٢٢\٥\٢٠١٣
کوردستانی سوور
-
ھەرێمی کوردی.

رەمەزان کەریم
- بەشی
پێنجەم -
لە یەکێک لە
کۆبوونەوەکانی مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣ی کۆمسیۆنی حکومەتی
ئازەربایجان، بەشێک لەئەندامانی کۆمسیۆن پێشنیازی ئەوەیان کردبوو کە
کوردستان وەکو قەزایەک رێکبخرێت و، بەشەکەی تریش پێشنیازیان کردبوو وەک
ناحیە لەناو سنووری قەرەباغدا بمێنێتەوە. لەبەر ئەوەی دەنگەکان دابەش
ببوون، دۆسێکە وەک خۆی بە کراوەیی مایەوە. لێرەدا ئەوەی سەرنجڕاکێشە،
ئەوەیە کە ئەندامانی کۆمسیۆن، وێڕای ئەوەی دەیانزانی کوردستان ژینگەی
نەتەوەیەکی تایبەتە، بەڵام خۆیان لەو راستییە دزیوەتەوە کە دەبێ لەسەر
بنەمای واقیعی ئیتنیکی بونیات بنرێت.
لەکۆبوونەوەی ٧ی تەمموزی ١٩٢٣، بڕیارێکی مێژوویی سەبارەت بەکوردەکان
دەرچووە. کۆمسیۆن بەئاشکرا بڕیاری دامەزراندنی «کوردستانی سەربەخۆ»ی
راگەیاندووە. شێوە ئۆرژیناڵەکەی ئەو بڕیارە مێژووییە، بەمجۆرەیە: «راگەیەندراوی
کۆبوونەوەی کۆمسیۆنی دیاریکردنی سنوورەکانی کوردستانو قەرەباغی
سەربەخۆ». ٧ی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣. دوای پشوویەک:
١- سەبارەت بەپێکھێنانی ئۆرگانەکانی
بەڕێوەبەرایەتیی بەشی دەشتایی قەرەباغ.
٢- سەبارەت بەکوردستان. (...)
بڕیاری لەسەر درا:
١. پێکھێنانی کوردستانی سەربەخۆ، دیاری کردنی ناوەند و سنوورەکانی،
لەگەڵ دەستنیشانی کردنی سنووری قەرەباغی شاخاوی دەبێت.
ا. گ. کارایێڤ، سەرۆکی کۆمسیۆن
ھەروەک بەئاشکراش لەبڕیاری کۆمسیۆنەکەی سەرەوەدا (کە عەلی حەیدەر
گارایێڤ سەرۆکایەتی دەکات) ھاتووە، جەخت کراوەتەوە لەپێدانی سەربەخۆیی
بەکوردستانی قەفقاس، بەڵام ئۆرگانەکانی سەرووتر مەیلی ئەرێ کردنی
بڕیارەکەیان نەبووە. سەرەنجام، دوای ٩ رۆژ، لە ١٦ی تەمموزی ١٩٢٣،
بەئیمزای س. کیرۆڤ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی
ئازەربایجان، گەیشتنە ئەو بڕیارەی خوارەوە کە بڵاو کراوەتەوە:
«یادداشتی کۆبوونەوەی وەفدی سەرۆکایەتی پارتی کۆمۆنیست».
١٦ی تەمموزی ١٩٢٣.
(...) بڕیاری لەسەر درا:
د) پێکھێنانی قەزای کوردستان لەو ناوچانەی کە زۆرترین ژمارەی
دانیشتووانی کوردن (...).
س. کیرۆڤ سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی ئازەربایجان».
١٩ی تەمموزی ١٩٢٣، رۆژنامەی «کرێکاری باکو» کە زمانحاڵی ئۆرگانی
ناوەندی پارتی کۆمۆنیستی ئازەربایجان بوو، لەلاپەڕەکانیدا بەمجۆرە باسی
پێکھێنانی قەزای کوردستان دەکات:
«بەپێی بڕیاری (MYK)ی ئازەربایجان کە
سەبارەت بەدامەزرانی قەرەباغی شاخاوییە، ناوچە دەشتاییەکانی قەرەباغ
بەسەر دوو قەزادا دابەش دەکرێت. ناوەندی یەکێکیان دەبێتە «ئاغدام» و
ناوەندی ئەوەی تریان دەبێتە «جەبرایل». کوردستانیش لەشێوەی قەزایەکی
تایبەت رێکدەخرێتەوە».
٢١ی تەمموزی ١٩٢٣، لەکۆبوونەوەی ھاوبەشی (MYK)ی
ئازەربایجانو کۆمسیاری گەلی سۆڤیەتدا، پارتی کۆمۆنیستی ئازەربایجان
دووپاتی کردەوە کە بڕیاری «پێکھێنانی قەزای کوردستان لەو خاکانەی کە
کوردی تێدا دەژی»، ئەرێ دەکات. لەکۆتایی مانگی تەمموزی ھەمان ساڵ،
لەلایەن (MYK)ی ئازەربایجانەوە پیرجەھان
(لاچین) کرایە ناوەندی کوردستان.
مانگی ئاب «حوسو حاجیێڤ» بووە بەسەرۆکی کۆمیتەی بەڕێوەبەری کوردستان.
لەگەڵ دروستبوونی قەزای کوردستان، لەبوارەکانی نەھێشتنی لاوازیی
پەروەردەو دواکەوتوویی کۆمەڵایەتی، ھەروەھا پێشخستنی زمانو کەلتووری
کوردیشدا ھەنگاوی گرنگ ھاویشتراوە. ھەرچەند بەشێوەیەکی سنوورداریش بێت،
بەڵام کرانەوەی مەکتەب بەزمانی زکماکی دەستیپێکرد. پەروەردەی زمانی
کورد بەھۆی ئەو ئەلفو بێ لاتینەوە دەستی پێکرد کە لەلایەن مامۆستا «موسەییب
ئاخوندۆڤ»ی دانیشتووی گوندی «مینکەند»ی سەربە لاچین-ەوە ئامادە کرابوو.
کتێبـی ئەلفو بێو کتێبـی «بەرھەمەکانی نیسان» کە بریتی بوو لەشیعری
منداڵان، ھەردووکی لەلایەن ئەو مامۆستایەوە ئامادە کرابوو، کاتێک
بەوردی سەیریان دەکەین، دەزانین کە ئەمانە وەکو ھەنگاوی دەستپێک، زۆر
کاریگەر بوونە لەسەر دامەزرانی سیستمی خوێندنگەی کوردی.
_______________________________________
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/kurdistanisur4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
٢١\٥\٢٠١٣
remezankerim98@gmail.com
|