په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٩\١\٢٠٢٤

کوردستان لە سێبەری ''نەخۆشیی هۆڵەندی''دا.

هەورامان عەلی     


لای هەمووان ئاشکرایە چەند ساڵێکە، کۆمەڵگەی مە، توشی قەیرانێکی ئابووری قوڵ هاتووە. توێژینەوەکان لەم بوارەدا گەلێک هۆکاری جۆراوجۆر باس دەکەن، لەوانە:
- بێ ئەزموونی دەسەڵاتدارانی هەرێم.
- ناجێگیری پەیوەندیە پڕ کێشەکانی حکومەتی هەرێم و دەسەڵاتی ناوەند لە بەغدا.
- نە بوونی ئابووری سەربەخۆ.
- نەبونی پڕۆژە و پلانی درێژخایەن و ستراتیژی ئابووری.
- کێشە و ئاستەنگیەکانی ئێران و تورکیا.....و هتد.


گومانی تێدا نییە هەریەکە لەو هۆکاران ڕۆڵی بینیوە لە خوڵقاندنی ئەو قەیڕانە، بەڵام گەر ئەو هۆکارانەش نەبوونایە، کوردستان هەر توشی ئەو قەیڕانە دەبوویەوە. هۆکاری سەرەکی قەیرانی ئابووری لە ئێراقدا کە کوردستانیش لە ڕووی (ئیداری و ئابووری) یەوە بەشێکیەتی، نەخۆشییەکی ئابووی ناسراوە کە نێوی " نەخۆشیی هۆڵەندی"یە Dutch Disease . بۆ ئەوەی لە ڕیشەی ئەو قەیڕانە ئابووریە بگەین، دەبێت لە سەرەتاندا تایبەتمەندییەکانی ئەو نەخۆشییە بناسین.
نەخۆشیی هۆڵەندی دیاردەیەکی ئابووریە تووشی ئەو کۆمەڵگایانە دێت، کە کۆڵەکەی ئابووری ئەو وڵاتە پشت دەبەستێ بە سامانێکی سروشتی دیاریکراو (وەک گاز یان نەوت) یان داهاتێکی سروشتی دیاریکرا.


میکانیزمی کارکردنی ئەم نەخۆشییە ئەوەیە کە داهاتی زیاتری سامانە سروشتییەکان، دەبێتە هۆی بەهێزبوونەوەی دراوی نیشتمانی بەراورد بە وڵاتانی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە تێچووی هەناردەکردن زیاتر بێت لە هاوردەکردن. واتە بەهۆی بەرزی موچە، نرخی تێچوونی بەرهەمە ناوخۆییەکان بە ڕادەیەکە قازانج سەری مایە دەخوات! پارەیی مفتی ئەو سامانە سروشتیانە ووردە وووردە تەنگ بە باقی کەرتەکان هەڵدەچنێت و کۆمەڵگە دەکاتە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری تەوەزەل. ئەم نەخۆشییە توشی هەر کۆمەڵگەیەک بوو لە ماوەی کەمتر لە دوو دەیەدا، تەواوی جومگەکانی توشی گەندەڵی ئابووری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، حکومڕانی و...... هتد، دەکات.


نەخۆشیی هۆڵەندی زاراوەیەکە ٤٧ ساڵ لەمەوبەر لە ئاستی جیهانیدا هاتە ناو فەرهەنگی زاراوەی ئابوورییەکان، یەکەم کەس کە ئەم زاراوەیەی بڵاوکردەوە گۆڤاری ئیکۆنۆمیستی بەریتانی بوو لە یەکێک لە ژمارەکانیدا کە لە ساڵی ١٩٧٧دا. کاتێک باسی هۆکارەکانی قەیرانی گەورەی ئابووری هۆڵەندای کرد. چیرۆکەکە بەم جۆرە دەستی پێکرد. تا ساڵی ١٩٥٩ هۆڵەندا یەکێک لە وڵاتانی پیشەسازی ئەوروپایی خۆر ئاوابوو. لەو ساڵەدا گەورەترین کێڵگەی گازی سروشتی لە ئەوروپادا دۆزرایەوە کە دەکەوێتە باکووری ئەو وڵاتە، دوای کەمتر لە چوار ساڵ، بەرهەمهێنان لەو کێڵگانەدا دەستی پێکرد و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەی دەسەند. پێویستی بازاڕەکانی جیهان بە گازی سروشتی تا دەهات زیادی دەکرد، بەمپێیەش تادەهات وەبەرهەمهێنان لەو کێڵگانەدا زیادی دەکرد کە بویە هۆیی بوژانەوەیەکی ئابووری گەورە لەو وڵاتەدا. لە سەرەتایی ساڵانی حەفتاکاندا حکومەتی هۆڵەندی پێیوابوولە ماوەیەکی کەمدا وزەی ئەتۆمی جێگە بە وزەی نەوت لێژدەکات، بۆیە بڕیار درا ژمارەی کێڵگەکان و بڕی گازی بەرهەم هاتوو تا ئەوپەڕی توانا زیاد بکرێتەوە. لە سەرەتایی ساڵانی هەشتاکاندا داڕوخانی ئابووری ئەو وڵاتە دەستی پێکرد. بەرهەمهێنانی زۆری گاز و چونەسەری خواست لە بازاڕەکانی جیهاندا بویە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی دراوی هۆڵەندی لە بەرامبەر دراوەکانی تردا. هاوکات تەواوی پلانی ئابووری وڵات لەسەر بناغەی پەرەدان بە پیشەسازی گاز و فەرامۆشکردنی باقی کەرتە پیشەسازیەکانی تر داڕێژرابوو. ئەمە وایکرد کە جگە لە پیشەسازی گاز، کاڵا پیشەسازیەکانی تری هۆڵەندا توانای کێبڕکێی بازاڕیان نەما. کاڵا بەرهەمهاتووەکانی هۆڵەندا بە هۆی زۆری تێچونیان و بەرزی نرخەکەیان توانایی هەناردنە دەروەیان نەما، ئەمەش بویە هۆکاری هاتنەخوارەی خێرای بەرهەم لە چەندین کەرتی پیشەسازی ناوخۆدا (جگە لە کەرتی گاز). هاوکات زیاد بوونی بەرهەم هێنان لە کەرتی وزەدا، بویە هۆکاری هەژموونی دەوڵەت بە سەر ئابووری وڵاتدا. تا دەهات خەرجی دەوڵەت زیادی دەکرد و حکومەت ناچار بوو جگە لەوەی ئاستی موچەی فەرمانبەرانی زیاد بکات، ناڕاستەوخۆش زەمینەی بۆ چونە سەری موچەی کرێکاران لە کەرتی تایبەتدا فەراهەم کرد. بەرزی کرێ گوشارێکی گەورەی خستە سەر کەرتی تایبەت و زۆرێک لە کارگە بچوک و مامناوەندییەکان مایە پوچ بوون. ئاساییە لە هەلومەرجێکی لەو بابەتەدا جگە لەوەی ڕێژەی بێکاری بە خێرایی دەچێتە سەر، هاوکات ئاستی بەرهەمهێنانی ناوخۆش بە توندی دادەبەزێت. سەرەنجام کۆمەڵگەیەکمان بۆ دەخوڵقێت کە ئابووریەکەی پشت بە یەک سەرچاوە سروشتی دەبەستی کە هیچ شتێک زامنی ئەوە ناکات کە هەرەس نەهێنێت. بەکورتیەکەی گرنگترین نیشانەکانی ئەو نەخۆشییە بریتین لە:‌
- گەشەکردنێکی خێرای وەبەرهەمهێنان لە کەرتی ئەو سامانە سروشتیەیەدا (بۆ نمونە نەوت) ‌ ، لە بەرامبەر پاشەکشەیەکی گەورەی کەرتە پیشەسازی و کشتوکاڵییەکانی تری وڵاتدا.
- بەرزبوونەوەی نرخی دراوی خۆماڵی لە بەرامبەر باقی دراوەکانی تردا.
- گەورە بوونی ناسروشتی قلشتی نێوان چینەکانی کۆمەڵگە و دروستبوونی کێبڕکێیەکی تووند لە نێوانیاندا، بەڕادەیەک کەس لە بەشی خۆی ڕازی نییە.
- دروستبوونی توێژێکی کۆمەڵایەتی مەسرەفگەرای بێکار و ناڕازی! ئەمانە وەک چینێکی مشەخۆر، مۆدیلگەرا و لوتبەرزن، تەمەڵ و بێکارن. کارکردن لای ئەمانە هیچ نرخ و بایەخێکی کۆمەڵایەتی نیە.
- لەگەڵ گەشەسەندنی ئەو ئابووریە (ڕیعی) یە، هەنگاو بە هەنگاو دەسەڵاتی سیاسی و تەواوی جومگەکانی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەش نوقمی گەندەڵی دەبن، بەجۆرێک نەک هەر دەسەڵاتی سیاسی گەندەڵ دەبێت، بەڵکو گەندەڵی دەبێتە دەسەڵاتی سیاسی و حکومەت پێکدەهێنێت!
- دەوڵەت بۆ ئیدارەدانی کۆمەڵگە و زاڵبوونی هەژموونی خۆی،‌ لەشکرێک فەرمانبەری بێکار دەخوڵقێنێت (وەک ئەوەی لە کوردستان پێیان دەڵێن: بندیوار). ئەم دیاردەیە وادەکان زۆربەی داهاتی وڵات سەرفی موچەیەک دەکرێت کە هیچ بەرهەمێکی نییە. دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری هاوڵاتیان لە فەرمانگە حکومیەکاندا (بۆ نمونە فەرمانگەیەک پێوستی بە ٥ فەرمانبەر هەیە بۆ ڕایکردنی کارەکانی، کەچی حکومەت زیاد لە ١٥ کەس دادەمەزرێنێت).
- لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا پێچەوانەی کۆمەڵگە سروشتییەکان، حکومەت لە ڕێگەی باجی کاری هاوڵاتیانەوە خەرجیەکانی دابین ناکات، بەڵکە خۆی دەبێتە سەرچاوەی داهاتی کۆمەڵگە! بۆیە حکومەت کە دەبێت ڕۆڵەی میللەت و کۆمەڵگە بێت، دەبێتە باوکی کۆمەڵگە! بەم شێوەیە داهاتی مفتی (نەوت یان هەر سامانێکی سروشتی تر) هاوکێشەکە پێچەوانە دەکاتەوە.
- تەواوی پیشەسازی و کشتوکاڵی ناوخۆ پاشەکشە دەکات، بەجۆرێک کۆمەڵگە بۆ وەڵامدانەوە بە پێداویستیەکانی ژیانی ڕۆژانەی بە تەواوەتی پشت بە کاڵای هاوردە دەبەستێت.
- ئەم ئابووری (ڕەیعی) یە ڕۆڵی تاک لە گەشەسەندنی ئابووری وڵاتدا لەناودەبات یان لە باشترین حاڵەتدا بۆجۆرێک لاوازی دەکات کە هیچ ڕۆڵێک نەبینێت و بە تەواوەتی ڕۆڵی چینی ناوەند لە نێو دەچێت.
- بچوکبوونەوەی کەرتە پیشەسازی و کشتووکاڵیەکان کە دەبێتە مایەیی کەمبوونەوەی هەلی کار و بەمپێیە چوونەسەری ڕادەی بێکاری گەورە لە ئاستی وڵاتدا.
- ئەو حکومەتانەی پشت بە داهاتی سەرچاوە نابازاڕییەکان دەبەستن (بۆنمونە سامانە سروشتیەکان لەوانە نەوت) پابەند نین بە جێبەجێکردنی بنەماکانی بازاڕی ئازاد بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی گونجاو، کە تێیدا گەشەی ئابووری مسۆگەر بکرێت. خواست لەسەر نەوت ئەوەندە زۆرە کە پێویست ناکات پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی بازاڕی ئازاد و ئازادی ئابووری لەسەر بنەمای سەروەری یاسا و ئاسایش و دادوەرییەکی شەفاف و دادپەروەرانە و گرنگیدان بە مافی خاوەندارێتی. لە ئەنجامدا ئازادی سیاسی گەشە ناکات و هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی گۆڕانی دیموکراسیانە بێ ئاکام دەبێت.
- .......... هتد.


ئێستە گەر سەرنجی ئەو قەیرانە ئابووریە قوڵەی کوردستان بدەین، دەبینین هەموو نیشانەکانی "نەخۆشیی هۆڵەندی" تێیدا ڕەنگی داوەتەوە. ڕاستە کوردستان کۆمەڵگەیەکی پیشەسازی نەبووە، بەڵام تا ساڵانی نەوەدەکانیش بەرهەمە کشتوکاڵی و تاڕادەیەک هەندێک کەرتی پیشەسازی ناوخۆش توانایی وەڵامدانەوەی بازاڕە ناوخۆییەکانی هەبوو، ئەمڕۆ بۆ تور و پیازیش دەبێت لە ئێران و تورکیاوە بۆمان بێت و بە کردەوە کۆمەڵگەی ئێمە لە هەموو بوارەکاندا بوەتە کۆمەڵگەیەکی بەکاربەری تەوزەل. سەر شەقام و چایخانە و شوێنە گەشتیاریەکان جمەی دێ لە مرۆڤی بێکاری خاوەن موچەی دواکەوتوو! بێکاری چ ڕازی و چ ناڕازی ڕێژەکەی بەڕاستی سامناکە. کە چی خودی ئەم کۆمەڵگەیە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکانی لە ڕێگەی هێزی کاری کرێکاری بەنگلادیشی و هندی و ئەفریقییەوە پڕ دەکاتەوە! قەیرانەکە بە شوێنێک گەشتووە، ئەوانەشی ئومێدێکیان بە کشتوکاڵ و کەرتی تایبەت هەبوو، خەریکە بە تەواوەتی بێئومێد دەبن. ئەوەی کە بەرهەمی جوتیارانی کوردستان ناتوانێت کێبڕکێی ئێران و تورکیا بکات. ئەوەی کە نرخی نەوت دابەزێ، یان بەغدا بوجەکە نەنێرێت چ پشێویەک لە کۆمەڵگەدا دەخوڵقێت و خەڵک و دەسەڵاتیش بە چۆکدادێن، دەرەنجامی ئەو نەخۆشییە ئابوورییە......


ڕاستە چارەسەری ئەو گرفت و قەیڕانە قوڵە ئاسان نییە، بەڵام مەحاڵیش نییە. لە ڕوانگەی ئابووری ناسەکانەوە ئەو نەخۆشیی هۆڵەندییە زۆر پێش قەیرانی ئابووی هەشتاکانی هۆڵەندا لە چەند وڵات و سەردەمی تردا ناسراوە: وەک ئیسپانیا و ئوسترالیا لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا و هەریەکە لە مەکسیک، نەرویج، ئازرباینجان، نەجیریا و... هتد. دوای دۆزینەوەی نەوت.


چارەسەری ئەو نەخۆشییە ئابووریە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێت، بەڵام گرنگترین خاڵە سەرەکیەکانی بریتین لە:
- دامەزراندنی سندوقی پاشەکەوتی نیشتمانی کە بەشی زۆری داهاتی کانزا و سامانە سروشتییەکانی تێدا کۆبکرێتەوە. ئەم داهاتە تەنیا لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژیەکانی وڵاتدا خەرج بکرێت.
- گۆڕینی کۆڵەکە سەرەکییەکانی سەرچاوەکانی داهات بە جۆرێک کە ئابوری وڵات پشت بە تەنیا کەرتێک نەبەستێت. پەیداکردنی سەرچاوەی جۆراوجۆری داهات بەجۆرێک لەماوەیەکی دیاریکراودا ئابووری وڵات ڕزگاربکرێت لەوەی پشت بە تەنیا کەرتێکی بەرهەمهێنان ببەستێت.
- کەرمکردنەوەی خەرجیەکانی حکومەت بە شێوەیەکی گشتی و لە کەرتی موچەخۆرانی دەوڵەتدا بە تایبەتی.
- .......

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ورامان عه‌لی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک