٢٨\١١\٢٠١٩
کودەتای پۆلیڤیا و
دیموکراسیی درۆینەی رۆژاوا.

عەلی مەحمود محەمەد
دوای ٤٨١ ساڵ لە دەسەڵاتدارێتی سپی پێستەکان بەدوای گەشتە وێشومەکەی
کۆڵۆمبس و داگیر کردنی پۆلیڤیا لە لایەن ئیسپانیاوە لە ساڵی ١٥٢٥دا, وە
١٨٣ ساڵ لە سەربەخۆیی وڵات, بۆ یەکەمجار پۆلیڤییە رەسەنەکان کە ٦٨٪ی
دانیشتوانی وڵات پێک دەھێنن ,کە نزیک ٢٠٪یش دو ڕەگی ئەوروپی- ھیندییە
سورەکانن و تەنھا ٥٪یان ئەوروپین, کەسێکیان بوو بە سەرۆک لە وڵاتی
کودەتا سەربازییەکان, کە جاری وا ھەبوو تەمەنی کودەتاکان یەک رۆژ بووە,
توانی زۆرترین ماوە لەناو ١٨٣ ساڵەکەی سەربەخۆیی لەسەر تەختی
دەسەڵاتدارێتی بمێنێتەوە کە ١٤ ساڵە, ئەو کەسەش ئیڤۆ مۆرالیس بوو, ئەو
بە کرێکاری بیناسازی و دەستفرۆشی تا کرێکاری کشتوکاڵی دەستی پێکرد, بوو
بە یەکەم سەرۆکی ھاووڵاتیانی رەسەنی ئەمەریکا لە جیھاندا, وازی لە
بەشێکی زۆری موچەکەی و کۆشکی کۆماری ھێنا, بۆینباخی ئەبەدەن لە مل
نەکرد, سادەو ساکار ژیا, ژیانی رەبەنی ھەڵبژارد.
ھەموو ھێزەکانی دژ ,لە ئەمەریکای باوەڕ بە تێزەکانی مۆنرۆوە " کە
ئەمەریکای لاتین باخچەی پشتەوەی باڵەخانەکەیان دەزانن", تا
ئۆلیگارشیەکان و سپی پێستە دەسەڵاتدارەکانی رابردوو, راستیستەکان بۆ
کەنیسەی کاسۆلیک و دژ بەرانی جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت و ژیاندنەوەی
کلتورو داب و نەرێتی ھاوڵاتییە رەسەنەکان ھەموو ئەوانەی بە ھەنگاوە
چاکسازییەکانی مۆرالیس و بە گرتنە دەستی دەسەڵات زیانیان کردبوو, لە
٢٠ی ئۆکتۆبەرەوە کەوتنە ھەوڵی کودەتا کردن, لە سەرەتادا بە ئەنجامدانی
خۆپیشاندان و گەڕان بە دوای عەدالەتی ھەڵبژاردنەوە, تا ھەڵگرتنی قەناس
و کوشتنی لایەنگرانی مۆرالیس و پەلاماردانی ماڵ و منداڵیان, لە کۆتادا
ھەڵگەڕانەوەی پۆلیس و کودەتای سەربازی, ئەوجا لە قۆناغی
ئازادیخوازییەوە بۆ کوشت بڕی بێ پەردەو دژایەتی رۆژنامەنووسان و
راگەیاندنی حوکمی سەربازی, ژمارەی کوژراوەکانی سەردەمی کودەتا ١١ جاری
سەردەمی مۆرالیسی دەسەڵاتدارە تەنھا لە ٩ رۆژدا, کە بەشێکیشیان ھەر
قەناسە بەدەستەکان ئۆپۆزسیۆنی راستگەرای فاشیست کوشتیانیان, ئێستا
ھەموو نەفەسێکی دیموکراسی قەدەغە کراوە, وەک بەرەکانی شەڕ کۆپتەرە
سەربازییەکان بە ئاسمانەوەن, گولەی راستیەکان دڵەکان سارد
دەکاتەوە,زیندانییەکان پڕ کراون لە نەیاران,ترەمپ رایگەیاند
گۆڕانکارییەکان ھەنگاوێکی گرنگە بۆ دیموکراتیەت, بێشک لای ترەمپ
دیموکراتیەتی سپی پێستی سەرمایەداری.
مۆرالیسیان بۆ ناوێت؟
خۆسیە تۆرێز لە ساڵی ١٩٧٠ بە کودەتای سەربازی ھاتە سەر حوکم بەسەر
جەنەرال ریخیلۆ کە رۆژێک پێشتر ئەویش کودەتای کردبوو, سیاسەتی
چەپگەرایانەی پیادە کرد,سپی پێست و سەربازیش بوو, لە ساڵی ١٩٧١
راستگەراکان کودەتایان بەسەردا کرد, دور خرایەوە لە ئەرجەنتین لە ساڵی
١٩٧٦ تیرۆر کرا.
تۆباک کاتاری شۆڕشی بۆ سەربەخۆیی لە ئیسپانیاو رزگاربوونی ھاووڵاتیانی
رەسەن لە ساڵی ١٧٨١ بەرپا کرد, ئیسپانییەکان گرتیان, جەستەیان پارچە
پارچە کرد بۆ ئەوەی ھیچی لەدوا بەجێ نەمێنێت بۆ ئەوەی یادی بکەنەوە,
وەک بن لادن و بەغدادییان لێکرد چۆن فڕێ درانە دەریاوە, بۆیە مۆرالیس
دەبێت بڕوات, ھەم توخمی چەپ بوونی ھەڵگرتووە وەک خۆسیە تۆرێز, ھەم
روحیانەتی ئازادیخوازی تۆباک کاتاری لە خوێنیدایە, بۆیە دەبێت بڕوات,
تاوانی ئەوەیە ھاووڵاتی رەسەن و کەسێکی سۆسیالستی ریفۆرمیستی بە بنەچە
کرێکارە, بەرژەوەندی ئۆلیگارشی و ئەمەریکای بە باشی نەپاراست.
نەیارەکانی کێ بوون.
چوار کارەکتەری سەرەکی سەرکردایەتی ئۆپۆزسیۆنی راستگەرایان دەکرد, کە
ھاوبەشی لە نێوانیاندا ھەبوو" سپی پێستی, راستگەرایی, پارێزگاری ئاینی,
سەرمایەداری و توندوتیژبوون" , کە چوونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە ئاڵای
وێڤالای ھاووڵاتییە رەسەنەکانیان سوتاند و رایان گەیاند ئیتر ئێرە
نابیننەوە, ئەو ٤ کارەکتەرەش بریتی بوون لە:
١- سەرۆک کۆماری کاتی لە ١٢ی نۆڤەمبەرەوە Jeanine Áñez; ١٣ August
١٩٦٧)" سپی پێستی رەگەزپەرستی راستیست, کە چووە ناو کۆشکی کۆمارییەوە
وتی" خوا رێگای دا ئینجیل بگەڕیتەوە کۆشکی کۆماری", پێشتر لە ساڵی ٢٠١٣
ەدا رایگەیاندبوو خەون دەبینێت بە پۆلیڤیایەکی بێ تقوسی شەیتانی
ھیندییە سورەکان" کۆلاس", وە شار بۆ ئەوان نییە, بەڵکە پێویستە بچن بۆ
بەرزاییەکانی تشاکۆ, جینین ئەنیس باوەڕی بە باڵایی رەگەزی سپی پێست
ھەیە , کە تەنھا ٥٪ی ھاووڵاتیانی پۆلیڤیا پێک دەھێنن, ھەلرچەندە ٩٧٪ی
ھاووڵاتیانی پۆلیڤی خۆیان بە کریستان دەزانن.
٢- کارلۆس میسا کاندیدی دۆڕاوی سەرۆک کۆماری ," October ١٧, ٢٠٠٣ –
June ٩, ٢٠٠٥ " وە سەرۆکی دەرکراوی کۆمار "کرێکاران لە دژی
خۆپیشاندانیان کرد, لە ئازاری ٢٠٠٥دەستی کێشایەوە, وەلێ پەرلەمان
دەستکێشانەوەکەی پەسەند نەکرد, دواتر لە ١٠ی یۆنی جارێکی دیکە دەستی
کێشایەوە, ئەوجا دەستکێشانەوەکەی قەبوڵکرا, پاش ٣٢ رۆژ خۆپیشاندانی
بەردەوام ٨٠ کەسی کوشت ئەوجا کورسی دەسەڵاتی جێ ھێشت, ھەنووکەش باسی
دیموکراسیەت دەکات, وە رازیش نییە پەرلەمانی پۆلیڤیا کۆبونەوە بۆ
پەسەندکردنی دەستکێلەکار کێشانەوەی مۆرالیس بکات.
٣- لویس فیرناندۆ کۆماتشۆ و مارکۆ بۆماری, دوو کەسایەتی لە
بەڕێوەبەرایەتی یەکێتی خاوەند کارانی سانتاکرۆزن,بیروباوەڕ رەگەز
پەرستی زەبروزەنگاوی پارێزگاری دژ بە ژنی سپی پێستی ئۆلیگارشی
راستگەرای توندڕەوی دژ بە ھاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤین, بە ئینجیلێکی
گەورەو و ئاڵای کۆنی پۆلیڤاوە چونە ناو کۆشکی کۆمارییەوە, لەوێ
رایانگەیاند باشاماما ئیتر نایاتە ناو کۆشکی کۆمارییەوە, مەبەستی
ھاوڵاتیانی رەسەنە.
مۆرالیس چی کردبوو؟
لە مێژووی کۆماری پۆلیڤیا مۆرالیس زۆرترین ماوە لە وڵاتی کودەتا
سەربازییەکانی سوپا ٣٥٠٠٠ کەسییەکەدا حوکمڕانێکی سەقامگیر بووە, لەو
ماوەیەدا حوکمڕانی جێگیر بووە و ھەمووان ھەستیان بە بوونی دەسەڵات و
گەڕاندنەوەی کەرامەت کردووە, لەماوەی ئەم ١٤ ساڵەدا جگە لە گەڕانەوە
کەرامەت بۆ ھاووڵاتیانی رەسەن و تێکەڵەکان"رەسەن -ئەوروپی", لە روی
ئابووری و ئازادییەکانەوە کۆمەڵێک ھەنگاوی گرنگی نا:
١- جیاکردنەوەی دین لە دەوڵەت.
٢- کەمکردنەوەی ھەژاری لە ٣٨٪ ەوە بۆ ١٥٪.
٣- بەرھەمی نەتەوەیی وڵاتی لە ٩ ملیار دۆلارەوە بەرز کردەوە بۆ ٤٣
ملیار و ٦٨٧ ملیۆن دۆلار.
٤- پارەی یەدەکی وڵاتی لە ملیارێک و ٨٥ ملیۆن دۆلارەوە بەرز کردەوە بۆ
١٥ ملیار و ٢٨٢ ملیۆن دۆلار.
٥- بە خۆماڵییکردنی وزەو سامانی ژێر زەمینی وڵات کە پێشتر بۆ کۆمپانیا
بیانییەکان بوو لە پێنج سەدە لەمەوپێشەوە زێڕو زیوی وڵات بۆ
ئیسپانییەکان بوو, ئێستاش خاوەند ٢١ ملیۆن تەن لیسیۆمە, کە روحی پاتری
ئۆتۆمۆبێلی کارەباییە, کە جیھان بەرەو ئەو ئاراستەیە دەڕوات.
٦- دابینکردنی خوێندن و نەخۆشخانە بۆ ھاووڵاتیان, پێگەیاندنی چینێکی
بەرفراوان لە ھاووڵاتیانی رەسەن.
٧- کەمکردنەوەی ئیمتیازاتی سەرۆک کۆمارو جێگیرەکەی و وەزیرەکان,دەرگای
کۆشکی کۆماری خرایە سەر پشت بۆ ھەمووان.
٨- بەشداریپێکردنی ژنان و ھاوڵاتیانی رەسەن لە حوکمڕانی و نەھێشتنی
ئاپارتایدی جنسی و رەگەزی.
٩- زیادکردنی لانی کەمی کرێ بە رێژەی ٥٠٪ و دابەزاندنی تەمەنی
خانەنشینی لە ٦٥ ساڵەوە بۆ ٥٨ ساڵ .
ئەمەو دەیان و سەدان چاکسازی دیکەی لە بەرژەوەندی ھەژاران و
ھاووڵاتیانی رەسەنی پۆلیڤی ئەنجامدا, ئێستا ھەموو ئەوانەی بەرژەوەندیان
لەگەڵ ئەم دەستکەوتانەیە ترسیان لە لەدەستانی پەیدا کردووە, شەڕەکە
شەڕی بەرژەوەندییەکانە.
چی روویدا.
مۆرالیس ھەڵەیەکی ستراتیژی گەورەی کرد کاتێک خۆی بۆ چوارەم خولی سەرۆک
کۆماری کاندید کردەوە , لە کاتێکدا دەیتوانی جێگیرەکەی ئەلفارۆ غارسیای
تێکۆشەرو سەرکردەی پارتیزانی پێشتر" سەرکردەی بزوتنەوەی مارکسیستی
تۆباک کاتاری پۆلیڤیا بوو" کاندید بکات, سپی پێستێکی رۆشنبیری ناسراو
مێژوو نوسێکی بە بڕشت و چەپگەرایەکی جێگیر بوو,مۆرالیس پێش ھەموو شتێک
قوربانی چوارەم خولی کاندید بوونیەتی لە دەرەوەی دەستوورەوە, بە
پێگەیەکی لاوازەوە چووە ھەڵبژاردنەوە, دابەزینی دەنگەکەشی لە " ٥٣٪,
٦٤٪, ٦١٪" ەوە بۆ ٤٧٪ بۆ خۆی پاشەکشەیەکی ١٤٪ یی بوو لە ئەنجامەکانی
خولی پێشوو, دەنا ئەوەی دەوترا ساختە کردن دوور بوو لە راستییەوە,
ھەمووان دەزانن لایەنگرانی ئەو ھاووڵاتیانی رەسەنی ناوچە ھەژارو
دورەکانەو سندوقەکانی دەنگدانی ئەوان درەنگتر دەگەنە ناوەندەکانی
جیاکردنەوە, ئەگەر دەکرا گزی ھەڵبژاردن لە ٧٨ ناوچە, لە کۆی ٣٤٥٥٥
ناوچەی دەنگدان کرابێت, کە دەکاتە تەنھا ٠,٢٢٪ی ناوچەکان, ئەمەش
ئەنجامەکەی ناگۆڕی , چونکە ئەو ١٠,٤٩٪ لەپێش نزیکترین کاندیدەوە بوو "
٤٧.٠٨٪ Evo Morales- Carlos Mesa ٣٦.٥١٪ ", ئۆپزسیۆنی راستگەرا چییان
بکردیە نایان توانی جیاوازییەکە لە ١٠,٤٩٪ ەوە دابەزێنن بۆ کەمتر لە
١٠٪ , کە بە پێی یاسا ئەو ژمارەیە حەسمی سەرکەوتنەکەی دەکرد , بۆیە بە
ناچاری نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت,کە پێش ھەڵبژاردن دەنگۆی کودەتاکە
بڵاو کرایەوە,١١ ساڵ پێشتریش ھەمان ھەوڵدان ھەبووە, ساڵی ٢٠٠٨ ویستیان
کودەتا بکەن, فیلیپ جولدبێرج باڵوێزی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە
وڵات دەرکرا, ئەوکات مۆرالیش ئاستی جەماوەری لەسەروی ٦٠٪ ەوە بوو, بۆیە
ئەستەم بوو سەرکەوتنی , ئێستاش بە دەستوور نایانتوانی بە سانایی کودەتا
بکەن, بۆیە نەخشەی کودەتاکەیان داڕشت لە رێگای سوپاوە, کە ١٤ ساڵ بو
زاتی کودەتای وایان ناکرد, چونکە لە مێژوودا پۆلیڤیا سەرۆکی جەماوەری
وای بەخۆوە نەبینیبوو, زیاتر لە ٥٠٪ ی دەنگەکان بھێنێتەوە.
بۆیە ئەمەی کرا کودەتایەکی سەربازی سیاسی بوو لە بەرگی تازەدا, کە
پرۆسەی ئیستقالەی کودەتایی و تۆقاندن و پەیڕەو کردنی یاسای لە گەڵدا
بوو, وەلێ ئامانجە کۆنەکە ئەوەیە چەپ و دانیشتوانی رەسەن بڤەن لە کۆشکی
کۆماری, مۆرالیس وجێگیرەکەیان وادار کرد دەست لەکار بکێشنەوە, دواتر
رێگا نەدرا سەرۆکی ئەنجومەنی پیران و جێگیرەکەی و سەرۆکی پەرلەمان بچنە
کۆبونەوەی ئەنجومەنی پیرانەوە کە مافی بون بە سەرۆکیان ھەبوو, ھەموو
سەر بە پارتی ماسی سۆسیالستی بوون, بۆیی جێگیری دووەمی سەرۆکی
ئەنجومەنی پیرانیان دیاریکرد بە سەرۆک لە کۆبونەوەیەکی نا شەرعیدا کە
زۆر کەمتر لە نیوەی ئەندمانی ئەنجومەنی پیران ئامادە بوون, ھێشتاش
پەرلەمان ئیستقالەی سەرۆک و جێگیرەکەی پەسەند نەکردووە, کە پارسەنگ لە
پەرلەمان و ئەنجومەنی پیران بەلای مۆرالیسەوەیە " ٨٨ لە کۆی ١٣٠
پەرلەمانتار, ٢٥ لە کۆی ٣٦ ئەنجومەنی پیرانی بەدەستەوەیە", ھاوکات کاتی
خۆی پەرلەمان دەست لەکار کێشانەوەی کارلۆس میسای لە ساڵی ٢٠٠٥
رەتکردۆتەوە, ئەمەش پێشینەیەکی شەرمەزارییە بۆیان, بەدوای ئەو سیناریۆ
کرچ و کاڵەدا حکومەتێکی سەربازی فاشیستانەیان راگەیاند, لە مۆرەکانی
راستگەرا سپی پێستە ئۆلیگارشییەکان, لە گەڵیشیدا سوپایان سەربەستکرد لە
سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان, ژمارەی قوربانیان و برینداران و
زیندانیان لە ٩ رۆژی دوای کودەتاکە دەیان جاری ٢٠ رۆژ خۆپیشاندانی
ئۆپۆزسیۆنە لە سەردەمی مۆرالیس کە ئەوکاتیش زۆرینەی ناڕازییە راستگەا
فاشیستەکان ئەنجامیان دا.
ئەنجام.
لە ئێستاوە کودەتاچییەکان شەڕەکەیان دۆڕاندووە ئەگەر بگەڕێنەوە سەر
شەرعیەتی سندوقی دەنگدان, پێکھاتەی ئەوان لە سپی پێستی ئۆلیگارشی
پارێزگار, بە دژایەتی ھاووڵاتیانی رەسەن کە زۆرینەی دانیشتوانی وڵات
پێک دەھێنن, بە سوتاندنی ئاڵاکەیان و دژایەتی داب و نەرێت و کلتوریان و
ئەنجامدانی بەردەوامی کوشتار و زەبروزەنگ لە دژیان, ھاوکات پێگەی
چیناییان وەک سەرمایەداری ئۆلیگارشی, وە باوەڕی کۆنەپەرستانەو دژ بە
ئازادی و مافی ژن و فاشیستانەیان, وا دەکات بەرەی نەیار بەھێز بێت ,
ئەمانە مۆرالیسیان نەک بەھێز کردەوە, بەڵکە کردیان سەرکردەیەکی
کارێزمایی, لە ھەر ھەڵبژاردنێکی داھاتوودا براوە دەردەچێت دەنگەکانی
دەچێتە سەر, کودەتاکەی پشتیوانەکانی لەسەر خەباتی بەرەو روبونەوەو
یەکگرتنی توندرتر و مەترسی لە دەستدانی دەستکەوتەکان و کەرامەت و
ئازادییەکان زیاتر کرد, لە ئێستاشدا بڕیار نییە ھەڵبژاردنی پەرلەمان و
ئەنجومەنی پیران دوبارە بکرێتەوە, لەوێشدا زۆرینەیە" ٦٧ لە ١٣٠, ٢١ لە
٣٦ی ھەیە ", بۆیە ھەڵکردنی ئەو دوو دەزگایە لەگەڵ حکومەتی کودەتا سپیی
پێستە ١١ کەسییەکە زۆر دژی یەکترن, تا سەریش نابێت کۆپتەر بە ئاسمانەوە
بێت, بۆیە مۆرالیس براوەیە, لێ بوونی سوپاو پۆلیس لە دەرەوەی حکومەت و
باڵادەستی ئۆلیگارشییەکان تیایدا مەترسییە بۆ ئایندە, پێویستە لە
داھاتوودا ئەم دوو دەزگایە چاکسازی تێدا بکرێت .
نیولیبراڵەکان ترسیان لە ئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ئەرجەنتین و
خۆپیشاندنەکانی شیلی و کۆڵۆمبیا و ئیکوادۆرو وڵاتانی دی و ئازادی لۆلا
چووە, لە ھاتنەوەی بەندۆڵەکە زارەتروک بوونە, بەوەی نۆرەی ئەوان بێت
ئەمجارە لە دەسەڵاتدارێتی کیشوەر, جارێک بۆ تۆو جارێ بۆ من, دەزانن
تاکە ئەلتەرناتیفیان تەنھا چەپە لە کیشوەرەکە.
بەم کودەتایە مۆرالیسیش دەبێتە یەکێک لە رەمزەکانی چەپی ئەمەریکای
لاتین و کودەتاکەی وەک کودەتای شیلی سەیرە کرێت, چۆن کودەتای ١١ی
ئەبرێلی ٢٠٠٢ شافێزی بەھێزکرد, سلفادۆر لیندی کردە ئەستورە, ئاواش
مۆرالیس دەبێتە رەمزێکی خۆشەویستری ھاووڵاتیانی رەسەن و ھەموو
ئەمەریکای لاتین, دەبێتە یەکێک لە ئەستێرەکان لە پاڵ لۆلا و مۆخیکا.
ماڵپهڕی عهلی مهحمود محهمهد
|
       |