٢٨\٣\٢٠١٠
کوردستان دۆزەخە
بۆ ئاشقان؟!

سەلام عەبدوڵا
خێزان و
دراوسییەكانیان"لە بەهەشتی سەرزەمینە"ەكەم، وەك بنكەی پۆلیس و ئاسایشن
و پێكەوە چاودێرێ هەموو جووڵەیەك دەكەن نەبا كچ و كوڕەكانیان یەكتر
ببینن و تێرتێر لە ئامێزی یەكتری بتوێنەوە!
مێشك و ئەقڵی نێرینەی سەرتاپای"كوردستان، نیشتمانی جوان، بەرزو
پیرۆزی"ەكەمدا خەریكی "پاراستنی" نێو لاقی مێینەكانن، نەبا كچێك"پەردەی
شەرەف"ی لەدەست بدا!
هەر كچ و كوڕێكم بینیبێ، ئاە و ناڵەیان عەرشی ئاسمانیشیان لەرزاندووە
بۆ دیداری دولبەرەكانیان و لەولاوە كۆمەڵگەیەك بە هەزاران شێوە گاڵتە
بەخۆی دەكات و باسی"شەرەف"یان گوێی مرۆڤ كەڕ دەكات.
- گەنجێك وتی: ئەگەر پارەم هەبێ، بەدزی كەسوكارمەوە رووی هەندەران
دەگرمە بەرو چیش دەبێ، با ببێ!
- كچێك: ئامادەم شوو بە هەر كوڕێكی"خارجی" بكەم، بۆ ئەوەی لە هەندەران
بژێم!
- كچێكی تر: خۆزگەم بەوەی لە وەڵاتانی ئۆروپا ژیان بەسەر دەبەن!
- كچێك: ئەمە وەڵاتە یان دۆزخ، تۆ بڵێی دۆزەخ لەم ژیانە ناخۆشتر بێت؟!
- كوڕێك: بەزۆر كچەكەیان بۆ هێنام...من خۆشیم ناوێ و زۆر جیاوازین. من
داماوم: تەلاقی بدەم، هەر وەی، تەلاقی نەدەم دوو وەی! نە ئەو لەگەلمدا
ئاسودەیەو نە منیش لەگەل ئەو!
- ژنێك: لە یەكەم شەودا خوێنێكی كەمم لێهات، بە پیاوەكەمیان وت: بڕۆ
دووبارە بیكە!
- گەنجێك: هاوسەرەكەم هەر وتی لێمگەڕێ بخەوم، بەڵام درەنگ داهات و
برادەرەكەم هات بۆ هوتێلەكەو پێی وتم: ئێمە تەواومان كرد، ئەی ئێوە؟
منیش چومە لای بوكەكەم و پێموت: هەستە درەنگە با كارەكەمان تەواو
بكەین!
-گەنجێكی تەمەن 22ساڵ: من تا ئێستا خۆشەویستیم نەكردووە. كاتێ لەگەل
برادەرەكانم بەناو گەڕەكەكان دەگەڕێین، پیرەژنەكانی بەردەرگاكان
چاودێری دەكەن و هیچ یەكێكمان تەنانەت ناتوانێ ژمارەی تەلەفۆنەكەی بۆ
كچێك كە لەگەلیدا سەرەنجی یەكتریان راكێشاوە، هەڵبدا!
- كاتێ وێنەگرێك بۆ قوتابخانەیەك هاتووە، مامۆستاكان بوون بە دوو
بەشەوە: مامۆستا مێینەكان بە جیا و نێرینەكان بەجیا وێنەیان گرتووە!
شەرەف لە وەڵاتەكەم یەك مانای هەیە: سزادانی ویست و ئارەزووی موبارەكی
مرۆڤ بۆ ئەنجامدانی"تاوانی" خۆشەویستی!
چەند كوناهن و چەندە خۆیان لەم راستییە گێل دەكەن: نابێ مێینە بهێنرێتە
ئاستی جەستەو وەك پرۆژەیەكی سێكسی ببینرێت، بەڵام دەتوانێت هەموو شتێك
بكات(لە بچووكترین هەلیشدا دەیكەن)، بەبێ ئەوەی"شەرەفی باوك و براو
نێرینەكانی تری خێزان"لەدەست بدا!
شەرەف لە"خاكە پیرۆزە"كەم، واتە كوشتنی ماچكردن!
گەمژەكان لەسەنگەرن بۆ ئەوەی تاوانی"بەرەڵایی"بخەنە پاڵمانەوە، بەڵام
بەرەڵاییە قیزەوەنە باڵادەستەكەی خۆیان، لە هەموو دنیا زۆرترو زیادترەو
هیچ پێویستی بە ئارەزووی كەسێكەوە نییە بۆ رێزگرتن لە ساكارترین مافی
ئازادی مرۆڤ(مافی ئازادی هەست و سۆز دەربڕین لەنێوان خۆشەویستەكان)بەبێ
ئەوەی كەسوكارەكانیان هەست بە نوقسانی یان سوكبوونی كەسایەتییە
كۆمەڵایەتییەكەیان بكەن.
لە غیابی ئەقڵی ئینسانی هاوچەرخ و زاڵبوونی ئەو دیاردانانە كە بوونەتە
هۆی كویلەكردن و نەخۆشی شیزۆفرینای تاكەكان شەرەف، وەك حەقیرترین وشە
بەكاردەهێنرێت و تەنها بە هێزو بازوو و دەنگی بەرگری كچ و كوڕەكانمان
سەروخوار دەكرێتەوەو لەگەلیدا كۆمەڵگەیەكی هاوچەرخمان دەبێت و ئەو
وشەیە مانا ئینسانییە زەوتكراوەكەی، وەردەگرێتەوە.
- ئەگەر شەرەف هەبووایە، بە بیانووی جیاوازەوە، كچەكانیان بە مسقاڵە
ئاڵتوون نەدەفرۆشت!
- ئەگەر شەرف هەبوایە، لە دەستێوەردان و بڕیاردان لەبارەی چارەنووس و
سۆزو ئارەزووی"جگەرگۆشەكانیان" دەگەڕان و لە ئاستیاندا رێزیان دەنواند.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، ئەو هەموو بێشەرەفییە لە ئاستی مێینە ئەنجام
نەدەدرا.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، ئەو هەموو جیاوازییە لە بەرامبەر مێینە پەیڕە
نەدەكرا.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، مارەی كیژۆلەی كەم تەمەن بە هەر جۆرە
بیانوویەكەوە، قبووڵ نەدەكرا.
- ئەگەر ئەرەف هەبوایە، كچان ناچار نەدەكران، پەردەی كچێنیان بدرونەوە.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، بە چاوسوورییەوە ژنانیان ناچار نەدەكرد بە
گوێرەی"دەقێك"ی بێ سۆز و ئەقڵ لەگەل پیاوەكانیان جووت ببن.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، مێینە وەك ئامێری منداڵهێنان و خزمەچی ناوماڵ،
سەیر نەدەكرا.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، بە هەر بیانویەكەوە، فرەژنی قبووڵ نەدەكرا.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، بەهۆی جیاوازی مەزهەبی، رێگری لە هاوسەرگیری
ئاشقەكان، نەدەكرا.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، مێینە وەك خاوەن ئەقڵ و ئیرادەو كەسایەتی
یەكسان لەگەل نێرینە، شوێنی دەبووەوە.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، جیاكاری لەنێوان قوتابیانی پۆل بەشێوەیەكی
رەگەزانە، نەدەكرا(كچ لەتەنیشت كچ و كوڕ لەتەنیشت كوڕ دادەنیشن)
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، بە مێینە نەدەوترا"زەعیفە"!
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، وێنەی كچان بە رووتی نەدەگیرا بۆ بلاوكردن.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، سۆزانی و فیلم و وێنەی سێكسی وەك دیاردەیەكی
كوردستانیش، برەوی نەدەبوو.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، بەو بەرفراوانییە مێینە رووبەڕووی لاقەكردن و
كوشتن و لێدان و سووكایەتی نەدەهات.
- ئەگەر شەرەف هەبوایە، كچ و كوڕەكان بە دزیەوە تەلەفۆنیان بۆ یەكتری
نەدەكرد و نامە پڕ سۆزەكانی ناو تەلەفۆنەكانیان پاش ناردنیان نەسڕیەوە
یان لەترسەوە لەبری ئەوەی ژمارەی تەلەفۆنی خۆشەویستەكانیان تۆمار بكەن،
ناچار نەدەبوون لەبەری بكەن.
و زۆر شتی تر(خوێنەری بەڕێز بەخۆت دەتوانی لیستەی بێشەرەفی ناو
كۆمەڵگەكەمان زیاد بكەی)! .
لەراستیدا مقۆمقۆ و هەڵهاتن و دووڕوویی چارەسەر نییەو پرسیارەكە
ئەمەیە: بۆچی كچان و كوڕان ئەو هەموو زوڵمە قبووڵ دەكەن و ئامادەییان
تێدا نیە بۆ بەرپاكردنی شۆڕش دژ بەو ئەخلاق و شەرەفە شڕو كۆن و بێكەڵ و
چەوسێنەرە؟ ئایا ئەمەش هەر پەیویەندی بە خەباتی چینایەتی و بیروباوەڕی
پێشكەتنخوازەوە هەیە؟!
كوردستان دۆزەخی ئاشقانەو ئەگەر هێشتا"زۆرمان ماوە" بۆ بیركردن لەبارەی
دۆزەخی پەیوەندی كار=سەرمایەو هەڵوەشاندنەوەی، ئەوا دەكرێ گەنجان بە
خەبات و بەرگری لە پێناو مافی ئازادی خۆشەویستی دەستپَبكەن، ئاخر گرنگ
نییە كێ لە هەڵبژاردن سەردەكەوێ، هەموویان لە یەك سەرچاوەوە ئاو
دەخۆنەوە، بۆیە دەبێ نەوەی نوێ بەخۆی لاپەڕەی نوێی خۆی بكاتەوە!
- هیچ كەسێك بە حزب و حكومەت و ئاینەكانیشەوە بۆیان نییە دەخاڵەت یان
رێگری لە هەست و سۆزی خۆشەویستی نێوان كچ و كوڕێك بكەن!
- شەرەفی مێینە لەلای خۆیەتی و شەرەفی كەسێكی تر نییە!
- هەر كەسێك مافی ئازادی خۆشەویستی پێشێل بكات، بە گوێرەی یاسا وەك
كەسێكی ناپاك و بێشەرەف سزا دەدرێ!
07701929872
dwaroj@yahoo.de
|