٢٥\٣\٢٠١٧
کورد و بابەتی
پاراستنی ژینگە!

ستار محەمەد قادر
چەمکی ژینگە؛ چەمکێکی فرە رەهەندەو پەیوەندیی بەئاستی هۆشیاریی
گەلانەوە هەیە، گەلانی زیندوو بایەخ بەپاراستنی ژینگەی هەموو ئەو شتانە
دەدەن، کە لەژێر هەژموونی ئەواندان، ئەوە جگە لەژینگە مرۆڤایەتیەکەیان،
ئەوان بابەتی پاراستنی ژینگە جگە لەوەی بووە بەبەشێک لەبوونیان، لەناو
کلتووریشیاندا جێگیر بووە، پاراستنی ژینگە، بابەتێکی زۆر هەستیارە،
ناکرێت تەنها لەبابەتێکدا کورتی بکەینەوە، چونکە دوا جار ئەوە ژینگەی
خێزان و کۆمەڵگاو خوێندنگاو ئەکتی سیاسەت و سیستمی سیاسی و ... هتد زۆر
شتی ترە کەمرۆڤ دەکەوێتە ژێر کاریگەریانەوەو لەرەوتارەکانیدا
رەنگدانەوەی دەبێت و ئاراستەیان دەکات!
مرۆڤگەلێک لەتوانایاندا نەبێت داکۆکی لەژینگەی خۆیان وەکو مرۆڤ بکەن،
بۆ ئەوەی مافەکانیان پارێزراو بێت، چۆن داوای ئەوەی لێ دەکەیت، ژینگە
بپارێزێت؟ مرۆڤگەلێک ئاستی هۆیشیارییان ئەوەندە نزم بێت، تا ئێستا
لەبەهای خۆیان وەکو ئینسان نەگەیشتووبن، چۆن چاوەروانی ئەوەیان لێ
دەکەیت، خۆڵ و خاشاک پاک بکاتەوە؟
کورد دەتوانێ لەهەندێک بواردا لاسایی گەلانی پێشکەوتوو بکاتەوە، چونکە
بابەتی ژینگە پاراستن، گۆرینی ستایلی قژ یان جل و بەرگ، یان گۆرینی جل
شۆرێکی ئاسایی بەفوول ئۆتۆماتیک، یان درووستکردنی ڤێلایەکی ئاخر مۆدە
نیە، ئەو شتانە شتی زۆر لاوەکین، بەڵام بابەتی ژینگە شتی پەروەردەیی و
فیکریی و ئەخلاقیە، پاراستنی ژینگە بابەتێک نیە بتوانین لەرێی سۆشیال
میدیا یان تۆری کۆمەلایەتیەوە لەزیهنی تاکەکاندا تەوزیفی بکەین، چونکە
ئەو خووی بەپیسکردنەوە گرتووە، ئەو پرۆسەی پیسکردنە گوزارشت لەواقیعە
ژینگەییە کۆمەلایەتی و پەروەردەییەکەی دەکات، گوزارشت لەو واقیعە
حوکمرانیە دەکات کە تا چ ئەندازەیەک لەخەمی پەروەردەکردن و
بەرجەستەکردنی مافی هاولاتیبووندایە لەواقیعدا!
ئەوەی دەیبینین، دەتوانین لەدەلاقەیەوە زۆر شتی خۆمان بخەینە ژێر
پشکنینەوە، بۆ ئەوەی بۆمان ئاشکرا بێت، ئەو خەڵکە بۆ بەوشێوەیە لەگەڵ
سرووشتدا مامەڵە دەکەن؟! بۆ هاوخەمی پاکراگرتنی ژینگەکەی نیە، چ
رایەڵێک مرۆڤ بەسرووشتەوە دەبەستێتەوە، ئەو پەیوەندییە لەسەر چ
بنەمایەکە، بۆ پاک راگرتنی ژینگە هیچ بایەخێکی نیە لای ئەو؟! لەبەر
ئەوە بەسەر کۆنەکردن، هیچ لەواقیعەکە ناگۆرێت، دەبێ ئێمە بێین قسە
لەسەر کۆی جومگەی ژینگەییمان بکەین، بزانین تا چەند لەبارە بۆ ئەوەی
مرۆڤێک بەرهەم بهێنێت، کەبەیەک چاو تەماشای ماڵەکەی خۆی و شۆستەو
شەقامەکان بکات، چۆن خۆشی بۆ خۆی دەوێت، ئاوهایش بۆ ئەویتری بوێت، یان
بپرسین: ئەوە چیە وا لەهاوڵاتیەکی هۆڵەندی دەکات، ژینگەی وڵاتەکەی پاک
رابگرێت؟ ئەی بۆ هاوڵاتیانی ئێمە پیسی دەکەن؟!
ئەگەر وڵاتەکەی ئەوان بەپێشکەوتوو لەقەڵەم بدەین، دەبێ لەوە دڵنیا ببین،
ئەو پێشکەوتنە رەنگدانەوەی ئاستی هۆشیاریی و پێشکەوتنی گەلانە
لەوڵاتەکانیاندا رەنگی داوەتەوە، کەواتا بەزمانێکی تر، تا ژینگەی
کۆمەلایەتی ە خێزانی و حوکمرانی و فۆرمی وڵات لەزیهنماندا گۆرانی
بەسەردا نەیات، بابەتی پاراستنی ژینگە دەبێ چیرۆکی گوێی ئاگردان، کەی
توانیمان ئەوانە لەخۆڵ و خاشاک پاک بکەینەوە، ژینگە سروووشتیەکەیش پاک
رادەگرین؟!
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|