په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٣

کوردستانی سوور - ھەرێمی کوردی.

رەمەزان کەریم      

- بەشی شەشەم -

 

دوای کرانەوەی پەیمانگەی مامۆستایانی کورد کە لەیەریڤان کارو چالاکییان دەکرد (١ی کانوونی دووەمی ١٩٣١)، ساڵی ١٩٣٢ لەکۆلیژی پەروەردەی «شوشا»ی قەرەباغ-ی شاخاوی، پەیمانگەیەکی کوردی دەکرێتەوە. کادرانی پەروەردەی میللی خێراتر ئامادە دەکرێن. یەکەم بەڕێوەبەری پەیمانگەکە کە دواتر ناونیشانی گەورەترین رۆماننووسی ئازەربایجان‌و یەکەم نووسەری گەلەری ئەو وڵاتەی پێ بەخشرا، ھەروەھا وەک پاڵەوانی تێکۆشان لەیەکێتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤێت ناسراوە، سلێمان رەحیمۆڤ بوو، خۆی‌و خێزانەکەی رۆڵێکی بەرچاویان ھەبوو. شانۆی کوردی دادەمەزرێت، بەرنامەی رادیۆیی بەزمانی کوردی ئامادە دەکرێن. ساڵی ١٩٣٢ رۆژنامەی «کوردستانی شورا» (کوردستانی سۆڤێت) بەھەردوو زمانی ئازەری‌و کوردی، لەشاری لاچین دەردەچێت. مامۆستا «ئیبراھیمی ئەڵڵاڤەردی» کە دانیشتووی گوندی «کاماللی» بوو، بەشی کوردی ئەو رۆژنامەیەی بەڕێوە دەبرد.

بەداخەوە، دوای شەش ساڵ ھەموو ئەم پێشڤەچوونانە رادەوەستێنرێن کە نەک تەنھا بۆ کوردەکانی ئازەربایجان، بەڵکو بۆ ھەموو میللەتی کورد گرنگی خۆی ھەبوو. ساڵی ١٩٢٩ قەزای کوردستان کە پێکھاتبوو لەو ناحیانە: (کەلبەجەر، لاچین، گوبادلی‌و زەنگیلان)، وەک یەکەیەکی سیاسی- ھەرێمی ھەڵدەوەشێتەوەو، دەخرێتە سنووری کۆماری سەربەخۆی قەرەباغی شاخاوی، بەڵام دوای ماوەیەکی کورت، بەبڕیارێکی مێژوویی حکومەتی ئازەربایجان لە ٢٥/٥/١٩٣٠، ناحیەکانی کوردستان لەسنووری قەرەباغ جیاکرانەوەو لەشێوەی بونیاتی کوردستان رێکخرا. لاچین دیسانەوە کرایە ناوەندی ئەو بونیاتە. بەشێک لەناحیەی جبراییلیش دەخرێتە سەر ئەو بونیاتەو، بەمەش جوگرافیاکەی فراوانتر دەبێتەوە، بەڵام بەداخەوە، بونیاتی کوردستان تەنھا ٧٥ رۆژ تەمەن دەکات.

٢٣ ی تەمموزی ١٩٣٠، بەبڕیاری حکومەتی ئازەربایجان‌و یەکێتی کۆمارە سۆسیالیستەکانی سۆڤێت، بونیاتەکە بەتەواوی ھەڵدەوەشێتەوە. بیانووەکەشی ئەوە بوو کە گوایە لەسەرتاسەری وڵات ئەمجۆرە بونیاتانە ھەڵدەوەشێننەوەو دووبارە لەشێوەی ناحیە رێکیان دەخەنەوە.

ساڵی ١٩٣٦ لەسەر پێناسی باری شارستانی کوردەکانی ئازەربایجان، لەبەشی «رەگەز» وشەی «کورد» ھەڵگیراو لەشوێنیدا نووسرا «ئازەربایجانی». ئەم چەواشەکردنی زانیارییە لەسەر پێناسەکان، لەساڵی ١٩٣٨دا دەگاتە ئەنجام. سیاسەتی «پاکتاوکردنی کوردەکان» بەڕەسمی لەھەموو ئازەربایجان، لەتورکمەنستان بەگشتی‌و لەجۆرجیاش تاڕادەیەک پیادە دەکرێت. لەئەرمەنستانیش شوناسی ئایینی کوردە ئێزدییەکان کرا بەشوناسی نەتەوەییان‌و لەبەشی «رەگەز» لەسەر پێناسەکانیان نووسرا «ئێزدی». بەمجۆرە سیاسەتی پەرتکردنی کوردەکان کە تا ماوەیەکی زۆر درێژەی ھەبوو، جێبەجێ کرا.

لەقۆناغی دوای ھەڵوەشاندنەوەی بونیاتی کوردستان، وردە وردە خوێندنگەکانی زمانی زگماکی، رادیۆ و شانۆی کوردیش داخرا، چاپکردنی کتێبـی کوردی راگیرا، بەواتایەکی دیکە ئەوەی مۆرکی کوردایەتی پێوە بوو، قەدەغە کرا. سیاسەتی پاکتاوی رەگەزی، کە ساڵانێک بوو لەوڵاتدا درێژەی ھەبوو، بەلەزێکی زیاتر جێبەجێ کرا. ھەروەک نکوڵیکردن لەبوونی کوردەکان لەکۆماری تورکیا.

_______________________________________

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

٢٩\٥\٢٠١٣

remezankerim98@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک