کوردستان کەى پڕدەبێت لە رهوشت و ئهندێشه ؟
پێشڕەو حەمید
سیاسیە باڵادەستەکانى کوردستان هەمیشە (گەنجان) بەوە تاوانبار دەکەن کە نەوەگەلێکى نابەرپرسن و هۆشیارى سیاسى و نەتەوایەتیان لاوازە و هەمیشە ئەم نەوەیە لەلاى دەسەڵاتى سیاسى کورد (وێنەیەکى شەیتانى پێدارەوە) و لەتەواوى کایە جیاجیاکانى دەسەڵاتدا پەروێزخراون و ڕێگەیان بۆ فەراهەم نەکراوە کەوەک گەنجێک بەشدارى لە بڕیارە سیاسیەکاندابکات و بتوانێـت وەک بونەوەرێکى ئاکتیڤ بەشداربێـت و تەعبیر لە ڕەئى خۆى بکات ، تەنها لەبەرئەوەى زۆرێک لەگەنجان بڕوایان بەو قەوانەکۆنەنییە کە خودى بەرپرسەباڵاکانى دەسەڵات پێى سەرمەست دەبن ، سەرەڕاى ویناکردنى گەنج لەئەجنداى دەسەڵاتى سیاسى کوردستاندا بە نەوەگەلێکى (ناکامڵ و کاڵ فام) هێشتا ئەم نەوەیە لەهەوڵى ڕاستکردنەوەى شوناسى خۆیدا لەدیدى دەسەڵاتەوە و فریاد ڕەسانە کار بۆئەو پرسەئاڵۆزانەدەکات کەکارى دەسەڵاتەوە وخودى دەسڵات تواناى شرۆڤەکردنى نییە ، دروستکردنى (بێ متمانە) ى لەنێوان تاکى کوردى و (پەکخستن) ى تواناکان بۆ هوشیارکردنەوەى شەقامى کوردى و (کوشتن) ى گیانى حەماسیەتى کارکردن و قوربانى دان بۆ نیشتمان ، کارگەلێکبوون کە دەسەڵاتى کوردى بەدرێژەپێدانى (پرۆژە گەندەڵیەکانى خۆى) لە دواى پرۆسەى ئازادى عێراقەوە کارى لەسەر دەکات و تائێستاش بەردەوامە و لە دەرئەنجامدا تـائێستا شەقامى کوردى لەدۆخى سڕبوندایە و لەبەرامبەر بابەتەهەستیارەکان و پیلانە دەرەکییەکان و بۆردومانکردنەکان و دواتریان دیارنەمانى فڕۆکەوانێکى (نەخۆش) لە بن دەستى ئاسایشى سلێمانى شەقامى کوردى یەک ناخات و لە دۆخى سڕبونەوە نایوروژینێت بۆ دەنگ هەڵبڕین و ئاشکراکردنى چارەنوسى ئەو فڕۆکەوانەکە و بێدەنگى دەسەڵات لەئاست پیلانە دەرەکییەکاندا ؟!
کەچى ئەو گەنجانەى کە دەسەڵات هەمیشە کاربۆ دەستەمۆکردنیان دەکات دور لە ئەجینداى دەسەڵات و مژدەکانیەوە ، کاربۆ بەئاگاهێنانەوەى شەقامى کوردى دەکات و لەبەرامبەر وروژاندنى گیانى بەرپرسیارێتدا ئامادەى باج بدات و لەدژى هەر پیلانێک ئامادەیە بڕژێتە سەرشەقامەکان و داواى یەکگرتنى شەقامى کوردى بکات و شوێن ئەو هۆکارەکان بکەوێت بەمەبەستى کۆدەنگیەک بۆچارەسەرکردنیان کە دەسەڵاتى کوردى تێدا قەتیسکردوە .
ئەو سیناریۆیە ى کە بۆ دیار نەمانى فڕۆکەوانە (نەخۆشەکە) دروستکرابو ، جارێکى تر گەنجانى ئەم وڵاتەى یەکخست و بە ئەنجام دانى دەیان چالاکى جۆراوجۆر دژ بە خەم ساردى سەرکردایەتى کورد لەبەرامبەر (هەڵهاتن و ونکردن) ى فڕۆکەوانە کەدا ، ڕژانە سەرشەقامەکان و داواى ڕونکردنەوەى زیاتریان لەئاسایشى سلێمانى و دەسەڵاتى کوردى کرد لەبەرامبەر ئەو کارەدا .
دواى ئەوەى دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق بەخوێندنەوەى نوسراوێکى ئاسایشى سلێمانى لەمەڕ هەڵهاتنى فڕۆکەوانەکە هەمومانى توشى شۆککرد هەربەهەمان گومانەوە چەند پرسیارێک خوى فەرزدەکات کە ئەو فڕۆکەوانە وەک تاوانبار و وەک شاهدێک لە کەیسى هەڵەبجەدا کە پاڵپشتیى یەکى گەورەبو بۆ بردنە پێشى کەیسى هەڵبجە ، ئەگەر نەخۆش بوبێت و بۆچارەسەرکردن ڕەوانەى نەخۆش خانە کرابێت ،ئەوا چۆن لە ڕێگرتنەبەرێکى ئەمنى توندو تۆڵدا پرۆسەى گواستنەوەکەیان جێبەجێ نەکردوە و ئەو تاوانبارە گەوەریە چۆن هەڵهات ؟ کە هەڵهات چۆن فڕى و بۆدیار نەما ،ئەگەر فڕۆکەوانەکە هەڵهاتبێت و سیناریۆکى دروستکراو نیە ، بۆچى لەکاتى هەڵهاتنیدا وێنەکەى لەمیدیاکانەوە بڵاو نەکرایەوەو داواى یارمەتى لە خەڵکى کوردستان و لایەنەپەیوەندە دارەکان نەکرا بۆ دۆزینەوەى تاونبارەکە،لەکاتێکدا ئەگەر ئەو کاتە و لەکاتى خۆیدا ئەو کارەبکرابا ، ئەوا دیارنەمانى فڕۆکەوانەکە لەلاى خەڵکى حسابى قەزاو قەدەرى بۆدەکراو تاڕادەدەیەکى زۆر خەڵکى بڕوایان بەهەڵهاتنەکەى دەکرد وەک ئەوەى کە ئێستا بڕوایان بەو جۆرە هەڵهاتنە نییە !.
بەداخەوە دواى بیستو یەک ساڵ لەئاشکرابونى تاوانبارێکى فڕۆکەوان لەو فڕۆکەوانە گوم ناوانەى تر کە هەڵەبجەیان شەهید کرد و لەدواى دوبارە دیارنەمانى ئەویتر ، هێشتا شەقامە ساردو مردو وەکەى (کورد) ڕۆحى بە بەردانایەتەوەو لەو خەونە جەهەنیمییەى خۆى بەئاگانایەت ، بەداخەوە هێشتا ئەو حیزبانەى خۆیان بە ئۆپۆزسێون دەناسێنن و هەر دومانگ جارێک پرۆژەیەکى بیتام بەناوى چاک سازى و گۆڕانەوە دەخەنە مەزاد خانەى بێ سەرو بەرى سایسى کوردیەوە ، هێشتا بێدەنگن و هیچ پڕۆژەیەک ، هیچ ئازایەتییە کیان تێدانییە واز لەو هەموو سازشە بهێنن و تەنها هەڵوێستێکیان هەبێت و تەکانێک بە خۆیان و شەقامە خەوتووەکەى کورد بدەن ،بەداخەوە جارێک فڕۆکەوان هەڵدێت و جارێک فڕۆکەوانەکان قەندیل بۆردومان دەکەن و جارێک گوندو دەشتایە کانمان دەسوتێن ، کەچى هێشتا شەقامى کوردى نوستو وەو بڕیارى داوە دەیان هەڵەبجەى تر دروست ببێت و ئەوانەشى ئێستا لە قەفەزى تاوانکاریدان لەسەر کەیسى هەڵبجە ، هەڵبێن و جارێکى تر هەڵبجە شەهید بکەنەوە ، ئەوا (شەقامى کوردى) هێشتا هەر لە مردنى خۆى ڕاناچەنێت ، بەداخەوە چاوەڕوان بوم بە درێژاى تەمەنێک کە شەقامى کوردى بجوڵێت و جارێکى تر نیشتمان پڕبکاتەوە لە رهوشت و ئهندێشه و ئەقڵیەتى سیاسیانەى تەندروست ، بەڵام شەقامى کوردى وەک خۆى نەبو ، ئەمرۆ بۆ هەمیشە مرد و ئەو مردنەیش هێشتا نابێتە لەمپەرێک بۆ دروستکردنەوەى شەقامێکى تر بەناوى شەقامى (گەنج) چونکە دەسەڵاتى کوردیى لەماوەى تەمەنێک لە خۆ بەڕێوەبردندا بڕواى بە کارو تواناکانى گەنج نەبوە وەک بونەوەرێکى هەستیار ، بەڵام ئەمڕۆ لەدواى ئاشکراکردنى مەرگى حەتمى شەقامى کوردییەوە ، خۆى ڕادەگەیەنێت و ئیدى قبوڵى نییە بە (کاڵ فام و نابەرپرس و نائاگا) وێنەى ناشرین بکرێت ، ئەوەندەى لەئێستادا داوا لەدەسەڵاتى کوردى دەکات وەک ئەوەى ڕێگریەتى کە بەشدارى لەپرسە سیاسیەکاندا بکات و بەشێک بێت لەگۆڕان ئەگەر گۆڕان هەرگیز لەئارادابوبێت لە ئەقڵیەتى کارکردن و بەڕێوەبردنى دەسەڵاتدا ، ئەواچیدى شەقامەکان پڕنەکات لە (کوتەک) بەدەست ، ئەگەر گەنجان لە سەر شەقامەکان دەسەڵات لە هەڵەکانى خۆى بەئاگابهێنێنەوەو پیلانى دوژمونان شەرمەزاربکات.
peshrawhameed@googlemail.com
|