کوردستان لە ماڵى
میللەتەوە بۆ ماڵى حیزب
(ئەو حیزبەى دوێنێ بۆ نیشتیمان تێدەکۆشا، ئەمڕۆ کاولی دەکات).
پێشڕەو حەمید
بەهۆى سیاسەتى چەواشەکارى و دەسەڵاتخوازى سیاسییەکانى ئێمەوەلە ماوەى
حەڤدەساڵى ڕابردواد و بەهۆى دوبارەکردنەوەى چەندین هەڵەى سیاسى و
ئیدارى پارتى و یەکێتەیەوە ، کاردانەوەیەکى نێگەتیڤى لاى مرۆڤى کوردى
دروستکردو گیانى نیشتمان پەروەرییانى بەرەو هەڵدێربرد و نەمانى
ئەوڕۆحیەتەش هۆکارێک بو خاوبونەوەى قوربانى دان لەپێناوى نیشتماندا و
لەبرى نەتەوەیەک بۆقوربانى دان تەنها چەند کەسێک ئامادەبون لەپێناو
نیشتمان بمرن ؟چونکەکوردستان لەماڵى میللەتەوە بووەماڵى حیزب و ئێستاش
( حیزب ) خاوەنى یەکەمى نیشتمانە ؟! ئەوە نەک لەبەرئەوەى کەخەڵکى
کوردستان هەر لە ئەزەلەوە هەستى نیشتمان پەروەرى لەڕۆحیاندانەبوەو
بێباکانە لەسەر خاکەکەى ژیاون ، بەڵکوئەو خەڵکەى کەهەمیشە قوربانى
دەستى سیاسەتە چەوتەکانى حیزبى کوردى بوون لەدواى ڕاپەڕین و شەڕى
نەگریسى ناوخۆوە ، بەوەیان دەزانى کە کوردستانى ئەوان بوەتە نیشتمانى
حیزبەکان و نیشتمانى گەندەڵکاران کوردستانى پڕلــەناعەدالەتى
کۆمەڵایەتى و سایسى و دیوەخانى بازرگانەکانى شەڕو چەتەو لەیاسا
گەورەترەکان و تد .
لاوازبونى هەستى نیشتمان پەروەرى لاى خەڵک ، نوقسان بونى خەیاڵى
نەتەوەیە و نەتەوەش بەرپرسیارى یەکەمى ناهۆشیاریەکانى خۆیەتى و تموحاتە
نامۆراڵیەکانى دەسەڵاتى کوردیش هەمیشە هۆکارى نـائامادەگەى
ئەوخەیاڵەبووەو هەرگیز نەهێشتوە بۆتەنها جارێکیش بەرژەوەندییەباڵاکانى
میللەت بخاتە پێش بەرژەوەندیە بچوکەکانى خۆیەوە .
هەستى نیشتمان پەروەرى بەرلەڕاپەڕین وپێش شەڕى ناوخۆ مانایەکى گەورەى
هەبو ، بەڵام لەدواى ڕاپەڕین و گەمەى ناو سەنگەرەکانى شەڕى حیزبەکان و
بەپرۆژەکردنى گەندەڵى و بچوککردنەوەى ( یاسا ) لەبەردەم
بەرپرسەگرگنەکاندا مانایەکى ترى بەخشیە ئەو هەستەو شوناسێکى ترى
بۆدیارى کرد ؟ چونکە لەوەى یەکەمیاندا ( کوردستان ) بەدەستى سیاسەتى
عارەبە شۆڤینزمەکانەوە ئەتک ئەکراو بەناوى پارستنى سەروەرى عێراقى
عروبەو بەکافر ئەژمارکردنمان هەزارانیان لێى ئەنفال کردین و بەناوى
دەستێکەڵاوکردنمان لەگەڵ بیگانەدا شارەکانیان کیمیابارن دەکردین و
بەناوى لەخۆگرتن و خزمەتکردنى ( تێکدەرەکان ) بە پێناسەى خۆیان ،
گوندەکانیان دەسوتاندین و شەرەف و موقدەساتەکانمانى ئیغتیساب دەکرد !!
بەڵام لەمەى دوهەمیاندا ( کوردستان ) بەدەستى ئەو کەس و تاقمانەوە کاول
دەکرا کە پێشتر ئامادەبون لەپێناوەیدا بمرن ؟! بەرلە ڕاپەڕین
سیاسەتەدوژمونکاریەکانى بەعس و هەوڵەنەزۆکەکانى بۆ قرکردنى تەواوى
خەڵکى کوردستان ، چەکى بەرگرى کردنى پێهەڵدەگرتین و دەچوینە چیاکان بۆ
پاراستنى شەرەف و پیرۆزییەکانمان ، بەڵام لەدواى ڕاپەڕین سیاسەتى حیزبى
کوردى و پەروەردەناتەندروستەکانى حیزبى کوردى وتموحاتە نائەخلاقییەکانى
دەسەڵاتى کوردى ناهۆشیارى سیاسى و مەعریفەى میللەتیان ئیستیغلال کردو
فێرى دوبارە چەک پێهەڵگرتنەوەى کردینەوە ، بەڵام ئەمجارەیان بۆگیانى
خۆمان وبۆ سوتاندنى هەولێرو سلێمانى شارەکانى ترى کوردستان.
ئەگەر بەهێزبونى گیانى نیشتمان پەروەرى و پچێەوانەکەى لەو دووقۆناغەى
دا کەباسکران و بەوشێوەیە خۆى بەرجەستەکردبێت کەچەند ئاماژەیەکى کورتى
پێدرا ، ئەوادەبێت ئەوڕۆحییەتە تۆراوەى ( نیشتمان پەروەرى ) لەم
قۆناغەدا لاى مرۆڤى کوردى چۆن بێت کە قۆناغێکى تەواو جیاوازە لە هەردو
سەردەمەکەى پێشخۆى ؟ دیارە جیاوازبونى ئەم قۆناغەش بەماناى ئەوەنا کە
پارتى و یەکێتى وازیان لەعەنتەریاتى خۆیان هێنابێت و بەتەواوەتى
تێکەڵاوى خەڵک بونەتەوە و پەیوەندەى یەکى تەندروستیان لەتەک تەواوى
کۆمەڵگاى کوردیدا دروستکردو وەتەوە ، بەڵکو جیاوازى ئەم قۆناغە
بۆمیللەت لەوەدایە کە هۆشیاریى یەکى سیاسیانەى هەیە و لە تەواوى
گەمەکانى دەسەڵاتى کوردى بەئاگاهاتووەتەوە و بەئاسانى مژدەو گوتارە سۆز
ئامێزەکانى دەسەڵات فریویان نادات .
نەتەوەى کورد لەباشورى کوردستان دواى ئەو هەمو ماڵوێرانیەى کە لە
ئەنجامى جەنگەکاندا بەسەرى هات و دواى وەدەستخستنى هۆشیارى سیاسى و
کولتورى لەسەر گۆڕانکاریە خێرایەکان لە ناوخۆ و بەئاگابونى لە پێشهاتە
سیاسیەکانى ناوچەی و نێودەڵەتى ، لەهەوڵى ئەوەدایە کە لەڕێگەى
بایەکۆتکردنى هەڵبژاردن و هاتنەدەرەوەى تاکەکانى لەناوکایەجیاجیاکانى
حیزب و سزادانى ( یەکێتى و پارتیى ) وە ، جارێکى تر نیشتمان پڕبکاتەوە
لە ئەخلاق و خەیاڵ و ئەقڵیەتى سیاسیانەى تەندروست .
ئێستا نیشتمان لەنێوان حیزب و نەتەوەدا لەبازنەى ململانیدایەو حیزب
دەیەوێت بۆهەمیشە کوردستان بۆخۆى بێت ، کە دەسەڵاتى کوردى تائەم ساتەش
نایەوێت لەنێوان خۆى و خەڵکدا پەیوەندیى یەکى مۆراڵى و سیاسانەى دورلە
فریو دان دروستبکات و بۆ هەربڕیارێک میللەت بکاتە تاکە مەرجەعى
بڕیاردانى ، تەنها ئەوکاتانە نەبێت کە دەکەونە هەڵەى سیاسى و
بۆڕاستکردنەوەى هەڵەکانیان پەنادەبەنەبەر سۆزى میللەت و دەخوازن لە
نێوان شەڕى بەرژەوەندى ناو باڵەجیاجیاکانى ناوخۆیاندا سەرلەنوێ گیانى
شۆڕشگێرى بەرەو پوکانەوە ببەن و مودیلێک بەناوى ( تڕۆکردن ) ەوە ، وەک
گەمەیەکى ترى بێتامى حیزبى ئاوێزانى شەقامى سیاسى کوردیى بکەن و
ئەدەنگەدەنگە نوساوەیش کە دەیەوێت لەناو بازنە داخراوەکانى حیزبدا شتێک
بڵێت کە حیزب ناوى لێناوە ( بڤە ) بخنکێنن و بەشێوەیەکى تر مەوداکانى
ئازادى بەرتەسک بکەنەوە ، بەڵام میللەت دەیەوێت ( نیشتمان ) بەتەواوەتى
لەحیزبەکان وەربگرێتەوەو حیبزبەکان بکاتەوە بەحیزبى نیشتمانى و
نەتەوایەتى تەواوى پانتایى کوردستان پاکبکاتەوە لە خیانەتکردن و
گەندەڵى و نــا عەدالەتى کۆمەڵایەتى و سیاسى و کولتورى و فەرهەنگى و
...تد، سەرەڕاى فریاد ڕەسى میللەت هێشتا حیزبەگەورەکانى کوردستان
دەیانەوێت هەستى نیشتیمان پەروەرى گیانى شۆڕشگیڕى تاک بەتاکى کوردى
تەنها لەنێو دێرەشیعرەکاندابێت و بەهەڵکردنى ( ئاڵا ) تەعیبرى لێبکات
!؟ بەڵام میللەت دەیەوەێت شەقامى سیاسى و ئەخلاقیمان پڕبێت لەو هەستەو
پێکەوە ئامادەبین بۆ قوربانى دان لەپێناوى پاراستنى ئەو دەسکەوتانەى کە
بەخوێنى ڕۆڵەکانى بەدى هاتو وەو ئیستا حیزبەکان موزایەدەى پێوەدکەن .
|