په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٥\٤\٢٠١٣

کوردستانی سوور.

رەمەزان کەریم      

- بەشی یەکەم -

 

ناوچە جوگرافییەکان، لەلایەن دەزگا سیاسییەکانی ئەو دەسەڵاتە جیاوازانەی کە لەسەر ئەم خاکانە دابەشکردنی ئیدارییان ئەنجامداوە، ھەڵبەتە ناوی جیاوازیشیان لێنراوە. بەڵام زۆربەی کات ئەو ناوانەی کە گەلانی ناوچەکە خۆیان بەکاریان ھێناوە، زۆر لەو ناوە رەسمییانە زیاتر تەمەنیان کردووە. ئەمە راستییەکەو لەکوردستانی قەفقاسیش بەڕوونی دەردەکەوێت.

لەبەڵگە مێژووییەکاندا، ئەو ناوچانەی قەفقاس کە کوردەکان تێیدا بەزۆری نیشتەجێ بوون، بە ھەرێمی کورد ناوزەد کراوە. لەبەڵگە نووسراوەکاندا، لەناوەڕاستی سەدەی ١٩ھەم تووشی وشەی کوردستان دەبین، ئەویش زیاتر لەبەستەو ئاوازە گەلەرییەکاندا. لەسەدەی ١٩ھەمدا، لەناو شیعری شاعیرە کوردەکاندا کە بەزمانی ئازەری نووسراونەتەوە، وشەی وەک مەحەلی کەلبەچەر، ئەلی کوردستانمان تووش دەبێت. لەبەڵگە رەسمییەکانیشدا، ئەم ناوچەیە تەنھا لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەم بە کوردستان ناونراوە. لەھیچ بەڵگەیەکی مێژووییشدا رووبەڕووی ناوێکی دیاریکراو نابینەوە کە لەسەر ئەم ناوچە شاخاوییانە نرابێت.

لەسەدەکانی ١٠ و ١٣ھەمدا ئەم ناوچە کوردییە لەژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی کوردی شەدادی بووە. لەسەدەی ١٣ ھەمەوە کەوتۆتە ژێر حوکمی خانەدانی ئەلبان-خاچ، لەسەدەی ١٦ھەمدا چۆتە ژێر دەسەڵاتی ئیداری ئێرانەوە. لەسەدەکانی ١٦ و ١٧شدا کوردستانی قەفقاس کەوتۆتە نێوان میرنشینەکانی قەرەباغ و یەریڤان و، زیاتر لەگەڵ میرنشینی قەرەباغ لەپەیوەندیدا بووە.

ساڵی ١٨٠٥، لەگەڵ رێککەوتننامەی کورەکچای، میرنشینی قەرەباغ چۆتە ژێر حوکمی روسیاوە. ساڵی ١٨٢٢، دوای ئەوەی میرنشینی قەرەباغ لەناوچوو، کوردستانیش وەک ناوچەکانی تری قەرەباغ، لەلایەن رژێمی سەرکوتکەری ئیمپراتۆریی روسیاوە بەڕێوە براوە. دواتر ھەرێمی کوردەکان خراوەتە سەر ئەیالەتی یەلیزاڤێتپۆلی ئیمپراتۆریەتەکە.

لەسەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، لەقەفقاس، ھەروەک چۆن ئەو ناوچانەی بەزۆری خەڵکی ئازەری و ئەرمەنی لێ ژیاوە، وەک ئازەربایجان و ئەرمەنستان ناونراوە، ناوچە کوردنشینە مێژووییەکانیش بەناوی کوردستانوە ناوزەد کراوە.

ئەوەی کە سەرەتاکانی سەدەی بیستەم، کورد لەناوچەکەدا بۆتە واقیعێکی ئەتنیکی-میللی، شتێکی حاشاھەڵنەگرەو، ئەمەش لەساڵی ١٩١٨، لەگەڵ دامەزرانی کۆماری موساواتی ئازەربایجاندا بەڕوونی دەردەکەوێت، بەتایبەت کە بڕیاری دروستکردنی تابووری تیرھاوێژەکان و دەستەی سوارەی کورد لەناو سوپای ئەو وڵاتدا لە ١٩٢٠ دەرکرا. بەڵام بەپێی بڕیارەکە یەکەم دەستەی سوارە لە ١٢٨٠ سوارچاک پێکھاتبوو.

لەسەروبەندی دامەزرانی دەوڵەتی سۆڤیەت، ژمارەی کوردەکان لەقەفقاس گەیشتبووە رێژەیەکی بەرچاو. کوردەکان، لەناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیش دەژیان. بەگوێرەی ئاماری رەسمی ساڵی ١٩٢٦ی ئازەربایجان، کوردەکان لەسەرتاسەری ئازەربایجان ژمارەیان گەیشتبووە ٤١ ھەزارو ١٩٣ کەس. ژمارەی کوردەکانی ئازەربایجان ٣٧ ھەزارو ١٨٢ کەس بووەو ئەمەش رێژەی ٧٢.٢٪ی حەشیمەتی کوردستانی سووری پێک دەھێنا. ساڵی ١٩٢٤ کەسێک بەناوی چورسین بەمەبەستی توێژینەوە سەردانی ناوچەکەی کردبوو، ناوبراو لەتوێژینەوەکەیدا نووسیبووی لە ٤٤ ھەزار کەسی دانیشتووی ئەو ناوچەیە، ٣٥ ھەزاری کوردن. بەگوێرەی لێکدانەوەکانی کۆمیتەی پلاندانانی حکومەتی ئازەربایجان، ٩٩.٥٪ی دانیشتووانی کەلبەجەرو ٩٩.٢٪ی دانیشتووانی لاچین پێکھاتبوو لەکورد. ژمارەی دانشتووە ئازەرییەکانی ھەردوو قەزاکە بەگشتی ١٨٠ کەس بووە. لەگەڵ دامەزرانی دەوڵەتی سۆڤیەت، ئەم واقیعە مێژووییانە ھەرچەند کەمیش بێت، تاڕادەیەک لەبەرچاو گیراوە. ھەروەھا وەک بەشێک لەچارەسەری کێشە نەتەوەییە ھەڵواسراوەکان، لەکوردستانی قەفقاس کە ژمارەیەکی زۆری کوردەکان لەوێ ژیاون، بڕیاری پێکھێنانی کوردستانی ئۆتۆنۆم دراوە.

ھەر لەسەروبەندی دامەزرانی کوردستانی سوور، لەسەرەتاکانی دەیەی ١٩٢٠ کۆمەڵێک موناقەشە ھەبووە لەنێوان مۆسکۆ، یەریڤان، باکوودا کە ھەموو وردەکارییەکەیمان لەبەردەستدا نییە. بەڵام ئەو بەڵگەنامەو نووسراوە شیکارییانەی کە لەبەردەستدان، بەسە بۆ وێناکردنی دیمەنی گشتی راستییەکان.

 

 

٢٣\٤\٢٠١٣

remezankerim98@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک