په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٣\٧\٢٠١٤

کورد نابێ بە بێ پرس پەنجە بە ئاودا بکا؟!


ستار محەمەد قادر   


با وەبیری خۆمانی بهێنینەوە، سەردەماتێک رۆڵەکانی ئەم میللەتە کە تەنها چیاکانی کوردستان پشت و پەنایان بوو، بۆ دووژمنێکی زاڵم و خوێن مژی وەکو بەعس بە چۆکدا نەدەهاتن، هەموو شۆڕشەکانیش گەواهی ئەو راستیەن، دەکرێت لەخۆمان بپرسین: " ئایا کاتێک بڕیاری شۆڕِش درا، دوژمنەکانمان رازیبوون " ؟! بەدڵنیاییەوە نەخێر، ئەی کەواتە بۆ دەبێت ئەمڕۆ پرسی دووژمنانمان بە هەند وەربگرین؟ خۆ ئێمە تەجاوزمان نەکردووەتە سەر مافی هیچ ووڵاتێک، ئێمە لەنێو ماڵ و لەسەر خاکی خۆمانین.


بەحەقیقەت زۆر ئەوە بەلامەوە سەیرە، کاتێک گوێبیستی ئەوە دەبم کە رەوشی ئەمڕۆ ئەوە لە کورد ناخوازێت کە قسەو باس لە دەوڵەتی سەربەخۆ بکات، چونکە هیچ ووڵاتێک گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵ نەکردووە، ئەی کەواتە ئیرادەی ئەم گەلە چی لێهات کە بەدرێژایی مێژوو لەسەر مافە رەواکانی لە گەڵ مەرگدا دەستەو یەخە بووەو هەرگیز لە مردن سڵی نەکردووەتەوە، کورد وەکو گەلێکی سەربەخۆ، خودی خۆی دەبێت مژاری ئەوە بکات کە چی دەوێ و بۆ کوێ هەنگاو دەهاوێ و مەبەستێتی بە کوێ بگات، نەک ووڵاتێکی بیانی یان دراوسێ نەخشە رێگەی بۆ دیاری یان دەست نیشان بکات!


کورد شایانی ئەوەیە کە ببێت بە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی و کیانێکی سەربەخۆی هەبێت، ئەوانەی ئەو مافە لە ئێستادا بەکورد رەوا نابینن، بە ئاگایی بێت یان نا ئاگایی، دەچێتە خانەی سووکایەتیەوە بە میللەتی کورد!


بۆ نەتەوەی عارەب چی لە کورد زیاترە وا خاوەنی بیست و دوو ووڵاتن؟ یان فارس و تورک؟ ئەگەر ئێمە خۆمان پێمان وا بێت ناتوانین شان وەبەر دەوڵەتی سەربەخۆ بدەین، خۆ ناکرێت ئەو ئەرکە بە ووڵاتێکی دیکە بسپێرین؟ پێویستە سنوورێک بۆ ئەو دیدو بۆ چوونانە دابنرێن، وا زیان بە دۆزی کوردو کاراکتەری کورد دەگەیەنێت، ئەمڕۆ ئەگەر بمانەوێت شاری کەرکوک بە نموونە وەربگرین و لە گەڵ هەر سێ شارە دەستە خوشکەکەی: " سلێمانی و هەولێرو دهۆک " دا بەراوردی بکەین، دەبینین ئەو سێ شارە بە ماوەیەکی کەم چۆن توانیان کێبەرکێ لە گەڵ کات و زەممەندا بکەن و لە هەموو رووەکانەوە چۆن گەشە بکەن و پێش بکەون، کەرکوکیش لە چ دۆخێکدایە، هەم لەڕووی ئەمنیەوەو هەم لەڕووی خزمەتگووزاریەوە، لێرەوە بە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت یان کۆنفیدڕاڵی، کەرکوکیش دەبێت بە بەشێک لە هەرێمی کوردستان و لەو دۆخە دژوارو نا هەموارەی عێراق رزگاری دەبێت، ئەی کەواتە دەبێت بۆ دژایەتی ئەم هەنگاوە بکرێ و دڵە راوکێ و دوو دڵی بکەن بە بەهانەی کۆمەڵێک دیدو بۆ چوونی نا مەنتیقی، بێ ئەوەی بەخۆیان بزانن بەم دیدو بۆ چوونە چەواشە کاریانە هەست و ناخی هاوشاریەکانی کەرکوک بریندار دەکەن و دەیانەوێت ئەوەمان پێ بڵێن، دەبێت ئێمە تا هەتا هەتایی بە عێراقەوە بلکێنرێین و بەهیچ شێوەیەک بیر لەوە نەکەینەوە لە مۆتەکەی عێراقێکی پڕ لە کێشەو قەیران قووتارمان بێت!


لێرەدا پێشنیارێک بە باش دەزانم، با ئەمڕۆ دەسبەرداری بەخشینەوەی رق ببین، چونکە ئەوەی ئەمڕۆ روودەدات، چارەنووسی گەلێکی ستەملێکراو دەستنیشان دەکات، ئەگەر لە خەمخۆریش بێت، دەتوانین بابەتیانە رەخنەکانمان دەرببڕین و کارێک نەکەین دوا رۆژ لێی پەشیمان ببینەوە، چونکە مێژوو هەموو شتێک تۆمار دەکاو پاکانەو پاساویش سنوورێکی هەیە!


ئەگەر کورد خۆی بیر نەکاتەوەو پلان و بەرنامەی نەبێت بۆ داهاتووی خۆی؟ ئەگەر کورد نەزانێت چی دەوێ و چی باشە لە ئەمڕۆدا بڕیاری لەسەر بداو جێبەجێی بکات؟ خۆ ناکرێت ئاخوندێکی ئێرانی بەرنامەی کاری بۆ دابنێت؟ کورد دەبێت خۆی ببێت، بە واتایەکی تر دەبێت خودی خۆی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات و لەدەستی خۆیدا بێت، ئەمڕۆ بە هەموو پێوەرێک هەلێکی زێڕین بۆ کورد هاتووتە ئاراوە، ئەم هەلە رەخساوەش کۆمەڵێک ئەرک دەخاتە سەر شانمان، ئەرکەکان بەر لەوەی بە حزبی بکرێن و کراسی ئایدۆلۆژیای وەبەردا بکرێت، ئەرکێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، ئەو ئەرکەش بۆ هەمووان وەکو یەکەو هەر کەسە بەپێی شوێن و پێگەی دەتوانێت لەخزمەتیدا بێت، دەبێت ئاستی بیرکردنەوەمان بەم ئەندازەیە بێت، نەک پێچەوانەکەی، بۆیە وا باشترە ئیرادەی کورد سەربخەین، نەک لە دووژمنانمان زیاتر لە هەوڵی بێ ئیرادە کردنی خۆماندا ببین؟! ئەوانەشی ئەو مافە بۆ کورد بە رەوا نابینن، با بەڕاشکاوی ئەوە بڵێن : " کورد نابێت بێ پرسی دوژمنانی پەنجە بە ئاودا بکات"؟!

 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک