په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\١٠\٢٠٢٦

کریستا پایک؛

دوای دوو ژەم دەرمانی کوشندە زیندوو مایەوە.


 هێمن عەلی         


دەوڵەتێک کە بە ناوی دادپەروەرییەوە کۆتایی بە ژیانی مرۆڤێک دەهێنێت، چ سنوورێک بۆ دەسەڵاتی خۆی دادەنێت؟ هەوڵە شکستخواردووەکەی لەسێدارەدانی کریستا پایک لە ئەمریکا جارێکی دیکە ئەم پرسیارەی خستووەتە بەردەممان.

لە ٣٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٦دا، لە ویلایەتی تێنێسی، هەوڵ درا حوکمی لەسێدارەدانی پایک بە دەرزیی کوشندە جێبەجێ بکرێت. بەڵام دوای پێدانی دوو ژەم لە دەرمانی پێنتۆباربیتال، هەر زیندوو مایەوە و گوازرایەوە بۆ نەخۆشخانە. بەپێی دوایین زانیارییەکان، پایک هێشتا لە دۆخێکی مەترسیداردایە، هۆشی نەهاتووەتەوە و پێویستی بە ئامێری هەناسەدانی دەستکرد هەیە. پارێزەرەکانی پێشتر ئاگاداریان کردبووەوە کە دۆزینەوەی دەماری خوێن لە جەستەیدا سەختە، و ئێستا پێیان وایە کێشەی دەرزییەکان بووەتە هۆی ئەوەی دەرمانەکە بچێتە ناو شانەکانی جەستەی، نەک ناو خوێنەکەی.
 


لە باسکردنی چارەنووسی پایکدا، نابێت کۆلین سلێمەر لەبیر بکەین؛ کچێکی ١٩ ساڵان کە لە ساڵی ١٩٩٥دا پایک و دوو کەسی دیکە ئەشکەنجەیان دا و کوشتیان. کۆلین ژیان و داهاتوویەکی لە پێش بوو. دژایەتیکردنی سزای لەسێدارەدان بە واتای پاکانەکردن بۆ پایک یان کەمکردنەوەی قورسایی تاوانەکەی نییە.

کێشەی سزای لەسێدارەدان تەنها لە شێوازی جێبەجێکردنیدا نییە؛ خودی بنەمای ئەم سزایەش کێشەدارە. کەیسی کریستا پایک پرسیارێکی بنەڕەتیی دیکەش دەوروژێنێت: چۆن دەوڵەت کوشتن بە تاوان دەزانێت، بەڵام خۆی بە ناوی دادپەروەرییەوە کۆتایی بە ژیانی مرۆڤێک دەهێنێت؟ لە ڕوانگەی منەوە، لەسێدارەدان شکۆی مرۆڤ پێشێل دەکات و سنووری نێوان دادپەروەری و تۆڵەسەندنەوە لەناو دەبات. دادپەروەری دەبێت لەسەر بەرپرسیارکردنی تاوانبار و پاراستنی کۆمەڵگە بنیات بنرێت، نەک ئەوەی دەوڵەت خۆی ببێتە بکوژ.

شێوازەکە هەرچییەک بێت، ئەنجامەکە یەکە: جا بە گوللە بێت، بە کورسیی کارەبایی، بە هەڵواسین، بە دەرزیی کوشندە، بە گازی ژەهراوی، بە گازی نایترۆجین، بە سەربڕین یان بە بەردباران، دەوڵەت کۆتایی بە ژیانی مرۆڤێکی دەستبەسەر دەهێنێت. تەنانەت ئەگەر حوکمەکە بەبێ هیچ هەڵەیەک لە جێبەجێکردنیدا بەڕێوە بچوایە، خودی کوشتنەکە هەر جێی پرسیار دەبوو. دەوڵەت بەرپرسیارێتییەکی قورسی لە ئەستۆدایە بەرامبەر بە ژیان و سەلامەتیی کەسێک کە بە تەواوی لە ژێر دەسەڵاتیدایە.

ڕەخنەگرتن لە سزای لەسێدارەدان نابێت تەنها ئاراستەی ئێران و سعودیە و چین بکرێت؛ ئەمریکاش دەبێت بە هەمان پێوەر هەڵبسەنگێنرێت. ئەگەر باوەڕمان وا بێت کە هەموو مرۆڤێک مافی ژیانی هەیە و دەبێت شکۆی بپارێزرێت، نابێت بە گۆڕانی ناوی وڵاتەکان پێوەرەکانیشمان بگۆڕێن. بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ هیچ دەوڵەتێک لە لێپرسینەوە ناپارێزێت.

کریستا پایک ئێستا لە نەخۆشخانەیەک، لەسەر ئامێری هەناسەدان، لە نێوان ژیان و مردندایە؛ هەمان ئەو دەوڵەتەی ویستی بیکوژێت، خەریکە هەوڵ دەدات زیندووی ڕابگرێت. ئەم وێنەیە خۆی بە تەنها پووچیی ئەم سزایە دەردەخات. کۆلین سلێمەر هەرگیز ناگەڕێتەوە، و لەسێدارەدانی پایکیش ژیانی ئەو ناگەڕێنێتەوە. ئەوەی دەمێنێتەوە پرسیارێکە کە هێشتا وەڵام نەدراوەتەوە: دەوڵەتێک کە بە ناوی دادپەروەرییەوە کەسێک دەکوژێت، کەی سنوورێک بۆ دەسەڵاتی خۆی دادەنێت؟

 

 

hemn.abdulhaq@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک