په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٧\٢٠١٣

مۆسکۆ پێویستی بە کوردەکانی قەفقاس بوو.

رەمەزان کەریم*      

- بەشی سێزدەم -


بەڵام کاتێک کوردستانی سوور بەچوار قەزاوە، لەگەڵ سێ قەزاکەی ئازەربایجان چوونە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکان، ئەمە بەس نەبوو بۆ جێبەجێ بوونی پیلانی تێکەڵکردنەوەی تورکیا لەگەڵ جیھانی تورکدا. ئەرمەنییەکان کە ھەستیان بەو پیلانانەی رێککەوتنی تورک- ئازەری کردبوو، لەبەرامبەردا دەستی خۆیان لەناوچەکە بەھێزتر کرد.


لەساڵی ١٩٩١ەوە جگە لەتورکیا کە لەڕوانگەی خۆیەوە دەستی کردبوو بەجێبەجێکردنی پلانی «گۆبل»، روسیاش بۆ چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە چەند پلانێکیان ھەبوو کە کوردەکانیشی دەگرتەوە. لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٩١، ھەندێک بەرپرسی دەوڵەتی روسیا پلانی دروستکردنی ناوچەی ئینزیباتی کوردییان ھەبوو لەسەر خاکی کوردستانی سوور کە قەرەباغی شاخاوی‌و چەند ناوچەیەکی سنووری نێوان ئەرمەنستان‌و ئازەربایجانی دەگرتەوە. ھەرچەندە سەبارەت بەدانیشتنە داخراوەکانی نێوان مۆسکۆ و باکو لەساڵی ١٩٩١دا، ھیچ زانیارییەکمان لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەمانگی حوزەیرانی ھەمان ساڵدا نوێنەرەکانی گۆرباچۆڤ سەبارەت بەجەماعەتی یەکبوون کە لەپێناوی کوردستانی سووردا خەباتیان دەکرد، لەگەڵ بەرپرسانی ئازەربایجاندا کۆبوونەوە. تەنانەت بەڵێنی ئەوەیان دابوو کە لەماوەیەکی کورتدا سەربەخۆیی کوردستان رادەگەیەنن، ئەمەش کاریگەرییەکی زۆری ھەبوو لەسەر ئەنجامی ئەو دانوستانانە. ھەر لەمانگی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا، لەنێوان ئازەری‌و ئەرمەنییەکان، ھێشتا دەرفەتی چارەسەری کێشەکانیان بەڕێگەی ئاشتییانە مابوو. ٢٣ی ئەیلولی ساڵی ١٩٩١، لەشاری «جەلەزنۆڤۆدسک»ی روسیا، بەناوبژیوانی سەرۆک کۆمارەکانی کازاغستان‌و روسیا ھەوڵدرا کێشەکانی نێوان ئازەربایجان‌و ئەرمەنستان بەڕێگەی ئاشتییانە چارەسەر بکرێت‌و بۆ ئەو مەبەستەشە رێککەوتنێک کرا لەنێوانیان کە سەلماندی ھێشتا ئومێدی ئاشتی ماوە.


بەڵام ھەم یەکێتیی سۆڤێت بەگشتی، ھەم خێرایی پێشھاتە نەخوازراوەکانی ناوچەکە، وایکرد دەرفەتیی چارەسەری ئاشتییانە نەمێنێت. ئیتر لەناوەڕاستی ساڵی ١٩٩١ بەولاوە، دەرکەوت کە یەکێتیی سۆڤێت چیتر بەم شێوەیە ناتوانێ لەسەر پێ بمێنێتەوە. سەرکردەکانی سۆڤێت، وردە وردە بەدوای چارەنووسی خۆیاندا وێڵ بوون. بەدەر لەو رێککەوتنەی کە سەرۆک کۆمارەکانی ئازەربایجان‌و ئەرمەنستان بەیەکەوە کردبوویان، ئازەربایجان لەبەرەکانی شەڕدا لاواز بوو، ھەروەھا لەناوخۆی وڵاتیشدا شەڕی دەسەڵات ھەبوو، ئەرمەنییەکانیش ھێزیان لەمە وەردەگرت‌و ھێندەی تر کەوتبوونە پۆزسیۆنی ھێرشەوە. کۆتایی ساڵ (٢٦ی کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٩١) ناوەندی قەرەباغی شاخاوی (خانکەندی) بەتەواوی کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ئەرمەنییەکانەوە، زەمینەی داگیرکردنی دوو شاری سەرەکی، واتە شوشاو لاچین-یش خۆش کرابوو، بەمجۆرە پلانەکەی تورکیا ھەنگاو بەھەنگاو لەجێبەجێکردن نزیک دەبۆوە. لەدۆخێکی وادا، بیانووی بونیاتنانەوەی کوردستانی سووریش نەدەما کە وەک بەشێک لەچارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکی نێوان ئەرمەنی‌و ئازەرییەکان دەبینرا.


ئەوەی کە روسەکان زۆر بەگەرمی سەیری بیرۆکەی بونیاتنانەوەی کوردستانی سووریان دەکرد، چەند ھۆکارێکی گرنگی ھەبوو. (١) کۆتایی دەیەی ١٩٨٠ و سەرەتاکانی ١٩٩٠ پێکدادانە قەومییەکان لەناو یەکێتیی سۆڤێتدا زیادی کردبوو، ھەروەھا دوورکەوتنەوە لەو ناوەند ببووە راستییەکی حاشاھەڵنەگر. مۆسکۆ بۆ ھاوسەنگکردنی ئەم پێکدادان‌و چالاکییانە پێویستی بەھێزێک ھەبوو. دەکرا لەو روانگەیەوە سەیری کوردەکان بکرێت کە لەو ناوچەی پێکدادانەی قەفقاس دەژیان. (٢) ساڵی ١٩٩١ کێشەی کورد ھەموو ناوەندە جیھانییەکانی تەنیبۆوە.

_______________
* کوردی سۆڤێتی پێشوو.

_______________________________________

بەشی دوازدەم: www.emrro.com/kurdistanisur12.htm  

بەشی یازدەم: www.emrro.com/kurdistanisur11.htm

بەشی دەیەم: www.emrro.com/kurdistanisur10.htm

بەشی نۆیەم: www.emrro.com/kurdistanisur9.htm

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdistanisur8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdistanisur7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdistanisur6.htm 

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

١٦\٧\٢٠١٣

ماڵپەڕی رەمەزان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک