په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\١٢\٢٠١٠

کورد دوای بیست ساڵ دەبێ باجی داگیرکردنەکەی کوێت بداتەوە!


کەمال غەریب   


لە ٥% ی داهاتی نەوت و گازی کوردستان دەدرێت بە کووەیت ،بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی ،کاتێک عێڕاقی عەرەبی داگیریکرد. بەڵام کاتێک کوردستان هەشتا ساڵ بە ئاگروئاسن لێیدەدرێت و سەرکووتدەکرێت لە لایەن ووڵاتێکی داگیرکەری وەک عێڕاق ، کورد فزەی لە دەم دەرنایەت وملکەچی عێڕاقی بوون دەبێتەوە. ئەمەیە هەڵوێستی گەلێکی لێکترازاو و بیمار لە بیرکردنەوە و بڕیاردان.

 

کورد گەر خاوەندار بوایە ئەبوایە لەو سەروەت و سامانەی کە لە کەرکووک لێیدزراوە و تەنانەت لێشی زەوت کراوە هەزارو یەک دادگای نێودەوڵەتی لە عێڕاق بگرتایە نەک لاواز و زەلیل ڕازیبوایە بە لە١٧%ی سامانی خۆی کە لە کەرکووک دەردێت و ٨٣% دەڕوات بۆ گیرفانی ملهووڕەکانی عێڕاق. ئایا ئەم هەموو زانا ،ئەکادیمی، پڕۆفیسۆر،دکتۆر و ئەندازیارانەی کڵاشەدەکەن لە ئەم دوو حیزبەی دەسەڵات لە کوێ بوون بۆ خەمڵاندن و بەرجەستەکردنی ئەو کاولکاریانەی لە هەشتا ساڵی ڕابووردودا تووشی سەرتاسەری کوردستان بووە، ئەوە زیانە مرۆییەکانی ئەنفال ، هەڵبجە ئەشکەنجەدان و نەخۆشییە دەروونییەکان لەولاوە بووەستێت.

 

یەکێک لە نەهامەتییەکانی بێپلانی و کوێرەوەری لە لێکدانەوەکانی ئەقڵی بڕیاردانی سیاسی و بێسەروبەرەیی ئەوەی ئەمڕۆیە کە دەسەڵاتی کوردی تێی کەوتووە. باشە نە ئەبوو کورد ئەم ١٧% بەر میلەی لە نەوتی کوردستان بەرنەکەوتایەو ٨٣% لە سەروەت و سامانی خەڵکی ڕەشوڕووتی کورد ( کە خاوەنی نین) نەدایە بە عەرەبی ئەننفالچی . ئەوە جگە لە ٥% ی کووەیت کە وەک سەرانە وایە ، کورد ئەبێت باجەکەی بدات. ساڵانە نزیکەی ١٠ملیاری دۆلار دێتە دەستیانەوە کەس ئاگاداری یەک ژمارەی نییە ، لە خەزێنەی حکوومەتدا ، جگە لە داهاتی نەوتی قاچاخ ، داهاتی گوومرک ،باجی خانووبەرە ، باجی وەزارەتە خزمەتگووزارییەکان، وە باجی کومپانیا دەرەکییەکان .....هتد.

 

باشە گەر خەڵکێکی کەمی وەک دانیشتوانی باشوور بەم پارە زۆرە بەخێو نەکرێت ئەی بەنگلادش و و ئەسیوپیا بڵێت چی ؟ ئەمەیە زۆری لە سەرمایە و نا دادپەروەری لە دابەشکردنیدا! وە بەرتەسکی و کەمهێنانی لە کاتی خەمڵاندنیدا. ووڵاتێکی خاوەن خەمخۆر کە نیشتیمان و خەڵکەکەی بە هی خۆی بزانێت دەبوایە گەر مەردو خاوەن هەڵوێست بوایە ، دەستی چەپەڵی درێژ نەکردایە بۆ یەک پوولی سەروەتوسامانی ژێر زەوی کە کەس خاوەنی نییە ، لە نەوەکانی دواڕۆژ زیاتر ؟.تێر نەخوارنیش بەدخووییە گەر وەک نەووس سنووری بۆدانەنرێت. کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەوە بۆ چارەکە سەدەیەکە لە بێ ئاوی و تاریکیدا دەژین ( ژیاون گەر بە کوولەمەرگیش بووبێت ) ئەی بۆ ئەو سامانە وون بووەی ژێر خاک بدرێت بە کووەیتی و عێڕاقی عەرەبی .

 

ئێمە دەزانین گەر هەزار هێندەی تریش بێتە گیرفانە کوون بووەکەیان ، باری ژیانی خەڵکی ڕەشووڕووتی کوردستان لە ئێستا باشتر نا بێت. بەپێچەوانەوە کۆمپانیای حیزب و حیزبی کومپانیا دەوڵەمەندتر و دەوڵەمەندتر دەبن ( بارومەتری ئەم تاڵانکردن و پارە لێدانە گەیشتۆتە خاڵی ڕەهایی). کورد دەبێت بە هۆشی خۆیدا بێتەوە و لەوە زیاتر ڕۆ نەچێت لە ناو قووڕوولیتاوی عێڕاقی بووندا ، ئەبێت بڕیاری کورد بوون و کوردستان بوونی خۆیان بدەن ، تا ببن بە خاوەنی سامانی نیشتیمان نەک ١٧%ی کە بە سەدەقە وەریدەگرن.

 

 

kamalkurdy@hotmail.com