په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\٦\٢٠١٣

خەبات لەپێناوی کوردستانی سووردا.

رەمەزان کەریم*      

- بەشی هەشتەم -

 

کوردەکانی سۆڤیەت ھەرگیز ئەو بڕیارەی حکومەتی ئازەربایجان (پێکھێنانی کوردستانی سەربەخۆ) لەبیر ناکەن کە مانگی تەمموزی ساڵی ١٩٢٣ سەبارەت بەکوردستانی قەفقاس دەریکرد. ئەوانەی لەسەر خاکی کوردستانی سوور ژیاون، لەڕووی نەتەوەییەوە تواونەتەوە، نەک تەنھا لەزمانی زکماکی، بەڵکو لەھەموو پەیوەستبوونێک بەڕەگ‌و رەچەڵەکی خۆیان دابڕاون. سیاسەتی «تورکایەتی ئازەربایجان» بەسەر ھەر میلیمەترێکی ژیانی کۆمەڵایەتی ئەو وڵاتەدا زاڵ بوو، کوردەکانیش کە نەیاندەتوانی خۆیان لەکاریگەرییەکانی ئەو سیاسەتە رزگار بکەن، دیاردەیەک بەناوی «کوردستانی سوور» بۆ ئەوان ھیچ مانایەکی نەبوو. ھەروەھا ئەو کوردانەی کە لەئازەربایجان‌و ئەرمەنستان‌و جۆرجیاوە گوازرانەوە بۆ روسیا، کازاخستان‌و کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست، بەردەوام وەک ئومێدێکی سووتاو و حەسرەتێکی نامۆ یادی کوردستانی سووریان دەکردە.

لەنێوان ساڵانی ١٩٦٠-١٩٨٠ کە جۆرە نەرمبوونەوەیەک لەکەشوھەوای سیاسیی یەکێتی سۆڤێتدا بەدی دەکرا، کوردەکانی سۆڤێت دوو جار قەڵەمبازیان کرد لەپێناوی کوردستانی سووردا، ئەمەش بێگومان واتایەکی مێژوویی تایبەت بەخۆی ھەیە.

مردنی ستالین لەساڵی ١٩٥٣، وێڕای کۆتاییھاتنی سیستمێکی سەرکوتکارو چەقبەستوو، نوێبوونەوەیەکیشی لەسیاسەتی ناوخۆییدا ھێنایە ئاراوە. لەگەڵ ھاتنەسەرکاری خروشچێڤ (١٨٩٤-١٩٧١) بۆ پۆستی سەرۆکایەتی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤێت، چەندین ریفۆرمی کۆمەڵایەتی‌و ئابووری لەوڵاتدا دەستی پێکرد. رەوتی ریفۆرمەکانی تاڕادەیەک بواری سیاسەتیشی گرتەوە. ساڵی ١٩٥٤ نمیچە دوورگەی کریمەی روسیای خستە سەر ئۆکرانیا، چەندین گۆڕانکاری لەبواری دیسیپلینی ناوخۆیی یەکێتی سۆڤێت کردووە، ئومێدێکی تازەی دا بەزۆربەی ئەو ئیتنیک‌و گرووپانەی کە لەنێوان ساڵانی ١٩٣٠-١٩٤٠ لەئاو و خاکی خۆیان دوور خرابوونەوە. یاساکانی «کۆچی تایبەت»ی لەسەر ئەو گرووپانە ھەڵگرت کە دوای مەرگی ستالین گوازرابوونەوە، تەنانەت ھەندێک بڕیاریشی دەرکرد بۆ گەڕانەوەی کۆچبەرەکان بەرەو زێدی خۆیان.

زۆربەی ئەو میللەتانەی کە لە زێدی خۆیان دوور خرابوونەوە، بەدەنگی بەرز داخوازی گەڕانەوەیان دەربڕی. ھەندێک گرووپ ئازایەتی ئەوەیان تێدا بووە کە ویستی گۆڕانکاری لەدیسیپلینی وڵاتدا بگەیەننە ھۆڵە داخراوەکانی مۆسکۆ. لەم نێوەندەدا، کوردەکانیش دەنگی خۆیان بەرز کردەوە. ساڵی ١٩٦١ وەفدێکی ٩ کەسی کە پێکھاتبوو لەکوردە کۆچبەرەکان، بەئومێدی سەرلەنوێ دامەزراندنەوەی کوردستانی سوور، بەرەو مۆسکۆ کەوتنە رێ. داواکارییەکانی ئەو وەفدە لەلایەن مۆسکۆوە بەگەرمی پێشوازی لێ نەکرا. وەفدەکە کە لەگەڵ راوێژکارەکانی خروشچێڤ وتووێژیان کردبوو، بەمجۆرە وەڵامیان درایەوە کە: خاکی کوردستانی سووری کۆن دەکەوێتە سنوورەکانی ئازەربایجان و، بۆیەش رازی کردنی حکومەتی ئازەربایجان بۆ ئەم مەسەلەیە شتێکی مەحاڵە. راوێژکارەکان، لەبەرامبەر ئەم داواکارییانەی وەفدی کوردی، بیرۆکەی «سەربەخۆیی کەلتووری لەچوارچێوەی ئەو کۆمارانەی کە کوردی تێدا دەژی»یان خستە روو. بەڵام مەخابن، کاراکتەری ئەو سەردەمەو نەبوونی رێکخستنێکی تۆکمەی کوردەکان، وایکرد کە بەڵێنەکانی سەربەخۆیی کەلتووریش ھەر لەچوارچێوەی قسەدا بمێنێتەوە.

ساڵی ١٩٨٥، لەگەڵ ھاتنە سەر دەسەڵاتی گۆرباچۆڤ، ھەروەھا پریسترویکاو گلاسنۆست کە نەک تەنھا لەیەکێتی سۆڤێت، بەڵکو لەھەموو جیھاندا رێی لەبەردەم وەرچەرخان کردەوە، ژیانی کوردەکانی سۆڤێتیش کەوتە ناو قۆناغێکی نوێوە. لەمانگی شوباتی ساڵی ١٩٨٨ کە کێشەکانی نێوان ئازەربایجان‌و ئەرمەنستان تەقیەوە، وردە وردە ژیانی کوردەکانی قەفقاس-یش دەربازی رۆژە سەختەکانی خۆی دەبوو. لەئازەربایجان‌و ئەرمەنستان، گەنجەکانیان لەناو کۆڵانەکاندا کۆدەکردەوەو بەزۆر دەیانبردن بۆ بەرەکانی جەنگ. دەبوایە لەدژی «ئازەرییە خوێنمژەکان» و «ئەرمەنییە خائینەکان» بجەنگن. لەئەرمەنستان، ئەو کوردە موسڵمانانەی کە لەگەڵ ئازەرییە موسڵمانەکان ژن‌و ژنخوازییان دەکرد، ماڵەکانیان دەسووتێنراو بەلێدان‌و کوتان لەوڵات دەردەکران.

بەگشتی شەپۆلی ھۆشیاری میللی ھەموو سۆڤێتی گرتبۆوە. لەوەھا دۆخێکدا، کوردەکانیش کەوتنە جووڵە. دەستیانکرد بە بەرزکردنەوەی خواستە کەلتوورییەکان، دروستکردنی گرووپەکانی مۆسیقاو فۆلکلۆر، دامەزراندنی رێکخراو و سەندیکاکان‌و دەرکردنی رۆژنامە. لەناو ئەم دامەزراوەو پێکھاتانەدا، رێکخراوی «یەکبوون» رۆڵێکی بەرچاوی ھەبوو.

_______________
* کوردی سۆڤێتی پێشوو.

_______________________________________

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdistanisur7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdistanisur6.htm 

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

١١\٦\٢٠١٣

ماڵپەڕی رەمەزان کەریم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک