په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\١١\٢٠١٢

کۆششەکەی ئەخزەر ئیبراھیمی بۆ ئاگربەست، لە گۆماوی خوێندا دەخنکێ!


نوری بەشیر        


بە دوای دیدارەکانی ئەخزەر ئیبراھیمی، نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکان و وڵاتانی کۆمکاری عەرەبی، لەگەڵ سەرانی تورکیا و ئێران و عێراق و ھاوکات بە دوای دانیشتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەشار ئەسەد و سوپای ئازاد دا، بە مەبەستی ئەوەی جەژن بکرێتە بیانوویەک بۆ راگرتنی شەڕ و ئاگربەستێکی کاتیی لە نێوان ھەردوو لای ھێزە شەڕکەرەکانی ناوخۆی سوریادا و لێرەشەوە دەرگا بکرێتەوە بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا و رێکەوتنێکی تر. ھەرچەندە ھەر دوولای شەڕی ناوخۆی سوریا، لە رواڵەتدا ئەرێیان بۆ راگەیاندنی ئاگربەستەکە کردووە، بەڵام واقیعەت شتێکی تری نیشاندا و یەکەم رۆژی جەژنیش وەک هەموو رۆژەکانی پێشوتر بووە رۆژی کوشتار و ھەڵخستنی گۆماوی خوێن و لە ژێر پەردەی شەڕ راگرتندا، ژمارەیەکیتر لە خەڵکی کرێکار و بەشمەینەتی ئەو کۆمەڵگایە کە لە نێویاندا ‌ژن و منداڵ و پیر و پەککەوتەی تێدایە، بە ‌١٥٠ کەس قوربانی تۆمارکردووە. تەنانەت ‌تا ئەمڕۆش کە سێھەمین رۆژی ئاگربەستەکەیە، کوشتار و شەڕ و تۆپبارانی خەڵکی مەدەنی لە نێوان دوو بەرداشی شەڕی ھەردوو لادا، نەک ھیچ ھێوربوونەوەیەکی بە خۆیەوە نەبینیوە، بگرە لە رۆژانی پێشوتر خوێناوییتر و توندوتیژتر بۆتەوە، بە ئاستێک کە دەزگاکانی راگەیاندن ئەوەیان بڵاوکردۆتەوە کە قوربانیەکانی رۆژانی ھودنە بە کوژرانی ٣٣٠ کەس گەیشتووە. لە لایەکی تریشەوە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ کە لە نزیکەوە چاودێریی بارودۆخی سوریا لە ھەردوو سەری شەڕەکەوە دەکەن، جەختیان لەوە کردۆتەوە کە ھەردوو لا لە کوشتار و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ دەست ناپارێزن و بە تەواویی ئاگربەستەکەیان پێشێلکردووە و بەڵێنەکانی خۆیان نەبردۆتە ‌سەر، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم ئاگربەستە بە دوای ١٩ مانگ درێژە‌کێشانی ‌شەڕ و کوشتار و کاولکاریی کە سەرتاپای ژیانی ھاوڵاتیانی سوریای داگرتووە و شەپۆلێکی فراوانی لە ئاوارەیی و برسێتی و زیندان و کاولکاریی رووبەڕوو کردۆ‌تەوە. بە پێی تازەترین ئامارەکان قوربانیانی ئەم جەنگە دەگاتە ٣٥ ھەزار و بریندارەکانیش ئەژماردە ناکرێ. ئەمە بێجگە لە ریزی ملیۆنی ئاوارەیی و بێسەر و شوێن بوونی ھەزارانی تریش.


ئاشکرایە ئەوەی لە سوریا دەگوزەرێ و ئەو گۆماوە خوێنەی کە لە لایەن دووبەرەی کۆنەپەرست و دژە مرۆییەوە بەڕێکەوتوە لە پشتیەوە شەڕ و کێشەی دوو بلۆکی ئەمپریالیستی و دەوڵەتانی ناوچەکە راوەستاوە. لە سەرێکەوە ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لە وڵاتانی رۆژئاوا و تورکیا و سعودیە و دەوڵەتانی کەنداو، تا دەگات بە بارزانی و حیزبکەی، هەروا لە سەرێکی تریشەوە رووسیا و چین و ئێران و حیزبوڵای لوبنان و مالیکی.. ھەردوو لای ئەم ھێزانە بۆ قازانجی جیهانیی و یەکلاکردنەوەی ناوچەکانی نفوز و ئارایشتدانەوەی دونیا و سیستەمی ئەمنی ناوچەکە، سوریایان کردۆتە مەیدانی شەڕێکی خویناویی و ھەر لایە بۆ قازانجی خۆی بوونەتە پشتیوانی دوو لەشکری شەڕکەر کە دەست لە ھیچ شتێک ناپارێزن و لە سەروو ھەر پرەنسیپێکەوە سواری ماشێنی جەنگێکی خوێناویی و کاولکاریی بوون. بە رادەی ئەوەی کە رێگا نادەن بۆنەیەکی وەک جەژن ببێتە جێگایەک بۆ راگرتنی شەڕ و کوشتاریان، تا خەڵکی بێدەرەتانی ئەم وڵاتە ھەناسەیەک بدەن. سیاسەت و ستراتیژی ئەم دوو بلۆکە بە جۆرێکە کە خەڵکی بێتاوانی سوریایان خستۆتە نێو تاریکایی تونێڵیکەوە کە ھیچ ترووسکایەکی لێبەدی ناکرێ. لە واقعیەتێکی ئاوادایە کە ھەوڵەکانی ئەخزەر ئیبراھیمی بێئاکام وەک کاغەزی سەر ئاو دەشکێنێتەوە و ناتوانێ ئومێدێکی لێ سەوز ببێ. لەم نێوەشدا تەواوی سەردان و کۆبونەوەی وڵاتانی دەو‌روبەر، جگە لەوەی کە ببێتە بازاڕێک بۆ ساتوسەودا و کاتکوشتن و ریاکاریی بە دەوری مافی مرۆڤ و چارەنووسی خەڵکی ئازاربەخشی سوریادا، شتێکی تر نییە. گرنگی جیگا و رێگای سوریا لە ناوچەکەدا، بۆ یەکلاکردنەوەی سیاسەتە جیهانیی و ناوچەییەکانی دەوڵەتانی ئیمپریالیستی، ئەو چوارچێوەیەیە کە قاچی دەوڵەتانی ناوچەکە و دەیان ھێزی کۆنەپەرستی ئیسلامیی و ناسیونالیستیی و مرۆکوژیی ھێناوەتە کایەوە و ژیان و چارەنووسی خەڵکی سوریای بە بارمتە گرتووە.


رۆیشتنی ‌بەشار ئەسەد داھاتویەکی حەتمیە، بەڵام ئەوەی ئەم حەتمیەتەی دریژە پێداوە رۆڵی ‌رووسیا و چین و ئێرانە. لە لایەکیتریشەوە بە دەسەڵات گەیشتنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا پشتیوانییەکی فراوانی ئەمەریکا و تورکیا و دەوڵەتانی ئەوروپای لەپشتە، بەڵام ئەوەی ئەم کارەی دواخستوە، یەکلابوونەوەی کێشە و مەسەلەکانی دونیای ئەمڕۆ و ھاوکێشە سیاسییەکانی رۆژھەڵاتە کە بە دوای سەرھەڵدانی شۆڕشەوە ھاتۆتەکایەوە. ئەوەشی کە ئەخزەر ئیبراھیمی پێشنیاری ئاگربەستی کردووە تا رێگا خۆش بکات بۆ دانوسانەکانی دواتری نێوان ھەردوو لای شەڕی ناوخۆی سوریا، ھەوڵێکە بۆ ناوبەندکردنی کێبڕکێی سیاسییەکان لە ئاست ھێزە جیهانیی و ناوچەییەکاندا. واتە کۆششێکە بۆ گێڕانەوەی رۆڵی نەتەوە ‌یەکگرتوەکان لە چارەسەری قەیرانی سوریادا، کە پێشتر کوفی عەنان تاقیکردۆتەوە. کۆششێکە کە وەک سەرانی سوپای ئازاد باسیان لێوەکردوە، سینارێۆیەکە ''بە مردوویی لەدایک بووە''! ئەمە واقعیەتەکانی شەڕ و ھەرای ھێزە دەرگیرەکانی ئێستای سوریایە، کە ھەوڵەکانی ئەخزەر ئیبراھیمی لە گۆماوی خوێندا خنکاندووە.‌

 

ماڵپه‌ڕی نوری به‌شیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک