په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٨\٢٠١٢

کورد چی لە ناوەند دەوێ؟!


ستار محەمەد قادر    


رەنگە ئەم پرسیارە کورتکراوەی چەندەھا پرسیاری دیکە بێت، بێ گومان دەشتوانین بیکەین بە ھەوێنی کۆمەڵێک پرس، وەکو ئاشکرایە ئێمەی کورد ساڵانێکی زۆرە خەبات دەکەین، لەو پێناوەشدا دەریایەک خوێنمان بەخشیوە، ئەگەر سەردەمانێک ھاوکێشە ھەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان لە ژێر کاریگەری شەڕی سارددا دەرگەیان بەڕووی کورددا دادەخست، ئەوا ئەمڕۆ گۆڕان بەسەر ھاوکێشەکاندا ھاتووەو دەبێت داواکاریەکانی ئێمەیش گۆڕانی بەسەردا بێت، چونکە ئێمە جگە لە مافە سرووشتیەکانی خۆمان، بە ھیچ شێوەیەک لە بەرنامەو نیەتماندا نیەو نەبووە تەجاوز بکەینە سەر مافی ھیچ لایەنێک، بەڵام کاتێک دەبینین ئەوان ئەو مافەمان پێ رەوا نابینن، دەبێت ئێمەیش بیر لە رێگا چارەی دیکە بکەینەوە!


ئەگەر بمانەوێت بەراورد لە گەڵ رەوشی ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان و بەرایی پرۆسەی ئازادیی عێراق بکەینەوە، دەبینین لە پاڵ درووستکرنەوەی عێراقی نوێدا، توانیومانە ھەنگاوی باش بەرەو پێشەوە بھاوین، جێگیر بوونی رەوشی ئەمنی ھەرێمی کوردستان، بە پلەی یەکەم بوو بە ھۆکاری کردنەوەی باڵوێزخانەی زۆرێک لە وڵاتان و ھاتنی کۆمەڵێک کۆمپانیای زەبەلاح بۆ کاری وەبەرھێنان بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەمانە ئەو دەسکەوتانەن سەرکردایەتی سیاسی کوردستان توانی لە عێراقی نوێدا بیانچنێتەوە.


بە حەقیقەت ئەمڕۆ ھەرێمی کوردستان وڵاتێکی دیفاکتۆیە، راستە تا ئێستا لە چوار چێوەی عێراقەوە لێی دەنواڕدرێت، بەڵام لە فەترەیەکی زەمەنی دیاریکراودا، ھەرێمی کوردستان توانی کێبەڕکێ لە گەڵ کاتدا بکاو لە زۆر رووەوە وڵاتی عێراق بخاتە پەراوێزی خۆیەوە!


بێ گومان پەراوێز خستنی ناوەندیش ھۆکاری تایبەتی خۆی ھەیە، وەکو دەبینین حکومەتی ناوەندی تا ئێستا نایەوێت کێشەکان چارەسەر بکاو عێراق لە قەیران رزگار بکات، بەڵکو رۆژ لە دوای رۆژ رەوشی سیاسی و ئەمنی ئەم وڵاتە بەرەو دواوە دەڕوات، حکومەتی دەوڵەتی یاسا نە کار بە تەوافوقی سیاسی دەکاو نەش بۆ دەستووری دەنگ پێدراوی عێراق ئیعتیبار دادەنێت!


ئەگەر بشمانەوێت لە دەلاقەی رەوشی ئابووریەوە لە سیاسەتی دەوڵەتی یاسا بنواڕین، زۆر بە سانایی ئەوەمان بۆ ئاشکرا دەبێت، بی بەرنامەیی و بێ پلانی حکومەت بە رووخساری ھێزی دراوی عێراقیەوە دیارە، ئەمەش ئەوەمان بۆ پشت راستدەکاتەوە، جەنابی مالیکی بەوە رازی نابێت کە ھەموو کایەکانی ژیانی فەرامۆش کردووەو سەرقاڵی تەسفیەی حیساباتە، بەڵکو ئەوەشی پێ ھەزم ناکرێت، کاتێک دەبینێت ھەرێمی کوردستان لە زۆر رووەوە بەرەو پێش دەڕوات!


وەبەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان، ئەو مۆتەکەیەیە کە خودی سەرۆک وەزیرانی عێراقی لە خەونێکی قووڵ فراژوو کرد، بەڵام چ فراژوو بوونێک، فراژووبوونێک بوو بە ھۆکاری ئەوەی رووی راستەقینەی ئەو مرۆڤە ماسکدارەمان بۆ ئاشکرا بکات، جەنابیان لە رووی پراکتیکیەوە ئەوەی بۆ ھەموو لایەک سەلماند، عێراق ھەر وەکو خۆی دەمێنێتەوەو دەمو چاوەکان ناتوانن ھیچ لە واقیعی ئەم وڵاتە بگۆڕن!


ھەر چەندە پەیوەندی ئێمەی کورد تا ئەم چرکە ساتە بە وڵاتی عێراقەوە، پەیوەندیەکە بارگاویە بە کۆمەڵێک ئیشکالیات، چونکە لە ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا نەبووە، وڵاتێک ھەبووبێت لە بەرایی ئاوا بوونیەوە تا ئەمڕۆ نەبووبێت بە نیشتیمانی پێکھاتەکانی، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکان، بە روونی مۆرکی نامۆ بوونی ئێمە بەم وڵاتەوە بە پراکتیکی دەسەلمێنن، زۆر بە داخەوە عێراقی نوێش بە ھەمان دەردی عێراقی کۆن رێچکە دەگرێ و دەڕوات!


دژایەتی کردنی کورد بۆ وەبەرھێنانی نەوت لەسەر زێدی خۆی لە عێراقێکی فیدڕاڵ و دیمۆکراتدا، دیاردەیەکە لە مێژەوە بووە بە کلتووری ئەقڵیەتێکی نەزۆک و نەگۆڕ بۆ دژایەتیکردنی بچووکترین مافەکانمان، مالیکی ھەموو ھەوڵێکی خۆی لەو پێناوەدا خەرج کرد، بەڵام نامەکەی سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، کە تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، حکومەتی ئەمریکا دەسەڵاتی ئەو کۆمپانیایانەی نیە کە گرێ بەستیان ھەیە لە گەڵ لایەنەکانی دیکەدا، چونکە ئەو کۆمپانیایانە سەر بە کەرتی تایبەتن و دەسەڵاتی خۆیانیان ھەیەو ناکەونە ژێر رکێڤی دەوڵەتەوەو مافی خۆیانە لە گەڵ ھەر لایەنێکدا گرێ بەست ئەنجا بدەن، ئەوەش ئاماژەیەکی روونە بۆ کۆمپانیایەکی زەبەلاحی وەکو ئیکسۆن مۆبیل بۆ وەبەرھێنانی نەوت لە ھەرێمی کوردستاندا؟!


سەرۆک وەزیرانی عێراقی بە نێو فیدڕاڵ، سەرەڕای ئەوەی بە بەردەوامی کار بۆ لاوازکردنی پێگەی کورد دەکات و لە بەرنامەیدایە نێو ماڵی کورد ئیحتیوا بکات، بەڵام خۆش بەختانە ئەو ھەوڵەشی کە لە لایەن وڵاتانی ھەرێمیەوە ئاراستەی دەکرا بە نەزۆکی سەری نایەوە، وەکو دەبینین ئێستا بە بیانووی لا بەلاو نا شەرعی، دەیەوێت لە رووی ھێزەوە خۆی تاقی بکاتەوە، لە کاتێکدا کورد مافی دەستووریی و شەرعی لە ناوەند دەوێت، بەڵام ناوەند ئێمەی بەو فۆڕمە ناوێت، کەواتا ئەگەر مافمان پێ رەوا نەبینن؟! دەبێت ئێمە چاوەنواری چییان لێ بکەین؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک