١٥\١٠\٢٠١٠
کورد سەرقاڵى
خۆکوشتنە.
پێشڕەو حەمید
لەعێراقى دواى دەسەلاتى بەعسیەکان کورد خاوەنى پێگەیەکى بەهێزو
ئامادەییەکى بەرچاوى هەبو لەنێو هاوکێشە سیاسى و ئابوریە نوێکەى
عێراقدا و سەرکردایەتى سیاسى کورد دەیتوانى هەرلەسەرتاى داڕوخانى
دەوڵەتى عێراقەوە ، بەپشتگیرى کردنى جەماوەرى لەناوخۆى هەرێمى
کوردستاندا دەوڵەتێکى سەربەخۆ ڕابگەینێت و ئەوەى لەماوەى 80 ساڵى
ڕابردودا هەزاران قوربانى لەپێناودابەخشراوە بەدەستى بهێنێت و بۆهەمیشە
پرسى نەتەواویەتى چارەسەربکات و پێگەیەکى بەهێز بۆخۆى دروستبکات لە
ناوەچەى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست ، بەڵام وەک هەمیشە و لەپێناوى چەند
پۆستێکى تەشریفاتیدا گەورەترین هەلى زێرینى لەدەست داو لەیەکەم شکستى
بیرکردنەوەى سەرکردە سیاسیەکانماندا ، خەونى لەمیژینەى تاک بەتاکى
کوردى وەک دەڵێن بوبە خەونێکى شاعیرانە ؟!
لە هەڵبژاردنى حەوت مانگى ڕابردوى ئەنجومەنى نیشتمانى عێراق لیستى
کوردى چوارەمین و لاوازترین لیستى نیو لیستە سەرکەوتوەکانە لەسەرئاستى
نەتەوەیش وەک پێکهاتەیەک لەگۆمەڵگاى عێراقیدا هێشتا خاوەنى پێگەى
بەهێزى خۆیەتى ، بەڵام سەرکردایەتى سیاسى کورد چۆن کارلەسەر ئەو
پێگەیەى خۆى دەکات و بەچى تاکتیکێکى سیاسیانەوە کێبرکێ لەسەر ڕازى
کردنى لایەنى بەرامبەر دەکات بۆ قبوڵکردنى مەرجەکانى بۆهاوپەیمانى
بەستن لەپشتگیرى کردنى یەکیک لەلایەنە سەرکەوتوەکان بۆدروستکردنى
حکومەت ؟ ئەگەر ماددى 140 و بودجە و پێشمەرگە و موشتەقاتى نەوت و غاز
مەرجى سەرەکى دانوساندنەکانى کورد بیت لەگەل لایەنە عەربیەکاندا ، ئەى
ئەو مەرجانە کامانەن کە لایەنە براوەکان دەیکەنە مەرجى سەرەکى خۆیان
لەبەرامبەر قبوڵکردنى دخوازیەکانى کوردا ؟ لەئیستادا تەواوى لیستە
براوەکان لەسەر ئەوەکۆکن کە ماددى 140 ماددەیەکى دەستوریەو دەبێت جێ
بەجێ بکرێت بەبى ئەوەى هیچکامیان سەقفیکى زەمەنى بۆدابنین و دەبێت کورد
لەم پرسەیاندا بویرانە پێداگرى بکات و هیچ وەک رابردو فەرامۆشى نەکات ،
مەسەلەى کەرکوک و شوێنە دابراوەکانى تر پەیوەندیان بە هەمان ماددەوە
هەیە و مەسەلەى سەرژمێرى کردن پێگەى کورد و تەواوى نەتەوەکانى تر لەو
شوێنانەدا یەکلاى دەکاتەوە کەلەئێستا هەمو عەرەب و تورکمانەکانى عێراق
لەدژى دەوستنەوەو لیستەکەى مالکى و حەکیم و عەلاویش بەشێوەیەکى مەبدەئى
لەگەل ئەوەدا نین کە ئەو سەرژمێرى کردنە بەکۆتا بگات و عێراق لەو
قەیرانە دەربازبکەن کە تائیستا تێى کەوتوە ؟
لیستەکەى مالکى مکوڕەلەسەر ئەوەى لەم هەفتەیەدا حکومەت پێکبهێنێت و
لیستەکەى عەلاویش بەنیازى کۆدەتایە و کوردیش لەنێوان دوبەرداشدا
سەرقالى خۆ کوشتنە ، ئایا لیستە و قەوارە کوردیەکان لەگەل مالکى
هاوپەیمان دەبن و هاوکارى دەبن بۆپێکهێنانى حکومەت یان لیستەکەى عەلاوى
سەردەخەن و پشتگرى دەکەن ؟ یان کورد وەک ئۆپۆزیسێون دەمێنیتەوەو تەواوى
پرسە چارەنوس سازەکانیش وەک خۆیان لەنێو ئەوبازنە وشکەى گۆڕەپانى سیاسى
و ئابورى عێراقدا خول دەخۆن دەبێت چاوەڕوانى ساتێکبین کە سەرکردایەتى
سیاسیى کورد لیبڕاوانە بریاربدات و کەرکوک بەگوشارى هێز بخاتەوە
سەرهەرێمى کوردستان و لە پارێزگاى موسڵێش حکومەتى ناوخۆى دروست بکات و
هەمیشە چاوەڕوانى کاردانەوەى سەربازى تورکیا و هێزە ڕادیکاڵە ئیسلامیى
و بەعسیەکان بێت ؟!
ماڵپهڕی پێشڕهو حهمید
|