په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٨\٥\٢٠١٩

کورد لە ئەگەری رووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێراندا.


د. کامەران ئەمین ئاوە 


هەڵوێست وئەرکی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی و حیزبە کوردستانییەکان بە تایبەتی، دوای ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران‌ یەکێک لەو پرسیارانەیە کە دەبێ لە ئێستاوە بیری لێ بکرێتەوە و وڵامی بۆ بدۆزرێتەوە. حکومەتی ئیسڵامیی ئێران وەک هەر دەستەڵاتێکی سەرەڕۆ ناتوانی هەتاهەتایە بمێنێتەوە و زوو یان درەنگ کۆتایی بە دەستەڵاتی نگریسی دێت، بەڵام هەڵوێستی کورد وەکو نەتەوەیەکی زۆڵم لێکراو کە پاشهاتنە سەرکاری حکومەتی ئیسڵامیی، چواردەیەیە بەردەوام بۆ گەیشتن بە ئاواتە لەمێژینەکانی خەباتدەکا و گەلێک قوربانی داوە،بەرامبەر بە دەوڵەتی داهاتووچۆن دەبێ؟ ئایا کورد دەسبەجێ دەبێ داوای جیابوونەوە لە ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکات؟ یاخود شانبەشانی هێزە سەرانسەری و ناوچەییەکانی ئێران بۆ پێکهێنانی ئێرانێکی دیموکراتیک و فیدراڵ تێبکۆشێ؟

بێ‌گومان هەڵوێست‌گرتنی حیزبێکی بە ئەزموون لە جیهانی سیاسەتدا لە پێوەندیی لەگەڵ بارودۆخی جیهانیی، ناوچەیی و نێوخۆیی‌، بە گوێرەی هاوسەنگیی هێزە سیاسی - سپایییەکان و، ئاستی هوشیاریی نەتەوەیی و سیاسیی خەڵک، ڕادەی ڕێکخستنی جەماوەر لە ڕێکخراوە سیاسیی، کولتوریی و پیشەیی‌کاندا، هەروەها ئامادەبوونی ئەوان بۆ خەباتی سیاسی لە پێناوی گەیشتن بە ئامانجەکانیان‌دا دەبێ. حیزبێکی تێکۆشەر و پێشکەوتنخواز بە پێی ستراتێژیی نەتەوەیی و پەسندکردنی تاکتیکی شیاو بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانی، دەتوانی ڕۆڵێکی گرینگ لە ڕەوتی ژیانی سیاسیی کۆمەڵگەبگێڕێ. لەوەدەچێ هەر لە ئێستاوە نەکرێ بڕیاری یەکلاکەرەوەبۆ هەڵوێستی داهاتوو بدرێ‌و نوسخەی بۆ بپێچرێتەوە، بەڵام هەموو هێزێکی سیاسی پێویستە بۆ کاتی سەرهەڵدانی رووداوە لەناکاوەکانی کۆمەڵگە، پلانی "ئا" و "بێ"ی هەبێ.

لە وڵاتێکی فرە‌ئەتنیکیدا کە جارێ کێشەی نەتەوەیی چارەسەر نەکراوە، ئەرکی سەرەکی حیزبێکی نەتەویی، خەبات لە پێناوی گەیشتن بە کەیان، دەوڵەت و سەروەریی نەتەوەییە. لەم ڕەوتەدا هەبوونی ستراتێژییەکی ڕوونی نەتەوەیی ڕۆڵێکی گرینگ لە هەڵوێستگرتن و هەڵبژاردنی شێوەی خەبات دەگێرێ. بێ‌گومان حیزبێکی نەتەوەیی ناتوانێ سەبارەت بە کێشەکانی نێو کۆمەڵگە وەکو دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، بێکاری، گرانی، زوڵم و زۆری چینایەتی و چەوسانەوەی خەڵک و هتد بێ هەڵوێست بمێنێتەوە، بەڵام ئەرکی سەرەکیی ئەم حیزبە، وێرای خەبات بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، ڕێکخستنی خەڵک‌و بردنەسەری ئاگایی نەتەوەیی بۆ گەیشتن بە ئامانجی سەرەکی، واتە سەروەریی نەتەوەیی و ڕزگارکردنی نیشتمانی خۆی لە دەس حکومەتی داگیرکەرە. هەر بەم جۆرە کە بۆ حیزبێکی چەپی سۆسیالیستی یان مارکسی، گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی سۆسیالیستی ئامانجی سەرەکییە، بۆ حیزبێکی نەتەوەیش، ئازادکردنی نیشتمانی داگیرکراو و گەیشتن بە سەروەریی نەتەوەیی ئامانجی سەرەکییە.

فاکتەرەکانی هەڵوێست گرتن:

هەروەک پێشتریش ئاماژەم پێکرد، ئەستەمە لە ئێستاوە بە چەشنێکی یەکلاکەرەوە باس لە هەڵوێستی پاش ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران و پێش‌بینیی وردی ڕەوتی ڕووداوەکانی داهاتوو بکرێ. مێژوو بە پێی ئەزمون پڕ لە هەوراز و نشێو، پێشرەوی و پاشەکشەکردنە و لەسەر هێڵێکی ڕاست ناجووڵێتەوە. بەم حاڵەش لەوەدەچێ بکڕی بە پێی لێکدانەوەیەکی ڕاستبینانە لە بارودۆخی ئەمڕۆی ئێران و بەرزبوونەوەی ئەو پەڕی جیاوازیی چینایەتی، وەزعی خراپی ژیانی ئابووری خەڵک، پێشێلکردنی تەواوی مافەکانی ئینسانی، نارەزایەتی چین‌و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگەی ئێران، کێشە لەگەڵ وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و هتد باس لە تەواو بوونی کاتە خۆشەکانی دەستەڵاتدارانی حکومەتی سەرەڕۆ و تێۆکراتی ئێران و بەرەو هەڵدێرچوونی ژیانی سیاسیی ئەم ڕژیمە بکرێ.

هەر لەم پێوەندیەدا، پێویستەحیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانلە ئێستاوە خۆیان بۆ بەرەو ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ ڕووداوە جۆراوجۆرەکانی نێو کۆمەڵگە ئامادە بکەن و بە لێکدانەوەی بارودۆخیئێران، ناوچە و جیهان، هەروەها ئەگەرە جۆراوجۆرەکان،هەوڵ بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراون یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی، دارشتنی بەرنامە و سیاسەتێکی هاوبەش، هەروها ڕێکخستنیسپایەکی نەتەوەیی بدەن.بە گشتی بۆ هەڵوێست‌گرتنێکی شیاو، پێویستە ڕێکخراوەیەکی شۆڕشگێر توانای هەڵسەنگاندن و لێکدانەوە و لەبەر چاوگرتنی خاڵەکانی خوارەوەیهەبێت:

بارودۆخی سیاسی - کۆمەڵایەتی، هەروەها ئابووریی و فەرهەنگیی ئێران بە گشتی و کوردستان بە تایبەتیی.

لێرەدا پێویستە ئاست ودۆخی بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازانە لەئێران، جێگە و پێگەی هێزی دەستەلاتدار لە وڵات، خالە لاواز و بە هێزەکانی دەوڵەت و ململانێی باڵەکانی نێو حکومەت، خۆڕێکخستنی چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگە، هاوسەنگیی هێزە پێشکەوتنخواز و دواکەوتوو و کۆنەپەرستەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان، هەروەها ئاستی ئاگایی نەتەوەیی و بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی کورد بە چەشنێکی ڕاستەقینە لێکبدرێتەوە. لەم ڕەوتەدا یەکێک لە ئەرکەکان، هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەی هێزە پێشکەوتنخوازەکان لە ئاستی ئێران و کوردستان، داڕشتنی بەرنامەیەکی هاوبەش بۆ گەیشتن بە دیموکراسی، ئازادی و پێکهاتنی بەستێنێکی شیاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان‌و، یەک لەوان کێشەی نەتەوەیی بە شێوەیەکی مەدەنی و لە ڕێگای دانوستان‌ و وتووێژە.

سیاسەت و هەڵوێستی زلهێزەکان و دەوڵەتەکانی جیهان و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هتد.

هەڵسەنگاندنی هەڵوێست و هەڵسوکەوتی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندیی و هێزە خۆجێیەکان، هەروەها ململانێی ئەو هێزانە پێکەوە و ناسین و جیاکردنەوەی دۆست لە دوژمن، ڕادەی پشتیوانیی ڕاستەقینەی ئەو هێزانە و بزووتنەوەی پێشکەوتنخوازی جیهانی لە بزاڤی ڕزگاریخوازانەی کورد دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لە هەڵوێست‌گرتنی ‌هێزێکی تێکۆشەر بگێرێ. بۆ وێنە لێکنەدانەوەی دروستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لە هەڵسوکەوت و هەڵوێستی هێزەکانی جیهانی لە کاتی گشتپرسی سەربەخۆیی لە ٢٥ی سپتامبری ٢٠١٧، پشتیوانی نەکردنی زلهێزەکانی جیهانی و ناوچە لە دەنگدانی زۆرینەی خەڵکی باشووری کوردستان هاوکات لەگەڵ ناتەبایی نەتەویی لەم وڵاتەدا، زەبرێکی کارای لە بزووتنەوەی سەربەخۆیی‌خوازانەی کوردستان دا و، تەنانەت لە هێرشی هێزەکانی سەر بە بەغدا و ئێران بۆ کەرکوک و خانەقین و هتد لە ئوکتۆبری هەر ئەو ساڵەدا،کورد بێ‌پشتیوان مایەوە و کۆنترۆڵی پتر لە سەتا ٥٠ ی خاکی نیشتمانەکەشی لەدەست دا. بەم پێیە ناسینی بارودۆخی جیهانی و ناوچەو، خوێندنەوەی دروستی ژئۆپۆلیتیکی جیهان بۆ گرتنی بەشێکی بەرچاو لە هەڵوێستەکانی بزووتنەوەیەکی نەتەوەیی کاریگەریەکی یەکلاکەرەوەی هەیە.

وەزعییەت و جێگە وپێگەی حیزب و ڕێکخراوەکوردستانییەکان.

یەکێک لە خاڵە گرنگەکانی هەر بزووتنەوەیەک و بە تایبەتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد، هاوکاریی حیزبە کوردستانییەکان و هەبوونی تەبایی نەتەوەییە. کاتێک حیزبە کوردستانییەکان نەتوانن بە زمانێکی هاوبەش بگەن و بەرەیەکی ڕاستەقینە و کارا دروست بکەن، هەروەها بەرژوەندی نەتەوەیی فیدای بەرژوەندی حیزبیی، عەشیرەیی و تاکەکەسی بکەن، نەک هەر ئەگەری شەڕ و پێکدادانی نێوخۆیی بەرز دەبێتەوە، بەڵکوو بەستێنێکی شیاو بۆ پیلانگێری هێزەکانی کۆنەپەرەست و سەرکوتکەر پێکدێ و زەبرێکی گەورە لە متمانە و ورەی خەڵک دەدرێت. شەڕی ناوخۆیی لە نێوان حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی کۆمۆنیستی ئێران- کۆمەڵە[١٩٨٤ هەتا١٩٩١ز.]، شەڕی نێوان دوو باڵەکەی حیزبی دیموکرات پاش کۆنگرەی هەشتەم[١٩٨٨-١٩٩٣]، شەڕەکانی پارتی و یەکیەتی[١٩٩٧-١٩٩٤]، کوشتاری شیوعییەکانی عێراقی بە دەستهێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی لە پشتئاشان[١٩٨٣ز]، پێکدادانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان[١٩٩٤]، هەروەها تێکهەڵچوونەکانی پارتی و پێ کاکا [١٩٩٧]و هتد وەکو ئەزمونێکی تاڵ، بەڵام هاوکات وەک وانەیەکی گەورە بۆ داهاتووی کوردستان دەمێنێتەوە. پێویستە هەر لە ئێستاوە هێزەکانی کوردستانی خۆڕاهێنانی دیموکراسی و کاری هاوبەش بکەن هەتا ئەم چەشنە کارەساتانە دووپات نەبنەوە.لەم پێوەندیەدا، پێکهێنانی "ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران" هەنگاوێکی باشە، بەڵام بەس و تەواو نیە و، پێویستیە پەرەی پێبدرێ و ببێتە بەستێنێکبۆ پێکهێنانی کونگرەیەکی نەتەوەیی بۆ کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.


ئەزموونی پتر لە دوو دەیە دەستەڵاتداریی هێزەکانی هەرێمی کوردستان و نەبوونی یەکیەتییەکی ڕاستەقینە لە پێناوی بەرژوەندیی نەتەوەییدا، هەروەها ناتەبایی هێزە سەرەکییەکان هەتا ئێستا زەبرێکی گەورەی لە متمانەی خەڵکی باشووری کوردستان داوەو، حکومەتی بەغدا قازانجێکی زۆری لەم ناتەباییە بردوە. کارەساتی ئۆکتۆبری ٢٠١٧ی کەرکوک وێرای پیلانی حکومەتەکانی بەغدا و تاران، هاوکات بەرهەمی ناتەبایی نەتەوەیی و هاوکاریی بەشێک لە هێزەکانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی بەغدا بوو.

لە ساڵانی پاش شۆڕشی ڕێبەندانی ١٣٥٧ هەتاوی، بە هۆی دابڕان، دەرکران و جیابوونەوەکانی فراکسیۆن و ئەندامەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی حیزبی کمۆنیستی ئێران، گەلێک حیزب و گرووپ و تاقمی جۆراوجۆری سیاسی هاتوونەتە نێو گۆڕەپانی خەباتی سیاسییەوە. ئەمڕۆ دوو حیزبی دیموکرات و سێ کۆمەڵە بە هۆی مێژووی خەباتیان، بوونەتە بەشێکی ڕاستەقینە لە ئەندیشە و بیرو هزری کۆمەڵگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. بێ‌گومان ناکرێ نکۆڵی لە ڕێکخراوەکانی دیکە وەک پژاک و هتد بکرێ کە لە دەرەوەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریان هەڵداوە. لەو ناوەدا ئەوەی ڕەنگ‌و ڕووی کوردستانی بوون بە هیزێک دەدا، نەک هەبوونی پاشکۆی کوردستانی، پێشمەرگە و لەبەرکردنی جل‌ وبەرگی کوردی، بەڵکوو سنووری چالاکی، ستراتێژی و هەڵوێستی ئەوان لە پێوەندی لەگەڵ شێوەی چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و گەیشتن بە کەیان و سەروەریی کوردە. ئەوانەی کە بە جل‌ وبەرگی کوردی نکۆڵی لە بە دەوڵەت بوونی کورد و نەتەوەکانی دیکە دەکەن و پێیان وایە سەردەمی ناسیۆنالیزم کۆتایی ‌هاتوە یاخود خۆیان لە بەرەی بە ناو "ئێرانییە سۆسیالیستەکان" یان "چەپەکانی کوردستان" دژ بە "بۆڕژاوا - ناسیۆنالیستەکانی کورد!؟"دا دەبیننەوە، لە کردەوەدا خۆیان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد دوور دەخەنەوە، و بەگوێرەی هەبوونی بیرو هزری پۆلپۆ‌تی و پاوانخوازانەدەکەونە نێو بەرەیەک کە دەتوانێ لە داهاتوودا خولقێنەری کارەساتێکی نێوخۆیی بێ. بەکارهێنانی دەستەواژەی بۆڕژوا- ناسیۆنالیست بۆ ئەو ڕێکخراوە کوردستانییانەی ئێران کە لایەنگری بیری سۆسیالیستین و بەرنامەکانیشیان لە پێوەندیی لەگەڵ دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، ئازادی، دیموکراسیی، مافی مرۆڤ و هتد دایە، شتێک نیە بێجگە لە چەواشەکارییەکی مەبەستدار. هێزەکانی "بۆرژوا - ناسیۆنالیستی!؟" کورد بە پێی پانتایی چالاکی سیاسییان لە جوغرافیای سیاسی کوردستان، وێرای لەبەر چاوگرتنی تەواوی ئاڵوگۆڕەکانی ئێران بە گشتی، بۆ خۆش‌بژیویی، پێكهێنانی ژیانێکی هێمنانە، دادپەروەرانە، بەختەوەرانە و شارستانیانە، هەروەها چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی تێدەکۆشن.

بە پێی ڕاستییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، ئەستەمە تاقمگەلێکی سەرلێشێواو لە باری بیر وهزری سیاسییەوە، بێ هاوکاری و پێوندیی لەگەڵ هێزەکانی کوردستانی بتوانن ڕۆڵێک لە داهاتووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بگێڕن و بە یارمەتی"پڕۆلتاریای کورد" توانای لادانی "بەرەی بۆرژوا ناسیۆناڵیزمی!!" کوردیان لە گۆڕەپانی سیاسەت هەبێ و ببن بە ئاڵترناتیوێکی بەهێزی "چەپ"! لە کوردستان و، پاش دامەزراندنی سۆسیالیزمی خەیاڵییان کێشەی نەتەوەکان لە ئێران و یەک لەوان لە کوردستان چارەسەر بکەن؟

لە هەر حاڵدا، پاش ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران و کرانەوەی فەزای سیاسی لە ئێران و کوردستان، جێ بۆ کار و چالاکیی حیزب و گرووپە جۆراوجۆرەکان دەکرێتەوە. ئەو شتەی لێرە گرینگە، هاوتەبایی هێزە کوردستانییەکان، هەبوونی بەرەیەکی یەکگرتوو و بە هێزی کوردستانی، پێکهێنانی سپایەکی نەتەوەیی لە پێشمەرگەکانی ئەم ڕێکخراوانە و لە ژێر فەرمانی کۆمیتەیەکی هاوبەش، نەک حیزبێکی تایبەتییە. پێویستە ئەم هێزە سپاییە پاش پێکهاتنی حکومەتی کورد لە هەرێمی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تەواویەتی بکەوێتە ژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگە، هەتا ڕێگە بە ئاژاوەگێری و شەڕفرۆشیی هیچ حیزب و تاقمەیەک و کەڵکوەرگرتن لە هێزی چەکدار دژ بە حیزب و هێزەکانی گەورە و بچووکی سیاسی بە بیرو ڕای جیاوازەوە نەدرێ و بارودۆخێکی باش و شیاو بۆ چالاکی و ململانێی سیاسی و مەدەنیی تەواوی ‌هێزەکان مسۆگەر بکرێ و، بەربەستێکی قانوونی بۆ هەر چەشنە دەستدرێژی و شەڕێکی ناوخۆیی پێکبێ. لەم حاڵەتەدا قانوون دەبێ دەستنیشانکەری سنوور و پانتایی چالاکی سیاسی تەواوی ڕێکخراوە و کەسایەتییەکان بێ، نەک هێزی چەکداری حیزبێکی سیاسی!

لەم پێناوەدا پێویستە هەر لە ئێستاوە خۆڕاهێنانی دیموکراسی و حاوانەوە لەگەڵ یەکتری بکەین. لەودەچی هەوڵدان بۆ پێکهێنانی بەرەیەکی بەرفراوان، کۆنگرە یان پارلەمانی کوردی ڕۆژهەڵات لە دەرەوەی وڵات بە بەشداری تەواوی حیزب و کەسایەتییە سیاسی و فەرهەنگییەکانی کورد هەوڵێکی بەرپرسانە و راستبینانە بۆ گەڵالەکردنی یەک بەرنامە و سیاسەتی هاوئاهەنگ و گشتی بێ.

لێرەدا پێویستە وێرای پێشوازیکردن لە بەشداریی لقی کوردستانیی حیزبێکی سەرانسەریی بۆچارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و هاوکاری لەگەڵبەرەی کوردستانی، ئاماژە بە جیاوازییەکی هەستیار لە نێوان ئەوان و حیزبە کوردستانییەکان بکەین.

خەباتی ڕێکخراوەیەکی کوردستانی هەر بە پێی نێو و ناوەڕۆکی بەرنامەکەی، ناوچەیەکی جوغرافیایی بە ناوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. ئەم چەشنە حیزبانە وێرای خەبات بۆ هێنانە سەرکاری دەوڵەتێکی دیموکرات و پێشکەوتنخواز لە ئێران، بە پێی بەرژوەندیی نەتەوەیی بەرەو ڕووی ڕووداوەکان، دانوستان و گفتوگو و خەباتی سیاسی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی دەچن، بەڵام ڕێکخراوەیەکی ئێرانی وێرای هەبوونی لقی خۆی لە کوردستان، کێشەی نەتەوەیی تەنیا وەکو بەشێک لە مەسەلەکانی ئەو وڵاتە لەبەر چاو دەگرێ. زۆر جار بە پێی زاڵبوونی بیری چینایەتی یان هەر بیرو هزرێکی دیکە، چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی لە پلەی چەندمی بەرنامەکەیدا دادەنێ. واتە بۆ وێنە بۆ حیزبێکی سەرانسەریی چەپ گەیشتن بە سۆسیالیزم، لەناوبردنی جیاوازی چینایەتی، دامەزراندنی حکومەتێکی کرێکاری و هتد ئەرکی سەرەکییە و پاشان دەکری لەم چەشنە حکومەتەدا ئاوڕێک لە کێشەی نەتەوەییش بدرێتەوە. بۆ لقی کوردستانی ئەم حیزبانە تەنانەت ئەگەر هەست و سۆزێکی بە هێزی نەتەویشیان هەبی، سیاسەتیان لە کوردستان شوێنکەوتنی سیاسەتی گشتی حیزبەکەیان بە گشتییە و ناتوانن بە پێچەوانەی ئەو سیاسەتە گشتییە بجووڵێنەوە.

هەڵبژاردنی شێوەی خەبات و دروشمی سیاسی.

پێویستە بۆ هەڵبژاردنی شێوە جۆراوجۆرەکانی خەبات و هەڵگرتنیدروشم، چەند فاکتەری سەرەکی وەکو هاوسەنگی و وەزعییەتی هێزەکانی خۆیی و دوژمن، شیاو بوونی بارودۆخی جیهان و نێوخۆیی، و بە تایبەتیی ئامانجی سەرەکی و ئامادەبوونی بارودۆخ بۆ گەیشتن بە خاڵی مەبەست بە دروستی لێکبدرێتەوە. لێنین گوتەنی "خەڵک دەبێ بتوانێ بە پێستی خۆی هەست بە ڕاست و دروست بوونی ئەو دروشمانەی بکات" کە هاتوونەتە ئاراوە. لەبەر چاو نەگرتنی ڕاستییەکانی نێو کۆمەڵگە و جیهان، هەروەها هەڵنەسەنگاندنی هاوسەنگیی هێزەکان، دەتوانی هۆی هەلبژاردنی پێش‌وەخت، ناوەخت، یان نادروستی شیوەیەکی خەبات و دروشمێک بێ، کە شکستی لێ دەکەوێتەوە. بە پێی ئەزمون، پێویستە کاتێک دوژمن بە هێزە و هێزی پێشکەوتنخواز لاوازە، حیزبێک یان ڕێبەرانی بزووتنەوەیەک پارێز لە جووڵانەوەیەکی رادیکال بکەن‌و، کاتێک هاوسەنگیی هێزەکان بە پێچەوانە بێ، بە پێی ستراتژی و شیاو بوونی بارودۆخ، تاکتیکێک هەڵبژێرن کە ئەگەری سەرکەوتن و پێگەیشتن بە ئامانجەکەن لە ئاستێکی بەرزدا بێ. سەرکەوتنی هەر خەباتێک ئاکامی هاوسەنگی هێزەکانی دژبەر و ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی، لێکدانەوە و جیاکردنەوەی بەرەی دۆست لە دوژمن، پێکهێنانی یەکیەتیی هێزەکانی پێشکەوتنخواز، کۆکردنەوە و ڕاکێشانی زۆرینەی خەڵک بۆ گۆڕەپانی خەباتی سیاسی‌ و؛ هاوکات دوورپارێزیی لە هەر چەشنە سێکتاریسم و ڤۆڵونتاریزمی ماڵوێرانکەرە. هیزێکی سیاسی دەبێ توانای کەڵکوەرگرتنی دروست و بە جێی لە هەر پێش‌هاتێکی لەناکاو و گۆڕانکارییە سیاسییەکان هەبێ، و ئەمە دەگەرێتەوە سەر ئاستی ئەزموون و خۆڕێکخستن و ئامادەبوونی ڕێکخراوەیی،ڕادەی نفووزی لە نێو چین‌و توێژەکانی کۆمەڵگە، هەروەها توانای ناسینو لێکدانەوەی ڕاستبینانەی ڕووداوەکان. لێرەدا بێ‌گومان ئەزمون و ئاگایی ڕێبەرایەتی حیزب یا بزووتنەوەیەک دەتوانێ ڕۆڵ بگێرێ و پێشگیری لە جوڵانەوەیەکی ناوەخت بکات. پێویستە لە تەواوی قۆناخەکاندا بایەخ بە پێوەندیی ڕاستەوخۆی ڕێبەریی حیزب یا بزووتنەوەیەک لەگەڵ خەڵک و پێکهێنانی متمانەی ئەوان بدرێ و چین و توێژەکانی کۆمەڵگە لە ڕێکخراوە سیاسی، کولتوریی و پێشەییەکان و هتد دا ڕێکبخرێن. حیزب و ڕێکخراوەیەکی سیاسی هاوکات لەگەڵ ئەوەدا کە خۆی بە نوێنەری بزووتنەوەیەک دەزانی و دەبێ دەنگی ئاشکرا و ڕوونی ویستی سەرەکیی کۆمەڵگەکەی بێ، دەبێ خۆی لە پۆپۆلیزم بپارێزێ و نەبێتە پاشکوی جەماوەر و بە پێی لێکدانەوەیەکی دروست و شارەزایانە، شێوەی خەبات هەڵبژێرێ و لێنین گوتەنی بزانێ "لە کوێ بە شێوەیەکی شۆڕشگێڕانە هەڵسوکەوت بکا و لە کوێ بە شێوەیەکی ڕێفۆرمیستی".

بە داخەوە نەک لە ئێران، بەڵکوو لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە هۆی نەبوونی سیستمێکی دیموکراتیکەوە، ڕادەی ئەزموونی کار و چالاکی مەدەنی و سیاسیی گەلێک نزمە. لە سەدەی ڕابردوو دا چوار بەشی کوردستان بە پێی بارودۆخی سیاسیی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان دابەشکردوە زۆرتر تووشی شەڕ و پێکدادان لەگەڵ حکومەتەکانی ناوەندی بووە و دەرفەتی کاری سیاسی و مەدەنیی بۆ هێزە پێشکەوتنخوازەکان نەرەخساوە. تەنانەت هەرێمی کوردستانیش لە تەواوی ئەم ساڵانەی کە پێکهاتووە بە چەشنی جۆراوجۆر لە ژێر مەترسیی هەڕەشە، پیلان و هێرشی سپای عێراقی بە هاوکاریی ملیشیاکانی حەشدی شەعبیدروستکراوی ئێران، هەروەها داعش بووە. لە باکوری کوردستانیش، سەرەڕای هەبوونی دیموکراسییەکی ناسەقامگرتوو هەزاران ئەندامی "حیزبی دیموکراتیکی گەڵان"و ‌هێزەکانی چەپ و دیموکرات کە دەیانەوەی لە ڕێگای ئاشتی‌خوازانە و مەدەنی گۆڕانکاریی لە سیستمی کۆمەڵگەدا پێک بێنن، گیراون و لە بەندیخانەکاندان.

لە ئەگەریی ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیدا دەبێ ئێمەی کورد ئەوە لەبەر چاو بگرین نیازمان بە بوونی ڕاستەوخۆ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و کەڵکوەرگرتن لە تەواوی شێوەکانی قانوونی و مەدەنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کورد و بڕینی قۆناخ بە قۆناخی بەربەستەکانیسەر ڕێگای جووڵانەوەی کورد هەیە. ئەمە کارێکی دژوارە و بەشێکی دەگەرێتەوە سەر هەڵسوکەوتی دەوڵەتی تازە پێکهاتووی داهاتوو لەگەڵ کێشەی نەتەوەیی و ئاستی ویستەکانی ئێمە.

لە ئێرانی داهاتوودا هیزێکی سیاسی کوردستانی دەبێ ستراتیژێکی ڕوونی نەتەوەیی هەبێ و کێشەی کوردیش هەتا پێکهاتنی دەوڵەتێکی نەتەوەیی بە یەکجاریی چارەسەر ناکرێ. بەڵام لە نەبوونی بارودۆخی پێویست بۆ گەیشتن بەم ئاواتە لە کورتخایەندا، چارە چیە؟بێ‌شک هیچ دەوڵەتێکی تەنانەت دیموکراتیکیش خوازیاری لەت لەت بوونی ئێرانی داهاتوو نییە‌و، ئۆپۆزیسیۆنی دەروەی وڵات بە چەپ و ڕاستیەوە هەڵویستی خۆیان لەم پێوەندییەدا ڕوون کردۆتەوە. پێشتریش ئاماژەم کردوە، ڕێگەی گەیشتن بە سەربەخۆیی ڕێگایەکی ڕێک و راست نیە و بە پێی بارودۆخ دەبێ ئەم ڕێگایە قۆناخ بە قۆناخ ببڕدرێ. بەم پێیە سەرەڕای هەبوونی ستراتێژی بۆ دامەزراندنیکەیان و دەوڵەتی کورد، پێویستە ئێمە پێشوازی لەهەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی سیاسی بکەین کەبێتە هۆی دێسنترالیزەکردنی ئێران لە چەشنی فیدراڵ یاخود کۆنفیدراڵ ‌و، تێبکۆشین وێرای بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی لە تەواوی شێوەکانی خەباتی مەدەنی و قانوونی بۆ چەسپاندنی ئەم مافە کەڵک وەربگرین. خەڵکی کورد دەبێ بە پێی هەست و ئەزمونی خۆی بەم ئاستە لە ئاگایی نەوەتەویی بگات کە بەرژوەندیی خۆی لە مانەوە لە چوارچێوەی ئێران یان لە جیابوونەوە لە جوغرافیایی سیاسی ئێران و پێکهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد دا ببینێ و ئەم هەنگاوەش هاوتەبایی لە گەڵ بارودۆخی جیهانی و ناوچەییهەبێ.

پێویستە ئێمە ئەم ڕاستیەش لەبەر چاو بگرین، ڕۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا لە چوارچێوەی موکریان و ئەردەڵان قەتیس نامێنێتەوە و پانتاییەکلە سنووری ئازەربایجانەوە هەتا سنووری خوزستان لەخۆدەگرێ، بەم هۆیەش، هێزە کوردستانییەکان بۆ پێشوازیی تەواو چێن‌ و توێژەکانی کوردستان لەم ویستە نەتەوەییە، پێویستی‌یان بە زەمەن و دەرفەتی شیاو بۆ پەرەپێدان و سەقامگرتووکردنی بیری نەتەوەیی و سەربەخۆییخوازانە لەبیر و هزری کۆمەڵگا هەیە.

پێویستە هەروەها ئاماژە بە خاڵێکی دیکەش، واتە چۆنیەتی ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران بکەین. ئایا ئەم حکومەتە بە شێوەیەکی ئاشتیخوازانە و مەدەنی، بە پێی کوودەتایەکی نێوخۆیی، شۆڕشی گەڵانی ئێران یاخود هێرشی هێزەکانی بیانی لە چەشنیعێراق دەڕووخێ و شەڕێکی ناوخۆیی لێ دەکەوێتەوە؟ لە هەر یەک لەم حاڵەتانەدا دەکرێ بە پێی وەزع و بارودۆخێک کە پێک دێ، هەروەها شێوەی هەڵسوکەوتی وڵاتانی زلهێز و ناوچە، ویست، هەڵوێست، تاکتیک و شێوەی خەباتی هێزێکی شۆڕشگێر بگۆڕدرێ.

بێ‌شک ئەگەر پاش ڕووخانی حکومەتی ئیسڵامیی ئێران حکومەتێکی دیموکراتێک - فیدراڵ یاخود کۆنفیدراڵ یان هەر چەشنە سیستمێکی ناکۆجێیی بێتەسەرکار، و نەتەوەکان بە پێی جوغرافیایی سیاسی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی ئێراندا مافی بەرامبەریان هەبێ، هەڵسوکەوتی ڕێکخراوە سیاسییەکان لەگەڵ دەستەڵات جیاوازیی دەبێ لەگەڵ حکومەتێکی سەرەڕۆی تازە،تەنانەت ئەگەر بە بیری چەپ یان هەرچەشنە بیرو هزرێکی بە ناو دیموکراتیکشەوە بێ.هەبوونی دیموکراسی ڕێخۆشکەرەی خەباتێکی ئەوڕۆیی و مەدەنیە، بەڵام سیاسەتی سەرکوتکەرانەی دەوڵەت دەبێتە هۆی ڕادیکالیزە بوونی شیوەی خەباتی هێزێکی سیاسیی.

ئاکامگیریی.

• حکومەتی سەرەڕۆی ئێران لە ئاستی نێوخۆیی و جیهانی ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەمەلایەنە بۆتەوە. سەرەرای ئەوەی کە لە ئێستاوە ناکڕی بە وردی پێش‌بینی تەواوی ڕووداو و پێش‌هاتەکانی داهاتووی ئێران بکرێ، ئەگەری ئاڵوگۆڕێکی جیددی لەم وڵاتە بە بەراوەرد لەگەڵ تەواوی ساڵەکانی دەستەڵاتداریی حکومەتی ئیسڵامی بە هۆی گوشاری نیوخۆیی و دەرەکی لە هەر کاتێکی دیکە بەهێزترە. بەم پێیە، پێویستەهێزەکانی کوردستانی لە ئێستاوە خۆیان ئامادەی ڕووبەروو بوونەوە لەگەڵ هەر چەشنە ڕووداو و ئاڵۆگۆڕێکی سیاسی لەناکاو لە ئێران بکەن. بێ‌گومان ناکرێ کات و شێوەی ڕووخانی ئەم حکومەتە بە وردی دیاری بکری، بەڵام ئاواتی هێزێکی بەرپرسی سیاسی، ئاڵوگۆڕی دەستەڵات بە کەمترین خەرج و زۆرترین دەسکەوت بۆهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە، بێ هێرشی سپایی یان خۆتێهەڵقوتاندن و دەستێوەردانی وڵاتێکی بیانییە. وێرای ئەوەش زۆر جار پێشهاتەکانی نێونەتەوەیی لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی خەڵک و هێزە سیاسییەکانە. بەم پێیە پێویستە ڕێکخراوە کوردستانییەکان بە هەبوونی بەرنامە و پلانی"ئا" و "بێ" وهتد بەرەو پیری ڕووداوەکان بچن و لەبەرامبەر ڕووداوە چاوەڕەواننەکراوەکاندا خافڵگیر نەبن و بە پێی دەرفەت و شیاوبوونی بارودۆخی نێوخۆیی و جیهانی ئامادەی هەر چەشنە مانۆرێکی سیاسی و هەڵگرتنی دروشمی شیاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەتەوەیی و دامەزراندنی کەیان و سەرەوەریی کورد بن.

• پێکهێنانی بەرە یان کۆنگرەیەکی نەتەوەیی وەکو نوێنەری زۆرینەی حیزب و کەسایەتییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها گەڵالەکردنی بەرنامەیەکی هاوبەش و پێکهێنانی سپایەکی نەتەوەیی دەتوانێ ڕۆڵێکی بەرچاو لەهەموو بوارێکی خەباتی سیاسی ئێستا و دادێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چ لە ئاستی نێوخۆیی لە کوردستان وەکو دڵخۆشی و بەرزکردنەوەی ورە و متمانە خەڵک، و چ لە ئاستی ئێران لە ڕەوتی پێکهێنانی بەرەیەکی گشتی لەگەڵ هیزەکانی پێشکەوتنخواز و وتووێژ و دانوستان لەگەڵ دەستەڵاتی داهاتووی ئێران بگێرێ.

• نوێنەرانی سیاسیی کورد بە پێی وەزعییەتی سیاسیی ئیران و جیهان، شیاوبوونی بارودۆخی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی و ڕادەی ئاگایی خەڵک و ڕێکخستنی جەماوەر لە حیزب و یەکیەتییە سیاسی، فەرهەنگی و پێشەییەکاندا، هەروەها هاوسەنگیی هێزەکانی دژبەر و هتد وێرای هەبوونی ستراتێژیەکی روونی نەتەوەیی، باشترە دروشمێک هەڵبژێرن کە دەرفەتی هاتنەدییزیاتر و ڕاستبینانەترە و خەڵکی کوردستان قۆناخ بە قۆناخ لە ئامانجە سەرەکییەکەی نزیکتر دەکاتەوە. لەم پێناوەدا هەبوونی دیموکراسی لە ئێران و کوردستان ڕێخۆشکەرەی پێکهاتنی بەستێنێکی شیاو بۆ کار و چالاکیی سیاسی، مەدەنی و ئاشتیخوازانەیە. هێزێکی پێشکەوتنخوازی کوردستانی نیازی بە کات و زەمەنی پێویست بۆ کارو چالاکیەکی کارا بۆ بردنەسەرەوەی ئاگایی نەتەوەیی و ڕێکخستنی خەڵک لە تەواوی کوردستان لە ماکۆوەهەتا دێهڵۆران هەیە.لە کوردستانی ئازادکراو دا پێویستە لە جیاتی چەکداربوونی ئەندامەکانی حیزب و ڕێکخراوە کوردستانی‌یەکان، سپایەکی نەتەوەیی لە ژێر ڕێبەرایەتی وەزارتی پێشمەرگەدا پێک بێ و، چوارچێوەی کار و چالاکیی پێشمەرگە بە پێی یاسای وڵات بێ، نەک ویستی حیزب و ڕێکخراوەیەکی دیاریکراو.


نیسانی ٢٠١٩
ماڵپەڕی کامەران ئەمین ئاوە
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک