٧\٨\٢٠١٣
فاکتەری کورد و ھەڵڵای
ئازەری و ئەرمەنەکان.

رەمەزان کەریم*
- بەشی
پازدەم -
بۆ قۆستنەوەی «دەرفەتێکی مێژوویی»، وەک سەربازێک جوڵابۆوە کە لەبەرەی
دواوە مابێتەوە، بێ بەرگریو بەتەنھا بۆمبێک کە بەدەستییەوە ماوە، ھێرش
دەکاتە سەر دوژمن. دەرەنجامەکەی چی دەبێت با ببـێ، جارێکی تر ئەوەی بۆ
ھەموو دنیا دەسەلماند کە لاچین خاکی کوردستانە. ئەمەش بۆ خۆی زۆر بوو.
ھەر دوابەدوای داگیرکردنی لاچین، ڤ. مستەفایێڤ سەردانی ھەرێمەکەی کرد.
دوای نزیکەی مانگێک، رۆژی ٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٩٢، لەیەریڤانەوە بەپاس
کۆمەڵێک ھاووڵاتی کوردیان ھێنایە لاچینو بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیان
لەگەڵدا بکرێت. ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا، «راگەیاندنی سەربەخۆیی
کوردستانی قەفقاس» لەژێر سەرۆکایەتی ڤ. مستەفایێڤ قبوڵ کرا.
لەکۆبوونەوەکەی رۆژانی ٩ و ١٠ی حوزەیراندا، ئەو بڕیارەی کە سەبارەت
بەسەربەخۆیی کوردستانی قەفقاس درا، بەھۆی ئەو رۆژنامەنووسانەوە کە
ئەرمەنییەکان بانگھێشتیان کردبوون، بە ھەموو دنیادا بڵاوبۆوە. پاشانیش
کوردەکان ھەر بەو پاسانەی کە ھاتبوون، گەڕانەوە بۆ یەریڤان.
بەمجۆرە ئەرمەنییەکان، بەناوی دروستکردنی پێکھاتەیەکی کوردی لەسەر خاکە
کوردییەکاندا، توانیان داگیرکارییەکەی خۆیان پەردەپۆش بکەن، چونکە
لەکۆبوونەوەکەی مانگی حوزەیرانی ١٩٩٢، جگە لەو کوردانەی ھێنرابوون بۆ
لاچین، تاکە کوردێکی تری تێدا ئامادە نەبوو...
وێڕای ئەوەی کە ١٣ ساڵ بەسەر داگیرکردنی کوردستانی سوورو دەست
بەسەرداگرتنی قەرەباغی شاخاوی لەلایەن ئەرمەنییەکانەوە تێدەپەڕێت،
ھێشتا کێشەی قەرەباغ چارەسەر نەکراوە. ئەو خاکانەی ئازەربایجان کە
لەلایەن ئەرمەنییەکانەوە داگیرکرا، ھەروەھا ئەو کۆمارەی قەرەباغ کە
ساڵی ١٩٩١ راگەیەندراو لەڕووی یاساییەوە دانی پێدا نەنرا، وایکرد کە
نزیکەی یەک ملیۆن ھاووڵاتی کوردو ئازەری ئاوارەو دەربەدەر بن.
لەھەمووشی گرنگتر، سەرەڕای بنکەوتنی ئازەرییەکانو سەرکەوتنی
ئەرمەنەکان، کێشەی قەرەباغ وەکو مینێکی تازە، ھەرکاتو ساتێک ئامادەی
تەقینەوەیە. ئەرمەنییەکان بەقەرەباغەوە، ١٢ ناحیەیان بەزەبری چەک خستە
ژێر کۆنترۆڵی خۆیانەوە، ئازەرییەکانیش کەوتنە جموجوڵێکی سەربازیو رۆژ
لەدوای رۆژ ئەگەرەکانی ھەڵگیرسانی شەڕ بەھێزتر دەبوو.
فاکتەری کوردو خاکی کوردستانی سوور کە بەشێک بوو لەخاکە داگیرکراوەکان،
ھەر باسیشی نەدەکرا.
ئەزموونی دروستبوونی کۆماری ئازەربایجانو ھەرێمی سەربەخۆی قەرەباغ
لەدەیەی ١٩٢٠دا، ھەروەھا دووبارەبوونەوەی کێشەکە بەھەموو
وردەکارییەکیەوە، لەدەیەکانی ١٩٨٠-١٩٩٠، سەلماندوویەتی کە بەبێ
گرنگیدان بەفاکتەری کوردو دان نەنان بەمافە سەرەکییەکانی کورد لەو
خاکانەی کە تێیدا دەژی، کێشەکانی ئەو ناوچانە بەشێوەی ئاشتییانە
چارەسەر نابێت. لەڕاستیدا ھەم ئازەرییەکانو ھەم ئەرمەنەکانیش، خۆیان
ئەو راستییەیان درک پێکردووە کە کوردەکان رۆڵی بەرقەرارکردنی ئاشتیو
یەکگرتنەوە دەگێڕن، بەڵام ئازەرییەکان بەوە دڵخۆش بوون کە بەشێک
لەکوردەکانی کوردستانی سوور کوردبوونی خۆیان بیر چۆتەوە، ھەروەھا بەو
چەمکەوە مامەڵەیان دەکرد کە «ئەگەر کەس باسی کوردەکان نەورووژێنێت،
میللەتێک بەناوی کورد نییە». ئەرمەنەکانیش رازی بوون بەو سەرکەوتنە
پراکتیکییانەی کە بەدەستیان ھێنابوو. ئەمجۆرە نزیکبوونو مامەڵانە،
کۆسپێک بوون لەبەردەم داننان بەو راستییەی کە فاکتەری کورد دەبێ
لەبەرچاو بگیرێتو پێویستی بەچارەسەرێکی عادیلانە ھەیە.
_______________
*
کوردی سۆڤێتی پێشوو.
_______________________________________
بەشی
چواردەم:
www.emrro.com/kurdistanisur14.htm
بەشی
سێزدەم:
www.emrro.com/kurdistanisur13.htm
بەشی
دوازدەم:
www.emrro.com/kurdistanisur12.htm
بەشی
یازدەم:
www.emrro.com/kurdistanisur11.htm
بەشی
دەیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur10.htm
بەشی
نۆیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur9.htm
بەشی
هەشتەم:
www.emrro.com/kurdistanisur8.htm
بەشی
هەفتەم:
www.emrro.com/kurdistanisur7.htm
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/kurdistanisur6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/kurdistanisur5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/kurdistanisur4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
٦\٨\٢٠١٣
ماڵپەڕی رەمەزان کەریم
|