په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٦\٢٠١٨

کوردستان

لە سەرەتاکانی سەدەی ١٩ی زایینی

تا کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیی.


د. کامەران ئەمین ئاوە 

- بەشی یەکەم -

کورتە شوێنەوار و خەڵک ناسیی کوردستان.
(ڕێژەی دانیشتووانی کورد و سنوورەکانی).


گەلی کورد وەک یەكێک لە کۆنترین گەلانی جیهان بە‌ ئەژمار دێ. ڕەوتی پێکهاتنی قەومیی کورد١ لە باکووری میزۆپۆتۆمیا (دوو چۆمان) ڕووی‌ داوە. مێژووی کورد وەک یەکێک لەکۆنترین گەلانی جیهان دەگەڕێتەوە ساڵەکانی پێش زایین. یەکەمین بەڵگە مێژوویییەکان دەربارەی کورد لە ئاسەواری ئاسۆری‌یەکانی هەزارەی سێهەمی پێش زاییندا دیتراونەتەوە. کوردستان شوێنی هەوەڵین ئاسەوارەکانی شارستانییەتی سەرەتایی پێش زایینە. دۆزراوەکانی کرماشان سەڵمێنەری بوونی ئینسان لە سەردەمی پالیۆلیتیک لە ڕایەڵی ئێرانە.٢ هەوەڵین بەڵگە حاشاهەڵنەگرەکانی نیشتەجێ‌بوونی مرۆڤ کە لە ئەشکەوت‌ و حەشارگەکانی چیای زاگرۆس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دیتراونەتەوە لەباری مێژوویییەوە دەگەڕێنەوە بۆ نێوەڕاستەکانی سەردەمی پالیۆلیتیک یان سەردەمی ماوستێریەن٣ لە دەوروبەری ١٠٠ هەزار ساڵی پێش زایین.


بە پێی ئەو کەندوکۆژانەی لە ساڵانی ١٩٤٩ و ١٩٥١ی ز لە ئەشکەوتەکانی بێستوون و تمتمە (لە دۆڵی نازلوو لە باکووری گۆمی ورمێ) لە لایەن گرووپێکی شوێنەوارناس بە سەرپەرستیی زانای ئەمریکایی پرۆفیسۆر کارلتۆن کوون٤ کراوە، ئاسەواری ئینسانی سەردەمی پالیۆلیتیک لەم شوێنانەدا دۆزراونەتەوە. دیتنەوەی دانە گەنم و ئامرازی تیژی لە بەرد درووستکراو، هەروەها ئاشی سەرەتایی لە گوندەکانی "ئاسیاو" و "تەپەی سەرا" لە نزیکی کرماشان پێشاندەری کشتوکاڵ و ژیانی گوندیی لە هەزارەکانی هەشتەم و نۆهەمی پێش زایینە. هەروەها لە ناوچە شاخاوی‌یەکانی زاگرۆس، هەوەڵین ژیار لەسەر بنەمای کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ژیانی گوندی پێکهاتوە، ئەم گۆڕانە لە شێوازی ژیان لە هەزارەی حەوتەمی پێش زایین لە کوردستان و ئاسیای بچووک لە لایەن شوێنەوارناسەکانەوە سەڵمێندراوە. دۆزینەوەی قەڵای جەرمۆ٥ لە لایەن رابێرت جان برێیدوود٦ مرۆڤ و شوێنەوارناسی ئەمریکایی لە ڕۆژهەڵاتی شاری کەرکووک لە باشووری کوردستان باشترین بەڵگە بۆ سەڵماندنی ژیانی نیشتەجێیی و گوندیی لە هەزارەی حەوتەمی پێش زایین لەم ناوچەیەدایە. لە ناوچەکانی"پشت کێوی" لۆڕستان و "دەشتی ئەیوان"یش لە باکووری ئیلام، ئاوایییەک دیتراوەتە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ٢٣٠٠ یان ٢٢٠٠ی پێش زایین.


کوردستان وەکوو وڵات و دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە هیچ نەخشەیەکی جیهانی‌دا تۆمار نەکراوە و زۆرتر مانا و مەفهوومێکی ئەتنۆگرافیکی٧ هەیە. کوردستان لە بەشی ناوەندیی ڕۆژئاوای ئاسیا کەوتۆتە نێوان ٣٤ - ٤٠ پلەی پانایی باکووری و ٣٨-٤٨ پلەی درێژایی ڕۆژهەڵاتی. درێژایی کوردستان لە ڕۆژئاواوە بۆ ڕۆژهەڵات نزیکەی هەزار کیلۆمیتر و لە باکورەوە بۆ باشوور لە ٣٠٠ هەتا ٥٠٠ کیلۆمێترە. بە گشتی پانتایی کوردستان نزیکەی ٤٥٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشەیە (٢٠٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە تورکیا، پتر لە ١٦٠ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە ئێران و نزیکەی ٧٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە عێراق، هەروەها ١٥ هەزار کیلۆمیتری چوارگۆشە لە سووریا).٨ کوردستان تا ڕادەیەک شکڵی چەماوە یان کەوانەیی هەیە. لای دەرپەڕیوی بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتە، واتە شوێنێکە کە پاڵی بە ناوچەکانی باشووری قەفقازەوە داوە.٩


دیاریکردنی سنوورەکانی کوردستان بە وردی، بە هۆی نەبوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ کارێکی هاسان نیە و تەنیا دەکرێ باس لە سنوورە ڕێژەیی‌یەکانی کوردستان بکرێ. سنوورە مێژوویی و قەومییەکانی کوردستان، هێڵەکانی سنوور و کەشەونی کوردستان لە سەدەی نێوەڕاست لە لایەن بیرمەند و مێژووناسی کورد میرشەرەف خانی بەدلیسییەوە‌ لە ساڵی ١٥٩٦ی ز دا بەم چەشنە دیاری‌ کراون: "سنوور و کەوشەنی وڵاتی کوردان - کە ناوی کورردستانە - لە سەر لێواری دەریای هورمزەوە - کە لەسەر کەناری دەریای هیند هەڵکەوتوە - دەست پێدەکا و لەوێوە بە خەتێکی ڕاست دەکشێ و دێ هەتا لە مەڵبەندی مەڵاتیە و مەرعش دەبڕێتەوە. وڵاتی فارس و عێڕاقی عەجەم، ئازەربایجان و ئەرمەنستانی چکۆلە و ئەرمەنستانی گەورە، دەکەونە لای باکووڕی ئەو خەتەوە. عێڕاقی عارەب و مووسڵ و دیاربەکر دەبنە باشووڕی ئەم سنوورە. سەرەڕای ئەوەش هۆز و تیرە زۆر و زەوەندەکانی کورد لەو پەڕی مەڵبەندی ڕۆژهەڵاتەوە دایانگرتوە و تێیدا بڵاو بوونەتەوە و ئەو سەریان گەیوەتە ئەو پەڕی مەڵبەندی خۆرنشین".١٠


کوردەکان بەشێکی بەرچاو لە ڕێژەی دانیشتووانی ڕۆژئاوای ئاسیایان پێکهێناوە. لەبەر نەبوونی سەرچاوە و سەرژمێرییەکی زانستی ناکرێ ڕێژەی کوردەکان لە کۆتایی سەدەی ١٩ و سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ی ز. بە وردی حیساب بکرێ. بە پێی بەراوردی کتێبی"زەرد"ی فەڕانسە ڕێکەوتی ١٨٩٢ی ز ڕێژەی دانیشتووانی کوردستانی عوسمانی ٣.١٢.٨٧٩ کەس بووە، بە باوەڕی شێخ مەردۆخ ئەگەر کوردەکانی ئێرانیشی لێ زیاد بکەین ئەم ژمارەیە بە نزیکەی ٥ میلیۆن دەگا١١ [یرواند ئابراهامیان لە کتێبی "ئێران لە نێوان دوو شۆڕش"دا باس لە ڕێژەی ٨٠٠ هەزار کوردی ئێران لە ساڵی ١٨٥٠ی زدا دەکات].١٢


لە کۆتایییەکانی دەیەی سێهەمی سەدەی بیستەمدا ڕێژەی تەواوی کوردەکان ٧.٥ میلیۆن بووە. لەوە دەچێ ڕێژەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە کۆتایی دەیەی دووهەمی سەدەی ٢٠، بێ لەبەرچاوگرتنی لۆڕ و بەختیارییەکان وەکوو خزمی ئەتنیکیی ئەوان، یەک و نیو هەتا ٢ میلیۆن بووبێ.١٣

__________________________________________________

پەراوێز:

١- Ethnogenesis.
٢- Paleolithic - یەکەمین قۆناغی سەردەمی بەرد - دەستپێکی درووست‌کردنی ئامرازی بەردی بە دەست ئینسان.
٣- Mousterian - سەردەمی ماوستێریەن لە نیوان ساڵەکانی ١٦٠ هەزار هەتا ٤٠ هەزاری پێش زایینە.
٤- Carlton Coon.
٥- Jarmo.
٦- Robert John Braidwood.
٧- Ethnographic - خەلک ناسی، ڕەگەزناسی، لە ڕوانگەی نیشانە ‌و تایبەتمەندییەکانی رەگەزیییەوە.
٨- لازاریف، محوی و ... کردستان معاصر، صص ١٥-١٤ترجمە کامران امین آوە، چاپ دوم، نشر روشنگری، آلمان ٢٠١٧.
٩- ن. ز. مۆساکی، کوردستان: سامان و سیاسەت، بەرگی یەکەم، لاپەڕەی ١٢، ئەنستیتووی ڕۆژهەڵات‌ناسی،مۆسکۆ ٢٠٠٥.
١٠- میرشەرەف خانی بدلیسی، شەرەفنامە، مێژووی ماڵە‌میرانی کوردستان،لاپەڕەی٢٢-٢١وەرگێرانی مامۆستا هەژار، چاپی هەشتەم. پەخشانگای پاییز، تاران ١٣٩٣.
١١- شیخ محمد مردوخ کردستانی، تاریخ کرد و کردستان و توابع یا تاریخ مردوخ، جلد اول، عدە نفوس کردستان ص ٥٨، چاپ دوم، ١٣٥١
١٢- یرواند آبراهامیان، ایران در بین دو انقلاب، ترجمە احمد گل محمدی و محمد ابراهیم فتاحی، جدول شمارە ١، ساختار قومی ایران ص ١٦، نشر نی، چاپ شانزدهم، تهران ١٣٨٩.
١٣- لازاریف و ... تاریخ کردستان صص، ١٧١ و ١٧٢، مسکو ١٩٩٩، ترجمە فارسی، منصور صدقی و کامران امین آوە، انتشارات فروغ، ، کلن، آلمان ١٣٨٦.
 

ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک