په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢\٤\٢٠٢٦

کورد لە یاریی ئاسیای گەورەدا.


ئەرسەلان مەحمود      


جیهان لە گۆڕانکارییەکی گەورەی ستراتیژیدا دەژیت. ناوەندی کێشمەکێشی نێودەوڵەتی لە ئەوروپا و ئەتڵەنتیک گواستراوەتەوە ئاسیای گەورە. چین و هیندستان بوونەتە دوو مۆتۆری سەرەکیی ئابووری و تەکنەلۆژیای جیهان و پاکستان لە ناوەندی دیپلۆماسیی نهێنیدایە. ئەمە یارییە نوێیەکە نییە، بەڵکوو درێژەدانە بە یارییە کۆنەکەی جوگرافیا و هێز. ئێستا بۆ ئێمە پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە: کورد لە کوێی ئەم یارییەدایە؟

جوگرافیا - نەفرەت یان سەرمایە؟

لە مێژووی سیاسی ئاسیادا، وڵاتانی وەک پاکستان و تورکیا و ئەفغانستان بە هۆی شوێنی جوگرافییانەوە بوونە ناوبژیوانی نێوان هێزە گەورەکان. جوگرافیا بۆ ئەم وڵاتانە نە نەفرەت بووە و نە بەختەوەری، بەڵکوو ئامرازێک بووە  هۆشیارانە بەکاریانهێناوە. پاکستان لە دەیەی حەفتاکانی سەدەی ڕابردودا، بە هۆی ئەوەی دەروازەی ئاسیای ناوەندییە سودمەند بوو لەوەی ببێت بە پردی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و چین و ئەمڕۆش هەمان ڕۆڵی هەیە لە یاری نوێی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیادا.

کوردستان لەم ڕوانگەیەوە شوێنگەیەکی تایبەتی هەیە. لە ناوەندی چوار وڵاتی سەرەکیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدایە: تورکیا، ئێران، عیراق و سووریا. لەسەر ڕێگەی پەیوەندی ئاسیا ئەوروپایە. سەرچاوەی دوو ڕووباری سەرەکیی ناوچەکەیە، واتە دیجلە و فورات. بەڵام بە درێژایی مێژوو، ئەم شوێنگە جوگرافییە گرنگە بووەتە هۆکاری دابەشبوون و قوربانیبوون، نەک ئامرازی هێز. پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە جوگرافیا لە نەفرەتەوە بگۆڕین بۆ سەرمایە؟

ئامرازی هێز، وەک بۆمبە ئەتۆمییە یان شتێکی تر؟

لە یاری ستراتیژیی ئاسیادا، هەر وڵاتێک ئامرازی هێزی تایبەت بە خۆی هەیە تا شوێنگەی لە سیستەمی نێودەوڵەتیدا، جێگر بکات. پاکستان بۆمبە ئەتۆمییەکەی هەیە. هیندستان بازاڕی گەورەی تەکنەلۆژی و سەرمایە مرۆیییەکەی. چین بووەتە کارگەی جیهان و خاوەنی گەورەترین ئابووریی بەرهەمهێنەر.

کورد، نە دەوڵەتە نە ئەتۆم و سوپای گەورە و یەکگرتوویشی هەیە. بەڵام ئاو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زێڕی سپییە و کوردستانیش سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی ناوچەکەیە. نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاڤای کوردستان بە بەرچاوە. لەوانەش گرنگتر، سەرمایە مرۆیییەکەیەتی: نەوەیەکی گەنج، فێرخواز، چەند زمانە، لە سەدان شارو وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە. ئەم دیاسپۆرایە خۆی سەرمایەیەکی ستراتیژییە ئەگەر ئاقڵانە بەکاربهێنرێت. کەی و چۆن ئەم ئامرازانە دەکرێ بکرێنە کارتی سیاسی، ئەمە کڕۆکی باسەکەیە؟

تۆوێک بچێنە دارەکەی دوای نیو سەدە گەورە دەبێت.

یەکێک لە گرنگترین وانە ستراتیژییەکانی ئاسیا ئەوەیە ئەنجامە گەورەکان ساتی و کاتی بەدەستناهێنرێن. ئاشتبوونەوەی ئەمریکا لەگەڵ چین لە ١٩٧١ تۆوێک بوو ئەنجامەکانی دوای نیو سەدە زیاتر دەرکەوتن. ئەمڕۆ چین بووەتە گەورەترین ڕکابەری ئەمریکا لە ئاستی جیهاندا، ئەو ئاشتبوونەوەیە بنەمای فراژۆ بوونی ئابووریی چین بوو. هیندستان هەروەها بە چەندین دەیە کاری بێدەنگ لەسەر تەکنەلۆژیا و پەیوەندییە ستراتیژییەکان تا گەیشتووەتە ئاستی ئەمڕۆ.

بیرکردنەوەی سیاسیی کوردی بەداخەوە زۆرجار گرێدراوە بە ساتی کاتی و قۆناغبەندی ڕۆژانە و مانگانە: شەڕی ئەمڕۆ، دانوستانی ئەم هەفتەیە، هەڵبژاردنی ئەم ساڵە. ئەمە سروشتییە بۆ نەتەوەیەک لەژێر فشاری بەردەوامدایە. بەڵام نمونەی ئاسیا پیشانی دەدات نەتەوە سەرکەوتووەکان بیرۆکەیان هەیە بۆ پەنجا ساڵی داهاتوو، نەک تەنها بۆ سبەینێ. کورد پێویستیان بە کارنامەی ستراتیژیکی درێژخایەن هەیە: کوردستان لە داهاتوودا دەیەوێت بێت بەچی؟چجۆرە پەیوەندییەکی ئابووری و زانستی و دیپلۆماسی پێویستن؟ ئەم پرسیارانە و چەندانی تر دەبێت لەمڕۆوە بپرسرێت، تەنابەت ئەگەر وڵامەکانیان دوای دەیان ساڵی تریش دەرکەون.

هیچ نەتەوەیەک بە تەنها سەرناکەوێت.

دینامیکی ئاسیای گەورە یەک ڕاستی بەرچاو پیشان دەدات: هیچ وڵاتێک بە تەنها نەبووەتە هێزی گەورە. چین بەبێ ئاشتبوونەوە لەگەڵ ئەمریکا نەیتوانی هەڵکشێت. هیندستان بەبێ هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئەمریکا و ژاپۆن نەیدەتوانی بگاتە ئەو جێیەی ئێستای. تەنانەت پاکستان ئەو ڕۆڵە ناوبژیوانییەی دەیگێڕێ بە تەنها دروستی نەکردووە، بەڵکوو هێزە گەورەکان پێویستیان پێیبووە.

وانەکە بۆ کورد ئەوەیە پێویستە بیرکردنەوە لە هاوپەیمانی حزبی و تەنانەت نیشتمانیش بگۆڕین. کورد نابێ تەنها داوای مافەکانی لە حکومەت و ناوەندە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بکات، بەڵکوو دەبێت ئەو بیرۆکە ستراتیژییانە پێشکەش بکات هاوپەیمانە گەورەکان پێویستیان پێیەتی. ئاو، شوێنی جوگرافی، سەرمایەی مرۆیی، ئاسایش لە ناوچەیەکی ناسەقامگیر، دیموکراسی، ئەمانە هەمووی دەتوانن ببنە بنەمای هاوپەیمانی ستراتیژیک نەک تەنها سۆزداری. جیهان بە بەرژەوەندی کار دەکات، نەک بە سۆز. ئەو نەتەوەیەی دەتوانێ بەرژەوەندیی هاوبەش دروست بکا، دەتوانێت هاوپەیمانیی پتەو بەدەست بهێنێ.

دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەک قوربانییەکەی.

ئەگەر پاکستان توانی ببێتە دەروازەی ئاسیای ناوەندی بۆ جیهان، کوردستان رەنگە بتوانێت ببێتە دەروازەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. لە نێوان تورکیا و ئێران و عیراق و سوریادا کوردستان لەسەر هێڵی ئاگری کێشمەکێشە ناوچەییەکانە، هەمان ئەو هێڵانە دەتوانن ببنە هێڵی بازرگانی و دیپلۆماسی ئەگەر نیشتمانیانە بەڕێوەببرێن. نمونەی سەنگاپوور و دوبەی پیشانمان دەدات شوێنی بچووک و لە ناوەندی کێشمەکێشدا، دەتوانێت ببێتە ناوەندی بازرگانی و ناوبژیوانی ئەگەر ستراتیژییەکی ڕوونی هەبێت.

ئەمە پێویستی بەچییە؟ گۆڕینی ئەو بیرکردنەوەیەی کورد قوربانین و جیهان بێباکە لە بەرامبەریدا. وەها بیرکردنەوەیەک هەرچەندە بنەمای مێژوویی و ڕاستەقینەی هەبیت، وەک بنەمای ستراتیژیک کاری ناکات. نەتەوە سەرکەوتووەکانی ئەمڕۆی ئاسیا، هەموویان مێژوویەکی پڕ لە داگیرکراویی و قوربانیبوونیان هەیە. بەڵام لە شوێنێکدا بڕیاریانداوە لە قوربانیبوونەوە بڕۆن بۆ کارلێکەری. ئەم گۆڕانکارییە لە بیرکردنەوەدا، پێش هەموو شتێکی ترە، یەکەم هەنگاوە.

 داهاتوو لە ئێستاوە دەست پێدەکات.

جیهان گۆڕاوە. ناوەندی هێز، سامان و زانست گەڕاونەتەوە ئاسیا. ئەم گۆڕانکارییە مەترسی و دەرفەتی بۆ هەموو لایەک تێدا هەن. بۆ کورد تایبەتمەندە - کوردستان لە ناوەندی گۆڕانکارییەکەدایە. ئەوەی پێویستە ئەمڕۆ بکرێت ئەوە نییە چەک هەڵبگیرین یان وتار و دروشمی سیاسی ڕیز بکەین، بەڵکوو ئەوەیە بیر بکە لە یاری ئاسیای گەورە و جیهان بکەینەوە، کورد چ پێشکەش دەکات و چ جێگەیەکئ دەبێت هەبێت؟

ئەمڕۆ ناتوانرێ وڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە. ئەوەی ئەمڕۆ دەکرێ بکرێت ئەوەیە پرسیارەکان بکرێن، تۆوەکان بچێنرێن. عەقڵەکان متوربە بکرێن، چونکە دارەکان دوای نیو سەدە گەورە دەبن. ئەو نەتەوەیەی ئەمڕۆ ناچێنێت، سبەینێ سێبەری نابێت.

 

ماڵپه‌ڕی ئه‌رسه‌لان مه‌حمود

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک