٢٤\٨\٢٠١٤
کورد و هونەری دەموچاو گۆڕین؟!

ستار محەمەد قادر
کورد دەڵێ: ریش بوە ریشەوە دەبێت شانەی بۆ هەڵگریت، بەشداریکردنی
سەرکردایەتی کورد وەکو کاراکتەرێکی سەرەکی لەدروستکردنەوەی عێراقی
نوێدا، بەوە دەکات کەوتبنە بەردەم بەرپرسیارێتیەکی ئەخلاقی و مێژوییەوە،
ئاستی ئەو بەرپرسیارێتیەش بێ گومان سنوری خۆی هەیە، ئەگەر عەبادیش
بەدەردی مالیکی هەمان هەڵە دوبارە بکاتەوە، وەکو جافەری بڵێت
کەمتەرخەمیەکان لەخودی خۆتاندایە، ئەوا ئەو کات شانەش بەدەردی پاکانەی
سەرکردەکانی کوردەوە نایات و دەبێت ئەو هەڵە مێژوییەی خۆیان راست
بکەنەوەو هەر لەئێستاوە بکەونە هەڵپەو لەڕێی کەناڵ و پەیوەندیە
دیپلۆماسیەکانیانەوە، کار بۆ ئەوە بکەن، ئەڵتەرناتیڤی عێراق وەکو
مژارێک بخەنە بەرنامەی کاریانەوەو پلانی بۆ دابنێن، چونکە ئەوان
لەبەرانبەر چارەنوسی گەلێکی ستەملێکراو، بەر لەدەوڵەتێکی عارەبی
بەرپرسیارن!
گۆڕانی مالیکی بە عەبادی، گۆڕانێک نیە لەهزرو دونیا بینی شیعەدا
بەرجەستە بوبێت، بەڵکو گۆڕانێکە جەبری گۆڕانکاریەکان کردی بەئەمری
واقیع، بەواتایەکی تر، ئەوە جەبری شیعە نیە کە وای لەمالیکی کرد
دەسبەرداری کورسیەکەی ببێت، بەڵکو دوای روداوەکانی موسڵ و هاتنە
سەرخەتی وڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاو بەرگریکردنی لەهەرێمی کوردستان،
ئەوە بۆ شیعە رون بوەوە کە دەبێت ئەو گۆڕانکاریە ئەنجام بدەن، لەبەر
ئەوە باجێکی قورس و گەورە دەکەوێتە سەرشانیان!
کورد بەلادان یان دەستلەکارکێشانەوەی مالیکی نابێت شا گەشکە بێت، ئەگەر
مالیکی بریتی بێت لەبەشێکی بچوکی ئەو گەمەیەی وا لەڕێی ئەوەوە بە سونەو
کورد دەفرۆشرا، بەدڵنیایەوە گشتی نیە، چونکە گەمەکەری سەرەکی
لەئەجێندای ئەو وڵاتەدایە وا شیعە وەلائی بۆی هەیەو بەشێوەیەکی
راستەوخۆ دەیانجوڵێنێ و ئاراستەیان دەکات، رەنگە شێوازی عەبادی
لەکارکردن جیاوازی هەبێت لە مالیکی، رەنگیشە ئەم دۆخەی ئێستا ئەوەی لێ
بخوازێت کە سیاسەتێکی نەرم پیادە بکات بۆ ئەوەی لەکات و ساتی خۆیدا
حکومەتەکەی پێکبهێنێت؟ بەڵام کێ دەتوانێت زەمانەتی ئەوە بەکورد بدات کە
لەکۆتاییدا ئەمیش وەکو ئاغای مالیکی دەستی کورد لەبنی هەمانەکەوە
دەرناکات؟
بەحەقیقەت دەڵێی وڵاتی عێراق لەسەر کورد کراوە بە ماڵ، بۆ ئەوەی نەهێڵن
بیرۆکەی دیکتاتۆریەت تێیدا چەکەرە بکات! لەدوای پرۆسەی ئازادییەوە،
ئەوەی لەلای سەرکردەکانی کورد بووە بەنۆرم ، هونەری دەم و چاو گۆڕینە،
نەک عەقڵییەت!
جافەری لادەبەن، مالیکی دەکەن بە پاشاو حاکم و لەکۆتایشدا دەکەونە
هەڵپە بۆ ئەوەی دەم و چاوێکی دیکە بهێنن بیکەن بە حاکم و تاقی بکەنەوە،
وەکو ئەوەی تەنها کاریان ئەوە بێت رۆڵی فلتەر ببینن!
دەکرا لەشوێنی ئەوەی خۆیان بەم هونەرەوە سەرقاڵ بکەن، بپرسن ئەم هەموو
دیکتاتۆرانە زادەی چین؟ بە واتایەکی تر، خۆیان لەئاستی راستییەکان
دەدزنەوەو نایانەوێت بەڕاشکاوی دان بەو راستیەدا بنێن، کە عارەب لەکوێ
و دیمۆکراتی لەکوێ؟
کورد بەم شێوەیە خۆی لەخشتە دەبات، چونکە ئەوەی لەزاری پەرلەمانتارە
کوردەکانەوە گوێبیستی دەبین، مالیکی عەبادی دوو دیوی دراوێکن، کورد پێی
وایە لەئێستادا دەتوانێت سوود لەو گرژیەی نێوان مالیکی و شیعەکان
ببینێت، بەڵام دەبێت ئەوەیان لەبەرچاو بێت، الاقربون اولى بالمعروف، بۆ
جارێکی تر ئەوان لەسەنگەرێکدا بەرانبەر بە کورد کۆ دەکاتەوە، ئاخر
ئەگەر کەسێک لەهەمان حزب بێت و سکرتێری مەکتەب سیاسی هەمان حزب بێت و
لەنوری مالیکیەوە زۆر نزیک بێت، ئەگەر بەو نەکات دیارە حەرام زادەیە
یان خەت مایل بووە؟ مرۆڤ نازانێت ئەم هونەرە، لەدەرنجامدا بەخێر
دەشکێتەوە بۆ کورد یان نا؟ کورد کەی دەسبەرداری دەبێت بۆ ئەوەی خودی
خۆی بگۆڕێت، نەک دەم و چاوەکانی ئەوان؟
ماڵپهڕی ستار محهمهد قادر
|