٩\٥\٢٠١٣
کوردستانی سوور.

رەمەزان کەریم
- بەشی
سێیەم -
گومان لەوەدا نییە کە دروستبوونی کوردستانی
سوور، بە لەبەرچاوگرتنی راستییە سیاسیو مێژووییەکانی ناوچەکە، لەلایەن
مۆسکۆوە بیری لێ کرابۆوە. مۆسکۆ دەیتوانی لەچەند روویەکەوە خۆی لەو
مەسەلەیە بدات:
١- بەو چەمکە سۆسیالیستییەی کە بەڵێنی ئازادی دەدا بەگەلان:
لەناوچەیەک کە زۆرینەی دانیشتووانەکەی کوردن (بەگوێرەی سەرژمێریی ساڵی
١٩٢٦، کوردەکان (٧٢.٢%)ی حەشیمەت کوردستانی سووریان پێک دەھێنا) پێدانی
ئۆتۆنۆمی، دەیتوانی دەرفەتێکی مێژوویی بۆ پێشکەوتنی کەلتووری ئەم
کەمینەیە بڕەخسێنێت.
٢- لەڕووی بەرژەوەندخوازی ئیدارییەوە:
کێشەی قەرەباغ بەشێوەیەکی جدی لەنێوان ئازەربایجانو ئەرمەنستان ھەر
مابۆوە، ھەردوو وڵات مشتومڕێکی زۆریان بوو لەسەر ئەو مەسەلەیە.
لەڕابردوویەکی نزیکدا خەڵکی ئازەربایجانو ئەرمەنستان، بەم ھۆیەوە
چەکیان لێک ھەڵگرتبوو، خوێنی ھەزاران کەس رژابوو. ئازەرییەکان
لەسەدەکانی ١٧ و ١٨ ھەمدا، دوای ئەوەی میرنشینی قەرەباغو قەفقاس
چوونەوە سەر روسیا، ئەو ئیمپراتۆریەتە دەستی دابووە جێبەجێکردنی سیستمی
ویلایەت (پارێزگای گوبەرنیا)، لەسەردەمی کۆماری موساوات، قەرەباغ کە
ببووە گۆڕەپانی شەڕ، دەکەوێتە سنووری ئازەربایجانەوە؛ ئەرمەنییەکانیش
بەبیانووی زۆریی ژمارەیان لەو ناوچەیەدا، داوایان دەکرد بێتەوە سەر
خاکی ئەرمەنستان.
مۆسکۆ ھەوڵیدا قەرەباغ بەپێگەیەکی تایبەت ببەستێتەوە بەکۆماری
سۆسیالیستی ئازەربایجانەوە، دواتر ویستی ئۆتۆنۆمی بدات بەھەرێمی کورد
لەنێوان قەرەباغو ئەرمەنستان، بەواتایەکی دیکە کوردەکانی لەنێوان دوو
ھێزی رکابەردا ھێشتەوەو، ویستی کێشەکە بەم شێوەیە چارەسەر بکات.
٣- لەڕووی ھاوسەنگییە سیاسییە نێودەوڵەتییەکانەوە:
دوای جەنگی یەکەمی جیھانی (١٩١٤- ١٩١٨)، ئەو بلۆکەی کە بەریتانیای
گەورە پێشەنگایەتی دەکرد، بڕیاریدا جوگرافیای سیاسی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست
سەرلەنوێ رێکبخاتەوە، ھەر ئەوکات مەسەلەی دروستبوونی دەوڵەتی کوردی
لەبەشێکی ئەو جوگرافیایەی کوردەکان تێیدا دەژین، بووە بابەتی گفتوگۆ.
لەگەڵ رێککەوتننامەی سیڤەر لەساڵی ١٩٢٠، پێشبینی دروستبوونی دەوڵەتی
کوردی، وایکرد روسەکان بکەونە جوڵەو سیاسەتێکی نوێ بەرامبەر بەکوردەکان
پەیڕەو بکەن. «کوردستانی سۆڤیەت» لەقەفقاس، توانای ئەوەی ھەبوو کار
لەکوردستانییەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بکات کە بەچاوی ھاوسۆزییەوە
سەیری سۆڤیەتیان دەکرد. مۆسکۆ کە خاوەنی ئەو روانگەیە بوو سەرکەوتنی
پرۆلیتاریا لەیەکێتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤیەت، بەھەموو دنیادا
بڵاوبکاتەوە، ھەوڵیدا «کوردستانی سۆڤیەت» دروست بکاتو بیکاتە ناوەندی
کاریگەری بۆ کوردەکانی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی
ئەوەی کە لەسەر سنووری کوردستانی قەفقاس (کوردستانی تورکیاو کوردستانی
ئێران) نیشتەجێیان بکات کە ھەنگاوێکی ئەقڵانی- سیاسی بوو. بێگومان بۆ
دروستکردنی کوردستانی سوور، ئەم شتانە لەبەرچاو گیراوە. بەڵام
پێشھاتەکانی دواتر، ئەوەی پیشاندا کە حیساباتەکانی روسیای سەردەمی
سۆڤیەت لەڕووی کاڵفامییەوە بوون و، بەدرێژایی ٧٠ ساڵ تەنھا سیاسەتێکیان
پەیڕەو کردووە کە بگونجێت لەگەڵ ھەوەسو بەرژەوەندیی خۆیان. روسەکان
چارەسەرێکی کاتییان بۆ کێشەی کورد دانابوو، چونکە پەیوەندی کردن
بەحکومەتی ئەو وڵاتانەی کە کوردی لێ دەژیا، وەک فاکتەرێکی چارەسەری
رەھا دەبینرا. ئەمە وایکرد روسیا وەک دەوڵەتی زلھێزی جیھانی، ھیچ
سیاسەتێکی دیاری نەبێت بەرامبەر بەکوردەکان. ئەو چارەسەر کاتییە
بەرجەستەترین نموونەی دروشمە خاوەکانە کە ساڵی ١٩٤٥ بەھاوکاری روسەکان،
لەباشووری ئازەربایجانو رۆژھەڵاتی کوردستان، لەسەردەمی کۆماری
کوردستانو کۆماری ئازەربایجاندا بەڕوونی دەرکەوت.
ھەروەک لەسەرەوەش ئاماژەم پێدا، کام یەک لەو سێ مادەیە، لەگەڵ
دروستبوونی کوردستانی سوور، بۆ روسیا زیاتر گرنگ بوو، ئەمەیان بابەتێکی
ترەو دەبێ بەجیا باسی لێوە بکرێت. ھەموو قۆناغە سیاسییەکان، بریتین
لەگشتگیربوونێکی فاکتەرە ھاوکارو بنەڕەتییە پەیوەندیدارەکان. بەڵام
کاتێک لەڕووی لێکدانەوەی دووربینانەو نزیکبینانەوە سەیری مەسەلەکە
دەکەین، دەبینین کە کاتی دروستبوونی کوردستانی سوور، روسەکان بەپێی
لێکدانەوەی نزیکبینانە جوڵاونەتەوەو زیاتر بەو لۆژیکە کاریان کردووە کە
لەمادەی دووەمدا باسم لێوە کرد.
_______________________________________
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
٧\٥\٢٠١٣
remezankerim98@gmail.com
|