٢٩\٧\٢٠١٠
کورد له کوێی ئه‌م
کێبه‌رکێیه‌دایه؟

مه‌هاباد کوردی
پرسی پێکهێنانی حکوومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا چه‌ند مانگێکه لایه‌نه
سیاسییه براوه و نابراوه‌کانی عێراقی به‌خۆیه‌وه مژووڵ کردووه. هه‌ر
که‌س و هێزێک بگریت یه‌کسه‌ر باس له ڕه‌وایه‌تی خۆی ده‌کات و ئه‌وی
دیکه‌شی پێ دۆڕاو و نایاسایی و ناده‌ستوورییه، وه‌ک ئه‌وه‌ی له‌و
وڵاته‌دا ڕۆژێ له ڕۆژان ده‌ستوور گه‌لێ حیسابی بۆ کرابێت!
گه‌لی کورد که هه‌ر له یه‌که‌مین ڕۆژی به‌زۆر پێکه‌وه لکاندنی خۆی و
به‌شێکی نیشتمانه‌که‌ی به‌م قه‌واره ده‌ستکرده نابه‌جێ و له‌رزۆکه‌وه
له زیان زیاتر چی تری پێ نه‌بڕاوه، ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ ڕۆژانه
باجی ئه‌م کرداره ناڕه‌وا و نامرۆڤانه و نادیموکراتییانه ده‌دات. ته‌نانه‌ت
ئه‌وانه‌ی که له‌به‌غداش له‌ژێر ناوی نوێنه‌رایه‌تیکردنی کورده‌وه
بوونه‌ته سه‌رکرده و وه‌زیر و نوێنه‌ر، وه‌ک کات بۆمانی سه‌لماند، ئه‌و
شته‌یان له ده‌ست نه‌هات که ڕۆڵه‌کانی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه چاوه‌ڕوانییان
لێیان ده‌کرد و به‌ته‌مایان بوون. ده‌شێ زۆر هۆکاری ئه‌م مه‌سه‌له‌یه
له ئارادا بن، به‌ڵام خاڵی گرنگ لێره‌دا ئه‌وه‌یه تا چه‌ند هیوا و
خواسته‌کانی ئه‌م میلله‌ته به‌وان جێبه‌جێ کران یانیش له داهاتوودا
جێبه‌جێ ده‌کرێن.
له ڕۆژی ئه‌مڕۆدا ڕه‌وشی سیاسی و ئه‌منی و ناکۆییه‌کان هه‌تا دێ په‌ره‌ده‌سه‌نن.
ململانێی لایه‌ن و پارت و هێزه‌کان تا هه‌نووکه چ شتێکی هومێدبه‌خشیان
پێ نه‌بووه. دیاره ئه‌وه‌ی که زیاتریش نرخی ئه‌م کێبه‌ڕکێ و گه‌ڕه‌لاوژێیه
ده‌دات، بێگومان خه‌ڵکی ڕه‌شۆکی و هیچ له ده‌ست نه‌هاتوو و له هه‌موو
شت بێبه‌شکراوه. له باشووری کوردستان، به‌تایبه‌تیش له‌و شوێن و ده‌ڤه‌ره
کوردستانییانه‌ی که هێشتا له‌بن ده‌ستی داگیرکه‌ران دان و ناوی جیا
جیاشیان بۆ دانراوه: ناوچه دابڕاوه‌کان، شوێنه جێناکۆکه‌کان، جێگه
کێشه‌له‌سه‌ر و هێشتا نه‌گه‌ڕاوه‌کان، خه‌ڵکی کورد ڕۆژ نییه له‌و
شوێنه کوردستانییانه له گه‌لێ ڕووه‌وه زه‌ره‌ریان لێ نه‌که‌وێت. ئه‌مڕۆ
هه‌ر ده‌ڵێی دوێنێیه و سیاسه‌تی به‌عه‌ره‌بکردن و ترس و تۆقاندن ڕۆڵی
جارانیان ماوه. هه‌ر ته‌نێ یه‌ک دوو ڕۆژ به‌ر له ئێستا باس له
هێڕشکردنه سه‌ر کوردانی جه‌له‌ولا له ڕاگه‌یاندنه حیزبییه‌کانی
کوردییه‌وه کرا. دانیشتووانی کورد له‌و شار و شارۆچکه و شوێنانه‌دا
وا خه‌ریکن دووباره و ده‌باره دووچاری کۆچ و ڕاوه‌دوونان و په‌لاماری
تیرۆریستان و شۆڤێنیستان ده‌بنه‌وه. ئه‌مه له کاتێکدایه که سه‌رکرده
کورده‌کانی باشوور، هه‌ر له دوای له‌ناوبردنی ڕژێمی گۆڕبه‌گۆڕی به‌عسه‌وه
تا هه‌نووکه‌ش، ڕۆڵێکی سه‌ره‌کییان هه‌بووه له دووباره پێکهێنانه‌وه
و دروستکردنه‌وه‌ی ئه‌و قه‌واره‌یه‌ی که به ناهه‌ق پێی ده‌گوترێت
عێراق. به‌ڵێ.. عێراقێک که هه‌ر له سه‌ره‌تای داتاشین و دامه‌زراندنیدا
مانای کاولکاری و قه‌ڵاچۆکردن و به‌عه‌ره‌بکردن و ئه‌نفال و سووتاندن و
له‌ناوبردنی سیسته‌ماتیکی بووه بۆ گه‌لی کورد و خاکه‌که‌ی.
ئاسۆی پێکهێنانی حکوومه‌ت له به‌غدا هێشتا ڕوون نییه. شیعه‌کان بوونه‌ته
چه‌ند به‌ش. سوننه و شیعه‌ش له زۆر شت‌دا لێک ناکه‌ن. ده‌ستتێوه‌ردانی
ده‌ره‌کی و ده‌وڵه‌تانی هه‌رێمی و به‌ناو دراوسێ له کاروباری عێراق له
جاران زیاتر گه‌شه‌ی سه‌ندووه. هه‌ر لایه‌نه و له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه
په‌ته‌که به‌لای به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا ڕابکێشێت. پێشتر که
ئێران له‌م بواره‌دا ڕۆڵی سه‌ره‌کی هه‌بوو، ئێستا تورکیا و ده‌وڵه‌ته
عه‌ره‌بییه‌کانی وه‌ک سعوودیه و سوریا و میسر و ئه‌وانی دیکه‌ش ده‌یانه‌وێت
قسه‌یان بڕوات. ده‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین عه‌ره‌بی عێراقی نه‌ته‌وه‌ی سه‌رده‌ست،
ئه‌گه‌ر خوێنی یه‌کتریش فڕ بکه‌ن و ئێسقانی یه‌کدیش وردوخاش بکه‌ن، به‌ڵام
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا تاکه شتێک هه‌ر ده‌مێنێ تا کۆیان بکاته‌وه ئه‌ویش
بێگومان دوژمنایه‌تیکردنی کورد و دۆزه ڕه‌وا و مافداره‌که‌یه‌تی! به
درێژایی مێژوو کورد له‌م بواره‌دا ئه‌زموون له‌پاش ئه‌زموونی به‌ڕێ
کردووه و کرده‌وه ناحه‌ز و ڕه‌گه‌زپه‌رستییه‌کانی عه‌ره‌بیشی به
چاوی خۆی بینیوه، لێ ئایا کورد و سه‌ران و حیزبه فه‌رمانڕه‌واکانی
باشوور چ په‌ند و وانه‌یه‌کی به‌سوود و ماناداریان له‌م تاقیکردنه‌وه
تاڵانه وه‌رگرتووه یان نا؟!
ئه‌مریکا ئه‌مڕۆ باس له کشانه‌وه‌ی هێزه‌کانی ده‌کات له عێراقدا. ژه‌نه‌راڵه‌کانی
ناڕه‌حه‌تی و بێئومێدی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن له‌مه‌ڕ قۆناغی دوای کشانه‌وه‌ی
هێزه‌کانیان له کۆتایی ساڵی 2011. ئه‌وان ئاماژه به‌وه ده‌که‌ن که
هێشتا سوپای عێراق، هێزی پۆلیس و پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش له
توانایاندا نییه به‌ره‌نگاربوونه‌ی ڕه‌وشێکی ناله‌بار و یه‌کسه‌ر
تێکچوو و تازه سه‌رهه‌ڵداوی ئه‌و وڵاته بکه‌ن. هه‌روه‌ها باس له
گرژییه‌کانی نێوان کورد و عه‌ره‌بیش ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی له هه‌ردوو
پارێزگای که‌رکووک و مووسڵ. هه‌ر ئه‌وان هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌وه‌ش ده‌که‌ن ته‌نانه‌ت
له باری چاره‌سه‌رنه‌کردنی ئه‌و کێشانه‌شدا هه‌ر عێراق به‌جێ ده‌هێڵن.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه: گه‌لۆ له ڕه‌وشێکی وه‌ها سه‌خت و هێشتا
نائارام و بنده‌ستبوونی زۆر ده‌ڤه‌ری ستراتیژی و گرنگی باشووری
کوردستانیش، کورد و سه‌رکردایه‌تی و هێزه به‌رچاوه‌کانی له‌و به‌شه‌ی
نیشتماندا ده‌بێ ڕووبه‌ڕووی چ چاره‌نووسێک ببنه‌وه یا بکرێنه‌وه؟
ئایا هه‌ڕه‌شه‌کانی ئه‌مریکا هه‌ر شتی سه‌ره‌زاره‌کین یانیش به‌ڕاستی
ده‌یانه‌وێت عێراق و باشووری کوردستان به‌ته‌واوه‌تی واز لێ بێنن؟ گه‌لۆ
ئه‌مریکاییه‌کان له‌به‌ر خاتری ئه‌فغانستان ئاماده‌ن له عێراق ده‌ربچن؟
یانیش ئه‌مانه هه‌موویان جۆرێکن له خۆ ئاماده‌کردن بۆ مانه‌وه‌ی
زیاتری ئه‌و هێزانه و له هه‌مان کاتیش‌دا که‌مکردنه‌وه‌ی ژماره‌یان،
به‌ڵام ڕۆڵ بینینیان به شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رتر و هاوشانیش له‌گه‌ڵ
ڕۆڵی سیاسی و دیپلۆماسی ئه‌مریکا له ته‌واوی ناوچه‌که‌دا؟
شوێن و پێی کورد له‌و مه‌یدانی کێبه‌ڕکێیه‌دا هێشتا ئه‌وه‌نده دیار
نییه. ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێ هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار باس له پۆستی
سیادی و شتی تر ده‌که‌ن، وه‌ک ئه‌وه‌ی که ئه‌و جۆره پۆستانه له چه‌ند
ساڵی ڕابردوودا گه‌لێ خێریان بۆ کورد هه‌بووبێت و کاریبێتیان بۆ نموونه
مادده‌یه‌کی وه‌ک 140ی ده‌ستوور جێبه‌جێ بکه‌ن. به پێچه‌وانه‌وه ته‌نانه‌ت
هه‌ندی نوێنه‌ر و وه‌زیری کورد له به‌غدا له غه‌یری بێده‌نگبوون و
قسه‌نه‌کردن شتێکی دیکه‌یان هه‌ڵنه‌بژاردووه.
وابه‌سته‌بوونی کورد به به‌غدا به‌ر له‌وه‌ی خێردار بێت زه‌ره‌ره نه‌ته‌وه‌یی
و نیشتمانییه‌که‌ی زیاتره، به‌تایبه‌تیش ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ئاستێکی مه‌ودادرێژ
و به چاوێکی کوردستانییانه لێی وردبینه‌وه. ڕۆڵه‌کانی ئه‌م گه‌ل و
خاکه هیوا و ئامانج و چاره‌نووسیان هه‌میشه و هه‌میشه کوردستانی و
نه‌ته‌وه‌یی بووه نه‌وه‌ک عێراقی و ئێرانی و سوریایی و تورکیایی. ئه‌وانه‌ی
ئه‌وڕۆ له باشوور ده‌سه‌ڵاتدارن، له من و له تۆش باشتر له‌م شته
ئاگادارن. جا ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی ته‌سکی حیزبایه‌تی،
هه‌رێمایه‌تی، دوژمنایه‌تی ناوخۆ، بارودۆخی ناوچه‌که، پله و پایه‌ی
که‌سێتی، فشاری داگیرکه‌رانی ده‌وروبه‌ر و گه‌لێ هۆکاری تریش به
جۆرێکی دیکه بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه‌یان مه‌سه‌له‌یه‌کی تره و ڕاستی
و ناڕاستی شته‌کانیش، کورد گۆته‌نی، لای خه‌ڵک و خوا ئاشکران.
27\7\2010 - ستۆکهۆڵم
ماڵپه‌ڕی مه‌هاباد کوردی
|