١\٧\٢٠١٣
کودەتاکەی ٣٠
حوزەیران خیانەتی ٣١ی ئابی سڕییەوە!

جیهاد محەمەد
ئەمڕۆ ٣٠ حوزەیران، ئەو کودەتایەی نوێنەرانی توێژێک لە مەکتەبی سیاسی
یەکێتی و پارتی ئەنجامیاندا و سەرکەوتن بەسەر نوێنەرانی بەرەی گەلدا،
خیانەتێک بوو لەو خیانەت و ڕسواییانەی کە هەمیشە هەردوو زل هێزی
ناوبراو بە ناوی پاراستنی بەرژەوەندی گشتیی میللەتەوە لە پێناوی
بەرژەوەندی خۆیاندا دەیان جار خیانەتییان ئەنجامداوە و هەموو کەرامەتی
تاک بە تاکی گەلی کورد و مافە رەواکانیی کە سەد ساڵ زیاترە ئەم گەلە
گیانی خۆی دەبەخشێت لە پیناوی بەدەستهێنانییدا خستویانەت ژێرپێیانەوە و
کردوویانە بە ئامرازێک بۆ بەدەیهێنانی بەرژەوەندییە گڵاوەکانییان.
ئەم دوو زلهێزە بە ناو سیاسییە، کاتێک کە زانیویانە پێگەی حیزبایەتییان
لە مەترسیدایە، کاتێک زانیویانە چیتر ناتوانن درێژە بە سەپاندنی سیاستە
گڵاو و دزیی و درۆزنییەکەی خۆیان بدەن بەسەر میللەتێکی ڕەشورووت و
بەشمەینەتدا، درێغییان نەکردوە لە خیانەتکاریی و دەستیان نەگێڕاوەتەوە
لە لە هیچ کودەتا و هێنانی سوپای دوژمانان و دەبابەکانی تورکیا و
پاسدارانی ئێران و دەبابەو سوپای سەرکوتکەر و خوێنڕێژی حکومەتی فاشی
جارانی سەدام حسەین.
ئەوە بۆ جارێکیتر ئەم دوو زل هێزە سەلاماندیان کە بە ئاشکراو بێ
شەرمکردن و بێ هیچ سڵەمینەوەیەک لە ڕای گشتی خەڵک و شکاندنی کەرامەت و
حورمەتی هەموو شەهیدان و ئەنفالکراوان وکیمیابارانکراوان و،
بێڕیزییکردن بە دەنگی خەڵک بەوپەری گاڵتەجاڕییەوە دەستیان بەرزکردەوە و
دەنگیاندا بە درێژکردنەوەی ولایەتە لە کارکەوتوو سواو و نایاساییەکەی
مەسعود بارزانی و درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان بە بێ هیچ بیانوویەکی
یاسایی و سیاسیی و ئابووریی و کۆمەڵایەتی.
ئەم کودەتایە، هەموو خیانەت و کودەتاو فروفێڵی ئەم دوو زل هێزە ناشیرین
ودزێوەی کوردستانی سڕیەوە بە خیانەتە گەورەکەی ٣١ ئابیشەوە، چیتر خەڵک
باسی هیچ خیانەتێکی ئەم دوو زل هێزە ناکات و پێویستنییە باسیان بکرێت،
دەبێت تەنیا باس باسی ئەم کودەتایەی٣٠حوزەیرانی ناو پەرلەمان بکرێت.
ئەم کودەتایە جگە لەوەی مۆرێکی ڕەش و ناشیرین و خیانەتێکی بێوێنەیە بە
نێوچەوانی توێژیک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی
پێناسەیەکی تەواوی ئەو دوو هێزە میلیشیاگەریەشە. پێناسەی ئەم دوو هێزە
ناسیاسیی و سەکوتکەرە هیچیترنییە جگە لە کودەتاچییەکانی ٣٠ی حوزەیران
زیاتر. کودەتاچییەکانی ٣٠ حوزەیران بەسە بۆ ناسینی مێنتاڵێت و بیری
بۆگەنی ئەم دوو هێزە خۆ سەپێنەر و خیانەتکارە.
کودەتاچییەکانی ٣٠ حوزەیران، وەک دوو هێزی فیوداڵی سەردەمە کۆنەکان بە
حکومی دەوڵەمەندیی و دزینی ئەو هەموو سەرەوت و سامانەی کوردستان کە
سەدان ملیار دۆرلا دەبێت، دەیان سیناروێیان بەدەستەوەیە، لەگەڵ
ئۆردۆغانی ئاغایان و کۆمپانیا چاوچنۆکە سەرمایەدارکانی نەوتی جیهانیدا
دەیان فروفێڵییان لە ژێرسەردایە بۆ لەباربردنی دەنگی ئۆپۆزسوێن و دەنگی
ڕەوای میللەتێکی ڕەشوڕووت و بەشمەینەت. بۆ لەباربردنی دەنگی
ئازادیخوازانە و دیموکراتخوازنە و دادپەروەریخوازانەو یەکسانخوازانەی
لاوان و ژنانی کوردستان.
٣٠\٦\٢٠١٣
ماڵپهڕی جیهاد محهمهد کهریم
|