٢٩\٦\٢٠١٣
سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کوردستانی سوور.

رەمەزان کەریم*
- بەشی
دەیەم -
لەناو ئەو نوێنەرە کوردانەی کە لەناوچە جۆراوجۆرەکانەوە روویان دەکردە
مۆسکۆ، ھیچ جۆرە رێکخستنێکی یەکگرتوو لەئارادا نەبوو. بەتایبەت مەسەلەی
سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی کوردستانی سوور بەڕێگەی سیاسی کە ئازەرییەکانو
ئەرمەنییەکان شەڕیان لەسەر دەکرد، بەلای کوردەکانەوە ئەستەم بوو بتوانن
ھەنگاوی پراکتیکی بۆ بھاوێژن. بەھۆی ئەم ھەڵوێستە پەرشو بڵاوانەوە،
جارێکیان «رەفیق نیشانۆڤ» سەرۆکی پەرلەمانی یەکێتیی کۆمارە
سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت، کوردەکانی بەم قسانە رەنجاندبوو: «سەرەتا لەناو
خۆتاندا ئەوە یەکلا بکەنەوە کە ئاخۆ دەتانەوێ کوردستانی سوور زیندوو
بکەنەوە یان نا، ئینجا وەرن بۆ ئێرە، تاکو ئێمەش ھەوڵ بدەین ئەم کێشەیە
چارەسەر بکەین».
ھەروەھا کۆمارەکانی ئازەربایجانو ئەرمەنستانیش کە نەیاندەویست پرسی
کوردستانی سوور بەئیرادەی خودی کوردەکان چارەسەر بکرێت، بەشێوەی
ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان ھەبوو. کوردەکانی سۆڤیەت، لەیەکەم کۆنگرەی
خۆیاندا باسی سەرلەنوێ پێکھێنانەوەی سەربەخۆیی کوردییان کردەوە، کە
لەسنووری ئازەربایجاندا ھەبوو و ساڵی ١٩٢٩ بەڕێگەی نایاسایی
ھەڵوەشێنرایەوە، پاشان لەم بارەیەوە گەیشتنە بڕیارێکی ھاوبەش.
کوردەکان کە لەم قۆناغەدا ئۆفیسێکیان لەئوتێلی «مینیسک»ی مۆسکۆ کردبۆوە،
لەھەموو دەرگاکانی دەوڵەتیان دا.
کۆتایی ساڵی ١٩٨٩، «ژەنەڕاڵ تاراسەڤیچ» سەرۆکی کۆمسیۆنی پەیوەندییە
نێودەوڵەتییەکانو سیاسەتی نەتەوەیی لەپەرلەمانی یەکێتیی سۆڤیەت، وەفدی
«کۆمیتەی سەرلەنوێ دروستکردنەوەی سەربەخۆیی کورد»ی قبوڵ کرد کە محەمەد
بابایێڤ سەرکردایەتی دەکرد، ھەروەھا بەڵێنی پێدان کە چاوێک بەڕەوشەکەدا
بخشێنێتەوە.
ئەو بەرپرسانەی تر کە کوردەکان چاویان پێیان کەوتبوو؛ (ئاریەمبۆڤ
سەرۆکی کۆمیتەی کەمینەکانی یەکێتیی سۆڤیەت، رەفیق نیشانۆڤ سەرۆکی
پەرلەمانی گەلانی سۆڤیەت)یش داواکاری سەربەخۆیی ئەو کوردانەیان پێگەیشت
کە لەسنووری کۆمارە جیاجیاکاندا دەژیان، ھەروەھا رایاندەگەیاند کە
چارەسەرکردنی کێشەکە ئاسانەو گڵۆپی سەوزیان بۆ خەباتکارە کوردەکان
داگیرساند.
ساڵی ١٩٩٠ وەفدی دانوستانکاری کورد، سەبارەت بەمە لەگەڵ پریماکۆڤ
سەرۆکی کۆمیتەی ئاسایشی یەکێتیی سۆڤیەتو، دزاسۆخۆڤ سکرتێری کۆمیتەی
ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤیەتو چەندین بەرپرسی تر کۆ بوونەوە.
لەدەیەی ١٩٩٠ بەولاوە، بۆ ئەو کوردانەی کە لەپێناوی کوردستانی سووردا
خەباتیان دەکرد، چەندین پێشکەوتنی ئومێدبەخش ھاتنە ئاراوە. بەھەرحاڵ،
یەکێتی سۆڤیەتیش بەرەو ھەڵوەشانەوە دەڕۆیشت. جەماعەتی «یەکبوون»
ھەستیان بەوە کرد کە کات کەمەو دەبێ خێرا لەڕێی دەستوورییەوە بگەنە
ئەنجامێکی یەکلاکەرەوە. سەرەنجام بەڵێنەکەی دەوڵەت سەبارەت
بەدامەزراندنی کۆمسیۆنی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی سەربەخۆیی کورد،
لەپاییزی ١٩٩٠دا جێبەجێ کرا. ٢٠/١٠/١٩٩٠ سەبارەت بەکێشەی کوردەکان،
یەکەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی تایبەت کرا کە پێکھاتبوو لە ٨ پەرلەمانتاری
یەکێتی سۆڤیەت بەسەرۆکایەتی «ڤیلاتی سۆبۆلێڤ» و ٤ نوێنەری کورد.
ئەرکی ئەو کۆمسیۆنە بریتی بوو لەگەڕان بەناو بەڵگەنامە ئەرشیفکراوەکانو
ئاشکراکردنی راستییەکان سەبارەت بەئۆتۆنۆمی کوردەکان، ھەروەھا
لێکۆڵینەوە لەو کۆمارانەی کە کوردیان تێدا دەژیو دەستنیشانکردنی ئەوەی
کە ئاخۆ پێویستە کوردەکان کۆمارێکی سەربەخۆیان ھەبێت یان نا.
بەھۆی ئەو نامە زۆرانەی کە لەلایەن کوردەکانەوە ئاراستەی کۆمسیۆنی
ئاماژەپێکراو دەکرا، دەردەکەوت کە گەلی کورد لایەنگری سەربەخۆییە.
کۆمسیۆن دوای توێژینەوەی بەڵگەنامەکان، گەیشتە ئەو دەرەنجامەی کە دەیەی
١٩٢٠ لەقەفقاس ئۆتۆنۆمییەکی کوردی ھەبووەو بەھۆی سیاسەتو گوشارەکانی
ستالینەوە، بەشێوەیەکی نایاسایی ھەڵوەشێنراوەتەوە، ھەروەھا سەرلەنوێ
دامەزراندنەوەشی شتێکی ئەستەم نەبوو. دوابەدوای ئەمە، وەزارەتی عەدلیەی
یەکێتیی سۆڤیەت لە ٢٧/٣/١٩٩١ لەپەیڕەو و پرۆگرامی خۆیدا ئاماژەی بە «سەرلەنوێ
دامەزراندنەوەی سەربەخۆیی بۆ کوردەکان» کردو، رێکخراوی «یەکبوون»ی
بەڕەسمی تۆمار کرد، بەمجۆرە گڵۆپی سەوزی بۆ کوردەکان داگیرساند تاکو
لەپێناوی کوردستانی سووردا خەبات بکەن. ھەروەک لەناو بەڵگەنامە
تۆمارکراوەکانی «یەکبوون»دا ھاتووە، لەبەڵگەی مۆڵەتی چاپو پەخشیشدا
ئاماژە بەوە کراوە کە «لەپێناوی سەربەخۆیی کوردەکاندا» کار دەکات.
_______________
*
کوردی سۆڤێتی پێشوو.
_______________________________________
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur9.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/kurdistanisur8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/kurdistanisur7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/kurdistanisur6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/kurdistanisur5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/kurdistanisur4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
٢٦\٦\٢٠١٣
ماڵپەڕی رەمەزان کەریم
|