٥\٦\٢٠١٣
کوردستانی سوور
-
ھەرێمی کوردی.

رەمەزان کەریم*
- بەشی
هەفتەم -
فاکتەرەکانی
ھەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور.
نە سەبارەت بەدامەزرانی کوردستانی سوور، نە سەبارەت بەھەڵوەشانەوەکەی،
نە لەبارەی ئەو پێشکەوتنانەوە کە لەماوەی ٦ساڵدا ھاتە ئاراوە، سەبارەت
بەھیچ یەک لەمانە، لەئەرشیفی دەوڵەتی ئازەربایجاندا تووشی کەمترین
بەڵگەو بابەت نابیت. ئەمە راستی ئەو بۆچوونە دەسەلمێنێت کە گوایە
بەڵگەنامەکان لەئەرشیفی دەوڵەت سڕاونەتەوە. ئەو توێژەرە خۆجێییانەی کە
لەدەیەی ١٩٣٠ تاکو رۆژی ئەمڕۆمان، مێژووی ئازەربایجانیان شیکردۆتەوە،
نەک تەنھا سەبارەت بەڕاستییەکانی کوردستانی سوور بێدەنگ ماون، بەڵکو
بەئاشکرا خۆیان لەبەکارھێنانی وشەی «کورد» دزیوەتەوە. تەنانەت
مێژووناسە ھەرە دیموکراتەکانیش کە پێویستیان بەبیرھێنانەوەی ئەم بابەتە
ھەیە، لەلێکدانەوەکانیاندا تەنھا ئاماژەیان بەوە کردووە کە «دەیەی ١٩٣٠
لەئازەربایجان لەگەڵ رێکخستنەوەی قەزاو ناحییەکان، کۆتایی بەڕێکخستنی
جوگرافیایی کوردستانی سوور ھێنرا». کەچی سەرلەنوێ رێکخستنەوەی قەزاو
ناحییەکان لەئازەربایجان، ھۆکاری لەناوچوونی کوردستانی قەفقاس نییە،
تەنھا سەرپۆشێکە بۆی دانراوە.
ھەڵوەشانەوەی کوردستانی سوور، کۆمەڵێک فاکتەری دەرەکیو ناوخۆیی ھەیە.
کوردۆلۆگ (کوردناس)ەکانی سۆڤێت بەکورتی مەسەلەکە بەمجۆرە لێکدەدەنەوە:
کۆتاییەکانی دەیەی ١٩٢٠، لەئەنجامی بەھێزبوونی بیرۆکەی رەگەزپەرستی
لەناو حکومەتی ئازەربایجانو پەیوەندییە سیاسییەکانی دەرەوەیان (دۆستایەتییەک
لەنێوان یەکێتی سۆڤێتو دەوڵەتی تورکیا دروست بوو)، ھەموو ئەو
ھەنگاوانەی بۆ کوردەکانی ئەو وڵاتە نرابوو، نەک تەنھا وەستێنرا، بەڵکو
وردە وردە شێوازەکانی دژایەتیکردنیش پەرەیسەند. ساڵی ١٩٣٠ ھەرێمی
سەربەخۆی کوردستان کە لەچوارچێوەی ھەمان کۆماردا دامەزرابوو،
ھەڵوەشێنرایەوە.
کوردەکانی سۆڤێت کە بەشێکی دانەبڕاون لەگەلی کورد، راستەوخۆ و
ناڕاستەوخۆ بەردەوام لەژێر کاریگەریی پێشکەوتنە سیاسییەکانی کوردستاندا
بوون. ئەو قۆناغەی کەوا لێکدانەوەی بۆ دەکەین، قۆناغێکە کە تێیدا کێشەی
کورد لەناو کۆمارە تازە دامەزراوەکەی تورکیادا زۆر بەزەقی دەردەکەوێت.
دەوڵەتی کەمالیستی تورکیا، بۆئەوەی لەپەیمانی سێڤر (١٩٢٠) رزگاری ببێت
(کە تاڕادەیەک ئازادی دابوو بەکوردەکان)، بەشێک لەھەوڵە سیاسییەکانی
بریتی بوو لەگوتارو لێدوان سەبارەت بەوەی کە رێز لەمافە کەلتووریو
نەتەوەییەکانی کورد دەگرێت، ھەروەھا کەوتنە دانوستان لەگەڵ چالاکوانو
کەسایەتییە ناسراوەکانی کوردستان. بەرەوپێشچوونەکانی دواتر ئەوەی
سەلماند کە وتەکانی مستەفا کەمال ئەتاتورک سەبارەت بەوەی کە کۆماری
تورکیا پێکھاتووە لەکوردو تورک، ھەمووی ھەڵمەتێکی تاکتیکی بووەو بەس.
بەم ھەوڵە سیاسییانە تەنیا دەیویست قۆناغەکە تێپەڕێنێت.
دوای رێککەوتنی لۆزان (١٩٢٣) کە رێککەوتننامەکەی پێش خۆی (سێڤر)ی
لەگۆڕنا، زەمینەی سیاسەتی نکوڵیکردنو گوشار خستنە سەر کورد بۆ ٧٠ ساڵی
دواتریش دروست بوو. ساڵی ١٩٢٥ کە راپەڕینەکەی شێخ سەعید دەستی پێکردو
بەخوێنڕشتنێکی زۆر سەرکوت کرا، کەمالیستەکان دەستیان کرد بەنکوڵیکردن
لەبوونی کوردو کێشەی کورد لەو وڵاتەدا. ھەموو ئەمانە بەشێوەی راستەوخۆ
و ناڕاستەوخۆ، کاریگەری قووڵی لەسەر کوردەکانی ئازەربایجانیش جێھێشت.
لێرەدا دوو فاکتەر رۆڵی گرنگیان گێڕا. ئەو سەردەمە، لەنێوان ھەردوو
وڵات (تورکیاو روسیا) رێککەوتن ھەبوو بۆ دژایەتیکردنی ئیمپریالیزم،
ئەمەش لەساڵی ١٩٢١ و دوای رێککەوتنی کاری ھاوبەش پەیوەندی ئەو دوو
وڵاتەی پتەوتر کرد. روسەکان بۆ بەرگریکردن لەئەستانبوڵ سەربازیان ناردو
ھەلیکۆپتەریشیان نارد بۆ بۆردومانکردنی کوردە راپەڕیوەکانی چیای ئاگری،
ئەمەش لەپێناوی ئەوەی کە تورکیا دەرگاکانی رووەو سۆسیالیزم بکاتەوەو
ببێتە دەروازەیەکیش بۆ ئەوەی روسیا لێیەوە پەلبھاوێژێت بەرەو خۆرھەڵاتی
ناوەڕاست، ھەروەھا تورکیا بکاتە برای ئایدۆلۆژیی خۆی. بەتایبەت دوای
راپەڕینەکەی شێخ سەعید، کە کورد لەتورکیا، وڵاتە دۆستەکەی روسیا ببوو
بەمیللەتێکی نایاسایی، بەڵام روسەکان لای خۆیان لەسەر بنەمای دیسپلینی
میللی، ھەندێک لەمافەکانی کوردیان بەڕەسمی ناسیبوو، ئەمەش کاردانەوەی
کەمالیستەکانی لێکەوتەوە، کەچی ئەم کاردانەوەیە لای روسەکان ھیچ
مانایەکی نەبوو. کاری ھاوبەشی تورک - روس، وایکرد چیتر ناوچەیەک بەناوی
کوردستان لەخاکی سۆڤیەتدا نەمێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە، مانەوەی
ناوچەیەک بەھەمان ناونیشان لەئازەربایجان (وڵاتە خزمەکەی تورکیا)،
شایستەی پەیوەندییەکانی نێوانیان نەبوو. مۆسکۆ ناچار بوو ھەموو ئەمانە
بخوێنێتەوە، دواتر رێگەیدا بەحکومەتی ئازەربایجان تاکو کوردستانی
قەفقاس ھەڵبوەشێنێتەوەو بۆ تاقیکردنەوەی ئەزموونی تورکیا، دەست بکات
بەپەیڕەوکردنی سیاسەتی نکوڵیکردن لەبوونی کوردەکان.
_______________
*
کوردی سۆڤێتی پێشوو.
_______________________________________
بەشی
شەشەم:
www.emrro.com/kurdistanisur6.htm
بەشی
پێنجەم:
www.emrro.com/kurdistanisur5.htm
بەشی
چوارەم:
www.emrro.com/kurdistanisur4.htm
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanisur3.htm
بەشی دووەم:
www.emrro.com/kurdistanisur2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanisur.htm
٤\٦\٢٠١٣
remezankerim98@gmail.com
|