١٣\٧\٢٠١٨
کوردستان
لە سەرەتاکانی
سەدەی ١٩ی زایینی
تا کۆتایی شەڕی
یەکەمی جیهانیی.

د. کامەران ئەمین ئاوە
- بەشی
چوارەم -
هەوراز و نشێوەکانی
بزووتنەوەی کورد.
بزووتنەوەی کورد تا سەرەتاکانی سەدەی بیستەم زۆرتر لە ژێر ڕێبەریی
سەرۆک عەشیرەکان بووە و بەگشتی تا کاتێک میرەکانی کوردستان لەسەر
بنەمای سیستمی عەشیرەیی باوک¬سالار - فیئۆداڵی دەیان حکوومەتی بە هێزی
خۆجێیی¬یان هەبووە، هەستیان بە ستەمی نەتەوایەتی بە مانای ئەمڕۆیی
نەکردوە. ئەم حکوومەتانە بە کورد و ناکوردەوە لە ئێران بە تەواوی
سەربەخۆ یان نیوەسەربەخۆ بوون. سەرۆک¬عەشیرەکانی قەشقایی، بەختیاری،
کورد، لۆڕ و بەلووچ سەربەخۆیییەکی بە تەواوی مانایان هەبووە. ئەوان
لەو ناوچانە کە عەشیرەکەیان کۆچی بۆ کردوون، وەکوو سەرۆک هۆزێکی
سەربەخۆ دەسەڵاتێکی تەواویان هەبووە، تەنانەت زۆرجار دەسەڵاتی شای
ئێرانیشیان لەم ناوچانە بە فەڕمی نەناسیوە.٤٧
بۆ وێنە بە ڕواڵەت شا توانیویەتی سەرخێڵی قەشقایی دیاری بکا، بەڵام
چوارچێوەی هەڵبژاردنی بەستراوە بە هەڵوێستی بنەماڵە بە ناوبانگەکانی
خێڵەکەیانەوە، هەروەها بۆچوونی ئەم بنەماڵانە دەربارەی سەرۆکەکەوەبووە.
دەوڵەت یان هاوڕای ئەم دیاریکردنانە بووە یان نەیتوانیوە دژایەتی¬یان
لەگەڵ بکا".٤٨ لۆردجۆرج کەرزن٤٩
سیاسەتوانی ئینگلیسی کە لە کۆتایی سەدەی نۆزدەدا سەردانی ئێرانی
کردبوو، لەم پێوەندی¬یەدا دەنووسێ:"شا لە زۆربەی ناوچەکاندا مەجبوور
بوو پاریزگارەکان لە بنەماڵە خاوەن دەسەڵاتەکانی هەر ئەو ناوچەیە
هەڵبژێرێ"،٥٠ بە وتەی سێر جان مالکێلم٥١
مێژووناس و سیاسەتوانی سکاتلەندی، "ئەشرافییەتی بە میراتماو، لە گەورە
پیاوانی خێڵەکان پێک¬هاتبوو، وەکوو شتێکی باو کەسێک لە نێوان گەورە
ماڵەکان هەڵدەبژێردرا، ناسناوی ئێلخانیان پێ¬دەبەخشی.٥٢
ئێلخانەکان لە خێڵەکانیاندا سوڵتانێکی بە تەواوی مانا بوون و بێ
دەستێوەردانی هێزێکی دەرەکی حکوومەتیان دەکرد، یاساکانی خۆیان بەڕێوە
دەبرد و بۆخۆیان ماڵیاتیان کۆدەکردەوە. ئەمانە بە ڕواڵەت فەرمانبەری
حکوومەتی ناوەندی بوون و جاروبار ئەم فەرمانبەرییەیان بە شێوەی ناردنی
کەمێک پارە بۆ خەزێنەی دەوڵەت پیشان دەدا".
جیمز مۆریە٥٣ دیپڵۆمات و نووسەری
ئینگلیسی لەم پێوەندی¬یەدا تەنانەت باس لەوە دەکا کە تورکمەنەکان
ئەوپەڕەکەی چەند ئەسپێکیان بۆ دەربار دەنارد و شاش لەبەرئەوەی
بیانوویەک بۆ دوژمنایەتیکردنی ئەوان بەدەستەوە نەدات، بە چەشنێک بۆی
قەرەبوو دەکردنەوە.٥٤
سەعید نەفیسی لە کتێبی خۆیدا بە ناوی "مێژووی هاوچەرخی ئێران" دەربارەی
کوردستان لە سەردەمی قاجاردا دەنووسی:" کوردستان پاش کەریم خانی زەند
بە یەکجاری لە حکوومەتی ناوەندی جیا ببۆوە و هۆزەکانی کورد وەکو
هەورامانی و مەریوانی و گەڵباغی و کولیایی نەک بەردەوام پێکەوە کێشە و
شەڕیان هەبوو و پەیڕەوییان لە حکوومەتی ناوەندی نەدەکرد و
کاربەدەستانی حکوومەتیان بۆنێو خۆیان ڕیگا نەدەدا، بەڵکوو هێرشیان بۆ
سەر درواسێیەکانیش دەبرد و دەوڵەتی ئێران ناچار دەبوو جاروبار هێزێک
بۆ دوورخستنەوەی ئەوان بنێرێ، بەوحاڵەش وێڕای تەواوی ئەم هەوڵانە
نەیدەتوانی ئەوان [کوردەکان] بخاتە ژێر فەرمانی خۆیەوە".٥٥
بە وتەی ویکتۆر برار٥٦ زانای فەڕانسەیی،
ئێرانی سەردەمی قاجار " نە میللەت بوو و نە دەوڵەت".٥٧
پێ¬بەپێی پەرەساندنی خاوەنداریی خۆیی و سیستمی شتوومەک - پارەیی،
سیستمی کۆن بەرەو کۆتایی دەچوو، دەسەڵاتی ناوەندییش بە هێزتر و
حکوومەتە خۆجێیی¬یەکان ناپتەو و خۆڕانەگرتر دەبوون. بە وتەی پاتریسیا
کرۆن لێکۆڵەر، نووسەر، ڕۆژهەڵاتناس و مێژووناسی دانمارکی "خێل بێ
لەبەرچاوگرتنی چۆنیەتیی پێکهاتەکەی هەمیشە دەسەڵاتی دەوڵەتی ڕەت
کردۆتەوە، چونکە قەبووڵی حکوومەت لە لایەن خێڵەوە بە مانای کۆتایی
هاتنی حکوومەتی خۆیانە".٥٩
یەکجێ¬کردنی دەسەڵات و لەنێوبردنی حکوومەتی خێڵەکان سیاسەتی حکوومەتی
ناوەندی بوو. لەم ڕەوتەدا دەسەڵاتە خۆجێیییەکان توانای
بەرەنگاربوونەوەیان بەرامبەر بە سیاسەتی یەکجێ¬کردن
نەبوو.هەڵوەشاندنەوەی پەیتاپەیتای کۆمەڵگای باوک¬سالار- فیئۆداڵ لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەهامەتیی هەزاران وەرزێر بە هۆی باجی دەوڵەتی و
گوشاری مڵکانە (داهاتانە)، کەمکردنەوەی دەسەڵاتی حکوومەتە خۆجێیییەکان
بە پێی یاسای پێکهێنانی ئەیالەت - ویالەتەکان و رێسای کار [سەرماوەزی
١٢٨٦ی هەتاویی]٦٠ لە کاروباری نیوخۆیی
وەکوو زەوتکردنی مافی پەسەندکردنی یاسای نوێ، دیاریکردنی ماڵیاتی
دەوڵەتی و باجی خۆجێیی، دەستتێوەردانی کاروباری دادوەری، هەروەها
یاساخکردنی ناڕاشکاوی خۆتێهەڵقوتاندنیان لە کارو باری سپایی، و پاشان
پەیتاپەیتا بێدەسەڵاتکردن و لە ناوبردنیان، دانانی خەڵکی ناکورد بۆ
بەرپرسایەتی لە کاروباری کوردستان [بە پێچەوانەی بەشەکانی دیکەی ئێران
کە بەرپرسان، خەڵکی هەر ئەو ناوچەیە بوون]، بەگشتی جیاوازیدانان لە
بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابووری و فەرهەنگیدا بوو بە هۆی
شکڵگرتنی ستەمی نەتەوایەتی و بەرزبوونەوەی ئاستی بەرەنگاری و
بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی "نەتەوەیی" لە کوردستان.
سەرنەکەوتنی بزووتنەوەکانی گەلی کورد وێڕای کاریگەریی نەرێنیی وڵاتە
زلهێزەکان، تا ڕادەیەکی زۆر پێوەندیی بە هۆکارە نێوخۆیییەکانەوە بووە.
کوردستان لە قۆناغی ناوبراودا سەرەڕای ئەوەی گۆڕەپانی ڕاپەڕێنی گەلی
کورد بە ڕێبەریی سەرۆک¬عەشیرەکان دژ بە حکوومەتەکانی ئێران و عوسمانی
بووە، بە هۆی نەبوونی یەکێتی و تەبایی نەتەوەیی، شکڵنەگرتنی
ناسیونالیزمی کوردی، نەبوونی سەرۆک یان فیدڕاسێۆنێکی بە هێزی عەشیرەیی
کە بتوانێ تەواوی عەشیرە و خێڵەکانی کوردستان بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی
لە ژێر چەترێکدا کۆبکاتەوە، هەروەها لەبەر فاکتەری جوغرافیایی و
پانتایی بەرچاوی خاکی کوردستان کە بەربەستێک بۆ پێوەندی لە نێوان
ناوچەکانی کوردستان بووە، نەیتوانیوە بە ئاکامی دڵخوازی خۆی واتە
پێکهێنانی کیان و دەوڵەتی کورد بگا.
کوردستان لە کۆتایی سەدەی ١٨وە هەتا سەرەتاکانی سەدەی ٢٠ مەیدانی
ململانێی دوو وڵاتی داگیرکەری عوسمانی و ئێران و زێدەخوازی و
دەستدرێژیی ڕووسیە، بریتانیا، فەڕانسە و ئەڵمان بوو. کورد زۆر جار
بێ¬ئەوەی دەستکەوتێکی هەبووبێ تەنیا وەکوو لەشکر و شەرکەڕ دژ بە
دەوڵەتەکان یاخود میرەکانی خۆیی کەلكی لێ¬وەرگیراوە و بۆتە قوربانیی
سیاسەتەکانی ئەم وڵاتانە. هاوکات دژبەری و شەڕی میرەکان و
سەرۆک¬عەشیرەکان، کوردستانی کردۆتە گۆڕەپانی کێشە و تێکهەڵچوون و
دەمەقاڵە و شەڕی نێوخۆیی، بابەتێک کە هەمیشە بە قازانجی دوژمنانی کورد
و زیانی خودی کورد تەواو بووە. بۆ وێنە لە نیوەی یەکەمی سەدەی ١٩دا
میرنشینی بادینان لە باکووری مووسڵ کە سەر بە شانشینی بەغدا بوو،
ناوەندی کێشە و شەڕی بەردەوامی نێوخۆیی بووە، دەسەڵاتدارەکانی بەغدا و
مووسڵ بۆ کۆنتڕۆڵی میرنشینی بادینان کەڵکیان لەم بابەتە وەرگرتوە.
لە کۆتایی سەدەی ١٨ و دەستپێکی سەدەی نۆزدە میرنشینی سۆران بەردەوام
تووشی شەڕ و کێشەی نێوخۆیی بووە، یان عەباس میرزا لە سەرەتاکانی سەدەی
١٩ بۆ هێنانە ژێرفەرمانی مستەفاپاشا- میری هەکاری -کە پێشتر لە شەڕی
ساڵی ١٨١٠دا شکستی لێ خواردبوو، کەڵکی لە عەشیرەتە کوردەکانی سەر سنوور
وەرگرتوە. کۆتایی مانگی ئاگوستی ساڵی ١٨٣٦ی ز، میر محەممەد (میرە کۆرە)
حاکمی سۆران پاش ٢٣ ساڵ شەڕ دژ بە تورک و ڕەقیبە نێوخۆیی¬یەکانی و
پەرەپێدانێکی بەرچاو بە ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆی لە تەواوی کوردستانی
عوسمانی و ئێران، و لە کاتێکدا کە گەورەترین مەترسی بۆ دوژمنانی کورد
لە پێوەندیی لەگەڵ پەرەپێدانی هەستی سەربەخۆیی-خوازیی کورد لە تەواوی
کوردستان بووە، بە هۆی کێشە و ناکۆکیی نێوخۆیی، خەیانەتی "مەلای خەتێ"
کە فتوای دا هەرکەس دژ بە سوڵتان شەڕ بکا کافرە، هەروەها کردنەوەی
ڕێگای ڕەواندوز لە لایەن خۆفرۆشەکانی نێوخۆیی بۆ تورکەکان، شکستی خوارد
و خۆی بە دەستەوە دا.
ئەم سیناریۆیە جارێکی دیکەش بۆ بەدرخان میری بۆتان لە هاوینی ساڵی ١٨٦٨
دا بە هۆی خەیانەتی برازاکەی خۆی واتە یەزدانشێر دووپات بۆوە. لە
کۆتایی ساڵەکانی ٣٠ی سەدەی نۆزدەدا بەدرخان بەگ توانی پاش پێکهێنانی
دۆستایەتییەکی باش لەگەڵ کۆنە ڕەقیبەکانی لە بۆتان و هەکاری و هتد
"یەکێتیی پیرۆز" لە نێوان بەشێکی بەرچاو لە میر و عەشیرەتەکانی
کوردستان تەنانەت ئەردەڵانیش پێک بێنێ، ئەمە وەکوو هەوەڵین یەکێتیی
سیاسیی کورد لە مێژووی کورددا بە ئەژمار دێ. دۆستایەتیی بەدرخان لەگەڵ
ئەرمەنی و ئاسۆرییەکان ڕۆڵێکی باشی لە ڕاکێشانی سەرنجی ڕووسیە بۆ
کێشەی کورددا هەبوو. بەدرخان بە پێی دەسەڵاتی خۆی تەنانەت سککەشی لێدا
و لەسەر ئەو سککانەدا نووسرابوو "بەدرخان میری بۆتان". بەدرخان بە
دیاریکردنی شاری جزیرە وەکوو پایتەختی خۆی و شەکاوەکردنی ئاڵای
کوردستان، سەربەخۆیی ڕاگەیاند. زۆربەی ڕێبەرانی کورد پشتیوانی¬یان لە
بەدرخان کرد، بەڵام دەوڵەتی سەربەخۆی کورد لە بەرژەوەندیی وڵاتە
زلهێزەکان و بە تایبەتی بریتانیادا کە بە پێی بەرژەوەندیی ئابووری و
سیاسیی خۆی پشتیوانیی لە ئەستەنبووڵ دەکرد، نەبوو. ئینگلیزییەکان
نەخشێکی خراپیان لە پێکهێنانی نائارامی لە میرنشینی بۆتان و سەرهەڵدانی
ناکۆکیی نێوان کەمایەتیی گاور (خاجپەرستەکان) و کوردی موسوڵمان و شەڕی
کورد و ئاسۆری و کوژرانی هەزاران کەسدا گێڕا.
بەهاری ١٨٤٧ ، ئەستەنبووڵ دەستی بە خۆتەیارکردن بۆ گرتنەوەی کوردستان
کرد و هەرچەند لە هێرشی هەوەڵدا سوپای تورک شکستی خوارد، بەڵام
هاوکاریی "یەزدانشێر" و کردنەوەی یەکێک لە بەرەکانی شەڕ بۆ دوژمن، بوو
بە هۆی شکستی بەدرخان و گیرانی بە دەستی تورکەکان لە ٢٠ی ژوئەنی ١٨٦٨
دا. سەرکەوتنی تورکەکان بوو بە هۆی بێدەسەڵاتبوون یان کوژران و
لەنێوچوونی بەشێک لە میر، شێخ و بەگەکانی کورد. جارێکی دیکەش لاسەنگیی
هێزە دژبەرەکان، نەبوونی یەکێتی و کێشەی نیوخۆیی، خەیانەت و کاریگەریی
نەرێنی بریتانیا بوون بە هۆی هەرەسهێنانی بزووتنەوەی کورد لە بۆتان،
هەکاری و بەشەکانی دیکەی باشووری ڕۆژئاوای کوردستان.
گوشار و زوڵم¬و زۆری بێ¬پسانەوەی تورکەکان، هەوڵی سوڵتانی عوسمانی و
شای ئێران لە ساڵەکانی ٤٠ هەتا ٦٠ی سەدەی ١٩دا، بۆ نۆژەنکردنەوەی
دەوڵەت و سیستمی سیاسی - ئیداریی ئەم
وڵاتانە، کۆجێخوازی حکوومەتەکانی ناوەندی، چوونەسەرەوەی ماڵیات،
نیوەکۆڵۆنی¬بوونی عوسمانی و ئێران، هەروەها چەوساندنەوە و سەرهەڵدانی
فەرهەنگێکی نامۆ، بوون بە هۆی ناڕەزایەتی بەربەرینی خەڵکی کوردستان.
لاوازبوونی تورکەکان بە هۆی شەڕی کریمە و دابەزینی توانای سیاسی و
سوپایی تورکەکان لە کوردستان وێڕای کەڵک-وەرگرتنی ڕووس لە دوژمنایەتیی
کوردەکان لەگەڵ ناوەند و پێوەندیی دۆستانەیان لەگەڵ بەشێک لە
سەرۆک-عەشیرەتەکانی میلان، زیلان و هتد، بەستێنێکی باشی بۆ شۆڕش و
خەباتی ڕزگاریخوازانەی کورد پێکهێنا. لەم بارودۆخەدا یەزدانشێر برازای
بەدرخان بەگ کە سەرەڕای هاوکاری لەگەڵ تورکەکان حکوومەتی کوردستانی بە
نەسیب نەببوو، لە بارودۆخی پێکهاتوو کەڵکی وەرگرت و بۆ ڕزگارکردنی خاکی
کوردستان گەورەترین شۆڕشی لە دیسامبری ١٨٥٤ دا لە بۆتان وهەکاری
وەڕێ¬خست. ئەم ڕاپەڕینە پانتایی¬یەکی بەرچاوی لە باکوورەوە هەتا
رۆژئاوای کوردستان بە خۆیەوە گرت، تەنانەت ئاسۆری، ئەرمەنی و
یۆنانییەکانیش پەیوەست بە کورد بوون. ئەم ڕاپەڕینە وەکوو تێپەڕینی
بزووتنەوەی جیاییخوازانەی کورد بۆ ڕووداوێکی بە ڕاستی نەتەوەیی لە
مێژووی کورددا تۆمار دەکرێ.
ڕاپەرینی یەزدانشێر بە هۆی فاکتەری دەرەکی و ناوەکی وەکو هاوکاری
نەکردنی ڕووسیە، نەبوونی بەرنامەی سیاسی، تەیارنەبوونی نیزامی- سپایی،
وروژاندنی بەشێک لە ڕێبەرانی کورد بە فیتی بریتانیا بۆ دژایەتی لەگەڵ
شۆڕش، و لە کۆتاییدا فریوخواردنی یەزدانشێڕ لە ئینگلسییەکان، شکستی
خوارد. یەزدانشێر کە بە تەزمینی شابەندەری بریتانیا لە مووسڵ بۆ دیدار
و دانوستان لەگەڵ نوێنەرانی تورک چووبوو، کۆتایی مانگی مارسی ١٨٥٥لە
کاتی وتووێژدا قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانەی ئەستەنبووڵ کرا. ڕاپەرینی
یەزدانشێر کۆتایی بە کێشەی کورد نەهێنا. پاییزی ساڵی ١٨٧٨ ڕاپەڕین لە
ناوچەی بدلیس، مووش و وان، هەروەها هەکاری و بۆتان بە ڕێبەریی عوسمان و
حوسێن بەگ -کوڕانی بەدرخان دەستی پێکرد. ئەوان لە ماوەیەکی کەمدا
توانیان بەشێکی گەورە لە باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کوردستان ئازاد
بکەن. عوسمان بەگ خۆی وەکوو ئەمیری سەربەخۆی ئەم ناوچانە ڕاگەیاند.
هەرچەند ئەم بزووتنەوەیەش لە لایەن تورکەکانەوە سەرکوت کرا، بەڵام ساڵی
١٨٨٠ شۆڕشێکی دیکە بە ڕێبەریی شێخ عوبەیدیللای نەهری کە ڕێبەری
تەریقەتی نەقشبەندیی کوردەکانی عوسمانی و تا ڕادەیەکی بەرچاویش
ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، دەستی پێکرد.
شێخ عوبەیدیللای نەهری توانی بە پێی پێگە و نفووزی خۆی ببێتە هۆی
یەکگرتوویی سیاسی لە نێوان ناوچەکانی بۆتان و هەکاری لە ئیمپراتووریی
عوسمانی، هەتا موکریان لە ئێرانی قاجاردا. بۆ هەوەڵین جار لە مێژووی
کورددا لە نێوەڕاستەکانی ژووئیەی ١٨٨٠ دا یەکەمین کۆنگرەی ڕێبەرانی
کورد لە شەمزینان پێکهات. ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆڵی بە هۆی شەڕی
ڕووس و عوسمانی ساڵانی ٧٨-١٨٧٧ و سەرکوت و لەنێوبردنی میرنشینەکانی
نیوەسەربەخۆی کورد لە لایەن عوسمانی¬یەکانەوە، بارودۆخی پێویستی بۆ
سەرهەڵدانی ڕێبەرییەکی نوێی سیاسی پێک¬هێنابوو - ڕێبەرێک کە دەیەویست
مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ کورد مسۆگەڕ بکا. بە وتەی "لۆرد جۆرج
کەرزن" لەم بارودۆخەدا شێخ عوبەیدیللا کە بە هۆی کەسایەتیی پیرۆزی خۆی
ناوبانگێکی زۆری هەبوو، بەزوویی توانی خۆی بە پلەی رێبەرێکی نەتەوەیی
بگەیەنێ".٦١ ترۆتێر"٦٢
سەرکۆنسوولی بریتانیا لە ئەرزەڕۆم، شێخ وەکوو پڕنفووزترین ڕێبەری کورد
لە تەواوی کوردستان ناو دەبا کە کاریگەری و دەسەڵاتی لە سوڵتانیش
زۆرترە.٦٣ ئامانجی شێخ، ڕزگاریی نەتەوەی
کورد لە ژێردەستیی عوسمانی و دامەزراندنی حکوومەتێکە کە پانتایی
دەسەڵاتەکەی بە پلەی یەکەم لە باشووری وان هەتا باکووری مووسڵ بێ و لە
قۆناخی دواییدا تەواوی کوردستان بگرێتەوە.٦٤
بۆ زۆربەی کاربەدەستانی وڵاتە زلهێزەکان ڕوون بوو کە شێخ عوبەیدیللا بۆ
پێکهێنانی یەکڕیزیی کورد و دامەزراندنی کوردستانێکی سەربەخۆ تێدەکۆشێ.
تەنانەت خودی شێخ عوبەیدیللاش لە نامەیەکدا بۆ توێژەری ئینگلیسی -
"کۆچران"٦٥ دەنووسێ: " نەتەوەی کورد لە
پتر لە ٥٠٠ هەزار بنەماڵە پێک هاتوە و ئەمە[کورد] - گەلێکی جیاوازە.
ئەوان ئایین، یاسا و داب¬وڕەسمی تایبەت بە خۆیان هەیە".٦٦
شێخ عوبەیدیللا لەسەر ئەو باوەڕە بوو کە وڵاتە ئورووپایییەکان
بەرامبەر بە بێیاسایی لە ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆڵی پێویستە لە بزووتنەوەی
کورد بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی پشتیوانی بکەن. لەم پێوەندی¬یەشدا پێداگری
دەکرد کە کوردەکان بۆ سەقامگیرکردنی یاسا، نەزم و دادپەروەری دەیانەوێ
دەسەڵات بەدەستەوە بگرن، لەم حاڵەتەدا ئەوان هەر ئەو مافەیان دەبێ کە
نەتەوەکانی دیکە هەیانە. هەروەها " شێخ عوبەیدیللا لەنامەیەکدا بۆ
اقبالالدولە حاکمی ورمێ دەنووسی، "ئامانجی سەرەکی ئەو و هاوڕێیانی،
دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی یەکلاکەرەوە بۆ کێشەی کوردەکانە ... شیاوترین
ڕێگاچارە بۆ پرسی کورد، یەکێتی و سەربەخۆیی ئەوانە".٦٧
شۆڕشی کورد بە پێی ئەوەی کە سوپای ئێران خەریکی سەرکوتکردنی
تورکمەنەکان بوو و بە بەراورد لەگەڵ سوپای عوسمانی لاوازتر بوو، لە
ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە دەستی پێکرد و لە ماوەیەکی کەمدا توانی بە
هاوکاریی هەمزەئاغای مەنگوڕ و عەبدولقادر کوڕی شێخ عوبەیدیللا پاش
گرتنی شاری سابڵاغ هەتا نزیکەی ورمێ، هەروەها بەرەو تەورێز پێشڕەوی
بکا. شێخ خۆی لە لای ورمێ بوو و شێخ عەبدولقادر چوو بۆ مەهاباد و
میاندواو و تا بناو چووە پێشێ بەڵام دوای ئەو کوشتارە وەحشییانەی وا لە
خەڵکی میاندواوی کرد ئیتر خەڵکی بناو چوونە بەربەرەکانی کردنی و
سوپاکەیان تێک شکاند. ڕووداوەکانی کوردستان ترسێکی زۆری خستە دڵی
کاربەدەستانی ئێرانەوە، چونکە "ئەگەر تەورێز گیرابا، ئەمە ئەوەی
دەگەیاند کە ئێران گەورەترین شار، واتە پایتەختی دووهەمی ئێرانی لەدەست
داوە. ئەگەر تەورێز گیرابا، دەتوانرا بگوترێ کە گیرانی تارانیش نزیک
بۆتەوە".٦٨ ترسی بزووتنەوەی کورد، تاران
و کاربەدەستانی دەوڵەت و سوپای ئێرانی تووشی ترس و دڵەڕاوکەیەکی زۆر
کرد، ئەم پەشێوییە لە وەڵامی ناصرالدین شا لە ٤ی ذیقعدەی ١٢٩٧ی هـ. ق
دا کە داوا لە مخبرالدولە وەزیری پۆست وتەلگراف دەکا سەر لە بەیانی ئەم
تەلگرافە بۆ تەیموور پاشا خان سەرداری ماکۆ بنێرێ، بە جوانی دیارە کە
دەڵێ: "شێخ یان کەسێکی دیکە کێیە کە ئاوا پڕروویی دەکا؟ بۆچی چوار
کورد ئێوەیان تا ئەم ڕادەیە پەشۆکاندوە و زراویان بردوون کە بەم چەشنە
قسە و تەلگراف عەرز دەکەن؟ ... نازانم چی بووە کە تا ئەم ڕادەیە
بێ¬غیرەت بوون؟ یانی چی؟ سوێند بە خودا، سوێند بە ڕووحی شای
خوالێخۆشبوو ئەگەر ئاوڕ لە باوکی ئەم یاخیانە بەرنەدەن، و لەم چەشنە
قسە بێمانایانە بکەن، وەکوو ژنان بجووڵێنەوە، هەمووتان ئاور دەدەم.
ئێمە چاوەڕوانیی ئەوەمان لە ئێوە دەکرد و دەکەین کە هێرش بەرنە سەر
مەملەکەتانی بیانی، ئاوریان تێبەردن، تاڵانیان بکەن و سەرکەون، نەک
ئاوا لە دەست چوار کورد تووشی ترس بن و هەتا ئەم ڕادەیە زەلیل بکەون.".٦٩
بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیللا لە قۆناخی یەکەمی ڕاپەڕینەکەدا سەرکەوت،
عەبدولقادر حکوومەتێکی کاتیی پێک¬هێنا و لە ناوچەی ژیڕدەسەڵاتی خۆی
حاکمەکانی هەڵبژارد و لەسەرکاری دانان. ئەمە لووتکەی سەرکەوتنەکانی
ڕاپەڕین بوو، بەڵام ڕاپەڕینەکە نەیتوانی لەمە زۆرتر پەرە بگرێ.کوشت و
بڕ و بێ ڕەحمی هێزەکانی کورد لە دەوروبەری ورمێ بوو بە هۆی ڕق و
تووڕەیی و ناڕەزایەتیی ناکوردەکان، لە لایەکی دیکەشەوە "فتوای غزا دژی
شیعەکان و ڕاگەیاندنی شەڕی ئایینیی کاریگەرییەکی زۆری لە ولایەتی مراغە
هەبوو، بوو بە هۆی کوشتارێکی زۆر لە نێوان سوننە و شیعەکان، لەم
نێوانەدا زیانی ماڵیی و ڕووحی شیعەکان زۆرتر بوو، و شکۆ و گەورەیی،
هەروەها توانایی سپای مریدەکانی شێخ، شاری تەورێزی تووشی ترس و خۆف
کرد".٧٠
دەوڵەت هێزێکی زۆری [کە بەشێکشیان لە کوردەکانی جەلالی و تورکەکانی
ماکۆ بوون] بە سەرۆکایەتی تێمورخان سەرداری ماکۆ بۆ بەرەکانی شەڕ لەگەڵ
شێخ عوبەیدیللا نارد و توانی پاشەکشە بە هێزی ڕاپەرین بکا و هەتا
سەرەتاکانی مانگی دیسامبری ١٨٨٠ تەواوی ئەو ناوچانە کە کورد ڕزگاری
کردبوون، بگرێتەوە.
ئەم ڕاپەرینە بەهۆی نەبوونی بەستێنی کۆمەڵایەتی و ئابووری، هەروەها
سیاسی و فیکری و بە هۆی چەندبەرەکی و پڕژوبڵاویی سیاسی، نەبوونی یەکێتی
و تەبایی نەتەوەیی؛ ئاستی خوارەوەی ناسیۆنالیزمی کورد کە سەرچاوەی لە
بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی - سیاسی خودی کوردستان دەگرت؛ لاوازیی
سوپایی و هەڵە لە لێکدانەوەی ستراتێژی و تاکتیک، هەروەها دەوری نەرێنیی
وڵاتە زلهێزەکان وەکوو ڕووسیە و بریتانیا تووشی شکست هات. ڕووسیە
لەسەرەتاوە بە هۆی دیتنەوەی بەرژەوەندی خۆی لەبەرامبەر بزووتنەوەی
کورددا ڕاوستا و راستەو خۆ و ناڕاستەخۆ یارمەتی تارانی دا. بریتانیاش
کە دەسەڵاتی بەسەر ئەستەنبووڵدا هەبوو و لەسەرەتادا بەرژەوەندیی خۆی لە
لاوازکردنی تاران و ڕووسیەی هاوپەیمانیدا دەدی، کوردەکانی دژ بە تاران
هان دەدا، بەڵام کاتێک هەستی بە گەڕانەوەی مەترسیی کورد دژ بە
ئەستەنبووڵ کرد، دژ بە کورد جووڵایەوە.
پاش شکانی شۆڕش، بەشێک لە دەرەبەگ و سەرۆک¬هۆزە کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی
کوردستان لەگەڵ شێخ عوبەیدیللا بەرەو باکووری کوردستان وەڕێ کەوتن،
بەڵام تا ماوەیەک هەمزەئاغا درێژەی بە بەرەنگاربوونەوەی خۆی دا. "ئەو
هۆزە کوردانە کە سەرۆکەکانیان ڕۆژهەڵاتی کوردستانیان بە جێ هێشتبوو
تووشی چەرمەسەری و چەوساندنەوەیەکی دڕندانە لە لایەن ئێرانییەکانەوە
بوون. کاربەدەستانی ئێران لە ئەنجامی کوژاندنەوەی ڕاپەرینەکەدا کەوتنە
قەڵاچۆکردنی کوردەکان و بێ¬ئەوەی گوێ بدەنە تەمەن، یان ژن و پیاو،
هەزاران کەسیان دارکاری کرد و پتر لە دووسەد دێی کوردستانیان سووتاند".٧١
لە کاتی ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیللا و پەیوەستبوونی خەڵکی موکریان،
ناصرالدین شادا لە نامەیەکدا بۆ مشیرالدولە (سپاسالاری ئازەربایجان) لە
ڕێکەوتی ١٢٩٧ی هـ. ق بە توندی باس لە سزادانی سەخت و تەواوی کوردەکانی
سابڵاغ و موکریان و بە زنجیرکێشانی سەرۆکەکان و ناردنیان بۆ تاران
دەکا.٧٢ سوپای ئێرانیش بێ بەزەیی¬یانە
پاش سەرکەوتنیان، ئەم بڕیارەیان بەجێ گەیاند. ئەسکەندەر غوریانس
نووسەری کتێبی ڕاپەرینی شێخ عوبەیدیللا لە سەردەمی ناصرالدین شادا، "کە
لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی ڕووداوەکان لە سابڵاغ و گوندەکانی دەوروبەری
بووە، لە ڕاپۆرتێک بۆ ناصرالدین شا دەنووسێ" ئاوری تؤڵەستاندن تا ئەو
ڕادەیە بەسەر سپادا زاڵە کە ئەوان بێ لەبەر چاوگرتنی ئابڕووی دەڵەت
دەیانەوێ تووی کوردەکان لە سەر زەوی پاک کەنەوە و هەر ئاوادانیک وێران
بکەن".٧٣
هەرچەند بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیللا بە ئاکام نەگەیشت. بەڵام ئەو
ڕاپەرینە وەکوو هەنگاوێکی جیددی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد
پێناسە دەکرێ. ڕاپەڕینی شێخ عوبەیدیللای شەمزینان(١٢٦٠ - ١٢٥٩)، واتە
١٨٨١ - ١٨٨٠ دژ بە ناصرالدین شای قاجار، پاش ڕاپەرینی سوڵتانەکانی
هەورامان دژ بە فەرهاد میرزا و ڕاپەڕینە خۆجێییەکانی دیکە وەکوو
سەرلووتکەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە یەک چوارەمی کۆتایی
سەەدەی نۆزدەدا پێناسە دەکرێ.
شۆڕشی سوڵتانەکانی هەورامان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێنەیەک لە
کاردانەوەی سیاسەتی ناوەندیکردنی دەسەڵات و کۆتایی¬هێنان بە دەسەڵاتی
حکوومەتە خۆجێییەکانی کوردستان بوو. ناوچەی هەورامان سەر بە میرنشینی
ئەردەڵان لە کاتی دەسەڵاتداری ناصرالدین شا چەندین شۆڕشی گەورەی بە
خۆیەوە بینی. سیاسەتی لابردنی کاربەدەستانی خۆجێی و هەڵبژاردنی
حاکمەکان لە دەرەوەی کوردستانەوە، گوشاری ماڵیاتی، زوڵم و زۆری بێ
پسانەوەی حکوومەتی قاجار، نەخشێکی بەرچاوی لە سەرهەڵدانی شۆڕشی
هەورامان هەبوو. شۆڕشی هەورامان لە کاتی دەسەڵاتداری ناصرالدین شا بۆ
ماوەی چوار ساڵ (١٢٨٨ - ١٢٨٤ه. ق واتە١٨٧١-
١٨٦٧ز) ئیدارەی ولایەتی کوردستانی٧٤
تووشی کێشە کرد، و پاش کۆتاییهاتن بە حکوومەتی ئەردەڵانەکان، ئەم
ستەمکارییە نەک هەر کەمی نەکرد بەڵکوو چەند قاتیش زیادی کرد.
لە ساڵی ١٢٨٥ ه. ق (١٨٦٨ز) پاش مردنی غوڵام شا خان ئاخرین میری
ئەردەڵان، ناصرالدین شا، مامی خۆی واتە فەرهاد میرزای معتمدالدولەی کرد
بە حاکمی ئەم ناوچەیە و ئیدارەی ئەم وڵایەتە راستەوخۆ کەوتە ژێر
کۆنترۆڵ و دەسەڵاتی حکوومەتی ناوەندی. دیاریکردنی فەرهاد میرزا بە
مانای کۆتایی هاتنی میرنشینی ئەردەڵان بوو.
کوژرانی حەسەن سوڵتانی هەورامی و گیرانی دوو براکەی - مستەفا سوڵتان و
بارام بەگ بە فەرمانی فەرهاد میرزا، ڕێخۆشکەری شۆڕشی نوێی هەورامان و
هەڵبژاردنی رۆستەم سوڵتان کوڕە گەورەکەی حەسەن سوڵتان وەک حاکمی
هەورامان بوو. هێرشی هێزەکانی کورد بۆ سەر سوپای فەرهاد میرزا لە
نزیکەی گوندی "هەنجمەنە" و کوژرانی ٣٦ کەس و بە دیلگرتنی ١٨ کەس و
دەربازبوونی خودی فەرهاد میرزا بوو بە هۆی سەرشۆڕیەکی گەورە بۆ مامی
ناصرالدین شا. نووسەری حدیقەی ناصری لە کتێبەکەیدا باسی "تلانەوەی
فەرهاد میرزا لە ناڕەحەتی وەکوو مار بە دەوری خۆیدا" دەکا. بۆ قەرەبوو
کردنەوەی ئەم شکستە فەرهاد میرزا داوای هێزی پشتیوانی لە ناوەند کرد.
ناصرالدین شا سێ فەوجی گەورەی بۆ سەرکوتکردنی شۆڕشی هەورامان نارد،
ئەوانیش پاش هێرشێکی بەرفراوان گوندی نەوسوود ناوەندی هەورامانی لهۆن
و دزڵی ناوەندی هەورامانی تەختیان داگیر کرد. سوپای ئێران لەسەر
ڕێگایان تەواوی حاسڵاتی کشتوکاڵی 'شامیان'یان سووتاند و 'دزڵی'یان
تاڵان کرد و ئاوڕیان تێبەردا. فەرهاد میرزا لە نامەکانیدا سەرکەوتنی
خۆی لە هەورامان وەکوو گرتنی سباستیناپۆل لەقەڵەم دەدا و
هەورامانییەکان وەکو"دێونژاد"، "بەدفەڕ" و "دڕندەی دەروون پیس" ناو
دەبا.٧٥
لە ساڵەکانی پاش شکستی بزووتنەوەی شێخ عوبەیدیللادا، کورد لە تەواوی
کوردستان درێژەی بە خەباتی خۆی دژ بە دەسەڵاتدارەکانی ئێران و عوسمانی
دا، وەکوو: شۆڕشی دەرسیم (١٨٩٢-١٨٩٣)، ڕاپەڕینی کورد و عەرەبەکان دژ بە
دەسەڵاتی تورکەکان لە باشووری کوردستان (١٩٠٧-١٩٠٨)، شۆڕشی برایم¬پاشا
سەرۆکی کۆنفێدڕاسیۆنی عەشیرەکان و فەرماندەی دوو تابووری (هەنگی)
حەمیدیە (١٩٠٨-١٩٠٧)، شۆڕشی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێبەریی
جەعفەرئاغا، محەمەدئاغا و بە تایبەتی سمایل¬ئاغای سمکۆ پاش کوژرانی
جەعفەرئاغای هەرکی لە هاوینی ١٩٠٥ و هتد. لە نێوان ساڵەکانی ١٩١٨-ی
١٩١٤ی زدا ڕاپەڕینی کورد بە ڕێبەریی مەلا سەلیم لە بدلیس، شۆڕشی بارزان
بە ڕێبەریی عبدالسلام بارزانی لە ساڵی ١٩١٤دا، هەروەها ڕاپەڕینی
سلێمانی بە ڕێبەریی شێخ مەحموود لە کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا،
جێگایەکی تایبەتی¬یان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد هەیە.
ڕاپەڕینی خەڵکی بدلیس بە ڕێبەریی مەلا سەلیم لە نەورۆزی ساڵی ١٩١٤ دا
دەستی پێکرد و توانی لە ماوەیەکی کەمدا بۆ ناوچەکانی دیکەی کوردستانیش
پەل باوێژێ. مەلا سەلیم کوردێکی زازا و لە کاتی ڕاپەرینەکەدا تەمەنی ٦٠
ساڵ بوو. گیرانی شێخ سەلیم لە لایەن سوپای عوسمانییەوە لە مارسی
١٩١٤دا ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دەستپێکی پێش¬وەختی ئەم ڕاپەڕینە
هەبوو. بە پێی تێلگرامی نهێنیی میخاییل نیکۆلایویچ گیرس٧٦
باڵوێزی ڕووسیە لە ئەستەنبووڵ، ڕێکەوتی ١٢ی مارسی ١٩١٤، تورکەکان شێخ
سەلیمیان لە ڕێگای بدلیس گرت، بەڵام نزیک بە ٧٠٠ کوردی چەکدار شێخیان
لە دەستی تورکەکان ڕزگار کرد.دەستپێکی پێشوەختی ڕاپەڕینەکە بە باوەڕی
یوسف کامیل بەدرخان، ئاکامێکی تاڵی بە دواوە بوو،٧٧
بە هۆی هەڵەیەکی تاکتیکی لە شەڕ و نەبوونی هاوئاهەنگی لە نێوان
هێزەکانی ڕاپەریندا، تورکەکان توانیان لە ماوەیەکی کەمدا شاری بدلیس
بگرنەوە.شێخ سەلیم و بەشێک لە ڕێبەرانی شۆڕش پەنایان بردە بەر کۆنسوولی
ڕووسیە لە بتلیس. سەرکۆنسوولی بریتانیا لەم پێوەندی¬یەدا ساڵی ١٩١٤
'نەبوونی هاوئاهەنگیی (کۆئۆردیناسیۆن) وەکوو هۆی زەبرخواردن و شکستی
کوردەکان پێناسە دەکا.٧٨ لە
٢٣-٢٢یئاوریلی ١٩١٤دا شێخ شهابالدین، شێخ سەعید، عەلی و براکەی شێخ
محەممەد شیرین و ١٠ کەسی دیکە لە بدلیس لە سێدارە دران. پێنج مانگ پاش
شکانی ڕاپەڕینەکە، هێزەکانی عوسمانی بە هۆی دەسپێکی شەڕی ڕووس و ئاڵمان
و هاوپەیمانەکانی واتە عوسمانی، هێرشیان کردە سەر کۆنسوولخانەی ڕووسیە،
و پاش گرتنی تەها سەلیم و هاوڕێیانی، دەستبەجێ لە سێدارەیان دان.
بەهاری ساڵی ١٩١٤ ڕاپەڕینی کوردەکانی باشووری کوردستانیش بە ڕێبەریی
شێخ عبدالسلام بارزانی بوو بە هۆی رزگارکردنی مووسڵ و بەشێکی بەرچاو لە
ویلایەتی بەغدا. ئەم ڕاپەڕینە لە لایەن تورکانەوە سەرکوت کرا و شێخ
عبدالسلام بەو هیوایەی کە بتوانێ پشتیوانیی سمکۆ وەدەست بێنێ، چوو بۆ
ورمێ و لەوێشەوە ڕەوانەی تفلیس بوو، بە پێی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی ڕووسیی
"قەفقاز" ڕێکەوتی ١٥ی ئاوریلی١٩٠٤، شێخ عبدالسلام هەوڵی خۆشاردنەوەی
لای مارشیمۆن دابوو.٧٩ شێخ کاتی
گەڕانەوەی لە پاییزی هەر ئەو ساڵەدا بۆ باکووری کوردستان، بە هۆی
خەیانەتی سۆفی عەبدوڵڵای شکاکەوە گیرا و ڕادەستی عوسمانی کرا. لە
کۆتایی ساڵی ١٩٠٤ دا شێخ و دوو هاوڕێی لە مووسڵ لە سێدارە دران.
لە دەیەکانی سەرەتای سەدەی بیستەمدا سمکۆ وەکوو سەرۆک عەشیرەی شکاک بە
دەسەڵاتترین کەس لە ناوچەی ڕۆژئاوای گۆمی ورمێ، هەروەها لە درێژایی
سنووری ئێران و عوسمانی بوو. شکاکەکان کە نزیکەی ٢هەزار بنەماڵە
دەبوون، بەگشتی دانیشتووی ناوچەی سۆما و برادۆست و ڕۆژئاوای سەڵماس و
ورمێ بوون. هیچ-کام لە تورک و ڕووسەکان بە پێی پێوەندیی ناڕاستەوخۆی
سمکۆ لەگەڵ ئەوان، پێش شەڕی یەکەمی جیهانی ناوچەی شکاکەکانیان داگیر
نەکرد. بە ڕواڵەت سمکۆ تا پێش ساڵی ١٩١٣ هاوکاری ئازەرییەکانی
لایەنگری عوسمانی و دوژمنی ڕووسەکان بووە. لە سەرەتاکانی شەڕی جیهانیی
یەکەمدا سمکۆ بە ئاشکرا بۆ سوودی تورک و ئەڵمان و دژی ئێران شەڕی کرد.
ئەو وڵاتانە کە لە شەڕی یەکەمی جیهانیدا بەشدار بوون هەوڵیان دەدا کورد
بۆ مەبەستی خۆیان بەکار بێنن، سمکۆ کە سەرۆک¬عەشیرەی شکاک لە ناوچەی
مەرگەوەڕ و برادۆست بوو هەمیشە لە هەوڵی دامەزراندنی دەوڵەتی کوردستانی
سەربەخۆدا بوو. سمکۆ پێوەندی¬یەکی نزیکی لەگەڵ زۆربەی کەسایەتییەکانی
نەتەوەیی کورد وەکوو شێخ مەحموود، عەبدولرزاق بەدرخان و سەید تەها
هەبوو، هەروەها بە هۆی پێکهێنانی ژیانی هاوبەش لەگەڵ خوشکی سەید تەها
کە نەوە و جێگری شێخ عوبەیدیللا بوو، هاوکاری و پێوەندی¬یەکی نزیکی
لەگە¬ڵ ئەو پێک¬هێنابوو. هەر چەند مێژووی سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی سمکۆ
دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی پێش شەڕی یەکەمی جیهانی و بە تایبەتی پاش کوژرانی
جەعفەرئاغای برای لە تەورێز بە دەست کاربەدەستانی حکوومەتی ئێران لە
ساڵی ١٩٠٥ی ز لە کاتی وتووێژدا، بەڵام نەخشی سەرەکیی ئەو لە خەباتی
ڕزگاریخوازانەی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هی سالەکانی پاش تەواوبوونی شەڕی
یەکەمی جیهانییە.
لە ساڵانی کۆتایی شەڕی یەکەمی جیهانیدا کە سوپای عوسمانی بەردەوام
تووشی شکست دەبوو و هێزەکانی ئینگلیس لە سلێمانی و کەرکووک و مووسڵ
نزیک دەبوونەوە، شێخ مەحموودی حەفید پاش زنجیرە وتووێژێک لەگەڵ ڕووس و
ئینگیسییەکان بەستێنی ڕاپەڕینی خۆش کرد و بوو بە تەنیا هێزی
دەسەڵاتداری ئەم ناوچەیە.
__________________________________________________
پەراوێز:
٤٧-
ا.آ گرانتوسکی و ... ص ٣١١.
٤٨-
یرواند آبراهامیان، تاریخ مدرن ایران ص ٥١، ترجمە محمد ابراهیم فتاحی،
نشر نی، چاپ چهارم ، تهران ١٣٨٩.
٤٩-
Lord George Nathaniel Curzon.
٥٠-
Curzon op, cit,Vol.I.p.436 - وەرگیراو
لە کتێبی ،مقالاتی در جامعەشناسی سیاسی ایران، یرواند آبراهامیان،
مترجم سهیلا ترابی فارسان ص ١٧، شرکت نشر و پژوهش شیرازە کتاب، چاپ
اول، تهران١٣٨٧.
٥١-
Sir John Malcolm
٥٢-
Malcolm op. Cit. Vol. II. p
- وەرگیراو لە کتێبی ،مقالاتی در جامعەشناسی سیاسی ایران ص١٧.
٥٣-
James Justinian Morier.
٥٤-
Curzon,
op. Cit. Vol. II. p 377 - وەرگیراو لە کتێبی، مقالاتی در
جامعەشناسی سیاسی ایران، ص ١٨.
٥٥-
سعید نفیسی، تاریخ معاصر ایران، ص ٢٧، سال ١٣٤٥
٥٦-
Victor Bérard.
٥٧-
سعید نفیسی، تاریخ معاصر ایران، لاپەڕەی ١١.
٥٨-
Patricia Crone.
٥٩-
ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو و نوێخوازی،
لاپەڕەی ٢٨.
٦٠-
ئێران لە سەرەتاکانی سەردەمی قاجاردا لە نێوان ٥ حکوومەت (حکمرانی)دا
دابەش کرابوو کە بریتیی بوون لە: ١) ئازەربایجان، هەمەدان و زەنجان. ٢)
ئەیالەتەکانی کوردستان، کرماشان، سەرحەدی عێراقین و لۆرستان. ٣) فارس،
بەندەر و دوڕگەکانی کەنداوی فارس، کهگیلویە، بەختیاری و خوزستان. ٤)
خوراسان و سیستان ٥) کرمان و بەلوچستان. بەڵام لە ساڵی ١٢٨٦ی هەتاویدا،
ئێران بە پێی یاسای پێکهێنانی ئەیالەت و ویلایەتەکان و رێسا
(دستورالعمل)ی کار لە نێوان چوار ئەیالەتی ئازەربایجان، خوراسان، فارس،
"کرمان و بەلووچستان" و ١٢ ولایەتی ئەسترئاباد، مازندەران، گێلان،
زەنجان، کوردستان، لۆڕستان، کرماشان، هەمەدان، ئیسفەهان، یەزد، عێراق
خوزستان و دارالخلافەی تاران دابەش کرا. هەر ئەیالەتێک لە چەند ویلایەت
و هەر ویلایەتێک لە چەند بلۆک پێک¬هاتبوو. هەر بڵۆکێک کۆی چەندین گوند
بوو لە لایەن ناوەندێکەوە ئیدارە دەکرا.
٦١-
George N. Curzon: Persia and Persian questiin,
London 1892, p 53 - وەرگیراو لە ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو
و نوێخوازی، لاپەڕەی ٥٨.
٦٢-
Major Henry Trotter.
٦٣-
W. jwaideh.Kurdish National Movment.Ist origins
and development. New York 2006. P 77.
٦٤-
W.
jwaideh. P 81.
٦٥-
Dr. James P.Cochran.
٦٦-
W. jwaideh. P 81.
٦٧-
W. jwaideh. P 82.
٦٨-
ن.ا. خەڵفین خەبات لە ڕێی کوردستاندا، لاپەڕەی ١٨٤، وەرگێڕ لە ڕووسیەوە
جەلال تەقی، سلێمانی ، چاپخانەی ڕاپەڕین١٩٧١.
٦٩-
یوسف بیگ باباپور و مسعود غلامیە، فتنە شیخ عبیداللە کرد، گزارش وقایع
حملە اکراد بە صفحات آذربایجان در دورە قاجار ص ١٤٨، تهران ، کتابخانە،
موزە و مرکز اسناد مجلس شورای اسلامی١٣٩٠.
٧٠-
محمد امین زکی بێگ، زبدە تاریخ کرد و کردستان، جلد اول ص ١٨٠، ترجمە
یداللە روشن اردلان، انتشارات توس، ١٣٨١.
٧١-
ن.ا. خەڵفین، خەبات لە ڕێی کوردستاندا، لاپەڕەی ١٩١-١٩٠، وەرگێڕ لە
ڕووسیەوە جەلال تەقی، سلێمانی ، چاپخانەی ڕاپەڕین ١٩٧١.
٧٢-
ابراهیم صفائی، اسناد برگزیدە دورە قاجار، سند چهارم، ص ١٢، انتشارات
بابک، تهران ٢٥٣٥.
٧٣-
سید محمد صمدی، تاریج مهاباد ص ٤١، انتشارات ڕهرو مهاباد، ١٣٧٣.
٧٤-
ویلایەتی کوردستان بە پانتایی ٢٢٥٠ فرسەخی چوارگۆشە (١٣٥٠٠ کیلۆمیتری
چوارگۆشە)، لە سەردەمی ناسری بەولاوە بوو بە بەشێک لە بیست مەملەکەتی
ئێران و ناوەندەکی سنە بوو. لە سەردەمی ناصرالدین شادا بە کۆی
کوردستان، کرماشان و هەمدان "ئەیالەتی مرکزیە" دەکوترا. لە کاتی
قاجاردا بەشێک لە خاکی کوردستانی ئێران لە لایەن عوسمانیەکانەوە داگیر
کرا و دوو ناوچەی لۆرستان و هەمدانیش لێ جیاکرایەوە. هەروەها لە کۆتایی
دەسەڵاتداریی قاجاردا ولایەتی گروس لە کوردستان جیاکرایەوە و حاکمێکی
سەربەخۆ لە لایەن دەوڵەتی ناوەندی بۆی دیاریکرا.
٧٥-
عبداللە عطایی، افراسیاب جمالی، کامران حمانی، واکاوی زمینەها و علل
شورش اورامان در عصر ناصری، ص ٩٥، ، تاریخهای محلی ایران، مقاله5،
دوره ٣، سال سوم - شماره دوم - پیاپی ٦ بهار و تابستان ٩٤، پاییز ١٣٩٤،
صفحه ٨٤ - ٩٧، دانشگاە پیام نور.
٧٦-
Mikhail
Nikolayevich Giers - Михаил НиколаевичГирс.
٧٧-
ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی کورد، مێژوو و نوێخوازی،
لاپەڕەی ١٣٥.
٧٨-
ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی ... لاپەڕەی ١٣٩.
٧٩-
ک. و. وێرتیایف و س. م. ئیوانف، ناسیۆنالیزمی ... لاپەرەی ١٣٣.
__________________________________________________
بەشی
سێیەم:
www.emrro.com/kurdistanless3.htm
بەشی
دووەم:
www.emrro.com/kurdistanless2.htm
بەشی یەکەم:
www.emrro.com/kurdistanless1.htm
ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە
|