په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣١\٥\٢٠١٤

    کۆتایی رۆژ.

 


عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)

خەنجەرەکانتان دەرکێشن
با لە ژەنگی کالانەکان نەبنە گەرد و،
تەرمەکانیان لە بەردەم لافاوی جەنگدا نەنێژرێن.
ئەو ڕووە قایمانە چەند بێ دەربەستن لە کوشتنی مرۆڤ و
قەڵاچۆکردنی شارستانی و،
دیکۆر کێشانی کوشتارگا!
وەختێ چەقۆ فەرمانڕەوای بیابانی دیالۆگ بێ
فەرمانی شمشێر ببێتە گوتاری مافەکانی عیشق
من دەبمە گۆرانی ئەو دڵەی گوڵی لێ دەپشکوێ.
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و...
ئێمەش وا دەبینە قوربانی شەڕێکی ماڵوێرانکەر!
ڕۆژەکان بەرەو کۆتایین
زەردەپەڕ لە کڕنۆش دایە و،
سەحەر پێشەنگی کۆچڕەوێکی نامۆیە
کازیوەیەکی ڕەنگ پەڕیوو
تەزرە مەرگ و ڕێژنەی خوێن
تراژیدیای ئەو چیرۆک و بەسەرهاتە غەمبارانەی
سنگی شەقار شەقار بووی میزۆپۆتامیا
دەنێتە بەر نیگای ڕاماڵینی خێرا.
پێچەوانەیەکی سەیرە... جیهان لە پێشکەوتن دایە و
منیش تا دێت کۆیلە ترم!
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ.. وەک کۆتایی داستانی دڵ
وەک کۆتایی شیعر و چیرۆک، وەکو مرۆڤ
"جیهان بە چیرۆک بنیاد نراوە، نەک بە ئەتۆم"
ئێمەش هەڵدێین بەرەو مەرگ... بەرەو بیابانی مردن
مردنێکی زۆرەملێ.
هەموو دەڕۆین بەرەو ئۆردوگای لەنێو چوون
بەرەو ئۆردوگای فەنا
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و... سوپایەک لە وشە دڵ گەرمەکانی شیعرێکی یاخی
لەشکرێکی بێ شوماری عەتف و ئەوین، هەڵمەت دێنن
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و... دارستانێک نەبووە شوێنی هاوارە سەر بڕاوەکەم
کۆترە شەپۆڵێک نەهاتە کەناری گوێسوانەی ژوان
چۆن دڵ بدەم بەم شەوانە..جەستەی بوونم لە هەناویا ئەشێوێنێ
ئەم شەوانە ئەموەرێننە سەر شۆستەکانی عەدەم
من گەمە بە بسکی ئاڵۆزی ڕەشەبایەکەوە ئەکەم
کە ئالودەیە بە بۆن کردنی پێکەنینە سیحراوییەکانی شەو.
دەستی ئەو زامانە ئەگرم کە ئەمپەڕێننەوە ئەو دیوی ئاوا بوون
بەدیار چییەوە شەوارە بگرم کە من تامی ئەم شەوە گێژانەم پێ ناکرێ
نیگای ئاشووبەم پێ دەستەمۆ ناکرێ
بۆ شەوارە بگرم کە من هەنگوینی هێمنیم لێ ببێتە تاڵستانی تام.
شەوارە بۆ مەرگی پۆلێک وشە ئەگرم..
کە لەگەڵ کۆتایی هاتنی شیعرێکما سترانی نەمری ئەچڕن.
من مەستم بەم شەوە کورتانەی بوونەتە جەللادی شیوەنی پایزم
مەستم بە جەنگەکان..بە ئاگر..بە ماچ و.. بە سووتان
مەستی من نەسیمە لە نێوان سەمفۆنیای بوونم و کۆڕاڵی پرسەم دا
خەریکی سەمایە و کۆتایی ڕۆژم بۆ ئەنوسێ!
مەستی من کانییەکە لە بیابانی سروودەکانی تەواو بوون.
شەوارە بە چییەوە بگرم..کە ڕۆژم لێ ببێتە سەراب.
چۆن گەواهی نزاکانی من و گریانی ڕۆژ و هەنگاوەکانی سەحەر بپێچمەوە؟
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و
کۆچی نەوڕەسەکانی تەنیایی و ئافاتەکانی غوربەتگا چۆن بنووسمەوە؟
لە پشت پەردەی تکاکاندا، گوێ لە وردە پاڕانەوەی خەڵوەت بگرن
کە ڕۆحی لەت و پەت کراوم ئەنێتە نێو ئۆقیانووسی مردن
مردنیش.. بێ نوێژ بوونی خوایە.
ڕۆژ بەرەو کۆتایی ئەچێ و..
بەرچنەیەک چڕبوونەوەم لە باخی سەدای هەنسک بۆگەن بووە و
خەریکی مل کەچ کردنە لەبەردەم چەقۆی جەللادا.
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و منیش بۆ کۆتایی ئەچم
بەرەو کۆتایی فڕین و
سێبەری ئەو بەختیارییەی هەموو لەحزەیەک ئەوەرێ.
بەرەو ئاوا بوون لە بازنەکانی عەشق
بەرەو مەست بوون بە سرووتەکانی جەنگ و فەرموودەکانی جەللاد و شمشێر
بەرەو پەشیمان بوونەوە لەبەردەم قاپی سووتانی هەرزیم
بەرەو ئاقاری دوێنێ و مناڵیم
بەرەو ساڵنامە بێ کەسەکان کە زمانی زەمەن ناناسن و،
لە کۆشکی هیچ جەللادێکدا نابنە تیرۆر
ڕۆژ خەریکە کۆتایی دێ و منیش بەرەو فەنا ئەچم.

_______________________________
تێبینیی: جیهان بە چیرۆک بنیاد نراوە،نەک بە ئەتۆم : وتەیەکی مۆریاڵ روکەیسەری نووسەری کەنەدییە کە لەسەر کارتی داوەتنامەی ڤیستیڤاڵی ساڵانەی شیعر و کورتە چیرۆک کە لە ڤانکۆڤەر ساز دەکرێ نووسراوە، وەرگیراوە.

 

١٦\١٢\٢٠٠٢ - ڤانکۆڤەر / کەنەدا

ماڵپه‌ڕی عه‌بدوڵا سڵێمان(مه‌شخه‌ڵ)

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک