١٦\٥\٢٠١٣
کوردستانی سوور
-
ھەرێمی کوردی.

رەمەزان کەریم
- بەشی
چوارەم -
لەلایەکی ترەوە، کاتی دروستبوونو
ھەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور، جگە لەمۆسکۆ، پێویستە رۆڵی ھەموو ئەکتەرە
ھەرێمیو نێودەوڵەتییەکان ھەڵبسەنگێنرێت. ئەگەر بمانەوێت بەواتایەکی
گشتی قسە بکەین، لەدروستبوونی کوردستاندا، سەرەتا ئازەربایجان
بەدوودڵییەوە رەزامەندی دەربڕیوە، ئەرمەنستان ناچار بوو، کوردەکان
خۆیان بێ کاریگەر بوون، تورکیاش دوژمنکارانە نزیکی مەسەلەکە بۆتەوە.
باسی قۆناغی دروستبوونی کوردستانی سوور، بەشێوەیەکی روونتر
نزیکبوونەوەی ئەو لایەنانەو رۆڵ و کاریگەرییان دەخاتەڕوو.
کوردستانی قەفقاس کە بەکوردستانی سوور ناودەبرێت، ھێشتاش دەبێتە مایەی
مشتومڕو بۆچوونی جیاواز. لێرەدا بەجێترین شێواز، ئەوەیە کە روو
لەشایەتیدانی بەڵگەکان بکەین.
بەڵگەکانی دەیەی ١٩٢٠، وەک چرایەکی رووناکی بەخشە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت
کێشەکانی کوردستانو ناوچەی قەرەباغ بەیەکەوە بگرنە دەستو چارەسەریان
بۆ بدۆزنەوە.
لەو سەردەمەدا، بارودۆخی ئابووریی ئەو کوردستانییانەی کە لەناوچە بەرزو
شاخاوییەکانی قەفقاس دەژیان، زۆر جێگەی داخ بوو. لەڕووی ژیانی
کۆمەڵایەتیشەوە لەدۆخێکی زۆر ناخۆشدا بوون.
زیاتر لە ٥٠٪ی خەڵکەکە لەژێر ھێڵی
ھەژارییەوە دەژیا. ھەزاران کەسی بێ لانەو ماڵ روویان کردبووە
ئەشکەوتەکان، بەپێی پەتیو جلی دڕاو دەھاتنو دەچوون. سووتەمەنییان
نەبوو، تەڵاشەداریان کۆدەکردەوەو دەیانسوتاند.
لەمانگی ئایاری ساڵی ١٩٢١، لەیەکەم کۆنگرەی دەوڵەتی سۆڤێت
لەئازەربایجان، جەنگیز یڵدرم وەزیری گواستنەوەو فەرماندەی ھێزی دەریایی
سووری ئازەربایجان (کە سۆسیالیستێکی شۆڕشگێڕو بەڕەگەز کورد بوو)،
ناوچەی گوبادلی (کوردستانی سوور)ی بە (ناوچەی برسێتی) لەقەڵەمداو وتی
پێویستی بەھاوکارییە؛ خۆیشی لەوێ لەدایکبووەو گەورە بووە. دوابەدوای
ئەم روونکردنەوەیە، لەکۆبوونەوەیەکی کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەندی
ئازەربایجان، ئەم ناوچەیە بەڕەسمی بوو بە (ناوچەی برسێتی) و بڕیار درا
بۆ تێپەڕاندنی ئەم بارودۆخە.
دوای شەش مانگ، کەسایەتی قارەمانی چەنگیز یڵدرم کە بەناوی خوازراوی «کورد»
دەناسرا، لەلایەن لەنین-ەوە ستایش کراو، لە١٧ی تشرینی دووەمی ١٩٢١
نامەیەک بەناوی خودی لەنین نێردرا بۆ نەریمان نەریمانۆڤ، سەرۆکی
کۆمیسارەکانی گەلی ئازەربایجان، بەمەبەستی پێشکەشکردنی ھاوکاریی
ئابووری بۆ کوردستانییەکانی قەفقاس.
لەنامەکەی لەنین-دا ھاتووە: «بەبڕی٤٠ ملیۆن (رۆبل) ھاوکاری دانیشتوانی
پۆڤۆلژیاو کوردستان بکرێت کە تووشی برسێتی بوون، ئەمە باشترین نیشانەیە
بۆ ئەوەی کە زەحمەتکێشان بەئیرادەوە لەژێر ئاڵای سووری ئینتەرناسیۆنال
ھەنگاو دەنێن». لەنین، سەرۆکی کۆمیساریاکانی گەلی سۆڤێت.
لەنین لەم نامەیەدا بەئاشکرا وشەی «کوردستان»ی بەکارھێناوە، لەسەر زاری
یەکەم دەسەڵاتی ئەو سەردەمە، بۆ یەکەمجار ناوە راستەکەی ئەو ناوچەیە
بەکارھاتووەو کەوتۆتە مێژووەوە.
سەرەتای ساڵی ١٩٢٣ کۆمیتەی جێبەجێکاری ناوەنی ئازەربایجان (حکومەت)،
کۆمسیۆنی رێکخستنی قەزاو ناحیەکان، ھەروەھا کۆمیتەی ناوەندی پارتی
کۆمۆنیستی ئازەربایجان، بۆ رێکخستنەوەی ئیداریی کوردستانو ناوچەی
قەرەباغ کۆمسیۆنێکی تایبەتیان پێکھێناوەو ھەوڵیان بۆ داوە.
یاداشت و بڕیارە سنووردارەکانی ئەو کۆمسیۆنانە کە تاکو رۆژی ئەمڕۆ
ماون، دەیسەلمێنن کە لەناو ئەندامانی کۆمسیۆندا کەسانێک ھەبوون
بەسیاسەتو تاکتیک دژایەتی دروستبوونی کوردستانیان کردووە. بۆ ماوەی
چەند مانگ لەناو کۆمسیۆنەکاندا باس لەمەسەلەی کوردستان کراوە (لەتشرینی
دووەمی ١٩٢٢ تاکو حوزەیرانی ١٩٢٣). ناکۆکییەکان زیاتر لەسەر ئەوە بوو
کە کام قەزاو ناحیە بخرێتە سەر کوردستان. بۆ نموونە، سەبارەت بەقەزای
گوبادلی کە دوای ماوەیەک خرایە سەر کوردستان، سێ بڕیاری جیاواز دەرچووە؛
لەدووانیاندا پێشبینی ھەڵوەشانەوەی قەزاکە کراوە، لەسێیەم بڕیاریشدا
ھاتووە کە وا باشە بکرێت بەقەزایەکی سەربەخۆ. لەلایەکی دیکەشەوە،
ھەندێک ئەندامی کۆمسیۆنەکان ھەوڵیانداوە ئاو بکەنە ژێر بیرۆکەی
دروستبوونی کوردستانەوە.
_______________________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
١٤\٥\٢٠١٣
remezankerim98@gmail.com
|