په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٧\٢٠١٣

گۆرباچۆڤ، سڵاو لە سـەرکردەی کوردەکان دەکا.

رەمەزان کەریم*      

- بەشی یازدەم -

 

ئەو بڕیارانەی وەزارەتی دادو پەرلەمانی یەکێتیی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤێت، کاردانەی کۆماری ئازەربایجانی لێکەوتەوە کە ھێشتا لەناو سنووری یەکێتییەکەدا بوو. وێڕای ھەموو کێشەیەکی کوردەکانی سۆڤێت، نوێنەرەکانی ئازەربایجان کە بۆ کۆبوونەوەکانی کۆمسیۆنی پەرلەمانتاران بانگھێشت کرابوون، بەئاشکرا دژایەتیی خۆیان بەرامبەر گەڕانەوەی کوردستانی سوور دەربڕی. لەیەکەم کۆبوونەوەی ئەو کۆمسیۆنەدا، «مامەدۆڤ» یەکەم سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی پارتی کۆمۆنیستی یەکێتیی سۆڤێت لەئازەربایجان، بەکورتی ئەمانەی وت: «کوردەکان ھێشتا ئەزموونی بەڕێوەبەرایەتی سەربەخۆیان نییە. دەتوانن سەرەتا ناوەندە کەلتوورییەکان بکەنەوە، بەڵام لەمەودوا دەکرێ مەسەلەکە تاوتوێ بکرێت». لەدووەم کۆبوونەوەی بەرفراوانی کۆمسیۆنەکەدا کە نزیکەی ١٢٠ ئەندام پەرلەمان بەشدارییان تێدا کرد، مامەدۆڤ ئەم لێدوانە ھەڕەشەئامێزەی پێشکەش بەئامادەبووان کرد: کوردستانی سوورو سەربەخۆ ھەرگیز لەناو خاکی ئازەربایجاندا نەبووە، بەڵام نزیکەی ١٢,٦٠٠ ھاووڵاتیی کورد لەوڵاتەکەماندا دەژین. پەرلەمانتارانی بەڕێز.. ئێوە دەتانەوێت میللەتەکەمان چۆن نزیکی ئەرمەنییەکان دەبێتەوە، ئاوھاش مامەڵە لەگەڵ کوردەکاندا بکەن؟ لەسێیەم کۆبوونەوەی کۆمسیۆنەکەشدا، مامەدۆڤ لەوتەکانیدا نەرمییەکی زیاتری نواندو رایگەیاند: «دوای چارەسەرکردنی ناکۆکی قەرەباغ، کێشەی کوردییش چارەسەر دەکەین». بەڵام لەبیروبۆچوونەکانی بەرپرسانی ئازەربایجان زیاتر، شێوازی مامەڵەکردنی مۆسکۆ بەلای کوردەکانەوە گرنگ بوو. لەساڵی ١٩٩١ بەولاوە، وردە وردە مۆسکۆ ئومێدبەخشانەتر دەجوڵایەوە. یەکێتیی سۆڤێت تووشی قەیران ببوو. لەوانەیە ھەڵوەشانەوەی سۆڤێت بەلای کوردەکانەوە ناخۆشتر بووبێت تاوەکو روسەکان.

ساڵی ١٩٩١، کەمێک پێش ئەوەی یەکێتیی سۆڤێت ببێتە مێژوو، وەفدی کوردی بەسەرکردایەتی بابایێڤ، لەگەڵ ریڤینکۆ، جێگری گۆرباچۆڤ سکرتێری گشتیی کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی سۆڤێت کۆبوونەوە. ھەر لەسەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ریڤینکۆ پێی وتن:

«کامتان بابایێڤ-ە؟»

محەمەدی سلێمان سەری بردە پێش ‌و خۆی ناساند. ریڤینکۆ:

«ھاوڕێ گۆرباچۆڤ سڵاوی بۆ تۆ ھەیە. خەباتی ئێوە جێگەی رێزو پێزانینە. دەتوانم مژدەی کوردستانی سوورتان پێبدەم. ھیوادارم دوای چەند مانگێکی تر بتوانین سەربەخۆیی کوردستانی سوور رابگەیەنین. لەگەڵ کۆماری ئازەربایجان قسەمان کردووە. پێویستە لەم ماوەیەدا خەڵک بۆ ئەمە ئامادە بکەن. کەڵک لەتەلەفزیۆنی دەوڵەت‌و رۆژنامە خۆجێییەکان وەربگرن. ھاوڕچەڵەکەکانی خۆتان لەکۆمارەکانی تریش ئامادە بکەن».

بەپێی ئەو بڕیارەی لەدانیشتنەکەدا درا، سەرەتا جەماعەتی «یەکبوون» دەچنە ئازەربایجان، لەوێ زەمینەی راگەیاندنی کوردستانی سوور لەگەڵ دەوڵەتی ئازەربایجان خۆش دەکەن. کوردەکان دوای تەواوبوونی کۆبوونەوە لەخۆشیان باوەشیان بەیەکدا کردو گریان. بەڵام بەھۆی خێرایی ئەو پێشھاتانەی کە بەپێچەوانەی ویستی کوردەکان رووی دەدا، نە کوردەکان توانیان بچنە ئازەربایجان، نە کوردستانی سوور راگەیەندرا. پاشان جەماعەتی یەکبوون ھەوڵیاندا ئەو ناکۆکییەی کە لای خەڵک دروست ببوو، بەشێوەیەک چارەسەر بکەن... لەو قۆناغەدا ھەندێک رووناکبیر کە بەڕاستی مامەوێت لێرەدا ناویان بێنم، لەسەر یەک نامەیان بۆ بەرپرسانی سۆڤێت دەنارد کە گوایە کوردەکان ئۆتۆنۆمییان ناوێت، بەڵکو سەربەخۆییەکی کەلتوورییان پێ بدەن بەسە، ھەروەھا بابایێڤ‌و لایەنگرەکانیان بەدەسەڵاتخواز تۆمەتبار کردبوو. بەڵام ئەمجۆرە ھەوڵانەش کە جێگەی داخن، ھۆکاری سەرەکی نەبوون بۆ رانەگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان. ھەوڵە بێبەختانەکەی ئەو بەناو رووناکبیرو پرۆفیسۆرانە، ببووە بیانوویەک بەدەست بەرپرسانی سۆڤێت تاکو تاکتیکی کات کوشتن لەئاست کێشەی کوردستانی سوور بەکار بھێنن.

لەمانگی ئایاری ساڵی ١٩٩١، واتە ئەو کاتەی بەڵێنی ئۆتۆنۆمی درابوو بەکوردەکان، لەنێوان ئازەرییەکان‌و ئەرمەنییەکاندا شەڕێکی خوێناوی لە ئارادا بوو.

بۆ چارەسەرکردنی کێشەی قەرەباغ زۆر پڕۆژەی جۆراوجۆر لەئارادا بوو. لەھەمووشیان سەرنجڕاکێشتر ئەو پڕۆژەیە بوو کە تورکیاش بەنھێنی پشتیوانی دەکرد، واتە «پلانی گۆبل». بەکورتی لەسەر بنەمای گاڵتەجاڕی «ئاڵوگۆڕی خاک» لەنێوان کۆمارەکاندا دامەزرابوو.

_______________
* کوردی سۆڤێتی پێشوو.

_______________________________________

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdistanisur10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdistanisur9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdistanisur8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdistanisur7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdistanisur6.htm 

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

٣\٧\٢٠١٣

ماڵپەڕی رەمەزان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک