په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٦\٢٠١٣

خەبات لەپێناوی کوردستانی سووردا.

رەمەزان کەریم*      

- بەشی نۆیەم -

 

دامەزرانی رێکخراوی «یەکبوون» دوابەدوای ئەو کۆبوونەوانە دەستیپێکرد کە لەئازەربایجان، روسیاو کازاخستان کرا. محەمەد بابایەڤ سەرکردایەتی ئەو رێکخراوەی دەکرد، پێشتر کۆمۆنیست بوو و ساڵی ١٩٦١ سەرۆکی وەفدەکەی کوردستانی سوور بوو کە چوون بۆ مۆسکۆ.


«یەکبوون» ھەموو کوردەکانی سۆڤێتی لەخۆدەگرت، ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لە: بەرزکردنەوەی ئاستی داخوازییە نەتەوەییەکانی ئەو گەلانەی لەچوارچێوەی یەکێتیی سۆڤێتدا دەژین، ھەروەھا بەرامبەر بەئاوارەبوونی ٢٠ ھەزار کوردی ئەرمەنستان‌و ئەو بارودۆخەی شەڕی ئازەری-ئەرمەنی ھێنابووە کایەوە، سەرلەنوێ زیندووکردنەوەی کوردستانی سوور.


«یەکبوون»، وێڕای ئەوەی کە دەیزانی زیندووکردنەوەی کوردستانی سوور شتێکی مەحاڵە، لەبەشە ئەوروپییەکەی روسیا یان لەکەنارەکانی دەریای قەزوین بەنیازی پێکھێنانی شێوە سەربەخۆییەکی میللی بوو بۆ کوردەکان. ئامانجی سەرەکی سەربەخۆیی بوو.


خواستی سەربەخۆیی کوردەکان لەخاکی روسیادا، لەسەر بنەما یاسایی‌و مافپەروەرییە دیارەکان بوو. ئیمپراتۆریەتی روسیا، کاتێک لەسەدەی ١٩ھەمدا قەفقاسی داگیر کرد، کوردەکان چوبوونە ژێر فەرمانی روسیاوە. ئەوکات قەفقاس دەوڵەتی نەبوو. لەسەردەمی سۆڤێتیشدا ھەتاکو ئاسیای ناوەڕاست‌و سیبیریا، بەو جوگرافیا پان‌و بەرینەی روسیادا بڵاوببوونەوە. بەر لەھەرەسھێنانی یەکێتیی سۆڤێتیش ئەو گفتوگۆیە دەستیپێکردبوو کە ئاخۆ فیدراسیۆنی روسیا، لەڕووی یاساییەوە دەبێتە میراتگری یەکێتیی سۆڤێت. لەو دەقەیەوە کە بناغەکانی سۆڤێت کەوتە لەرزین، کورد لەھەموو کۆمارەکانی سۆڤێتدا دیسانەوە بەترسی ئاوارەبوون‌و دەربەدەرییەوە دەژیان. پێشھات‌و گۆڕانکارییەکانی دواییش سەلماندی کە ئەم ھەموو ترس‌و دڵەڕاوکەیە بەخۆڕایی نەبووە. ساڵی ١٩٨٨ لەئەرمەنستان راگوێزران، ساڵی ١٩٩٠ لەقیرغیزستان ھێرش کرایە سەر گوندی کوردەکان، بەسەدان بنەماڵە ئاوارە بوون. لەگەڵ رووداوەکانی فەرغانە (شارێکە لەئۆزبەکستان)، ھێرشکردنە سەر کوردەکان زیادی کرد، بەم ھۆیەشەوە بەشێکی زۆری کوردەکانی ئۆزبەکستان ھەڵاتن بۆ کازاخستان‌و روسیا. لەروسیاش نەحەسانەوە. ئەو کوردانەی لەقەفقاس دەرکرابوون‌و ھەڵاتبوون، لەوێش بەڕەسمی ناویان تۆمار نەدەکراو لەھەموو مافێکی کۆمەڵایەتی، سیاسی‌و ئابووری بێبەش دەکران. لەناحیەی کالینی ناوچەی کراسنۆدار (روسیا) ئەو کوردانەی تازە نیشتەجێ ببوون‌و خانوویان کڕیبوو، ھەمووی بەزۆر دەرکران. لەنێوان ساڵانی ١٩٩٢-١٩٩٣، دوای ئەوەی یەکێتیی سۆڤێت ھەرەسی ھێنا، سەدان ھەزار کورد لەخاکی کوردستانی سوور راگوێزران.


یەکبوون، یەکەم کۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆی لەمانگی ئایاری ساڵی ١٩٨٩دا لەمۆسکۆ بەڕێوەبرد. نزیکەی ھەزار کورد وەک ھێزێکی نوێنەرایەتی کە لەھەشت کۆمارەوە ھاتبوون (قرغیزستان، ئۆزبەکستان، کازاخستان، تورکمەنستان، ئازەربایجان، ئەرمەنستان، جۆرجیاو روسیا)، دوابەدوای کۆبوونەوەکە لە ٢٠ی ھەمان مانگەوە لەناوەندی پایتەخت دەستیانکرد بەسازدانی کۆبوونەوەی جەماوەری‌و چالاکی مانگرتن، بەم شێوەیە خواستی سەربەخۆیی خۆیان بەرز دەکردەوە. ساردوسڕی‌و ھەندێکجار ھەڵوێستی توندی حکومەتی مۆسکۆ بەرامبەر بەکوردەکان، نەبووە ھۆی پاشگەزبوونەوەیان. لەھەفتەی دووەمی چالاکییەکاندا، دوای ئەوەی کە گوایە «کوردەکان پایتەختیان نائارام کردووە» نوێنەرێکی حکومەت بەناوی گاڤریل پۆپۆڤ جارێکی دیکە لەگەڵ وەفدی نوێنەرایەتی کوردەکان دانیشت‌و، پاش گوێگرتن لەداخوازییەکانیان، ھەڵوێستی رەسمیی دەوڵەتی پێڕاگەیاندن.

 
وەفدەکە رایگەیاند کە ئەو شەڕەی نێوان ئەرمەنییەکان‌و ئازەرییەکان لەوانەیە کوردستانی سووریش بگرێتەوەو، وروژاندنی بابەتی کوردستانی سووریش لەدۆخێکی وادا لەوانەیە شەڕەکە قووڵتر بکاتەوە، بۆیەش بەڵێنی ئەوەیان دا کە بۆ چارەسەری ئەم کێشەیە، کۆمسیۆنێکی دەوڵەتی پێکبھێنن.


کوردەکانی سۆڤێت لەڕۆژانی ٢١-٢٣ی ئەیلولی ساڵی ١٩٨٩ لەشاری مۆسکۆ دووەم کۆبوونەوەی بەرفراوانی خۆیان سازکردو کۆنگرەی دامەزراندنیان بۆ کوردەکانی سۆڤێت کرد. رۆژێک پێش دەستپێکردنی کۆنگرەکە، واتە ٢١ی ئەیلولی ١٩٨٩، لەکۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی حزبی کۆمۆنیستی یەکێتی سۆڤێت، سەبارەت بەکێشەی کورد بڕیارێکی گشتی دەرچوو کە جارێکی دیکە تروسکەی ھیوای کوردەکانی گەشاندەوە.


لەیەکەم کۆنگرەی کوردەکانی سۆڤێتدا، پەیڕەو و پڕۆگرامی رێکخراوی «یەکبوون» پەسند کرا، داواش لەحکومەتی یەکێتیی سۆڤێت کرا ئەم رێکخراوە وەک رێکخراوێکی رەسمی لەوڵاتدا تۆمار بکات.

_______________
* کوردی سۆڤێتی پێشوو.

_______________________________________

بەشی هەشتەم: www.emrro.com/kurdistanisur8.htm

بەشی هەفتەم: www.emrro.com/kurdistanisur7.htm

بەشی شەشەم: www.emrro.com/kurdistanisur6.htm 

بەشی پێنجەم: www.emrro.com/kurdistanisur5.htm

بەشی چوارەم: www.emrro.com/kurdistanisur4.htm

بەشی سێیەم: www.emrro.com/kurdistanisur3.htm  

بەشی دووەم: www.emrro.com/kurdistanisur2.htm 

بەشی یەکەم: www.emrro.com/kurdistanisur.htm

 

١٨\٦\٢٠١٣

ماڵپەڕی رەمەزان کەریم



 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک