٢٥\٨\٢٠١٧
کوردستان.

مەحمود دهروێش
و: جەلال دهباغ
١
لەگەڵتانن
دڵی خەڵکی لەگەڵتانن
ئەگەر لە چێاکان، راکێتەکان بفڕن
چاوی خەڵکی لەگەڵتانن
بەسەر دڕکا دەڕۆن .. گوێنادەنێ
کویلەی زەوی لەگەڵتانن
لە ناوقەدی زەریاوە تاکو (باکور)
من لەگەڵتانم.. باوکم لەگەڵتانە..دایکم
زەیتونەکەم و بۆنی پرتەقاڵ
سۆزەکانمان.. شیعرەکانمان لەگەڵتانن
سەربازن لە کوشتاردا
ئەی پاسەوانانی رۆژ.. لە کۆت و پێوەندی نیمچەپیاوان
بایەکە نەیپچڕاندین.. خەباتی نەتەوەکەتان خەباتی منیشە
ئەگەر سوارەیەکتان لێ گلا....پەتەکانم لە ملم تونددەکرێن.
٢
بژی عەرەبایەتی
ئاخۆ جوانوەکەت گلا ئەی سەلاحەدین؟
ئاڵاکان کەوتنەخوارێ؟
ئایا شمشێرەکەت گۆڕی.. یاخیبوو؟
لە خاکی کوردستان
کە تۆقاندن بێدارەو ئاگرکەوتۆتەوە
(مردن بۆ کارگەران ئەگەر گوتیان:
بۆئێمە نرخی ئازار
مردن بۆ جوتیاران ئەگەر گوتیان:
بۆ ئێمە بەروبومی خاک
مردن بۆ منداڵان ئەگەر گوتیان:
بۆ ئێمە روناکی پەڕاو
مردن بۆ کوردان ئەگەر گوتیان:
مافی هەناسەدان و ژیانمان هەیە)
ئیتر لەمەولا دەڵێین..بژی عەرەبایەتی!!
کەوابوو بەخاکی کوردستاندا تێپەڕبە
تێپەڕبە ئەی عەرەبایەتی!
ئەمە دروێنەی هاوینەیە
ئاخۆ دەبینیت؟
نابینیت
ئەگەر لە کونە تۆپەکانەوە تەماشابکەیت
ئەی نەتەوەکەم..
مرۆڤ هێرشی بردە سەر مێژووەکەت
نیمچەپیاوان
بەناوی عەرەبایەتییەوە
خوێن دەڕێژرێت
تیغە کە
حوکمڕانیتدەکا
ناشرینترین شتێک کە رۆژگار لە زەمانەی ناسیوە
بەناوی عەرەبایەتییەوە
لە مێژودەدرێ لە کەنارەکانی دەجلەو فورات
ئەی نەتەوەکەم..
نەزانیم نەکرد کە بێبەریم
لەخۆیان و تابورەکەیان
نەزانیم نەکرد کە بێبەریم
فڕێدەدەمە سەرەنوێلکی کاتەکانەوە
خراپترینی کاتەکان
ئەی عەرەبایەتی بە دۆژمنەکەت دەگەین
لەمەودوا دەڵێین: هەر بژی عەرەبایەتی
نە لەسەر مردوان
هەربژی عەرەبایەتی.
٣
ئەی شەهرەزاد
شەو بەیانی تێکدەشکێنێت
کێڵگەکانی کوردستانیش.. وەرزەکانیان برینە
خۆشەویستی قەدەغەیە... لەگەڵ چرپەی دراوسێ
هێچ شتێک رێگەپێدراونییە
جگە لە خوێنی کوردان.. نەوتی ئەوانەی
چرای شورەییان پێدەکەن..بەمردنی ئەوانیتر
ئەی شەهرەزاد..
داستانەکانی پاڵەوانێتی لەشەوەکانی رێپیشاندەرتا ژەنگیانگرت
بیرەوەرییە سپییەکانیش و ئەوجوانوەی سواری ڕمەکانبوو
خۆشەویستی و شانازیەکان و ئەو شمشێرەی لە تێکۆشان بێزاربوو
شورەییە بۆ بەغدا
هەرچیتێدایە رێگەپێدراوە!
جگە لە خوێنی کوردان
لە رادیۆدا.. لە رۆژنامەکانی بەیانیاندا
مەرەکەبی رۆژنامەکان لە شارەکەماندا خوێنە
(ئێمە لەناومانبردن!) گورگان شانازیدەکەن و.. زەردەخەنەدەکەن
(ئێمە خاکی کوردستانمان چاند..
بەکێلی رووت بەسەر کێلدا
هێندەمان کەلەسەر چاند..
لە ژماردەنایەن..)
ئەی شەهرەزاد..
شەو بەیانی تێکدەشکێنێ
خۆشەویستیش قەدەغەیە..
جێگە نەرم و نیانەکەت
لەبەر پێی گەورە چارەگرانەکەتدایە
خوێنەکانی کوردستان خوێنڕێژانی نوقومدەکا
یاریزانێک کە رەنجی سوتا
لەناویدا دەمرێت
ئەی شەهرەزاد!
کەس نامرێ ئەوانە نەبن
کە چرای شەویان.. بەزەیتی کەسانیتر پێدەکەن
بۆ دیدار لەگەڵ سەدەکانی ئایندەدا
لە چیرۆکی ئەو سەدەیەی
دەست و مەچەکی شۆڕشگێڕان
دروستیانکرد.
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|