکارێتی تێدایە و جۆرێکیش لە جیهانبینی هاوسەنگی سیاسی لە خۆی دەگرێت، چونکە کاک قوباد توانی بەم هەنگاوەی نیگەرانیەکانی جەماوەری یەکێتی و گوشارە راشکاوەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتی لەسەر خۆی کۆتایی پێبهێنێت، لەولاشەوە ویستی دڵی پارتی هاوپەیمانی لە خۆی نەڕەنجێنێت، بەڵام هەر زوو ئەم دەستە سیاسیەی ئەم بەرپرسە ئاشکرا بوو، چونکە پارتی نیگەرانی خۆی لەپرسی خۆ کەرەنتینەکردنی نەشاردەوە و کۆڕۆناکەی بە کۆرۆنای سیاسی لە جێگەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای ١٩ پێناسە کردوە.

یەکێتی لە کاتێکدا توانی لە ڕێگەی کۆرۆنای نوێوە ئامانجێکی سیاسی بپێکێت و نوێنەرەکەی لە سەرۆکایەتی شاندی ئەمجارەی هەڕێم بۆ بەغدا دووربخاتەوە، بەم هەنگاوەش بڕیار و ڕاسپاردەکانی خۆی لەگەڵ گۆڕان جێبەجێکرد و تاڕادەکیش توانی مقۆمقۆ و ڕوانینەکانی خەڵک لەسەر خۆی دووربخاتەوە، بەڵام پرسیارە گرنگەکە لێرەدا ئەو خاڵەیە: ئەی بۆچی دەبێت بزوتنەوەی گۆڕانیش هاوشێوە ڕێز لە بڕیار و ڕاسپاردەکانی خۆی لە کۆبوونەوە لوتکەییەکەی لەگەڵ یەکێتی نەگرێت و ڕێگە نەدات نوێنەرەکە کە وەزیری داراییە لە حکومەتی هەرێم ببێ بە جێگرەوەی سەرۆکی شاندەکەی پێشوو بۆ بەغدا؟ دەبێ هۆشمەندێک نەبێت ئەمڕۆ بە گۆڕان بڵێ دە ئێوەش ڕێز لە مەرەکەبی سەر کاغەزەکەتان بگرن و مەبنە بەشێک لەو گەمەیەی کە ساڵانێکە حیزبی کوردی نەریتی بە ئەنقەست سیاسەت و بڕیاردانی سیاسەکان لە کوردستان بێبەها دەکات و ڕۆژ دوای ڕۆژ خەڵک ڕەشبینتر دەکات.

 

ماڵپەڕی شوانە حەسەن ئەبوبەکر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک